توانا محەمەد سمایل
لە تەمموزی ٢٠١٥دا، واتا نۆ ساڵ لەمەوبەر، لە شاری ئەمستردام لە هۆڵەندا پایسکیلێکم بەکرێگرت. لەو کاتەی کە بە شەقامەکاندا دەسوڕامەوە، هاووڵاتییەکی هۆڵەندی بەدەست ئاماژەی بۆ دەکردم. توڕەییەکی زۆر بە ناوچەوانییەوە دیار بوو. ئینجا تێگەیشتم کە ڕێڕەوی ڕۆیشتنی پایسکیلەکانیش چوون و هاتنی تایبەت بەخۆیان هەیە، واتا دوو سایدن. منیش بە سایدی هەڵەدا دەڕۆم. ئیتر لە لایەکەوە وەستام و ئاڕاستەی پایسکیلسوارییەکەمم ڕاستکردەوە.
هەفتەی ڕابردوو، سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا “مارک ڕۆتێ”، نەک من، دوای ئەوەی هەڵبژاردنی دۆڕاند، ئۆفیسی سەرۆک وەزیرانی لەسەر پشتی پایسکیلەکەی بەجێهێشت بۆ کەسێکی دیکە، کە جێگەی دەگرێتەوە. ئەوەی بۆ من جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییە کوردی و عەرەبییەکان گرنگییەکی زۆر و لەڕادەبەدەر بەو دیمەنە دەدرا کە سەرۆک وەزیران بە پایسکیل کۆشکی حوکمڕانی بەجێدەهێڵێت. بۆ من ئەوە زۆر گرنگ نییە. چونکە سەرۆک وەزیرانێکی بێبەرهەمیش دەتوانێت لەبەرچاوی کامێراکان کارێکی هاوشێوە بکات. سەرۆکێکی دیکتاتۆریش دەتوانێت نمایشی سادەیی بکات، بەڵام ناتوانێت دەسەڵات بەجێبهێڵێت.
ئەوەی کە بە لای منەوە، وەک پسۆڕێک لە بواری حوکمڕانی دیموکراسی و سەروەری قانوون گرنگە دوو شتن. یەکەم، باوەڕی ڕاستەقینەی “مارک ڕۆتێ” بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات. دووەم و لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە هاووڵاتییان تا ئەو شوێنەی پێیان بکرێت خۆیان سەروەری قانوون دەسەپێنن، وەک لە چیرۆکەکەی سەرەوەدا باسمان کرد. پێت دەڵێن بە سایدی هەڵەدا مەڕۆ. لە یەکتری قبوڵ ناکەن کە لە شوێنی گشتیدا جگەرە بکێشن. ئەم هەڵوێست و مومارەسە دروستە بچووکانەی هاووڵاتییانی ئاسایی بەیەکەوە کاریگەرییەکی کۆکراوەیان هەیە و یارمەتی قانوونسەپێنەکان دەدەن بتوانن ئەرکەکانی خۆیان بەکارامەیی بەجێبگەیەنن.
کەس داوا لە کەس ناکات بەتەنیا و بە خۆپیشاندان حکوومەتێک سەرەونخون بکاتەوە، بەڵام بە بەشداری سیاسی و مەدەنی هەمووان پڕۆسەی سەپاندنی قانون ئاسانتر و کارامەتر دەکەن.
لە ڕاستییدا، ئەوە بەشداری کارامەی هاووڵاتییانە کەوا لە سەرۆکەکان دەکات کە بگەنە ئەو باوەڕەی کە دەستاودەستکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات دەستکەوتی زیاتری و مەترسی کەمتری بۆ سەرۆکەکان تێدایە لەوەی کورسییەکانیان چۆڵ نەکەن.