سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

چی دەگوزەرێت؛ کورد دەکەوێتە کوێی ململانێکان؟

 

(١)

جیهان هەمووی لە چاوەڕوانی ڕووداوێكی گەورەدایە، وەك دۆناڵد ترامپ بەربژێری سەرۆكایەتی ئەمریكا گوتی: “ئەمڕۆ جیهان لە هەموو كاتیكدا لەجەنگێكی جیهانی نزیكترە! ئیران هەڕەشە دەكات، گرووپە چەكدارە لایەنگرەكانی ئێران كۆدەبنەوە، ئەمریكا هێزی پێشكەوتوو و زیاتر دەنێرێتە ناوچەكە و ڕاستەوخۆ بەرگری لە ئیسرائیل دەكات! ئیسرائیل بەشێنەیی پاكتاوی سەركردەكانی نەیارانی دەكات!

بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

گەر بەوردی سەرنجی هەواڵەكان بدەین، دەبینین بەرلەوەی هیچ ڕوویدابێت و هیچ پەرچەكردارێك بەرانبەر كوشتنی ئیسماعیل هەنییە ڕوویدابێت، شەڕێكی میدیایی و دەروونی هێندە چر دەستیپێكردووە، تەنانەت گومان لەخودی شیوازی كوشتنەكە دروستكراوە و هەر ڕۆژەی چیڕۆكەكەی بەجۆرێك دەگێڕدرێتەوە، ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ ڕۆڵی میدیا و هێزی نەرم لەم شەڕەدا، هەوڵدەدرێت بە هەموو شیوەیەك ڕاستییەكان بشێونرێت؛ هەر لایەنەكەی دەیەوێت تابلۆكە بەشیوەیەك بكێشێت، كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئەو دەكات، بەڵام هەموو ئەمانە ئەو ڕاستییانە ناشارنەوە، كە سیاسەتی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە ژانی لە دایكبوونێكی نوێی خەتەرناكدایە، هەڕەشەكان بەشێكیان جددین بەشێكیانیش سیناریۆن و ڕێگەیەكن بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەكان، لە هەموو حاڵەتەكاندا هاتنی ئەو هێزە بۆ ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی لە خۆییدا مەترسییەكی گەورەیە، بەڵام وەك دەڵێن زۆرجار فیل دەزێ و مشك لەدایك دەبێت، لەناو هەموو ئەو مەترسییانەدا ئەگەری ئەوەش هەیە، مانۆڕی نیشاندانی هیزی ماسوولكەكان بەڕێوە بچێت، كە زیاتر لە یاری ئاگرینە بكات، وەك پەرچەكرداری ڕابردووی ئێران دژی ئیسرائیل، لە ڕاستیدا گرنگ نییە چەند ڕۆكێت و فڕۆكەی خۆكوژ ئاڕاستەی ئیسرایل دەكرێت، هێندەی گرنگە چەندیان دەگەنە ئامانجەكانیان و دەیپێكن؟

 

لەو ڕۆژانە حزبوڵا ڕایگەیاند، ٦٠ ڕۆكێتی ئاڕاستەی ئیسرائیل كردووە، بەڵام ئامانجەكانی ئەو ڕۆكیتانە ڕوون نەبوون! لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەمجارەش پەرچەكرداری ئیران وەك جاری ڕابردوو دەبێت؟ ئەگەر وابێت ئەوە سیناریۆی ڕێكکەوتنی پێشینە و بەكارهێنانی سەری هەنییە وەك ئامڕازیك بۆ گەڕانەوە بۆ ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و باشكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا لە هەموو سیناریۆكانی تر بەهێزتر دەبێت، ئەگەریش وانەبێت هەڕەشەكەی ئێران جددیتر بێت، وەك بانگەشەی بۆ دەكەن، دەبێت خەڵكی ئیسڕائیل كۆچ بكەن و وڵاتەكەیان جێبێڵن، ئەوە پڕ بە پێستی وشەكە مەترسییەكان جددیین و دەبیت چاوەڕوانی كارەساتێكی ئێجگار گەورە بكەین لەناوچەكەدا.

 

ڕاستە زۆبەی ئەوانەی دەكرێت و دەگوترێت، هەر لە جوڵانەوەی هێزەوە تا دەگاتە شەڕی میدیایی بەشێكن لە ستراتیژی سەنگراندنەوە (الردع)، بەڵام بنەمای سەرەكی پڕەنسیپی سەنگراندنەوەش ئەوەیە كاتێك ئەو ئامڕازە بەكاردەهێنیت، ئەگەر كاریگەری نەبوو، دەبێت هێندە هێزەت لەبەردەستدا هەبێت، كە هەڕەشەكانت جێبەجێ بكات و بیانكاتە كردار.

 

ئەوەی دۆخەكە تۆزێك ئاڵۆزتر دەكات، هەڵبژاردنەكانی ئەمریكایە، هەمیشە ئەوانەی دەیانەوێت كاریگەری جددی لەسەر سیاسەتی نیودەوڵەتی دروستبكەن و هاوسەنگی هیز لەبەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن، ماوەی خەریكبوونی ئەمریكا بە هەڵبژاردنەكان دەقۆزنەوە، ئەگەرچی ئەمریكا دەوڵەتێكی دامودەزگاییە و لە هەموو كاتێكدا دەتوانێت ستراتیژی خۆی ئیدارە بكات، بەڵام هیچ گومان لەوەدا نییە، كە لەو قۆناغەدا پڕۆسەی بڕیاردان لە ئەمریكا تۆزێك ئاڵۆزتر دەبێت، بۆیە دەبیت لەو چەند مانگەی دادێت چاوەڕوانی دەستشكاندنەوە و ڕووداوی دڵتەزێنی گەورە بكەین، بەڵام هەنگاونانی دۆخەكە بەرەو جەنگێكی جیهانی، تا ئێستا لە دواوەی هەموو ئەگەرەكانە و زیاتر وەك وەسفكردنێك بۆ ترسناكی دۆخەكە بەكاردەهێنرێت، یەكێك لە هۆكارەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە خەڵك چاوەڕوانی جەنگی سێیەم دەكەن هاوشێوەی جەنگی یەكەم و دووەمی جیهانی بێت، لەكاتیكدا مرۆڤایەتی لە قۆناغێكی زۆر جیاوازتردا دەژیت و ئێستا بەكردەوە لەناو ئەو جەنگەدایە، ئێستا دەبێت چاوەڕوان بین بەرژەوەندییەكان چۆن ڕێكدەخرێنەوە و نەخشەی سیاسی جیهان چۆن دادەڕێژرێنەوە و كێ دەبێتە سەركەوتوو و كێ دەبیتە قوربانی یەكەم!

 

(٢)

ئەگەرچی دایسانی شەڕێكی گەورە، ماڵوێرانییەكی گەورەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام گومانی تێدا نییە بەرژەوەندییەكانی هەندێك لایەنیش دێنێتە دی، هاوكات ململانێكان لەسەر داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵات، گەیشتوونەتە ئاستێك، كە تادێت ئەگەرەكانی شەڕێكی هەرێمی زیاتر دەكات، چارەنووسی نەخشەی سیاسی ناوچەكەش دەوەستێتە سەر ئەنجامی ئەو شەڕە، لەبەرئەوەی لایەنەكانی ململانێكە، هەریەكەی پڕۆژەی تایبەتی خۆی هەیە و لە ئەگەری سەركەوتنیدا، بەدڵنیاییەوە پڕۆژەكەی خۆی جێبەجێ دەكات، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی داڕشتنەوەی ناوچەكە لەسەر بنەمای دوو سیناریۆ دادەمەزرێت؛

 

گەڕاندنەوەی سیستەمی ویستڤالیا و پاراستنی ئەو سنوورانەی، كە لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە دانران، واتە بونیاتنانەوەی ئەو دەوڵەتانەی، كە سیستەمی تاكجەمسەری كاری لەسەر هەڵوەشاندنەوەیان كرد، وەك عێراق و سووریا و یەمەن و… هتد، ئەم هەنگاوەش لە دوای ساڵی ٢٠١٤ەوە بەشێنەیی دەستیپێكردووە، یاخود دابەشكردنەوەی ناوچەكە لەسەر بنەمای قەوارەی سیاسی بچووك، كە ئەمە بەشێك بووە لە ستراتیژی ئیسرائیل لەدوای دامەزراندنییەوە.

 

لەسەرەتای پەنجاكانی سەدەی بیستەمەوە، ئیسرائیل پلانی هەڵوەشاندنەوە و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكەی هەیە بۆ چەند قەوارەیەكی سیاسی پەرتەوازە و بچووك، بۆ ئەوەی بتوانێت ئاسایشی خۆی بپارێزێت. بۆیە دابەشكردنەوەی سووریا و لوبنان و عێراق و تەنانەت ئێران و توركیاش، خزمەتێكی گەورە بە بەرژەوەندییەكانی ئەو دەكات، هەرچەندە بەگوێرەی ئەو دوو دەوڵەتەی دوایی، واتە توركیا و ئێران دۆخەكە تۆزێك ئاڵۆزترە و سەرباری ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە نێوانیاندا هەیە، هێشتا بەرژەوەندی گەورەش بە یەكەوەیان دەبەستێتەوە، بەڵام بەگوێرەی دەوڵەتەكانی تر، بەتایبەتیش ئەوانەی هاوسنوورن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەو سیناریۆیە زۆر ڕێی تێدەچێت و بەرزكردنەوەی ئاستی گرژییەكانیش لەلایەن ئیسرائیلەوە، ڕەنگ بێت بەشێك بێت لەو هەوڵەی لەو لایەنەوە دەیدات.

 

خاڵێكی گرنگی مەترسیدار لە هاوكێشەكەدا هەیە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەویش سەرباری ئەوەی ڕۆڵی ئەمریكا لەو شەڕەدا زۆر ڕاشكاوانەیە و بەتوندی هاتۆتە سەر خەت و بەرگری لە ئیسرائیل دەكات، هەرچەندە ناوە ناوە ڕەخنەشی لێدەگرێت و دەیەوێت خۆی وەك ناوبژیكارێك نیشان بدات، بەڵام سیاسەتی ڕاگەیەنراوی ئەمریكا ئەوەیە بە هەموو هێزێك بەرگری لە پاراستن و مانەوەی ئیسرائیل دەكات، بەرانبەر ئەوە، سیاسەتی ڕووسیا و چین، كە دوو تای گرنگن لەتەرازووی ململانێیە جیهانییەكان، تاوەكو ئێستا دانی بەخۆیدا گرتووە و هیچ ئاماژەیەكی نەداوە، ئەگەر ناوچەكە بكەوێتە ناو شەڕێكی هەرێمی گەورەوە، لەبەرژەوەندی كێ هەڵوێست وەردەگرن و دەچنە ناو ئەو شەڕەوە یا نا؟!

 

لەكاتێكدا گومانی تێدا نییە ئەگەر شەڕێكی لەو شێوەیە لەناوچەكە دایسێت، بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەو دوو وڵاتەش، بە تایبەتیش بەرژەوەندییەكانی ڕووسیا لە سووریا دەكەوێتە بەردەم هەڕەشەی زۆر جددییەوە، بۆیە بێدەنگبوونی لە حالەتێكی وادا ئێجگار ئەستەمە، ئەو سیاسەتە ئیسفەنجییەی تاوەكوو ئێستا پیادەی دەكات، بەشێكە لە سیاسەتێكی نەرم و نایەوێت بەگوێرەی پلانی ڕكابەرەكانییەوە بچێتە ناو شەڕێكی لەو شێوەیە و خۆی ڕۆڵی سەرەكی لە دیاریكردنی شوێن و كاتی شەڕەكە نەبینێت! چینیش بە هەمان شێوە، ئەو هەنگاوانە وەك هەوڵی ڕاكێشانە ناو شەڕێك دەخوێنێتەوە، كە هێشتا وەكوو پێویست خۆی بۆ ئامادە نەكردووە و ستراتیژی چین لە بنەڕەتدا خۆی لەوە دەبینێتەوە، كە ئەگەر دەروازەی شەڕەكان لە ئەمریكا بگیرێت، لەشوێنی خۆیدا دەپووكێتەوە، چونكە سیاسەتی جیهانی ئەمریكا بەندە لەسەر دروستكردنی شەڕ و قەیرانەكان لەسەر ئاستی جیهانی، بۆیە پێناچێت، بەلایەنی كەم، ئێستا چین بە ئاسانی بكەوێتە ئەو داوەوە، بۆیە وەك لەسەرەتادا ئاماژەمان پێكرد، تاوەك ئێستا لایەنی هەرە چڕی ململانێكان لە شەڕی میدیایی و شەڕی دەروونیدا چڕ بووەتەوە.

 

 

 

(٣)

ئەو شەڕە دەروونی و میدیاییەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێت، خەریكە جێگەی بەیەكدادانی سەربازی دەگرێتەوە و ڕووبەڕووبوونەوەكان لەو ئاڕاستەیەدا كورت دەكاتەوە، لە هەندێك حالەتیشدا دەیەوێت لەگەڵ هەستی ئێرانییەكان یاری بكات و ڕایانبكێشێتە ناو شەڕێكەوە، كە پێشتر هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ كردووە و پلانیان بۆ داڕیژراوە، بەڵام تاوەكوو ئێستا ئەوەی تێبینی دەكرێت، ئێران زۆر بەهێمنی سیاسەت دەكات و بەشێنەیی هەڵوێستی خۆی وەردەگرێت، دیارە لەوەشدا هاوپەیمانەكانی ڕۆڵی گەورە دەبینن، هەرچەندە ئێران خۆشی دەوڵەتێكی كۆنە و ئەزموونی زۆری لەو جۆرە ململانێیانەدا هەیە.

 

بەرانبەر ئەو شەڕە میدیاییەی بەڕێوە دەچێت، كە زیاتر قسە لەسەر وێرانكاری و دایسانی شەڕێكی گەورە و هەرێمی دەكات و چركە بە چركە بۆ پەرچەكرداری ئێران دەژمێرێت، واپێدەچێت لە ژوورە تاریكەكانیش گفتوگۆی زۆر چڕ بەڕێوە دەچێت بۆ داماڵینی فتیلی ئەو شەڕە و دەرچوون لەو دۆخە، بەشێوەیەك، كەس نە زەرەرمەندی یەكەم، نە سوودمەندی یەكەم بێت، كە یەكێك لە دەرئەنجامەكانی ئەمەش ڕێكکەوتنە لەسەر چۆنییەتی پەرچەكرداری ئێران بەرانبەر بە كوشتنی هەنییە و دانانی سیناریۆیەك ئاوی ڕووی ئەو وڵاتە بپارێزێت، هاوكات بەشێكی زۆر لەو داوایانەی ئێران جێبەجێبكات، كە تایبەتن بە چەكی ئەتۆمی و گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر گۆڕەپانی نیودەوڵەتی، یاخود بەلایەنی كەم لە ڕووی ئابوورییەوە بەشێك لەو سزایانەی سەپێنراوەتە سەر ئەو وڵاتە سووك بكرێت تا ئەو ڕادەیەی ئابوورییەكەی گیانێكی وەبەردا دێتەوە و ببووژێتەوە.

 

چۆن كوشتنی هەنییە دەرفەتێك بوو بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بنێرێت و ڕایبگەیەنێت، كە هیچ كەسێك لە ڕكابەر و نەیارەكانی نەیانتوانیوە و ناتوانن لە چوارچێوەی سێرەی چەكەكانی ئەو ڕزگاربن و هەرچییەكی بیەوێت دەیكات، بەبێ گوێدانە یاسای نێودەوڵەتی، بە هەمان شێوە دەرفەتیكیشی بۆ ئێران ڕەخساند، تاوەكوو خۆی زۆر گەورەتر لەسەر گۆڕەپانەكە نیشان بدات و ئەو نمایشە سیاسی و ستراتیژییانەی دەیكات، زۆر لە تواناكانی خۆ گەورەتر بێت، ئەگینا بینیمان، قاسم سلێمانی، گەورەترین و چالاكترین ژەنڕاڵەكانی ئێران چۆن كوژرا و هەڵوێستی ئێران بەرانبەر ئەمە چی بوو، تاوەكوو ئێستا هەموو ئەو هەڵوێستە سەربازییانەی ئێران چ ڕاستەوخۆ یاخود لە ڕێگەی نمایندەكانییەوە وەریگرتووە، بەقەدەر پڕۆسەی كوشتنی سلێمانی گەورە نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا بەردەوامە لە هەڕەشەكردن و ئاستی هەڕەشەكانی بەردەوام بەرز دەكاتەوە، دیارە ئەمەش بەلایەنی كەم پەیامێكە بۆ زیاتر ئاڵۆزكردنی ناوچەكە و گەیاندنی بەو دۆخەی، كە ڕزگاربوون لە تەقینەوەی ئەستەم بێت.

 

ڕەنگ بێت هۆكاری سەرەكی ئەم هەڕەشانەش بە پلەی یەكەم بۆ ئەوە بگەڕێتەوە، كە لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا هیچ سنوورێكی هاوبەش نییە و هەرگیز گۆڕەپانی شەڕێكی ڕاستەوخۆ وەك ئەوەی بانگەشەی بۆ دەكرێت و چاوەڕێ دەكرێت ڕوونادات، شەڕەكە تەنیا لە ڕێگەی نیشاندانی چەك و خستنەڕووی مووشەك و فڕۆكە و ئەو توانایانە دەبێت، كە دەتوانێت توڕەیی ئێران بگەیەنێتە ناو ئیسرائیل، یاخود بەلایەنی كەم بگەیەنێتە سەر سنوورەكانی ئەو وڵاتە، ئەگینا ئەوەی تر، واتە هەموو هەنگاوەكانی تر زیاتر لەڕێگەی ئەو هێزانەوە دەبێت، كە لەبەرەی ئەودان و ڕاستەوخۆ دەكەونە سەر سنورەكانی ئیسرائیل، دیارە بەكارهێنانی ئەو جۆرە هێزانەش تا ڕادەیەكی زۆر سنوردارە و ناتوانێت بە ڕاشكاوی ئەو هێڵە سنورانە ببەزێنێت، كە ئیسرائیل كێشاویەتی، تەنیا بەشێك دەبێت لەگەمەی چاوشاركێی نێوان مشك و پشیلە و شكاندنەوەی دەستی یەكتر.

 

(٤)

بەراورد بە پەرچەكرداری ئێران لەمانگی نیسانی ڕابردوو، جۆرە خۆگرخاندنێك بە دیدەكرێت لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، ئەو خۆگرخاندنە دوو ئاماژەی پێچەوانەی یەكترمان نیشان دەدات، ئاماژەی یەكەمیان، ئەوە ڕووندەكاتەوە تاوەكوو ئێستا گەمە دیپلۆماسییەكان بە كۆتا نەگەیشتوون و لەپشت پەردە هەوڵی جدی بۆ راگرتنی ئەو هەڕەشانە، یاخود بەلایەنی كەم بۆ سنورداركردنیان دەدرێـت، لەلایەكی ترەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی، كە ئێران جددیتر خۆی ئامادە دەكات و دەیەوێت بەشێوەیەكی باشتر لە جاری پێشوو، هێزی خۆی نیشان بدات، لە هەموو حالەتێكدا، دەبێت سنورێكی زەمەنی بۆ ئەو كێشمە كێشمە هەبێت و لەچركەیەكدا ئەنجامەكەی بەدیاربكەوێت.

 

درێژەخایاندنی ئەو دۆخە لە ڕووی دەروونی و ئابوورییەوە زیانێكی زۆری بە ئابووری ناوچەكە گەیاندووە، هاوكات كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر دەروونی تەواوی گەلانی ناوچەكە هەیە، بە پلەی یەكەم گەلانی ئێران و ئیسرائیل، دواتریش ئەوانەی لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە دەكەونە چوارچێوەی ئەو ململانێیەوە، هەرچەندە وا دێتە بەرچاو چەندەی ماوەی پەرچەكرداری ئێران، وەك بانگەشەی بۆ دەكات، دوابكەوێت، هێندە چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت پەرچەكردارەكە گەورەتر و ترسناكتر بێت، كە ئەمە لەگەڵ ڕۆحی ئەو هاوسەنگی هێزەی لە نێوان لایەنە شەڕەكەرەكاندا هەیە ناگونجێت، لەلایەكی تر ڕاستە زلهێزەكانی پشت پەردە كار لەسەر ئاڵۆزتركردنی دۆخەكە دەكەن و وەك ئامڕازێك بەكاریدەهێنن بۆ بە دەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان، بەڵام پێناچێت هیچ لایەكیان ئامادەبێت دۆخەكە بگەیەنێتە ئەو ئاستەی لەدەست دەربچێت و ناوچەكە گڕ تێبەربدات، ئەگەرچی لەهەموو حالەتەكاندا، ئەوە یەكێكە لە ئەگەرەكان.

 

كورد دەكەوێتە كوێی ئەو ململانێیە ترسناكەوە؟ لەڕاستیدا هێندەی پەیوەندی بە كوردەوە هەیە، ئەوە كوردستان وەكوو جوگرافیا دەكەوێتە چەقی ئەو ململانێیەوە، هەر لە ڕۆژئاوای كوردستانەوە تا دەگاتە باشووری كوردستان، بۆیە ئەگەر خاكی كوردستانیش نەبێتە گۆڕەپانی شەڕەكە، ئەوا بێگومان ئاسمانی كوردستان یەكێك لەو پانتاییانەیە، كە چەكەكانی هەردوولای تێدا ئاڕاستە دەكرێت، ئەگەر شەڕەكە لە ئاسمانیشەوە گوازرایەوە بۆ سەر زەمین، كە ئەمە ئەگەرێكی دوورە، بەڵام هەیە، ئەو كاتە كوردستانیش بێدەستی خۆی دەبێتە گۆڕەپانی شەڕ، دیارە ئەمەش یەكێك لەو ئامانجانەیە ماوەیەكی زۆرە دەوڵەتە هەرێمییەكان كاری لەسەر دەكەن.

 

ئێستا خەریكە ڕووداوەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان چڕتر دەبنەوە و ئەو شەڕ و پێكدانانەی ئەمڕۆ لە ناوچەی دێرەزۆر لەنێوان سووپای سووریا و هێزە لایەنگرەكانی لەگەڵ هەسەدە ڕوویدا، ئاماژەیەكی ترسناكە بۆ گەورەبوونی شەڕەكە، ئەگەر هاتوو ئەو لەیەكتر نزیكبوونەوەی نێوان توركیا و سووریا بەهەند وەربگرین، كە بەشێكی گرنگی پەیوەندی بە لێدان لە مەسەلەی كوردەوە هەیە، لێرەدا پرسیارێك سەرهەڵدەدات، ئەگەر ئەو شەڕە بەرەو فرەوانبوون چوو، ڕۆڵی ئەمریكا چ دەبێت بەرانبەر كورد؟ دیارە مێژوو پێمان دەڵێت، كە ئەمریكا هەمیشە بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیەوەتی و هەرگیز هاوبەشێكی ستراتیژی وەكوو توركیا بە كورد، لاوازترین هێز لە یارییەكە نادات، توركیاش ناتوانێت شەڕەکە بەو ئاڕاستەیە ببات، ئەگەر گڵۆپی سەوزی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ دانەگیرسابێت، وەك ئەوەی لە عەفرین و گرێسپی و سەرێكانی (٢٠١٨-٢٠١٩) بینیمان، هاوكات سووریاش بەبێ ڕەزامەندی ڕووسیا ئەو هەنگاوە نانێت، بە واتایەكی تر چۆن ئەمریكا و ڕووسیا لەسەر ئەو ناوچانەی ئاماژەی بۆ كرا، گەیشتنە لێكتێگەیشتن بەهەمان شێوە لە دۆخێكی لەو شێوەدا، بەڕوونی دەردەكەوێت، كە گەیشتوونەتە هەمان تێگەیشتن، ئەگەر ئەم شەڕە فشارێك نەبێت لەسەر كورد بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕژێمی سووریا پێكبێت و هێزەكانی تێكەڵ بەهێزەكانی سووریا نەكاتەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێكکەوتنەی لە لایەن زلهێزەكانەوە دەكرێت؟

 

هەرچی باشووری كوردستانە، بۆ ئێران لاوازترین و نزیكترین هێڵە، كە بتوانێت هێزی بازووی خۆی تێدا نیشان بدات، بۆیە وەك جارانی پێشووتر ڕەنگ بێت لێرەولەوێ زیانێك بە باشوور بگەیەنێت، هەرچەندە وەك نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە تاران گوتی پەیوەندییەكانی تاران و هەولێر ئێستا جیاوازە و بەرەو پێشەوە هەنگاوی ناوە! لەلایەكی تر دەكرێت ئێران، لە ڕێگەی حكوومەتی بەغداوە لە ڕووی ئیداری و سیاسی و بەتایبەتیش ئابوورییەوە زیاتر فشار بخاتە سەر هەرێم، كە خۆی لە بنەڕەتدا لە دۆخێكی ئابووری چەقبەستوو و ماندوو دەژیێت، هەرێم ئێستا تا ڕادەیەكی زۆر توانای دروستكردنی كاریگەری لە دەستداوە و هەمیشە زیاتر دەكەوێتە ژێر كاریگەری ڕووداوەكانەوە! هەرچۆنێك بێت دەبێت چاوەڕوانی پەرچەكرداری ئێران بین و دوای ئەوەش سەرئەنجامی كاریگەرییەكانی ڕوونتر و باشتر بەدیار دەكەوێت.

د. کامەران مەنتک

نووسەر و ئەکادیمی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button