سەرەتا زانایان لە خەمی ئەوە بوون، لەو دیاردەیە تێبگەن و ڕوونی بکەنەوە. بەڵام ساڵی دواتر شتەکان ئاسایی بوون- باڵندەکان بە تەندروستییەکی باش و بەبێ ئاڵۆزیی گەیشتن، ئەمە زیاتر تامەزرۆیی زاناکانی ئەم بوارەی زیاد کرد و پرسیاری چی ڕوویدا تۆختر بوو، لەگەڵ شیکردنەوەی زیاتری داتا و وێنەکانی مانگی دەستکرد، ڕەگی کێشەکەیان ئاشکرا کرد. دوورگەیەك لە زەریادا کە ماوەیەکی زۆرە باڵندەکان وەک خاڵی پشوودان بەکاریان دەهێنا، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و بەهۆی بوومەلەرزەیەکی ژێر دەریا دوورگەکە ژێرئاو کەوتبوو. بەبێ ئەم وێستگەی پشوودان و وەستانە گرنگە، باڵندەکان ناچار بوون بەردەوام بن لە گەشتەکەیان. بەڵام ساڵی دواتر باڵندەکان خۆیان گونجاندبوو- ڕێڕەوی کۆچکردنیان گۆڕی و دوورگەیەکی دیکەیان دۆزیەوە کە سەدان کیلۆمەتر لە دوورییەوە بوو، بۆ ئەوەی ببێتە وێستگەی پشوودانی نوێیان.
لە بەشێکی تری جیهان زانایانی ئەوروپی بۆیان دەرکەوت کە جۆرێکی دیاریکراوی ماسی لە وڵاتێکدا دەستیان کردووە بە هێرشکردنە سەر کۆتر و کوکوختی باڵندەی تر کە لە نزیک کەناری ڕووبارەکە نزیك دەبنەوە، لە کاتێکدا ئەم جۆرە لە ماسی لەوەتی هەیە خواردنی دەرەوەی ڕووبار ناخوات! بە تایبەتیش هەمان جۆری ماسی لە وڵاتێکی تری دراوسێ ئەم ڕەفتارەیان نیشان نەداوە. دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد، توێژەران بۆیان دەرکەوت ئەو ڕووبارەی کە باڵندەکانی لێواری ڕاودەکرێن لەلایەن ماسییە تایبەتەکە، بەشێوەیەکی زۆر خراپ پیس بووە، بەمەش دابینکردنی خۆراکی سروشتی ماسییەکان تێکچووە، چونکە وردە ماسی گیانلەبەری تری بچووك ساڵانێکە نایەنە ناو ئەم رووبارەوە، چونکە بە ماوەیەکی کورت گیان لە دەست دەدەن، بۆیە ئەو ماسییە تایبەتە بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی پشت بە سەرچاوە تەقلیدییەکانی بژێوی خۆیان ببەستن، خۆیان گونجاند و ئەو باڵندانەیان کردە ئامانج کە لە نزیک ئاوەکە دەهاتن، بوونە باڵندەخۆر!
ئەم نموونانەی جیهانی ئاژەڵان ڕاستییەکی بنەڕەتی دەخەنە ڕوو: “گونجاندن کلیلی مانەوەیە” تەنانەت لە بەرانبەر تەحەدای گەورەشدا. بەڵام ئەم ململانێ دینامیکییە بۆ مانەوە لە نێو مرۆڤەکانیشدا هەیە، بەڵام زۆرجار بەپێی گرووپەکە یان کۆنتێکستەکە بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت.
بۆ نموونە پارتە سیاسییەکان وەربگرە؛ لە هەندێک حاڵەتدا سەرکردایەتی دەبێتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم گۆڕانکارییەکی ماناداردا. کاتێک سەرکردەکان بەرەنگاری بیرۆکەی “پلانی بی” یان داهێنانێک دەبنەوە، توانای چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان یان ڕزگاربوونیان لە چەقبەستوویی ئیفلیج دەبێت. بیرۆکراسی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعە نوێیەکان دەبنە دوژمنی پێشکەوتن.
لەم ژینگانەدا سەرکردەکان بە هەر نرخێک بێت بە دەسەڵاتەوە دەلکێن و لە بیرۆکەی تازە، وزەی گەنج، یان دەنگی ئەندامانی نوێ، بەتایبەتی گەنجان دەترسن.
کاتێک ئامانجی بزووتنەوەیەکی سیاسی لە داواکردنی دەسەڵات دەگۆڕێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی ناو ژیانی ناوخۆی حزبێك، ئەو دەمی “چەقبەستوویی” حاڵەتی “حزبی نیوەمردوو و نیوە زیندوو” دێتە پێشەوە، هەروەک چۆن ئەو باڵندانەی کە دەبوو ڕێگاکەیان بگۆڕن بۆ دۆزینەوەی خاڵی پشوودانی نوێ، حزبە سیاسییەکانیش ئەگەر بیانەوێ لە دۆخی ئیفلیجی دەربچن، دەبێت خۆیان ڕێگا و دەنگی تر هەڵبژێرن بۆ “بوون” بە “مانەوە”.
لە سروشتدا مانەوە پەیوەستە بە گونجاندن و دۆزینەوەی ڕێڕەوی تازە و لە سیاسەتیشدا هەمان شت ڕاستە، بەڵام ڕۆتین، بیرۆکراسی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی حزبی؛ دوژمنی سەرسەختی هێزی گۆڕانکارین، خۆتازەنەکردنەوە توێکڵ و ڕووخساری ئەم کێشەیە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی بریتییە لە بەجێنەهێشتنی دەسەڵاتی حزبی و سیاسی.
ئەم باڵندانەی کۆچ دەکەن پێشەواکانیان وەکوو خوویەکی “ستراتیژی مانەوە” ئەلتەرناتیڤ دەدۆزنەوە، پێشەوای حزب و بزووتنەوە سیاسییە بیرۆکراسییەکان وەکوو خوویەکی دەروونی چێژ لە پیادەکردنی دەسەڵات، وەکوو نیمچە دیکتاتۆرییەکی ڕووپۆشکراوی دۆخی وەستاو و نەگۆڕ، دوژمنی سەرسەختی گۆڕانکارین، ئەوان تەنانەت بەشێکیان لە وزە و دەنگی تازە دەترسن، لە ئەندامگیری تازە دەترسن، بە تایبەتی لە گەنج دەترسن!
چونکە ئامانجە سەرەکییەکەی بزووتنەوە سیاسییەکە لە وەرگرتنی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی وڵات گۆڕاوە بۆ ” هێشتنەوەی دەسەڵاتی خۆم بە هەر نرخێك بێت”، لە دۆخێکی وادا ئەم جۆرە لە سەرکردە و مرۆڤی سیاسی، دەبێت زیاتر بیتۆقێنی بەوەی کە ئەم شتانەی ئەو فۆبیای هەیە لێی لە چواردەوری زیاد بکەیت، لە ئەندامگیری تازە دەترسێت، کەشێك دروست بکە کە میکانیزمی ئەندامگیری زیندوو و کارا بێت، لە گەنج دەترسێت ، هەر چواردەوری بە زەرورەت و بەبێ زەرورەت پڕ بکە لە گەنج.
مرۆڤی سیاسی درەنگە زوو نییە دەبێت بگەڕێتەوە سەر ئالیەتە زیندووەکانی نوێبوونەوە و ناچارکردن، بۆ ئیدارەی ژیان نا بە تەنیا، بەڵکو بۆ گۆڕینی ئاڕاستەکەشی، چەشنی پێشەوای باڵندە کۆچکەرەکانی ئەمریکای باشوور.