
کۆبوونەوەکانی لوتکەی عەرەبی لە عێراق
ئەمڕۆ ٧ی ئایاری ٢٠٢٥، چوارەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەدەچێت. یەکەمین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا ساڵی ١٩٧٨ سازکرا. چەندین سەرۆک و میری وڵاتانی عەرەبی بەشداری کۆبوونەوەکە بوون، لەناویاندا ئەحمەد حەسەن بەکر سەرۆکی عێراق، ئەنوەر سادات سەرۆکی میسر و حافز ئەسەد سەرۆکی سووریا.
لە ساڵی ١٩٩٠دا، دووەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا بەڕێوەچوو. ئەوە کۆبوونەوەیە هاوکاتی سەرهەڵدان و زەقبوونەوەی کێشەی کوەیت و عێراق بوو، لە ساتەوەختێکی ئاڵۆزی سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا.
پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا، سێیەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق ساز کرا. کۆبوونەوەکە لە ساڵی ٢٠١٢ بەڕێوەچوو، کە (١٢) سەرۆک و پاشای وڵاتانی عەرەبی ڕاستەوخۆ بەشداریان کرد، لەوانە پاشای عەرەبستانی سعوودییە، میری کوەیت، سەرۆکی میسر و سەرۆکی فەلەستین (مەحموود عەباس). لەسەر ئەو بنەمایەش کۆبوونەوەکە بە یەکێک لە گەورەترین کۆبوونەوەکانی عەرەبی لە دوای ساڵی ١٩٩٠ەوە دادەندرێت.
بەشداری کارای وڵاتانی عەرەبی لە سێیەمین کۆبوونەوە لوتکە، پاڵپشت بوو بەو ڕاستییەی کە ئەوە یەکەمین کۆبوونەوەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراقی بوو، وڵاتەکە لەناو پەیوەندییەکی باشتر بوو لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بەشداری کارای سەرۆکەکانیش لە کۆبوونەوەکەدا، وەک نیشاندەرێکی پشتگیری عەرەبی بوو لە عێراقی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١دا. لەوکاتەیشدا کۆبوونەوەکە بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ عێراق هەژمار کرا.
چوارەمین کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی
زۆرینەی سەرۆک و پاشاکانی وڵاتانی عەرەبی وەک (سعوودییە، مەغریب، عەمان، بەحرەین، لوبنان، ئیمارات، کوەیت و ئوردن) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەشداری ناکەن، بەڵکو سەرۆکوەزیران یان وەزیرانی دەرەوە نوێنەرایەتی دەکەن.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت کە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی ڕووبەڕووی قەیرانی سیاسی و ئابووری بوونەتەوە. بەڵام ژمارەی سەرۆک وڵاتانی بەشدار کەمە، و زۆربەیان بە نوێنەر یان جێگرەکانیان بەشداری دەکەن بەنموونە وەک بەشداریکردن لە ڕێگەی وەزیرانی دەرەوە.
کێشە ئەمنییەکان کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبن، یەکێک لە هۆکارەکانی بەشداری نەکردنی سەرۆک و میرەکانن، ئەوە لەپاڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییە سیاسییەکان لە نێوان هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی و عێراق.
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە بەهەندوەربگیرێت، کۆبوونەوەکە زیاتر کاری ئامادەکارییە بۆ کۆنفرانسی سەرانی عەرەب، کە لە داهاتوودا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش هەندێک لە هەستیاری بەشدارنەبوونی سەرۆک و میرەکانی عەرەبی کەم دەکاتەوە.
ئەو سەرۆک و میریانەی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشدارن:
مەحموود عەباس، سەرۆکی فەلەستین
حەسەن شێخ مەحموود، سەرۆکی سۆماڵ
تەمیم بن حەمەد ئال-سانی، میری قەتەر
ڕەشاد محەمەد علێمی، سەرۆکی یەمەن
مبای محەمەد، سەرۆکی دوورگەکانی قەمەر
ئەو وڵاتانەی کە بە نوێنەرانی ئاستبەرز بەشدارن:
میسر: عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکوەزیران
سعوودییە: وەزیری دەرەوە
لوبنان: نواف سەلام، سەرۆکوەزیران
ئوردن: سەرۆکوەزیران
سووریا: وەزیری دەرەوە
هاوکات مەغریب، تونس، جەزایر، کوەیت، عومان، یەمەن، لیبیا، سوودان، مۆریتانیا، جیبوتی و چەندانی دی بە نوێنەرانی ئاستبەرزی وەک وەزیرانی دەرەوە یان نوێنەرانی هاوشێوە بەشدارن.
ئەو تەوەرانەی هەڵوەستەیان لەسەر دەکرێت
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق، چەند پرسی گرنگی سیاسی و ئابووری وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکەی تێدا تاوتوێ بکرێت، لەناویاندا پرسی فەلەستین و شەڕی غەززە، لەپاڵ ئەو قەیرانانەی بەرۆکی وڵاتانی وەک سووریا، یەمەن، لیبیا و لوبنانی گرتووە.
زۆر چاوەڕوانکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوەستە لەسەر یەکگرتوویی گوتاری عەرەبی و پاڵپشتی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بکرێت، لەکاتێکدا سەرۆک و میرانی وڵاتانی عەرەبی کە بڕیاردەری سەرەکیین، خۆیان بەشداری کۆبوونەوەکە نین.