ساڵێک تێپەڕی
نێلی شوفر
و. لە ئینگلیزییەوە: پێشڕەو محەمەد
ڕزگاربوویەکی ٨٦ ساڵەی فەرهوود و منداڵێکی یەک ساڵە هێشتا بارمتەن لە غەززە. بەبێ هیچ هاوکارییەکی مرۆیی یان سەردانێک و بەبێ هیچ زانیارییەک دەربارەی تەندروستییان، خێزانەکەیان هێشتا هیوای زیندووبوونیان دەخوازن.
«تکایە، ئێمە پاڕانەوە دەکەین، ئەو دەبێت (بتوانێت) ئەو ژیانەی بۆی ماوەتەوە لە نێو خۆشەویستەکانیدا بژیت».
شۆلۆمۆ مانتزور
«موسڵمانان بەماڵەکانمان وەربوون، ئازاری دایکوباوکمیان دا و سەگەکەیان کوشتین، کاتێک دەیویست بەریان پێبگرێت و پارێزگاریی لە ئێمە بکات. ئەوان ماڵەکەیان بەسەریەکدا شێواند و هەرچی شتی بەهاداری ناوماڵمان بوو بردیان. هاوارم کرد و بەرەو قاتی سەرەوە و سەربان هەڵاتم. لەسەربانەوە چاوم بە دیمەنێکی تۆقێنەر و چەپەڵئاسا کەوت کە لەوڕۆژەوە بوونەتە سەرچاوەی کۆمەڵێک تارمایی و کابووسی ترسێنەر و بێزراو. کابووسەکان ئەو کاتانە زۆر زیاتر دەبن کاتێک دەزانیت دراوسێ تیرۆریستەکانتن، داعش و حەماس. ژنێک لەوێ، ژنێکی جوو هاواری دەکرد و دەستەودامێنی دوو دڕندەی موسڵمان ببوو مەلۆتکەکەی بۆ بگەڕێننەوە کە وەک تۆپ بۆیەکتریان فڕێ دەدا و قاقا پێدەکەنین. پاشان یەکێک لە دڕندە تۆقێنەرەکان منداڵە ساواکەی هەڵگرتەوە، چەقۆیەکی لە جەستەیدا نقوم کرد و پاشان لاشەکەی دایەوە بە دایکە جووە بەژانەکە».
ئەمە بڕگەیەکە لە ڕۆژانەنووسیی شلۆمۆ مانزوری تەمەن ٨٦ ساڵان وەرگیراوە، کە دەربارەی فەرهود (هێرشی سەرجووەکان لە عێڕاق) نووسیویەتی. ئێستا شلۆمۆ وەک بەتەمەنترین بارمتەی ئیسرائیلیی لە غەزە ناوی دەرکردووە.
فەرهود لە ساڵی ١٩٤١ کوشتارێکی گەورە و بەکۆمەڵی هەژێنەر بوو لەسەر جووەکان ئەنجامدرا لەکاتی جەژنی دروێنەی شاڤۆت لە بەغدا، کە ناوچەیەکی کۆنی کۆمەڵەی جوو بووە و لەسەردەمی بابلەوە تێیدا ژیاون. ڕاپەڕیوە شەلاتییە عەرەبەکان، کاریگەر بە ئایدیۆلۆژیای نازیی و پانعەرەبیزم، تەنانەت بە خودی سەربازان و پۆلیس و هاووڵاتییانی مەدەنیی، دەستیانکردبوو بە دامەزراندنی کوشتارگە بۆ سەدان جوو، دەستدرێژیی سێکسیی بۆ سەر ژنان، کوشتن و هەتککردنی منداڵان و تاڵانکردنی ماڵان. لاشەی مردووان پارچە پارچە دەکرا و منداڵان لەسەر دیوارە بەرزەکانەوە فڕێدەدرانە خوارەوە. کۆمەڵەی جوو، کە بەشێک بوو لە کەلتوور و ئابووریی عێراق هەرگیز پێشبینیی دۆخێکی وەها ترس و تۆقێنەری نەکردبوو. لە دەیەکانی دواتردا جووەکان لە عێراق هەڵاتن و حکوومەت دەستی بەسەر موڵک و ماڵیاندا گرت و ناچاری کردن وڵاتەکە جێبهێڵن بێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەک بکرێنەوە. ئەم ڕووداوە وەک کۆتاییەکی خوێناویی ژیانی جووەکان لە عێراق تۆمارکراوە.
«ئێمە گوتمان هەرگیز نابێت شتێکی وەها ڕووبداتەوە. بەڵام ئەو ترس و تۆقینەی مامم وەک لە منداڵیدا ئەزموونی کردبوو دووبارە ڕوویداوە. دووبارە لە کاتی ڕۆژی پشووی جووەکاندا – سیمخات تۆرا. ئەو پێیوابوو لانیکەم لە خاکی جووەکاندا ئێمە لە دەستی باڵادەستیی و ئازاردانی موسڵمانەکان، لە ئەمن و ئاساییشدا دەبین» – هادار، خوشکەزای مانزور وەها گوت و دەیناڵاند.
هاوشان لەگەڵ خێزانەکەیدا، شلۆمۆ مانزور لە عێڕاق لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا ڕایکرد و لە ئیسرائیل گیرسایەوە و لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا بوو بە یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری کیبوتز کیسوفیم لە باشووری وڵات کە لەو تەمەنەوە تا ئەم دوواییانە تێیدا ژیا. خێزانی مانزور لە پێنج منداڵ و ١٢ نەوە پێکهاتبوون.
وا ١٢ مانگ دەبێت هادار لەگەڵ هەر کەسێکدا دەدوێت کە دەیەوێت گوێی لێبگرێت: لەگەڵ بەرپرسیانی ناوخۆیی و دەرەکیی، لەگەڵ چاپەمەنییە هەواڵییە جیهانییەکان داوا دەکات و دەپاڕێتەوە خاڵی «لە دەستی دڕندەکانی حەماس» ڕزگار بکەن.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا تیرۆریستانی حەماس پەلاماری کیبوتز کیسوفیمیان دا، شلۆمۆ و هاوسەرکەی، مازالی ٧٨ ساڵیان لە جلوبەرگی ماڵەوەیاندا ڕفاند. هەردووکیان ئامادەکارییان کردبوو لە مانگی مارچی ٢٠٢٤دا جەژنی شەست ساڵەی پێکەوەبوونیان بگێڕن. مازال کاتێک لە تیرۆریستەکان دەپاڕایەوە مێردەکەی ئازار نەدەن، توانی لە دەستی تیرۆریستان ڕابکات، تیرۆریستان ناوچەکەیان گڕدا، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل خێرا توانیان بە هانایەوە بێن و ڕزگاری بکەن. ئێستا ئەو لەناوەندێکی پەنابەران دەژیت کە بۆ ١٨٠ هەزار ئیسرائیلیی بێلانە و ماڵ بەهۆی تیرۆرەوە، دروستکراوە.
لە ڕۆژی شەممەی ٧ی ئۆکتۆبەردا، هەزاران خەڵکی مەدەنیی غەزە، ئەندامانی حەماس و تیرۆریستانی دیکە دزەیانکردە ناو باشووری ئیسرائیلەوە و ئیتر وێنەرا و پشێوییەکی سەرتاپاگیر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشا. ئەو دیمەنە تۆقێنەرانە بەشێوەی ئۆنلاین لە تەلەگرام و سۆسیال میدیاکانی دیکەدا بڵاودەکرانەوە: وەک دەستدرێژیی سێکسیی بۆسەر ژنان، بەزیندوویی سووتاندنی ئیسرائیلییەکان، کوشتنی منداڵان، فڕێدانی ڕوومانە بۆ نێو قەرەباڵغییەکان. خۆبەخشانی زاکا (ڕێکخراوی ناحکومیی فریاگوزاری سەرەتایی تەندروستیی) وردەکارییەکی زۆر تۆقێنەری ئەو ڕۆژەی بڵاوکردەوە: «چەندین منداڵ هەبوون سەریان لەلاشەیان جیاکرابووەوە، بۆ ئێمە زۆر زەحمەت بوو سەرەکان بە لاشە ڕاستەقینەکانیانەوە بلکێنینەوە».
«هەر یەکێک لە ئێوە پێشتر سەردانی خێزانەکەی کردبێت، چووبێت بۆ ڕێستورانتەکان و گەشتی کردبێت… چێژی لە ژیان وەرگرتبوو. ئێمە چیتر ژیانمان نییە، چیتر بزە نامانگرێت، چیتر پێناکەنین… ژیانمان لە ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر وەستا. هەموو ڕۆژێک نیگەران و پەرێشان تەنها هیوا دەخوازین شلۆمۆ هێشتا زیندوو بێت» – هادار بە چاوانی پڕ لە گریانەوە وەهای گوت.
هادار دەبێت:
«جیهان بێدەنگە و ئەنتیسێمیتیزمیش هەر وا هەڵدەکشێت. جیهان دەبێت تێبگات ئەوەی لە ئیسرائیل ڕوویدا دەکرێت لە هەر شوێنێکی دیکەی ئەم جیهاندا ڕووبدات. ڕێک لەبەردەم ماڵی ئێوە. ڕەنگە لەناوەوەی ماڵی ئێوەدا. زۆرینەی بەدیلگیراوان لەسەر جێخەوەکانیان گیران و بەدیل بران. ئێمە نازانین خاڵم چ جۆرە تەندروستییەکی هەیە، بەبێ هیچ جۆرە هاریکارییەکی مرۆیی، لە خراپترین بارودۆخدا ڕاگیراوە. خاڵم هێمنترین و ناسکترین و خۆشەویستترین مرۆڤە لەم جیهانەدا. بۆ دەبێت ئەمە چارەنووسی بێت؟ جیهان تۆ لەکوێیت؟».
مۆشیت، کچەکەی مانزور و مازال دەڵێت: «کچە حەوت ساڵانەکەم تەواو نیگەران و بێهیوا بوو لەوەی باپیرەی ناتوانێت بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی بێت. کچەکەم دەڵێت باپیرەم بێ ماریفەت و گوێ پێنەدەرە. هەرجارێک ئێمە لە کیسوفوم سەردانمان دەکرد خەریکی دروستکردنی ئامرازی یاریکردن بوو لە دار و درەخت، ئێمە دەچووین بۆ مۆتە خواردن و لە باخە جوانەکەی دادەنیشتین. ئەو مرۆڤێکی سادەیە، قووڵ بە خاکی خۆیدا ڕۆچووە و ساڵانێکی زۆر خەریکی کارکردن بوو لە کێڵگەی مریشکی کیبوتزەکەدا. ئەو زۆرترین بایەخی بە مریشک دەدا. هێندەی پێمکرا منداڵەکانم لەم زانیارییە بەدوور بگرم کە باپیرەی خۆشەویستییان لەنێو هەلومەرجگەلی باوەڕپێنەکراودا لە غەزە بەدیل گیراوە… کاتێک لە قوتابخانە گەڕانەوە، منداڵانی دیکە لێیان پرسیبوون و منیش ناچار بووم بڵێم هەندێک خەڵکی خراپ لە شوێنێکی دوورە دەست مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵ باپیرتاندا نەکردووە».
کفیر بیباس
کفیر بیباس گەنجترین ئیسرائیلییە بەدیل گیرابێت، یاخود گەنجترین دیلە لەمێژوودا. لە ١٨ی جێنیوەری ٢٠٢٣ لەدایک بوو، تەنها لە تەمەنی ٩ مانگییدا هاوشانی براکەی، ئاریەلی چوارساڵان و شیری دایکی لە ماڵی خۆیان لە کیبوتزی نیر ئۆز لەلایەن شەلاتیانی حەماسەوە ڕفێنران. ڤیدیۆکلیپی ڕفاندنیان هەیە و بەجیهاندا بڵاوبووەتەوە. ڤیدیۆیەکی دیکە لەلایەن هێرشبەرانەوە هاوسەرەکەی شیری، واتا باوکی کفیر و بیباس، یاردن بیباس پیشان دەدات، خوێن لە سەرییەوە دەتکێت.
کفیر بیباس، کە گومان دەکرێت هێشتا زیندوو بێت، لە مانگی جێنیوەری ئەمساڵدا ڕۆژی لەدایکبوونی هەبوو، هێشتا لە دیلییدا، کەسوکاری دەڵێت «غەمگینترین ڕۆژی لەدایکبوون لە جیهاندا».
قژی سوری درەوشاوی ناباوی دوو منداڵەکەی بیباس بووە سیمبولی خەبات بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان. هونەر، لافیتەکان، باڵۆن و قردێلەکان – هەموویان بە ڕەنگی پرتەقاڵیی سوورباو تا نیشانی بدات کەس منداڵانی بیباس فەرامۆش ناکات.
جیمی میلەر، ئامۆزای شیری بیباس دەڵێت «قژی سووری منداڵانی بیباس دەچێتەوە سەر باوکی شیری. ئەم قژە سوورە نەوە دوای نەوە گواستراوەتەوە و ئێستا لەسەر سەری کفیر و ئاریەل نیشتووەتەوە».
دایکی شیری، مارگیت شنایدەر زیلبەرمان و باوکی خۆزێ لویس (یۆسی) زیلبەرمان لە ٧ی ئۆکتۆبەردا لەلایەن چەکبەدەستانی تیرۆریستانی حەماس تیرۆرکران. یۆسی شنایدەر، ئامۆزایەکی دیکەی شیری بیباس دەڵێت: «خەڵک دڵسۆزن، بەڵام پێناچێت ئەمە هاریکار بێت. بۆ هەموو شوێنێک بانگهێشتمان دەکەن، ئەوان گوێ بۆ چیرۆکمان ڕادەدێرن، بەڕاستیی دەیانەوێت لەگەڵمان بن، بەڵام پاشان قاوەکانیان دەخۆنەوە. هیچ شتێکی دیکەی گونجاو ڕوونادات. شێری لە نزیک سەری ساڵی پاساۆڤەر (پەسح: سەری ساڵی ڕزگاربوونی گەلی جوو لە میسر). هەمان چیرۆک خۆی دووبارە دەکاتەوە – بەڵام ئەمجارە لە جیاتی میسر، لە غەزە ڕوودەدات. کاتی ئەوە هاتووە واز لە قسەکردن بهێنین و بجووڵێین. ئێمە ڕووبەڕووی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ڕادیکاڵ بووینەتەوە. جیهان پێویستی بەوەیە خەبەری بێتەوە، و هەموو شتێک بکات تا بیانگەڕێنێتەوە. هیچ پێشینەیەک نەبووە پیشانی بدات دایکێک و دوو منداڵی چکۆلەی بۆ ٣٦٥ ڕۆژ لە دیلیدا ڕاگیراون».
ڕێکخراوی خاچی سوور، کە خۆی وەک ڕێکخراوێکی بێلایەن ڕاگەیاندووە و تەنها ئامانجی یارمەتیدانی دانیشتووانی ناو شوێنە قەیراناویی و جەنگییەکانە، تەنانەت بۆ جارێکیش ناتوانێت سەردانی دیلەکان بکات و لە هەلومەرجیان بپرسێت، دڵنیابێت لەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پێدەگات، ئەگەرچی ڕێکخراوی سوور لە غەززە هەیە و چەندین جار لەگەڵ سەرانی حەماس و هاریکارانی حەماس کۆبووەتەوە. ئەگەر سەیری ڕێکخراوی سووری جیهانیی لە سۆسیال میدیا بکەین، لە بنەڕەتدا وا دەردەکەوێت دیلە ئیسرائیلییەکان هەر بوونیان نەبێت. لە ٣١ی ئۆگۆستی ئەم ساڵدا، سەربازانی ئیسرائیلی شەش دیلیان بە مردوویی دۆزییەوە لە توونێلێکی تیرۆریستەکاندا گولە بەر سەریان کەوتووە و لەژوورێکی منداڵان لە ڕەفەح فڕێدراون، دووبارە هەلومەرجە نامرۆییەکان پشتڕاست دەکاتەوە کە تێیدا دیلەکان ڕاگیراون. دیلانی دیکە لە توونێلێکی بەرتەنگدا ڕاگیراون، هێندە بەرتەسک تەنانەت ناتوانن بەرەو پێشەوە بجووڵێن، هیچ مافێکی مرۆییان نییە حەمام یان سەرئاو بەکاربهێنن، ناچارکراون چاڵێکی چکۆلە لە زەویدا بەکاربهێنن و میز لە بتڵی بەتاڵی ئاودا بکەن، و هەروەها دەبێت لەم کونیلانەوە ئاو بۆ خواردنەوە بپاڵێون. بەدەگمەن تیشکی خۆریان بەردەکەوێت و ناچارن بەرگەی برسێتیی بگرن. دیلە کوژراوە دۆزراوەکان لە سەنتەرێکی پزیشکیدا پشکنینی جەستەیان بۆ کراوە و ڕاپۆرتەکە دەڵێت دیلەکان ڕووبەڕووی یەخسیرگەرەکانیان بوونەتەوە و هەوڵیانداوە بەرگریی لە هەردوو ژنەبەدیلگیراو ئێدن یەروشالمای ٢٤ ساڵان و کارمێل گاتی ٤٠ ساڵان بکەن. هەردووکیان دوواجار بەدەستی حەماس تیرۆرکران. دایکی کارمێل، کینەرەتی ٦٨ ساڵان لە ٧ی ئۆکتۆبەر بەدەستی تیرۆریستانی حەماس تیرۆرکرا. براکەی کارمێل، زاواکەی و کچەکەشیان ڕفێنراون. براکەی کارمێل لەگەڵ منداڵە سێ ساڵییەکەیدا توانیبووی ڕابکات، لەکاتێکدا براژنی کارمێل لە دانوستانی ساڵی پاردا لە دەستی تیرۆریستان ئازادکرا. ڕاپۆرتی دادگا باس لە وردەکاریی «دۆخی کارەساتبار، نەبوونی ئامرازی خاوێنکەرەوە و هەروەها بەدخۆراکیی» دەکات.
ڕۆژانی دوای هێرشەکە، کەسوکاری دیلە ئیسرائیلییەکان هاوشان لەگەڵ پزیشکان و پسپۆڕان بە وردەکارییەوە لیستێکی دوور و درێژی هەر یەکێک لە نەخۆشییەکانی دیلەکانیان کردووە، کێشە تەندوروستییەکانی پێشوو و هەموو ئەو دەرمانە پزیشکییە پێویستییانەی دەبوو بۆ مانەوەیان لە ژیاندا بەکاری بهێنن. خێزان و کەسوکاری دیلەکان داوایان لە سەرۆکی ڕێکخراوی سووری جیهانیی، میریانا سپۆلژاریک کرد، دڵنیاببنەوە لەوەی کە دەرمانی پێویست بە دیلەکان بگات.
بەڵام لە مانگی فێبریوەری ئەم ساڵدا، هێزەکانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی خان یونس کە لەلایەن حەماسەوە دەستی بەسەردا گیراوە بۆیان دەرکەوت هەموو دەرمانە پزیشکییە پێویستەکان گلدراونەتەوە و بە نەکراوەیی و بەکارنەهاتوو، لەوێ دۆزراونەتەوە. ئەو نەخۆشخانەیەی ببووە بنکەیەکی تیرۆریستیی، ببوو بە پەناگای ٢٠ میلیشیای حەماس کە بەشدارییان لە هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەردا کردووە و جبەخانەیەکی چەک و تەقەمەنییش بووە. ئەو دەرمانە پزیشکییانەی ناوی هەر یەکێک لە دیلەکانیان بەسەرەوە بوو بەنەکراوەیی لەو نەخۆشخانەیەدا دۆزرانەوە.
لە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی پاردا، تەنها چەند حەفتەیەک دووای داگیرکارییەکە و بۆمبارانی شارەکانی ناوەند و باشووری ئیسرائیل پزیشکان، پەرستاران و کەسانی دیکەی پزیشکیی ئیسرائیلیی تووشی شۆک بوون بەرانبەر بە بێدەنگیی و بێوەڵامیی بەرپرسانی خاچی سوور لە تەل ئەڤیڤ.
دکتۆر ڕەی بیتۆن، بەرپرسی ڕێکخراوی «مێرشام»، یەکێتییەکی کرێکاریی نیشتمانیی بۆ بواری دەرمان لە ئیسرائیل گوتی: «ڕێکخراوی خاچی سوور هەموو سوێندە هیپۆکراتییەکان (Hippocratic Oath) [سوێندی پزیشکیی]یان شکاندووە. لەکاتێکدا ناتوانن ڕووبەڕووی کردەوە تۆقێنەرەکان و ئەو کۆمەڵکوژییانە بووەستنەوە کە حەماس ئەنجامی داوە و داوای سەردانکردن یان پشکنینی دۆخی تەندروستیی دیلەکانمان ناکەن – کە وەک ئەنجامی تاوانە جەنگییەکان ڕاگیراون – کەس دڵنیایی ئەوە نابەخشێت کە ئایا ئەوان پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پێدەگات یان نا، بە خودی مەلۆتکە ساوا تازە لەدایکبووەکانیشەوە. بەڵام لە هەمانکاتدا، ئەوان داوا دەکەن تیرۆریستەکان لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا هەموو پێداویستییە سەرەکییە پزیشکییەکانیان پێبگات. کوا سوێندی هیپۆکراتییتان؟ بۆ هیچ جووڵەیەک بۆ دڵنیابوونەوە لە دیلەکانمان ناکەن؟»
هێشتا ١٠١ دیل لە غەززە لەنێو هەلومەرجە نامرۆییەکاندا بەبێ بوونی هیچ پێداویستییەکی مرۆیی و سەردانێک ماونەتەوە. ٧٠ دیل توانیویانە بەرگەی ١٢ مانگی دۆزەخ بگرن. هێشتا کەس نازانێت ئایا ژنە دیلەکان بەهۆی دەستدرێژیکەرە تیرۆریستەکان دووگیانن یان نا و هێشتا کەس نازانێت دیلەکان دەتوانن بمێننەوە یاخود پێش ڕزگاربوون دەکوژرێن.
وا ساڵێک تێدەپەڕێت خێزان و کەسوکاری دیلەکان بەردەوامن لە ژیان لە ترس و نادڵنیاییدا. زۆربەی خێزانەکان ترسی ئەوەیان هەیە ژنە دیلەکان بەهۆی دەستدرێژیی سێکسییەوە لەلایەن تیرۆریستانەوە سکپڕ کرابێتن و ناچاربن ئەو منداڵانە بەدونیا بهێنن یاخود هەندێک ڕێگەی نادڵنیا بۆ لەباربردنیان بەکاربهێنرێت. کەسوکاریان لە ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەدا دەژین خۆشەویستەکانیان بەزوویی لەسێدارە بدرێن، هاوشێوەی ئەو شەش دیلەی بە مردوویی دۆزرانەوە، پێش ئەوەی ڕزگار بکرێن، بەتایبەت، کاتێک بیر لە نەبوونی هیچ دەستێوەردانێکی نێونەتەوەیی دەکەینەوە، ترس و دڵەڕاوکێکان زیاتر و زیاتر دەبن.
ژنە ئێزدییەکە دوای دەیەیەک لە دەستبەسەریی، ڕزگارکرا
فەوزیە ئەمین سیدۆ، ژنێکی تەمەن ٢١ ساڵەی ئێزدیی، دوای دەیەیەک دەستبەسەریی لای داعش و حەماس ڕزگارکرا. گەشتە دڵتەزێن و جەرگبڕەکەی لە ٢٠١٤دا دەستپێکرد کاتێک هێشتا تەمەنی ١١ ساڵان بوو، داعش لە شارەکەی خۆی لە شنگال لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق.
دیلیی و دەستدرێژیی
فەوزیە بە جەنگاوەرێکی داعشی خەڵکی غەززە لە سوریا فرۆشرا، لەوێ ناچار بە هاوسەرگیریی کرا و لە تیرۆریستەکەوە منداڵی بوون. دوای مردنی هاوسەرەکەی و ساڵانێک دەستدرێژیی و توندوتیژیی سێکسیی، خۆی و منداڵەکانی بران بۆ غەززە، کە لەگەڵ خێزانەکەیدا لە هەلومەرجێکی تۆقێنەردا ژیانیان بەسەر دەبرد.
لە غەززە فەوزیە ڕووبەڕووی دەستدرێژیی و توندوتیژیی بەردەوام و گۆشەگیریی ببووەوە:
تیرۆریستانی حەماس هەوڵیاندا ڕێ لە پەیوەندیی ئەو بە خێزانەکەیەوە بگرن لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق. فەوزیە بەدەست توندوتیژیی کوشندەوە لەلایەن هەم خێزانی دەستگیرکارەکەی و هەم حەماسەوە دەیناڵاند، بەتایبەت بەهۆی ئێزدییبوونییەوە.
ئەو تراومایە بووە هۆی چەندین هەوڵی خۆکوژیی. بەگوێرەی باوکی فەوزیە، خێزانی تیرۆریستەکە «مێشکی ئەویان شتووەتەوە».
ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن
ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکە لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ دەستیپێکرد کاتێک فەوزیە توانی ڤیدیۆیەک لە تیتکتۆک بڵاوبکاتەوە، و خێزانەکەی ئاگاداربکاتەوە کە هێشتا زیندووە. ڕەهەندە سەرەکییەکانی ڕزگارکردنەکە بریتی بوون:
ستیڤ مامان، بزنسمانێکی جووی کەنەدیی، بەرپرسی ڕزگارکردنی زیاتر لە ١٠٠ کچی ئێزدیی، بە فراوانیی لە پرۆسەکەدا بەشداربوو. ئاماژە بەوە دەکات «ئێمە ڕامانهێنا پەیوەندیی بە هێزی بەرگریی ئیسرائیلەوە بکات، پەرژینەکان بناسێتەوە و ڕێگا شیمانەییەکان دەستنیشان بکات».
فەوزیە پەیوەندیی بە ڕۆژنامەنووسێکی ئیسرائیلییەوە دەکات، شوێنەکەی خۆی پێ دەڵێت و ئەو ناسنامە غەززەییەی بۆ دەنێرێت کە دەستگیرکارەکانی بۆیان دروستکردبوو. ناسنامەکە ناوێکی جیاوازی موسڵمانی بەسەرەوە بوو، کە ڕەنگدانەوەی هەوڵە بەردەوامەکانی سڕینەوەی ناسنامە ئێزدییەکەی بوون.
هێزی بەرگریی ئیسرائیل (IDF) ڕێگایەکی سەلامەتی پەڕینەوە لە غەززەوە بۆ ئیسرائیل دەستەبەر کرد، کە فەوزیە لەوێ هاریکاریی پێگەیشت. پاشان بەردەوام بوو لە گەشتەکەی لە گەڕانەوەدا بۆ هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەڕێگەی ئەردەنەوە.
ئەنجام و کاردانەوەکان
ڕزگارکردنەکە کۆمەڵێک کێشەی جیۆپۆلەتیکیی زەقکردنەوە:
حکوومەتی عێڕاق ڕەتیکردەوە دان بە ڕۆڵی ئیسرائیل لە ڕزگارکردنی فەوزیەدا بنێت.
ئەمەش وەک تاوانێکی سوکایەتیئامێز بۆ عێڕاقیی دەبینرێت هەر پەیوەندییەکی فەرمیی بە ئیسرائیلییەکانەوە هەبێت.
نادیە موراد، چالاکوانێکی ئێزدیی مافەکانی مرۆڤ و گیراوێکی پێشووی داعش، بەمجۆرە لێدوان لەسەر ئەم حاڵەتە دەدات:
«توندوتیژیی سێکسوالیی بە ئامانجی دروستکردنی ترس داهێنراوە. با لە بەرانبەردا دادپەروەریی بونیاد بنێین. ئەم کارەش لەڕێگەی بە بەرپرسدانانی تاوانباران ئەنجام دەدەین – لە سوودان، لە ئۆکرانیا، ئیسرائیل، عێڕاق و هەر شوێنێکی دیکە ئەم تاوانە دڕندانە ڕووبدەن. ئەمەش تەنها ڕێگەیە ئێمە دەتوانین ڕێگە لە دووبارە ڕوودانەوەیان لە داهاتوودا بگرین. ئێمە لەمەدا قەرزارباری ڕزگاربووانی وەک فەوزیە و ئەو قوربانییانەی دیکەین کە بەهۆی ترسەوە بێدەنگ بوون یاخود ئەوانەی چیتر لێرە نین تا حیکایەتەکانیان بگێڕنەوە».
- نێلی شوفر ساڵو ١٩٩٧ لە ئیسرائیل لەدایکبووە. ڕۆژنامەنووس و پسپۆڕی کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە. بە زمانەکانی عیبریی، ئینگلیزیی، ڕووسیی دەنووسێت و ماوەیەکە لە ئەڵمانیا دەژیت. بەکالۆریۆسی زمانناسیی لە زانکۆی تەل ئەڤیڤ لەنێوان ٢٠٢٠-٢٠٢٣ خوێندووە.