سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

بردنەوەی ترەمپ

ترەمپ بە دەنگی خەڵک و بە دەنگی کۆلێژی هەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو براوەیە. کۆمارییەکان زۆرینە دەبن لە ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش. ئەم سەرکەوتنە گەورەیەی ترەمپ و کۆمارییەکان ڕەنگدانەوەی ویستی کۆمەڵگەی ئەمریکایە. دیموکراتەکان لەبەر ئەوەی زاڵن لە دەزگاکانی میدیا و ڕاپرسی و زانکۆ و ناوەندەکانی توێژینەوە، وێنەیەکی هەڵە و خراپیان لەسەر ترەمپ دروستکردبوو، لە واقعەوە دوور بوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە دوو جار سەردانی ئەمریکام کردووە بۆ مەبەستی ئەکادیمی و توێژینەوە. ئەو ماوەیە کاتی بانگەشەی دەنگدان و پرسی هەڵبژاردنەکان، بابەتی سەرەکی بوو. سەردان و بەشداری چەندین کۆنفرانس و سیمینار و زانکۆ و ناوەندی توێژینەوەی ئەمریکییم کرد. ئەوەی درکم پێکرد چەند خاڵێک بوو:

  • لەناوەندە ئەکادیمییەکان و میدیاکان زۆربەی کات ڕاستە لەوانەیە ڕاستەوخۆ بانگەشە بۆ کامیلا هاریس نەکرێت، بەڵام ڕاستەوخۆ ترەمپیان وا پێشاندەدا کە کەمینەیەکی توندڕەو و دواکەوتوو پشتگیری دەکەن. کەسێکی مەترسیدارە بۆ ئەمریکا و بۆ جیهان… ئەمە مانای بانگەشەیە بۆ دیموکراتەکان و دژی کۆمارییەکان، لە ڕێگەی بەکارهێنان و زەقکردنەوەی چەند سیفەتێکی کەسایەتی ترەمپ.

 

٢. لە ڕاستیدا و لە واقعدا زۆر ڕوون دیارە بەشێکی سەرەکی کۆمەڵگەی ئەمریکی، لە زۆربەی گرووپ و چینەکان پشتگیری ترەمپ دەکەن و زۆریان خۆش دەوێت. فاکتەری سەرەکی لای دەنگدەری ئەمریکی ناوخۆییە؛ ئابووری و پرسی تەندروستی و پەنابەر. ئەم فاکتەرانە تەنیا بەلای گرووپە ڕاستڕەو و لادێیی و دواکەوتووەکانەوە گرنگ نییە، بەڵکو لای زۆربەی گرووپ و چینەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکا بایەخدارە و پێیان وایە ترەمپ گونجاوە بۆ چوار ساڵی ئایندە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانە.

 

٣. ئەو گرووپ و چینانەی کە موحافیزکارن یان دیندارن، لە مەسیحی و موسوڵمان (جگە لە ئیسلامی سیاسی) و جووەکان، ئەوانەی گرنگی بە خێزان دەدەن و هاوڕا نین لەگەڵ بانگەشەکردن و تەرخانکردنی بودجە بۆ پرسی هاورەگەزخوازی و گۆڕینی ڕەگەز، زۆربەی ئەم خەڵکانە لەگەڵ ترەمپ هاوڕان.

 

٤. جیاوازییەک هەیە لە نێوان واقعی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی لە دەرەوە دەبینرێت و وینای کراوە. تا ئەمڕۆش ئایین و مەسیحیەت و بەها کۆنەکانی وەک پاراستنی خێزان و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان… لەناو کۆمەڵگەی ئەمریکادا فاکتەرێکی گرنگە و بە ڕوونی درکی پێدەکرێت، بە تایبەت لە شارە بچووکەکان و گوند و دەوروبەری شارە گەورەکان. ئەمانەش یەک گرووپی کۆمەڵایەتی نین لە ڕووی ئابووری و ئاستی خوێندن و کۆمەڵایەتییەوە، بەڵکو چەندین گرووپ و ئاستی جیاوازن. ئەوەی وای پێشاندەدات کە وا بزانرێت ئەمریکا تەنیا ناوەڕاستی نیۆیۆرک و واشنتۆنە، میدیا و سینەما و وێنەی دەرەوەی ئەمریکایە، کە زیاتر دیموکراتەکان و چەپەکان زاڵن لەو بوارەدا. هاوکات، ئەو ئازادییەی کە بەشێکە لە کەلتووری ئەمریکا، هەر وەک چۆن ڕێگە بە موحافیزکار و دیندارێک دەدات بەو شێوەیە بژێت کە خۆی دەیەوێت، ڕێگە بە کەسێکی تەواو پێچەوانەی ئەوەش دەدات.

بۆ نموونە پشتگیری لە ئیسرائیل بنەمایەکی گرنگی سیاسەت و حکوومەتەکانی ئەمریکایە، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵدا زیاد لە دوو هەزار خۆپێشاندان لەو وڵاتە کراوە دژ بە ئیسرائیل و پشتگیری لە فەڵەستینییەکان. کە ئەمە نە لە خودی فەڵەستین، نە لە ئێران و تورکیا و سعوودییە و قەتەر… ڕووینەداوە. مرۆڤی ئەم ناوچەیەی ئێمە لەوانەیە قورس بێت لەو ئازادییە تێبگات، بۆیە زۆر کات وەک درۆ یان وەک بەڕەڵایی و بێدینی تەماشای دەکات. بەیانییەکی چوومە سەنتراڵ پارکی شاری نیۆیۆرک، گرووپی مەسیحی و موسوڵمان و جوو و گرووپی پشتگیری لە غەززە و گرووپی هاورەگەزخوازەکان هەر هەموویان بە جیا چالاکی و کۆبوونەوەیان هەبوو لە یەک پارک و دەوروبەری. ئازادی لە ئەمریکا ئەوەیە ڕێگە بە هەموویان بدرێت بێ ئەوەی گرووپێکیان پەلاماری ئەوی تر بدات و سەرکوتی بکات، یان حکوومەت ڕێگە بە یەک دانەی بدات و ئەوانی تری قەدەغە بکات. هەندێک تەنیا وێنەی هاورەگەزخوازەکان دەبینێت و دەیکات بە ناسنامەی ئەمریکا، هەندێکی تر تەنیا مەسیحییەکان یان تەنیا گرووپێکی تر دەبینێت، بەڵام لە ڕاستیدا هەموویان بە یەکەوە باشتر ناسنامەی ئەمریکا پێشاندەدەن. لێرەدا باسەکە ئەوە نییە کە ئەمە ئازادییەکی ڕەها و بێ لایەنگرییە، مەسەلەکە واقعێکە و دەبینرێت و هەستی پێدەکرێت. لە خۆڕا نییە ئەو دەوڵەتە سوود لە تواناکانی هەموو مرۆڤایەتی سەر زەوی بینیوە و دەبینێت. دیموکراتەکانیش زۆر کات دەیانەوێت تەنیا یەک ڕەهەندی ئەمریکا زەق بکەنەوە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ ئەو شکستە گەورەیەی ئەمجارەیان.

 

٥. کەسایەتی و شێوەی قسەکردنی ترەمپ نامۆ نییە بە کۆمەڵگەی ئەمریکا، بەڵکو لەوانەیە نامۆ بێت بە ستایلی ناو کۆشکی سپی. بەڵام دیموکرات و چەپەکان، بە تایبەت لەسەر ئاستی ئەکادیمیا، کۆمەڵێک دەستەواژە هەیە بەکاری دەهێنن بۆ وەسفکردنی هەر کەسێک کە خۆیان بە دڵیان نەبێت، ئەویش پۆپۆلیست/پۆپۆلیزم و ڕەگەزپەرست و دژە بیانی… ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە پرسی پەنابەر و هاتن بۆ ئەمریکا دەبێت یاسایی بکرێت. واتە ناکرێت بە لێشاو خەڵکی مەکسیک و ناوەڕاست و باشووری کیشوەری ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بە نایاسایی بێنە ئەمریکا، بەڵکوو دەبێت لە چوارچێوەیەکی ڕێکخراو و یاسایی بێت. ئەمە بۆ ئەمریکییەکان و ئەو بیانییانەی لە ئەمریکا دەژین و بۆ خودی پەنابەرەکانیش بە سوودە. دیموکراتەکان ئەم سیاسەتە وەک سیاسەتێکی دژە بیانی و دژە مافەکانی مرۆڤ پیشان دەدەن. زۆرێک لە ئەمریکییەکان پشتگیری ترەمپ دەکەن بۆ ئەو پرسە.

 

٦. ترەمپ لە یەک ڕووەوە نامۆیە بە سیستەم و کۆمەڵگەی ئەمریکا. ئەویش ئەوەیە خەریکە ڕۆڵی تاکە کەس و سەرکردە لە ڕۆڵی دەزگا گرنگتر دەکات. ئەمریکا دەوڵەتێکە پشت بە دەزگاکان دەبەستێت، سەرکردە بەشێکە و لەناو دەزگا کار دەکات و ئاڕاستە دەکرێت. واتە یاسا و دەزگاکان گرنگترن لە سەرۆک و سەرکردە. ترەمپ لەم ڕووەوە خەریکە کەلتوورێکی جیاواز دروست دەکات. کۆمارییەکانیش لەگەڵ ئەو کەلتوورە نین، بەڵام لەم هەڵبژاردنە زانیان ترەمپ بەهێزترین کاندیدیانە، دیارە ویستویانە سوود لەو بەهێزییەی ببینن بۆ بردنەوە. هەر بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا هەست بەوە دەکرا کێبڕکێیەکە لە نێوان ترەمپ و دیموکراتەکانە، نەک لە نێوان کۆمارییەکان و دیموکراتەکان. بەڵام دواجار، ترەمپ هەر چوار ساڵی تر سەرۆکە و لەوە ناچێت کاریگەری گەورە لەسەر سیستەم و کەلتووری دەزگا و یاساکانی ئەمریکا دروست بکات بۆ ئایندە.

 

٧. ئایا بۆ سیاسەتی دەرەوە چی ڕوودەدات؟ لە ڕاستیدا جارێ زووە پێشبینی ورد بکرێت بۆ ئەم لایەنە. نازانرێت ئایا ترەمپ بە فیعلی دەیەوێت چی بکات بۆ پرسەکانی وەک ڕووسیا و جەنگی ئیسرائیل و بەرەی ئێران، و پرسی چین، چی پێ دەکرێت و چی پێ ناکرێت؟ خۆی گوتی جەنگەکان کۆتایی پێدەهێنم. ئایا بەڕاستی بوو؟ دەتوانێت؟ دەزگا گرنگەکانی سوپا و هەواڵگری و لۆبییەکان ڕێگەی دەدەن یان نا؟ هەموو ئەمانە لە چوار ساڵی ئایندە دەردەکەوێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە چەند بابەتێکە: ئیسرائیل و پوتین دڵخۆشن بە بردنەوەی ترەمپ، ئێران و بەرەکەی نیگەرانن، سعوودییە و ئیماڕات شادن و قەتەر حەزی دەکرد کامیلا هاریس براوە بێت، بەڵام لەگەڵ ترەمپیش لەوە ناچێت کێشەی گەورەی هەبێت. چین ترسی زیاترە لە ترەمپ. وەک دەردەکەوێت بۆچوونی بەرەی چین-ڕووسیا-ئێران سەبارەت بە بردنەوەی ترەمپ لەناوخۆیاندا جیاوازییان هەیە.

 

٨. چاودێریکردن و خوێندنەوەی وردی ڕاپۆرتی ساڵانەی دەزگا گرنگەکانی ئەمریکا، وەک ڕاپۆرتەکانی ناو سوپا و هەواڵگری سەبارەت بە پرسە گرنگ و ستراتیژییەکان، ئەوە دەردەخات لەو جۆرە پرسانەدا تێڕوانین و ستراتیژی ئەمریکا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا نایەت لە کاتی ئاڵوگۆری دەسەڵات لە نێوان کۆماری و دیموکراتەکان. بۆ نموونە لەسەردەمی ئۆباما و ترەمپ و بایدن، یەک تێڕوانین هەبووە بۆ چین کە هەڕەشەی یەکەمە لە پێگەی ئەمریکا. ئێران هەڕەشەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئامرازەکانی کۆمارییەکان و دیموکراتەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەل ئێران جیاوازە. واتە جیاوازییەکان ڕیشەیی و ستراتیژی نین. سەبارەت بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکڕانیا ئەو دەزگانەی ئەمریکا هەمان بۆچوونیان هەیە، ئایا ترەمپ دەتوانێت لێی لابدات یان نا؟

 

٩. دوێنێ ئێوارە کە جارێ ئەنجامی دەنگدانەکانی ئەمریکا ڕوون نەبوو و پڕۆسەکە لە سەرەتا بوو، نەتانیاهۆ، گالانتی وەزیری بەرگری لابرد. لای هەندێک ئەمە وەک ئاماژەیەک بوو بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ هاتنی ترەمپ و ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و بەرەکەی. گالانت نزیکترین کەسایەتی ناو حکوومەتەکەی نەتانیاهۆ بوو لە ئیدارەی بایدن. هەندێک ڕێگری دروست دەکرد بۆ نەتانیاهۆ لە بڕیار و شێوەی جەنگەکە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یسرائیل گانتس کرایە وەزیری بەرگری، کە سەر بە باڵی ڕاستڕەوی ئیسرائیلە. ئێستا حکوومەتەکەی نەتانیاهۆ تا ئەندازەیەکی زۆر لە لایەن ڕاستڕەوی توندڕەو کۆنتڕۆڵکراوە. ئایا ڕێککەوتن و گفتوگۆی نهێنی کراوە لە نێوان نەتانیاهۆ و ترەمپ سەبارەت بە ئایندەی جەنگەکە؟ ترەمپ بەڵێنی چی داوە؟ جارێ ڕوون نییە. ئەوەی ڕوونە نەتانیاهۆ کە هەژموونێکی گەورەی بەسەر لۆبی جوو هەیە لە ئەمریکا، بە ناڕاستەوخۆ پەیامی بۆ دەناردن کە بردنەوەی ترەمپ لە سوودی ئیسرائیلە.

 

١٠. سەبارەت بە کوردستان، هانتی ترەمپ دەکرێت گورزی زیاتر بدات لە ئێران، ئەمە لە سوودی ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت. هاوکات، مەترسییەکی گەورەش هەیە ئەویش ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستانە لە سەردەمی ترەمپ. بە تایبەت ئەردۆگان لە دڵخۆشەکان بوو بە هاتنەوەی ترەمپ. بەڵام وەک ئاماژەم پێکرد، ویست و سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا مەرج نییە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت بە هۆی ڕێگری و ڕۆڵی دەزگا سەربازی و هەواڵگری و ستراتیژییەکانی ئەمریکا.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button