سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

فابریکەکردنی ئەحمەد شەرع

سەرکردەناسی زانستێکی بەرفراوانە. هەندێک پێیان وایە کەسێک وەک سەرکردە لە دایک دەبێت، تیۆریی تر پێی وایە سەرکردە دروست دەبێت، هەندێکی تر پێیان وایە سەرکردە دروست دەکرێت. دیارە پێناسەی سەرکردە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی تر جیاوازە. بۆ نمونە لە هەندێک کەلتووردا سەرکردە ئەوەیە کە کاری گەورە دەکات، لە هەندێک کەلتووری تردا ئەوەیە کە ڕێگا دەدات بە ئەوانیتر هەتا کاری گەورە بکەن.

 

لە کەلتووری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کەلتووری سەرکردە، کەلتوورێکی دڕندانەیە. بە زۆری خەڵک بڕوایان وەهایە کە سەرکردە دەبێت ئەو کەسە بێت کە زۆربەی هێزەکان لە دەستی ئەودایە، نەیارەکانی لە ناو دەبات و کاری گەورە دەکات. ئەمە لە گفتوگۆی ڕۆژانەی خەڵک، لە ئاگایی خەڵکی ئاسایی، لە تاریکایی کەلتووری ناوچەکەدا زۆر بە خەستی بۆنی دێت.

سەرباری ئەم کەلتوورە دواکەوتووە، ئەمڕۆ ئێمە لە دۆخێکی تایبەتدا دەژین، ئەویش توانای تەکنەلۆجیا و میدیا و دەوڵەمەندبوونی زانستەکانی وەک دەروونناسی، پەیوەندی و مێشک، کە چۆن وێنا و تێگەیشتن و هالە و ئەفسانە بۆ کەسەکان بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگای چنین و بڵاوکردنەوەی وێنا و دید و بەردەوام دووبارەکردنەوەی. ئەمە باسی بوونی سوپایەک لە ماستاوچی و ڕاوێژکار و زەبابیک ناکەم.

ئێستا ئەحمەد شەرع، بە سەرۆککراوی سووریا لەم دۆخەدا دەژی. وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر پێویستیان بەوەیە کە ئەم کەسە بە سەر کایەی سیاسی سووریادا زاڵبێت. لەم ڕووەوە هەموو میدیا و ناوەند و سەرمایەکانیان خستووەتە کار.

شەرع بە تەواوی ڕاهێنراوە، شێلراوە، سەرلەنوێ ئامادەکراوەتەوە. تەنانەت وەک ئەحمەد مەنسور دەڵێت، کاتێک دەستیان بەم پڕۆسەیە کرد، ئەو هەندێک قەڵەو بوو، بۆیە بۆ چاوی خەڵکی باش نەبوو، بۆیە دەبوو کێشی خۆی دابەزێنێت. نەک لەش و لار و جلوبەرگی کە بەلای خەڵکی سادەوە زۆر گرنگە، بەڵکو لە شێوازی قسە و باری دەروونی و چۆنێتی پەیوەندیکردندا ڕاهێنانی زۆری پێکراوە.

ئەمە لە کاتێکدا خۆی ئامادەکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی ئەمە چەندین کەناڵ و ناوەند و کەسایەتی و پارەیەکی زۆر تەرخانکراوە بۆ بونیادنانی ئەفسانە و وێنا و حەکایەت و نەرەتیڤی زۆر دەربارەی، هەتا هەموو ئەوانی تر لە ناو کایەی سیاسی سووریادا پەراوێز بخات.

میدیای کوردی کە خۆی بە ئاگایی و بێئگایی ئامادەیە بۆ دیکتاتۆر دروستکردن کەوتووەتە ناو ئەم تەڵەیەوە و تەپوتۆزی تیادا دەکات.

دیارە دەبێت لەو ڕوانگە ستراتیژییە بگەین، کاتێک ناوەندەکان پێویستیان بە ئەنجامدانی پڕۆژەکانیانە، ئەوا ناتوانن دەزگا دروست بکەن، بەڵکو ئاسانتر و سوودمەندانەترە کە کەسێک بەرهەم بهێنن. لە هەمانکاتدا خەڵکی ناوچەکە و کەلتوورەکەی ئامادەیە بۆ وەرگرتنی کەسێک وەک کاریزما و خاوەن توانای بان-مرۆیی، لەوەی بیر لە دەزگا یان ناوەند بکاتەوە بۆ پیادەکردنی دەسەڵات.

دیارە هەندێک دەڵێن کە خەتای خەڵک نییە، بەڵکو خەتای نوخبەیە. هەڵەی ئەم دیدە لەوەدایە کە نازانێت کە خەڵک نازانن کە دژ بە خۆیانن.

لە سووریا باری دەروونی زۆرێک لە سووننە ئامادەیە بۆ تۆڵە، خۆزاڵکردن، غرور و هەبوونی ماف و حەق. هەموو ئەمانە زەمینەن بۆ هاتنی دیکتاتۆرێکی تر. دیارە هەندێک بنەما هەیە کە دیکتاتۆریەت دەکات بە ناچاریی، بۆ نمونە، ئەگەر سووننەی عێراق بیانەوێت وەک سووننە حوکمی عێراق بکەن، تەنها دەبێت لە ڕێگای دیکتاتۆرێکەوە بیکەن. ئەمە بوو کە سیستانی بە پێچەوانەی برێمەر پێداگریی لە سەر دیموکراسیی کرد، چونکە دیموکراسی یانی زۆرینە و زۆرینە یانی شیعە. ئەمە بۆ عەلەوی سووریاش ڕاستبوو. سووریا لە ئەدیب شیشکلییەوە هەتا خێزانی ئەسەد تەنها دیکتاتۆری بینیوە. ئێستا هەتا بەرەو دیموکراسیی بڕوات پێویستی بە ڕێنمایی ناوەندی جیاوازترە لە قەتەر و تورکیا، کە دوو ناوەندی تیرۆرن لە ناوچەکەدا.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button