سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ساڵی ٢٠٢٥ جیهان چی لە پێشە؟

ساڵی ٢٠٢٤ مرۆڤایەتی شایەتی جیهانێکی پڕ لە سوپرایزی دژوار بوو، گۆڕانکارییە جیۆپۆلیتیکییەکان خێرا ڕوویان دەدا و تاڕادەیەکی زۆر گۆڕانکاری گەورە بەتایبەت لەبواری نەخشەی کاریگەریی جوگرافیای دەسەڵاتە گەورەکان و ناوەندەکانی ململانێی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە خۆیەوە بینیوە. شەڕی بەردەوامی ڕووسیا و ئۆکرانیا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر حەماس و حزبوڵڵا لەلایەک و ململانێ سیاسی و  سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە لایەکی دیکە، کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد، هاتنەناوەوەی سوید بۆ ناو ناتۆ، هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترامپ، سەرهەڵدانی چین و داکشانی ئەمریکا لە ڕووی ئابوورییەوە، سەرهەڵدانەوەی ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان و لێپێچینەوە لە سەرۆک کۆماری کۆریای باشوور یۆن سوک یۆل دوای ڕاگەیاندنی یاسای سەربازی.

 

لە دەرەوەی ئەم ڕووداوە تاڕادەیەک خێرایانە، ڕەوتە درێژخایەنەکان بەردەوام بوون لە داڕشتنی جیهاندا، ژیریی دەستکرد AI بە خێرایی پێشکەوت، بەڵام لە هەمانکاتدا دابەشبوونە جیهانییەکان قووڵتر بوون، مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر نیگەرانی بەدووادا هات بە تایبەت دوای ئەوەی ساڵی ٢٠٢٤ بە گەرمترین ساڵ تۆمارکرا.

 

کەوایە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ جیهان چی لە پێشە ؟.

ئەگەرچی پێشبینیکردنی داهاتوو بەناوبانگە بە سەختی، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی هەندێک دیدگا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هەندێک لێکۆڵینەوە دەکەین لە سەر ڕووداو و پێشبینییەکان.

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەگەرێکی یەکجار لاوازە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بتوانێت بەم زووانە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، پێدەچێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک سەرچاوەی سەرەکی نائارامی بمێنێتەوە. هەرچی ئێرانە ڕووبەروی کاتێکی مەترسیدار دەبێتەوە، ئایا بەرنامە ئەتۆمییەکەی خێراتر دەکات، بەتایبەت بە هۆی پاشەکشەی ئەم دواییەی هیلالی شیعی یان بریکارەکانی  و دابەزینی کاریگەرییە ناوچەییەکەی کە ساڵانێکە بەسەر ڕۆژهەڵاتدا پەلی کێشاوە. ڕەنگە لە بەردەوامبوونی یان خێراکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان بێنێتە ئاراوە و یان ئەگەری نوێبوونەوەی سزاکان یان تەنانەت هەنگاوی سەربازیش بە خۆیەوە ببینێت. یانیش لە بەرانبەر فشارە ناوخۆییەکان و سزا نێودەوڵەتییەکان، ڕەنگە بە دوای چارەسەری دیپلۆماسیدا بگەڕێت. ئەگەرچی ئێستا تاران بەتایبەت زیاتر مەیلی بۆ دانوستان هەیە لەگەڵ ئەمریکا و دوای ئەو زەبرە سیاسی و سەربازییانەی لە ٢٠٢٤ بەری کەوتووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەوتنی هاوبەشە سەرەکییەکەی (بەشار ئەسەد).

 

ڕەنگە ٢٠٢٥ سووریا سەرچاوەی هەواڵ و مانشێتی بەشێکی زۆر لە میدیا جیهانییەکان بێت، بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و کەوتنی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، چاوەکان هەموو لە سەر سووریان، ئایا سووریا دەتوانێت گرووپە ئوپۆزسیۆن و چەکدارەکان یەک بخات، یان بخزێتە ناو شەڕێکی نوێی ناوخۆییەوە و وەک دەوڵەتێکی شکست خواردوو بمێنێتەوە؟ کە دواجار کاریگەری ڕاستەوخۆی بە سەر بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ناوچەکەدا هەبێت بە تایبەت ئیسرائیل و لوبنان و ئوردن و عێراق و تاڕادەیەکیش تورکیا.

 

دواتر فاکتەری ئیسرائیلیش هەیە؛ ئێستا ترەمپ دێتەوە ناو ساحەی سیاسی و بڕیاری ئەمریکا، لەکاتێکدا ئیسرائیل پێشتر نیگەرانی هەبوو لە ستراتیژی ئەمریکا لە سەردەمی بایدندا، کە هەوڵی سنوردارکردنی ئیسرائیلی دەدا بۆ ئەنجامدانی دانوستاندن و وەستانی ململانێکان لە غەززە. بەڵام ترەمپ هاوسۆزی دەربڕیوە بۆ گلەییەکانی بنیامین نەتانیاهۆ لەسەر ئیدارەی بایدن، ئەگەرچی نەتانیاهۆ و سەرکردەکانی  ئیسرائیل لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بە ڕوونی سەرپێچیان دەکرد و ڕووبەڕووی ئەو داوا دەرەکییانە دەبوونەوە بۆ کۆتاییهێنانی شەڕی غەززە و کەمکردنەوەی ململانێکان لەگەڵ ئێران و حزبوڵای لوبنانی، بەڵام بە پێچەوانەی داواکارییەکانەوە، ئیسرائیل کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە؛ هەموو قاچاخێکی ئەگەری لە ڕێگەی میسرەوە داخست، زۆربەی سەرکردە باڵاکانی حەماسی کوشتوە و حزبوڵاشی پەکخستووە، لە دوای ڕووخانی بەشار ئەسەدیش بەشێکی بەرچاوی خاکی سووریای داگیرکردووە و هەنگاوی ناوە بۆ جێبەجێکردنی پلانی دووهێندەکردنی ژمارەی دانیشتوانی جوونشین لە بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە لکێنراوەکانی باشووری ڕۆژئاوای سووریا، کە هەموو ئەم هەنگاوانە وای کردووە پڕبن لە متمانە بەخۆ بوون و ڕەنگە بڕیار بدەن کە ٢٠٢٥ ساڵی لێدانی زیاترە لە نەیارەکانیان و پاشەکشەی چەندین ساڵەیان پێبکەن.

 

پێناچێت ترەمپ زیاتر لە بایدن هاوکاری ئیسرائیل بکات، بەڵام ئەوەی ڕوونە، چاوپۆشی زیاتریان لێدەکات، فشاری کەمتر دروست دەکات وەک لە بایدن و ئەوەش بەسە بۆ ئیسرائیل، چونکە ئێستا ئیسرائیل نایەوێت هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە هەبێت و دەستی ئاوەدانی پێ بگاتەوە و حکوومەتەکەیان بوونیاد بنێنەوە، ئەم ڕێگرییانەی ئیسرائیل پێمان دەڵێت نەتانیاهۆ زیاتر مەیلی بۆ داگیرکاری درێژخایەن هەیە نەک پاشەکشەکردن و پێناچێت ئەمریکا ڕێگرییەک لەم هەنگاوە بکات.

 

ترەمپ ئەوەندەی مەیلی بۆ فشارە هێندە مەیلی بۆ جەنگ نییە، بەڵام سەرکەوتنە قومار ئاساییەکانی نەتانیاهۆ وا دەکات  ئەو متمانەیە لە لای ئیدارەی تازەی ترەمپ دروست بکات کە بەهێزە لە ناوچەکەدا، لەم کاتەدا ئێران بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە ئامانج بۆ لێدانی، بەڵام تاکە ئامانج نا، ئەوەی کە لە ئێستاوە دەردەکەوێت، فراوان دەبێت و دەبێتە جەنگێکی ناوچەیی، چونکە ئێران نایەوێت تەسلیم بێت بەو ئاسانییە، ئێرانێک کە ٤٥ ساڵە سەریامەگوزاری دەکات لە پەرەپێدانی ناهاوسەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتە زلهێزەکان لە ناوچەکەدا، وا بەسانایی وەلا بخرێت، هەرچەندە مەسعوود پزیشکیان ئارەزووی خۆی بۆ دەسپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕیوە، بەڵام ترەمپ پێدەچێت بە دوای شتێکی گەورەترەوە بێت کە وەک تەسلیم بوون بێت بۆ ئیران، کە ڕەنگە ئێران بەرگەی زۆری فشارەکان نەگرێت و بەجۆرێک لە جۆرەکان تۆڵە بکاتەوە.

 

جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا

ترەمپ بەڵێنێکی گەورەی داوە، کە کۆتایی بە جەنگی ئۆکرانیا و ڕووسیا بهێنێت، داوای کردووە ئۆکرانیا دانوستان بکات لەگەڵ ڕووسیا، بەڵام  ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا ویستێکی گەورەی نییە بۆ دانوستاندن، ئەمە لەکاتێکدا جەنگ نزیک دەبێتەوە لە چوارەم ساڵی شەڕکردن و کیێڤ بەرەو لاوازی دەڕوات، هێزەکانی ئۆکرانیا ماندووبوون لەپێشگرتن لە پێشڕەوییەکانی ڕووسیا و سیستەمی وزەی وڵاتەکەش لە لێواری داڕماندایە، ئەمە وای کردووە ئۆکرانییەکان بەشێکی زۆریان ویستیان بەرەو لای دانوستان بچێت، ئەگەرچی دەشزانن تێچوویەکی زۆری سیاسی دەوێت بۆ وڵاتەکە، بەڵام هێشتا بەشێکی تری ئۆکرانییەکان سوورن لە سەر ململانێکان لەگەڵ ڕووسیا و پێدەچێت ٢٠٢٥ زیاتر ململانێکان پەرەبسێنێت، بۆیە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لە سەر ئایندەی ئۆکرانیا نەک ئایندەی ئەو وڵاتە، بەڵکو کاریگەری دەبێت بە سەر ئاسایشی سەرتاسەری ئەوروپاوە.

 

ڕووسیا دەیەوێت بەربەرەکانی لەگەڵ ڕای ڕۆژئاوا بکات بەوەی کە مۆسکۆ پێگە بەهێزەکەی بەسەرچووە و هەر هەنگاوێکیش بنێت ڕۆژئاوا بە ناڕەوای دەزانێت، بۆیە مۆسکۆ دەیەوێت پێگە بەهێزەکەی خۆی بهێنێتەوە ئارا و کاریگەری هەبێت بە سەر جیهان و بەتایبەت وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، لە ئەگەری قبوڵنەکردنی ئەم هەنگاوەشدا ئەوروپییەکان ڕووبەڕووی مەترسی گەشەسەند و دەبنەوە لەوانە هێرشی ئەلیکترۆنی و زانیاری ناڕاست و کردەی تێکدەرانە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە بە سەر ئەمنی و ئابووری وڵاتانەوە.

 

پرسێکی گرنگ ئەوەیە کە چین تا چەند ئامادەیە بۆ هاوکاری ڕووسیا، لەکاتێکدا چین بە هاوپەیمانی بێسنووری ڕووسیا دادەنرێت، ئەگەرچی شی جینپینگ سەرۆکی چین بەردەوام هاوکاری و تەکنەلۆژیای سەربازی بۆ ڕووسیا دابین دەکات، سەرەڕای  نیگەرانییەکانیشی کە ناشارێتەوە لە بەرانبەر جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا.

 

ئاسیا

لە ئیدارەی نوێی ترەمپ و لە ساڵی ٢٠٢٥دا یەکێک لە تەوەرە هەرە گرنگەکان ئابووری پڕ کێشەی چینە بۆ ئەمریکا و گفتۆگرکردنە لە سەر پێشکەوتنە سیاسی و ئابوورییەکانی چین بەرانبەر ئەمریکا و جیهانیش. ئەگەرچی بۆ ئێستا ڕکابەری ئەمریکا لەگەڵ چین خۆی وەک شەڕێکی بازرگانی دەردەکەوێت، چونکە ترەمپ بڕیاری داوە بە گەڕانەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی باج لە سەر کۆمپانیا چینییەکان زیاتر بکات و کارەکانیان سنوردار بکات، بۆیە چین سەرقاڵی دۆزینەوەی ڕێگای دیکەیە لە دەرەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئێستا کۆمپانیا چینییەکان لە وڵاتانی  دەرەوەی چین تا دێت فراوان دەبن، ئەمەش بۆ ئەوەی هەم بەربەستە بازرگانییەکان تێپەڕێنن هەم بۆ دەستخستنی بازاڕی نوێ لە باشووری جیهاندا، ئەمە سەرەڕای دروستکردنی کارگە لە مەکسیکەوە تا هەنگاریا، هاوکات پلانی دیکەشیان هەیە کە ئێستا پەکین هانی گەشەسەندنی هەناردەکردنی پانێڵی خۆر و پاتری و ئۆتۆمبێلی کارەبایی داوە بۆ ئەوەی ئابووری خۆی بەرزتر بکاتەوە.

 

تایوان یەکێکی دیکەیە لە ململانێکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا، بە تایبەت پاش مانۆڕە سەربازییەکانی ئەم دواییەی چین، کە ویستی داگیرکاری و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو دوورگەیە دووپات دەکاتەوە لەلایەن چینەوە، ئەگەرچی گەڕانەوەی ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، مانای قوڵبوونەوەی ململانێکان دێت بەرانبەر چین، بەڵام هێشتا تا ئێستا هەڵوێستی ترەمپ نادیارە بەرانبەر بە تایوان، جیاوازتر لە بایدن کە ئامادەبوو بەرانبەر بە لەشکرکێشی چین وەک قەڵغان بوەستێتەوە لە تایوان، بەڵام پێدەچێت بژاردەی بەردەم ترەمپ بۆ پارێزگاری لە تایوان باج خستە سەر چین بێت نەک هەنگاوی دیکە.

 

ئەفریقا

وا پێشبینی دەکرێت قەیرانی مرۆیی لە سوودان لە ساڵی ٢٠٢٥دا خراپتر بێت، ئەمەش زیاتر بەهۆی دەستێوەردانی ئەکتەرە دەرەکییەکان کە بووەتە هۆی گڕدانی زیاتر بەو قەیرانە مرۆییە. ئەفریقا لە ساڵی ٢٠٢٥دا ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە، لەوانە ململانێی بەردەوام لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و نەیجیریا و ناسەقامگیری سیاسی لە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا.

 

لە کۆتاییدا، پێدەچێت ساڵی ٢٠٢٥ پێشبینی نەکراو بێت، بێگومان ئەگەر ڕابردوو پێشەکی بێت ئەوا ساڵی ٢٠٢٥ پڕ دەبێت لە سوپرایز. ڕایەک هەیە لە سیاسەتدا دەڵێت: “سیاسەت هونەری مومکینە”، بەڵام پێدەچێت هەندێک جار مومکین ئەوە بێت کە چاوەڕوان نەکراوە!.

نەبەز بازیانی

بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی ڕەوەندی کوردی بۆ پڕۆسەی سیاسی لە عێراق و کوردستان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button