سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

کۆمیسیۆنی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان؛ دادوەری ڕاگوزەر و ئاشتەوایی لەکوێیە؟!

لە سەرەتای دیسێمبەری 2024دا، گۆڕێکی دیکەی قوربانییەکانی شاڵاوەکانی ئەنفال دۆزرایەوە، کوژرانی بەکۆمەڵی ئازیزانمان و شێوازی کوشتن و دیمەنە جەرگبڕەکانی ئەو گۆرە بەکۆمەڵە، چەندین ڕەخنە و گفتوگۆی بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەتیش گلەیی لە حزبەکان و حکوومەت و کەمتەرخەمیان لەو ڕووەوە.

 

بەڕێزان، ئەو کەمتەرخەمییە هیی ئەوڕۆ نییە. چەندین جار لەسەرمان نووسیوە. مەسەلەکەش هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ نییە، چونکە دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەن و پشتگوێ خراون. چەندین بابەتی وابەستە هەن بەو پرسە و تا ئەمڕۆ ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە.

 

کێشەکە و پشتگوێخستن، لەو ڕۆژەوە دەست پێدەکات کە حزبەکان و سیاسییەکانی کورد لە بەغدا، شکستیان هێنا لەوەی “لیژنەیەکی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، دادوەری ڕاگوزەر و ئاشتبوونەوە” پێک بێنن و بەجیددی کار لەسەر خاڵە گرنگەکانی بکات. دەبووایە چەندین شارەزای تایبەتمەندیان لەو بوارە بانگهێشتی هەرێمی کوردستان و عێراق بکردبان و هێندرابانە سەر خەت داخۆ چی بکرێت لەو بارەیەوە؟

 

ئاشتبوونەوە هەرگیز ڕوونادات تا ڕاستییەکان ئاشکرا نەکرێن و دادوەری ڕاگوزەر کارەکانی خۆی نەکات و قوربانییەکان نەگەنە مافەکانی خۆیان.

 

کوا سەتا چەندی تاوانەکانی دژ بە کورد ئاشکرا کراون؟ سەتا چەندی ونبوو و بێسەروشوێن چارەنووسیان دیارە؟ چەند ڕزگاربووی جینۆسایدی کورد کە زیاتر لە (4) کەیسی جینۆسایدن، قەرەبووکراونەتەوە؟

 

زیاتر لە 4500 گوندی کوردستان وێران کران، چەند کەس دینارێکی لەو وێرانکارییە وەرگرتۆتەوە.

 

ئاشتەوایی لەگەڵ داگیرکەر چۆن دەبێت تا هەموو دۆخەکە وەکوو خۆی لێنەکەنەوە؟

 

لێبووردن ئاساییە، بەڵام پشتگوێخستن و ئاسایینەکردنەوەی دۆخەکە ئاسایی نییە. بۆیە لێبووردن دەبووایە بخرێتە دوای ئاساییکردنەوە و قەرەبووکردنەوە و ئاشکراکردنی ڕاستییەکان.

 

سیاسییەکانی عێراق هێندە دێماگۆج و ئیستیغلالکەرن، وایان کرد دادگای باڵای تاوانەکانیش دوور و نزیک باس لە قەرەبووکردنەوە نەکات، باس لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان نەکات، تەنانەت بڕیاردەری یەکەمی تاوانەکان بە قەزیەیەکی تایبەت بەخۆیان لەسێدارە بدرێت و هەزاران نهێنی دژ بە کورد لەگەڵ خۆی بباتە گۆڕ. تەنانەت لە پەرلەمانی عێراق بریاری قەرەبووکردنەوەش هەیە، بەڵام مێش میوانی نەک هەر عێراقییەکان نییە، بەڵکو مێش میوانی ئەو سەدان کوردەش نییە کە لە پێگەی بەرپرسیارێتیدان لە بەغدای پێتەختی عێراق و هەندێکیان هێندەی دژایەتی هەرێم دەکەن، هێندە قسە لەسەر ئەو هەموو گەندەڵی و نادادییەی عێراق ناکەن، چ جای ئەوەی هەڵوێستیان هەبێت لەسەر هەموو ئەو کەیسانەی کە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، جگە لەوەی کە بەردەوام شەرعییەت بەو دەوڵەتە دەدەن و ئامادەش نین یەک کێشەی هەڵپەسێردراو لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن.

 

کێشە سیاسییە ناوخۆییەکان، هەرگیز نابێت ببنە کۆسپ لەبەردەم پرسە نیشتمانییەکان، بەڵام مخابن لەوەشیاندا کورد لەهەموو دونیا جیاوازن. هێندەی خولیا و خزمەتکاری داگیرکەرن، مرۆڤ لەبەرانبەریدا دۆش دادەمێنێت.

 

کوا لیژنەی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، دادوەری ڕاگوزەر و ئاشتەوایی؟  ئایا هیچیان پێک هێنا؟ بێگومان نەخێر.

 

لەکاتێکدا بەعسییەکان لە هەرێمی کوردستان جمەیان دێت. لەکاتێکدا سیاسەتی تەعریب لە ناوچە کوردستانییەکان بەردەوامە، لەکاتێکدا بەدەیان تۆمەتباری تاوانەکان بە ئازادی دەسوڕێنەوە.

 

ئەو خۆشخەیاڵییەی لای کورد هەیە لەهیچ کەیسێکی جینۆساییددا نە بووە و نە دەشبێت!

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button