سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

ئاشتی بەبێ ئاشتەوایی؛ ئاشتی نەرێنی لە پڕاکتیکدا

لەکۆتاییدا، “پارتی کرێکارانی “کوردستان” هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاند و بڕیاریدا، چەکەکان بێدەنگ بکرێن. بێدەنگکردنی چەکەکان، بەشێوەیەکی یەکلایەنە، “ئاشتی نەرێنیی” یۆهان گاڵتۆنگی (Johan Galtung) بیرهێنامەوە. ئاخر، گاڵتۆنگ پڕۆسەی ئاشتی دابەشی سەر هەردوو ئاستی ئەرێنی و نەرێنی دەکات. لەڕوانگەی گاڵتۆنگدا ئاشتی نەرێنی (Negative peace) بریتییە لە نەبوون یا نەمانی توندوتیژی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا، وەکوو شەڕی چەکداری یاخود سەرکوتکردن و ئازاردانی جەستەیی، بەو مانایەی لایەنەکان چیتر یەکدی ناکوژن، بەڵام مانای وانییە کە کێشە بنەڕەتییەکانی وەکوو نادادپەروەری، نایەکسانی، یان ستەم و توندوتیژی سیمبۆڵیک چارەسەرکراون.

 

لە دۆخی باکووری کوردستان و لەسەر بنەمای ئاشتیی نەرێنییدا، لەبەردەم چەند خەسڵەت و تایبەتمەندییەک داین، هەوڵ دەدەم لە دوو خاڵدا کورتییان بکەمەوە:

 

یەکەم: بێدەنگکردنی چەک و ملکەچکردن بۆ ئاشتیی نەرێنی، واتە وەستاندنی دوژمنکاری دەوڵەت، وەستاندنی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سڕکردنی دڕۆنەکان. وێڕای ئەوەی، کە بۆی هەیە نایەکسانی و ستەمکاری داگیرکەر درێژەی ببێت و بەردەوام بێت.

 

دووەم: لەو دۆخەی باکووردا، داواکاری بێدەنگکردنی چەک لە دەوڵەتی قووڵەوە دەستی پێکردووە. ئەوەش بەمەبەستی بەهێزکردن و وەرگرتنەوەی کۆنتڕۆڵ، لەکاتێکدا، کە بۆی هەبوو دەوڵەت لە هەلومەرجی نوێی ناوچەکەدا کۆنتڕۆڵی خۆی لەدەست بدات. هۆکارەکەشی هاتنەناوەوەی بکەری دیکەی بەهێزبوو، لەوانەش ئیسرائیل. تێکچوونی باڵانسی هێز لەناوچەکەدا لەبەرژەوەندی ئیسرائیلدا بوو. پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی و لاوازبوونی پڕۆکسییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو، کە هێشتاش لەناو شەپۆلەکانیدا دەژین. هەرچەندە دەوڵەتی تورکیا لە سووریا بەڕەکەی لەژێر پێی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرهێنا، بەڵام بێئاگا لەوەی کە ئیسرائیل دەستپێشخەری ئاسمانیی سووریای بەدەستەوەیە و لەگەڵ نەمانی ڕژێمی ئەسەد و پاشەکشەی کۆماری ئیسلامی ئێران و پڕۆکسییەکانی، ئەو دەستپێشخەرییە بەهێزتر بوو.

 

ئەوەی ڕاستیش بێت، بەش بەحاڵی خۆم، ماوەیەکی باشە پشتیوانی لە ئەرگومێنتی بێدەنگکردنی چەکەکان دەکەم. دوای ئەوەی بۆ دەیان ساڵ شێوازێکی خەبات بێجگە لە ئاڵقەیەکی نەپساوەی توندوتیژی و بەردەوامبوونی خوێن و فرمێسک بەبێ ئەنجام، مرۆڤ دەبێت ڕێگای دیکە تاقیبکاتەوە. لە دیدارێکمدا لە 2004 لەگەڵ ڕۆژ تیڤی لە برۆکسل باسم لە گرنگی و حەتمییەتی خەباتی مەدەنی کرد، لەکاتێکدا کە هێزی چەکدار دوای ئەو هەموو کات و ئەو هەموو خوێنە، واپێدەچێت بێجەدوا بێت. ئەوکاتە هێشتا پارتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (دەتەپە) لە باکوور دانەمەزرابوو، کە دواتر لە 9ی تشرینی دووەمی 2005 دامەزرا. لەڕاستیشدا ئەو فشار و ئەنجامانەی لەو بزووتنەوە مەدەنییە بەدەستهاتوون، زۆرن. خۆ ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە زیاتر پراگماتیک بووایە و لە ئایدیۆلۆجیای چەپی ڕادیکاڵ دووربکەوتبایەوە، لەوانەبوو دەرەنجامەکان، ئەمڕۆ بەجۆرێکی دیکە بوویەن. بەڵام ئەمڕۆ دوای بیست ساڵ، واپێدەچێت زیاتر بەرەو پراگماتیزم بڕۆن، بەتایبەتیش لەگەڵ دەستپێکی ئەو پڕۆسەیەی ئێستای ئاشتیی نەرێنی تورکیا و باکوور.

 

شایەنی باسە، خەباتی مەدەنی لەسایەی دەوڵەتێکی نەژادپەرستدا، ئاسان نییە، بەڵام بەهەموو پێوەرەکان باجەکەی کەمترە و قازانجەکەی زیاترە. لەو پڕۆسەی چەکدانانەدا دەگەینە چارەسەرێکی گرنگ، ئەویش ڕادەستکردنی بڕیاری سیاسییە بۆ بزووتنەوەیەکی مەدەنی، بەو مانایەی تا ئەمڕۆ کلیلی ململانێی سیاسی بزووتنەوەی سیاسیی باکووری کوردستان بەدەست خۆیانەوە نەبوو، بەڵکوو بەدەست قەندیلەوە بوو. مەرجەعییەتی سەربازی و زیهنییەتی توندوتیژی هەمیشە زاڵە بەسەر ئەقڵییەتی هەر هێزێکی چەکدار. بۆیە، لەمەودوا، بزووتنەوەی سیاسیی باکوور، دەچێتە قۆناغێکی نوێوە، لەلایەک بڕیاری سیاسی دەکەوێتە دەستی خۆی، بەپێی هەلومەرجە تازەکان دەتوانێت هەنگاوەکان دیاریبکات و ئامانجە ستراتیجییەکانی لەسەر بنەمای ئەو قۆناغە نوێیەدا دابڕێژێت.

 

ئەرگومێنتێک هەیە، لەسەر بنەمای ئەو پەندەی کە دەڵێت “مست لە درێشە دەگەڕێتەوە”، پێیوایە “چەک گرنگە بۆ ئەوەی دوژمن بترسێت. هێندەی دوژمن گرەو لەسەر هێز دەکات، هێندە لەسەر ئاشتی ناکات”. ئەم ئەرگومێنتە دەکرێت بۆ زۆر قۆناغ و دەڤەری دیکەی دونیا و نموونەی دیکە ڕاست بێت، بەڵام بۆ ئەو قۆناغەی ئەمڕۆی کورد لە باکوور ڕاست نییە، لەبەر چەند هۆکارێک:

 

یەکەم: تەڤگەری باکوور، ساڵانێکی درێژە سنووردار بووە، بەتایبەتیش دوای ڕاپەڕینی کورد لە ڕۆژئاڤای کوردستان و گواستنەوەی قورسایی هێز و چەک بۆ ئەو پارچەیەی کوردستان. ڕاستە چالاکی سەربازی بەردەوام بوون و توندوتیژیی هەر لەبرەودا بووە، بەڵام بەدیوەکەی دیکەدا هێندەی داگیرکەر سوودی لەو چالاکییانە بینیوە، دەیەکی ئەوەش کورد سوودی لێنەبینیوە. بەو مانایەی داگیرکەر هەمیشە بە پاساوی گرووپێکی “تۆقێنەر” دەستی لە هیچ دوژمنکارییەکی دژ بە کورد نەپاراستووە. بەجۆرێک ئەو وڵاتە بووە بە زیندانێکی گەورە بۆ سیاسیی و ڕۆژنامەنوس و میدیاکار و چالاکوانە سیاسییەکانی کورد.

 

دووەم: بە هەموو پێوەرەکانی هێز و جەنگی ڕزگاری، دوای زیاتر لە 45 ساڵ تەڤگەری باکوور ڕاستە لە چیاکانی باکووردا شەڕیان کردووە و هەبوون و چالاکی گەورەیان ئەنجام داوە، بەڵام نەیانتوانیوە لەناو ئاوەدانییەکاندا بەشێوەیەکی بەردەوام بمێننەوە و شوێنێک بەشێوەیەکی بەردەوام ئازاد بکەن. هۆکارە سەرەکییەکەشی ئەوە بووە کە هاوسەنگی هێز هەمیشە لە قازانجی داگیرکەردا بووە. لەوەها هەلومەرجێکیشدا ئەگەر 45 ساڵی دیکەش ئەو شەڕە خوێنبەربوونە بەردەوام بێت، نە داگیرکەری نەژادپەرست دەگەیەنێتە قەناعەت کە لە نەژادپەرستی خۆی دابەزێت و مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک دەستەبەر بکات، نە پارسەنگی هێزیش گۆڕانکاری بەسەردا دێت. بۆیە گۆڕینی شێوازی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە هەنگاوێکی چارەنووسسازە.

 

سێیەم: ئەوەش بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ساڵانێکی زۆرە شەڕی چەکداری گواستراوەتەوە باشوور و بە سەدان کیلۆمەتری خاکی باشووری کوردستان لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای داگیرکەردان. لەو هەلومەرجەدا، لەبوونی چەکی پێشکەوتووی ئەو هێزە داگیرکەرەدا، دەیتوانی ڕۆژانە ئەندامانی چەکداری تەڤگەری باکوور ڕاو بکات و بیانکوژێت. بەجۆرێک بستێکی باشوور نەماوە دڕۆنەکانی داگیرکەر بەسەریدا نەسوڕێنەوە. لەوەها هەلومەرجێکیشدا هەموو جۆرە جموجۆڵێک وەکوو خۆکوشتن وابوو.

 

تەڤگەری ڕزگاریخوازی باکووری کوردستان، لەزۆر ڕووەوە لە خەباتی ڕەشپێستەکانی باشووری ئەفریقا دەچێت. دوای ڕاگرتنی توندوتیژی و ئازادکردنی نیلسۆن ماندێلا لە زیندان، پڕۆسەی ئاشتی ڕاگەیاندرا. هەرچەندە دەوڵەتی ئاپارتهاید لە باشووری ئەفریقا لەژێر فشاری کۆنگرەی نیشتمانی ئەفریقی، پەنای بۆ پڕۆسەی ئاشتی برد و ماندێلای لە زیندان ئازاد کرد، واپێدەچێت هەمان شت لە تورکیاش دووبارە بووبێتەوە، بەڵام فشارەکانی سەر دەوڵەتی تورکیا هێندەی هەرێمی و جیۆپۆلیتیک بوون هێندە هیی تەڤگەری باکوور نەبوو، بەمانای ئەوە نا کە ئەو تەڤگەرە کاریگەریی و فشاری لەسەر دەوڵەت نەبووبێت، بەڵکوو بەمانای ئەوەی فشارەکان لەپڕ لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە باڵانسی هێز لەناوچەکەدا، دەوڵەتی تورکیای ناچار کرد پەنا بۆ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ببەن.

 

لەکۆتاییدا، دەتوانین بڵێین، دەوڵەتێک کە زیاتر لە سەدەیەکە، بە هەموو ئامرازە بەردەستەکانییەوە، لەسەر بنەمای سیاسەتی نەژادپەرستی، نەتەوەیەک دەچەوسێنێتەوە، بەڵام لەپڕ دوابەدوای گۆڕانکاری لە هەلومەرجە هەرێمییەکان، ئەو دەوڵەتە لەپڕ ڕایدەگەیەنێت، کە ئێستا “کاتی ئاشتییە”. ئەگەر ئەو ئاشتییە بەمانای داماڵین و بێدەنگکردنی چەک بێت، بەبێ ئەوەی دان بە ماف و مێژوو و ئازارەکانی نەتەوەیەکی داگیرکراودا بنرێت، بەبێ ئەوەی “پڕۆسەی دادوەری ڕاگوزەر” ڕابگەیەندرێت و ئەو نادادپەروەری و زوڵمەی کە ساڵەهایە وەکوو کابوسێک چۆکی بەسەر سینگی باکوور داداوە، کۆتایی پێ بێت، ئەوە پێی دەگوترێت “ئاشتی نەرێنی”. بەو مانایەی ململانێی سەربازی دەوەستێت، بەڵام ئەو زوڵم و زۆرەی کە ململانێکەی بەرهەمهێناوە، هەر بەردەوام دەبێت و هەر ماوە.

 

پرسیارە گرینگەکە ئەوەیە، بۆچی ئاشتی نەرێنی، کە گاڵتۆنگ بانگەشەی بۆ دەکات، گرینگە؟ گاڵتۆنگ دەیەوێت پێمان بڵێت زۆرێک لەو جۆرە ئاشتییانەی کە هاتوونەتە ئاراوە، زوڵمێکی قووڵیان لەپەنا خۆیاندا حەشار داوە، چونکە ئەو دەوڵەتە لەو قۆناغەدا:

 

  1. 1. پۆزش ناهێنێتەوە و داوای بووردن ناکات؛
  2. 2. دادپەروەری ڕاگوزەر لەئارادا نییە و جێبەجێی ناکات؛
  3. 3. فشارە ئەمنییەکان لە تەواوی باکووری کوردستان بەردەوام دەبن.

 

لەڕوانگەی گاڵتۆنگەوە “ئاشتی ئەرێنی”، یان ئاشتی ڕاستەقینە، پێویستی بە چارەسەرکردنی توندوتیژی ستراکتۆڕال هەیە، بەمانای ئەوەی ئەو سیستمە سیاسییە نەژادپەرستییەی کە زیان بە بوون و مانەوەی نەتەوەیەک دەگەیەنێت، لەڕێگای قەدەغەکردنی زمان و چەوساندنەوە لە چەندین فۆڕمی جیاوازدا، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ستراکتۆڕالی ئەو سیاسەتە هەیە کە ئەو دەوڵەتە بەشێوەیەکی سیستماتیک گرتوویەتییە بەر. هەر بۆیەشە، “ئاشتی نەرێنی” دەکرێت دەرگا لەبەردەم “ئاشتی ئەرێنی” واڵا بکات، بەو مەرجەی بزووتنەوەی مەدەنی و خەباتی سیاسیی جەماوەری بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە. بەو مانایەی خەباتی مەدەنی لێرەوە دەست پێدەکات.

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button