
تراژیدیا ئەوەیە کە ئەوان واتە دەسەڵاتداران باسی “کەرامەتی مرۆڤ” دەکەن! کە لە ژێر ئەم سیستەمە داخراوەدا کەرامەت بووەتە قوربانییەکی بەکۆمەڵ. کاتێک کەرامەت بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە تاکەکان زەوت دەکرێت نەک تەنها بەهۆی هەژارییەوە، بەڵکوو زیاتر بەوە زەوتکراوە کە “دەنگ هەڵبڕین” و “بینین” و “ڕاستی گوتن”یان لێ زەوت کراوە، ئەم زەوتکردنە بووە بە تراژیدیای ڕۆحی قووڵی گەلێك نەك تەنیا پێشێلکارییەك لە ئاستی تاکەکاندا.
حزبەکانی دەسەڵات نزیکەی نیو سەدە دەبێت بە ناوی ناسیۆنالیزمەوە پۆشاکی شەرعیەتێکی درۆینە و سەپێندراویان پۆشێوە، ئەوان زۆر بە ئاسانی تۆمەتی “خیانەت” بە هەموو کەس دەبەخشنەوە، بەڵام ئەوان خۆیان ماستەرن لە گەورەترین خیانەت کە بریتییە لە خیانەت لە “گیانی خۆڕاگری”ی تاکی کورد، لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە تۆقاندنی سیستماتیک و پڕوپاگەندەی نزمی بەردەوام، زمانی ترسیان کردووە بە زمانی ڕێگەپێدراوی سیاسەت. ئەوانەی دەوێرن قسە بکەن، بە “بەکرێگیراوی بێگانە”، “دوژمنی ئاشتی”، “خائینی نیشتمان” ناوزەد دەکرێن، هەمووی لە کۆمەڵگایەکدا کە تەنانەت داوای ئاوی پاک لە هاوینی گەرمی هەرێم، یان مووچەی مامۆستایەک دەتوانرێت وەکوو موئامەرەی تێکدەر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت!
شاعیری فەلەستینی “مەحموود دەروێش” دەڵێت:
“دوای گەیشتن بە دوا سەنگەرەکان بەرەو کوێ بچین، دوای گەیشتن بە کۆتایی ئاسمان باڵندەکان بۆ کوێ بفڕن؟”
هاووڵاتییانی هەرێمیش ڕێك وەکوو بارمتە گەیشتوونەتە هەمان دۆخی ئەو باڵندانە. ئاسمانیان لەلایەن سیستەمێکەوە مۆرکراوە و داگیرکراوە کە نەك هەر دەسەڵاتی سیاسی قۆرخ دەکات، بەڵکوو نۆڕمەکانی کۆمەڵایەتییش دەشێوێنێت و “ناکۆك” بوون بە تاوان دەزانێت و ئەو ڕۆحە فیکری و بەرەنگارییەی کە ڕۆژێک خەباتی کوردی پێناسە کردووە، ورد و خاش دەکات.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناسیۆنال لە ساڵی 2023، ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام لە ژێر هەراسانکردن و زیندانیکردن و بێدەنگکردن دان، بەهۆی ئاشکراکردنی گەندەڵی و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ. ئازادی ڕۆژنامەگەری بووەتە یەکەم قوربانی پارانۆیای ئەم ڕژێمە و گوتن و دەستڕاگەیشتن بە “ڕاستی” بووەتە دەگمەنترین دەستکەوت لە ژێر سایەی ئەواندا.
بەڵام لەناو ئەم تاریکییەدا، وەکوو گۆرانییەکەی جۆن لێنن کە دەڵێت “ڕەنگە بڵێی خەیاڵان دەکەیت” هەندێ جار خێو یان دێوێکی خەوتووی کۆمەڵایەتی، هەندێ جار پەپوولەیەكی چاونەترس سیمبولێك چەشنی سەردەشت و مامۆستا جیهان و کاوە گەرمیانی سەرەتاتکێ دەکەن لە ئاییندەمان – نائارامییەکمان پێ نیشان دەدەن کە ڕەتیدەکاتەوە بمرێت، هێشتا زۆر زووە بۆ مردنی کۆمەڵگا!
کلیلی گۆڕانکاری هەرگیز لە دەرۆزە و سواڵکردن نییە بۆ چاکسازی لەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی ناشەرعی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، بەڵکوو لە وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی سیاسەتە وەک ئەرکێکی هاوبەشی گشتی. بەشداری سیاسی دەبێت بگەڕێتەوە دەستی خەڵك، نەك وەك چاکەیەك کە نوخبە پێی بەخشیوە، بەڵکوو وەکوو ماف.
گەنجان کە فەرامۆش کراون، بێکارن و “زۆربەیان نیمچە دڵنیان کە داهاتوویان لێ دزراوە”، نابێت چیتر داوای شوێن بکەن لە پڕۆسەی دروستکردنی مێژوو ئەگەر بیانەوێ بەڕاستی کۆپییە ڕەسەنەکەی “کەرامەت” بگەڕێننەوە بۆ هەموومان، بەڵكوو دەبێت ئەو شوێنە داگیر بکەن، دەبێ وەکوو فیلمە ڕەش و سپییەکانی هۆلیۆد شۆفێری شەمەندەفەرەکە فڕێ بدەنە خوارێ و داگیری بکەن، خۆیان شەمەندفەرەکە ببەنە شوێنی مەبەست! نەك لە ڕێگەی توندوتیژییەکی بێباڵانسی ناوەخت کە هێشتا هێزی کۆمەڵایەتی بۆ کۆ نەکرابێتەوە، بەڵکوو سەرەتا لە ڕێگەی جەختکردنەوەیەکی بەهێزی “هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی” نوێ.
پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا کە تا ئەمڕۆش وەکوو تەنها کات بەسەربردن سەیر دەکرێت، ئێستا توانای ئەوە هەیە بکرێتە سەکۆ بۆ”بەرەنگاری” و “ڕێکخستن” و “دووبارە پەروەردەکردنەوە”. ڕەنگە لە هەموو سەردەمێك زیاتر ئەوەی پێویستە مانیفێستێکی ڕزگاری ڕۆحی و سیاسییە – ڕێنێسانسێکی کەلتووری کە لە شکستەکانی حزبەکانی دوێنێ ڕزگاری دەبێت و “جیابوونەوە” لە خەیاڵی گشتیدا دروست دەکات.
مێژوو ئەگەر بە پراکتیك مامەڵەی لەگەڵ بکەیت هیوامان بۆ دەڕەخسێنێت. ڕووخانی ئاپارتاید لە باشووری ئەفریقا، شۆڕش لە چیکۆسلۆڤاکیای کۆن و لەدایکبوونەوەی دیموکراسی شیلی دوای جەلادێکی وەک پینۆشێ هەموویان مەیسەر بوون نەک لەبەر ئەوەی بارودۆخەکان پێگەیشتبوون، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کۆمەڵگاکان چیتر ئامادە نەبوون وەکوو “قوربانی” و بارمتەکراو بمێننەوە.
ئێستا هاووڵاتییانی هەرێم پێویستە بپرسن من دەتوانم لە لاپەڕەکانی ئەم جۆرە لە مێژوو چی بنووسم و چی تۆمار بکەم؟
لە ئەمڕۆدا ڕەنگە داواکردنی چالاکی زۆر ئاسانتر بێت، لە داوای جوڵاندنی “خەیاڵی سیاسی”، چونکە دۆخەکە بە جۆرێکە کە پێویستی دروستکردنی “ڕووداوی سیاسی و کۆمەڵایەتی” بیرتیژییەکی تازەکراوی دەوێت سەربکەوێت بەسەر ئامرازە ناسراو و باوەکانی “سەرکوت”کردن، ڕێوڕەسمی نوێی فێربوونی بەکۆمەڵ واتا دووبارە گەڕاندنەوەی “کەلتووری کۆمەڵایەتی سیاسەتکردن” چەشنی خەباتی نێوخۆی شارەکانی سلێمانی و هەولێر لەسەردەمی ڕژێمی بەعس لە هەشتاکاندا، لە ئەمڕۆدا پێویستییە نەك بژاردە، کە سیاسەت نەك وەک کێبڕکێ بۆ دەسەڵات بەڵکوو وەك کردەوەی پیرۆزی بنیاتنانەوەی مرۆڤ و “کەرامەت”، متمانە و شوناس و “مسۆگەرکردنی داهاتوو” پێناسە دەکرێتەوە.
خەباتی هاووڵاتییانی هەرێم خەباتێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو چیرۆکی کۆن و نوێی مرۆڤە کە چۆن “کەرامەت” کاتێک دزرا، دەبێت وەربگیرێتەوە. لەم وەرگرتنەوەیەشدا نەک تەنها ڕزگاری سیاسی هەیە، بەڵکوو لە “دایکبوونەوەی نوێ” هەیە، ڕەنگە بێئومێدەکان بڵێن ئەمە یۆتۆپیایە، بەڵێ بە شانازییەوە یۆتۆپیایە!
با یۆتۆپیاکە پێداگری لە سەردەمێکدا بکات کە شوێنێك بۆ “خێڵ”ی سیاسی نەهێڵێت، سەردەمێك کە گەنجان، خەونبینە سیاسییەکان کە پێیان وایە عەدالەتی کۆمەڵایەتی موممکینە بۆ هەرێم، مامۆستاکان چەشنی “نەجمەدین مەلا” و مامۆستا جیهان، شاعیرەکان چەشنی “قانیع” و شاعیری ئاوارەکان “بەکر عەلی” سەرکردایەتی بکەن. چونک تەنها ئەوان دەتوانن ئاسۆیەک دروست بکەن کە دواجار “باڵندە” بارمتەکراوەکان “هاووڵاتییانی هەرێم ” جارێکی تر لە پشتی “دوا ئاسمان”ی مەحموود دەروێش ئاسمانێکی تر ببینن!



