سیاسیهه‌واڵ

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نێوان هەولێر و بەغدا دا

ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ  تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا و دەڵێ، بڕیارە لە بەرانبەردا، حکوومەتی فیدڕاڵ، مووچە و شایستە داراییەکان بنێرێت.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم:

 

ئەمڕۆ چوارشەم 16ی تەمووزی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان.

 

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.

 

پاشان ئەنجومەنی وەزیران ، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی بارودۆخی دارایی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران، وردەکاریی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.

 

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button