
ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٧ی تەممووزی ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەبارەی پرسی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان ساز کرد.
دوا بە دوای کۆبوونەوەکە، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی، ئەو خاڵانەی بڵاوکردنەوە، کە لە نێوان هەردوو حکوومەتدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە و لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا ڕەزامەندییان لەسەر دراوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سوودانی:
سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نەوتی و نانەوتی و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ستایشی هەوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ هەوڵە بەرچاوەکانیان، کە بووە هۆی ڕێککەوتن، لەسەر بنەمای ئەوەی لیژنە وەزارییەکە پێشکەشی کرد، کە لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە 27″ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لە 8ی تەممووزی 2025 پێکهێنرا و ڕاسپاردەکانی سەبارەت بە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ژمارە 285 لە 16ی تەممووزی 2025.
ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند کرد:
یەکەم: ڕادەستکردنی نەوت.
- حکوومەتی هەرێم دەستبەجێ دەست دەکات بە ڕادەستکردنی سەرجەم نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بە مەبەستی هەناردەکردن و وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی پابەند دەبێت بە پێدانی پێشینەیەک بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 16 دۆلار (بە شێوەی ماددی یان کاش) بۆ هەر بەرمیلێکی وەرگیراو بەپێی یاسای هەموارکراوی بودجە، بە مەرجێک بڕی وەرگیراوی ئێستا لە 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمتر نەبێت و هەر زیادەیەک لە بەرهەمهێنان لە ڕێگەی لیژنەی پێوانە و قەبارەدانانی هاوبەشەوە، لە ئەگەری ڕاگرتنی هەناردەکردن بە هەر هۆکارێک، تەواوی ئەو بڕە ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی دەکرێت.
(ڕوونکردنەوە: کۆی بەرهەمهێنانی ئێستا 280 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەرێم و لەو ژمارەیە ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێم تەرخان دەکرێت و ئەو 230 هەزار بەرمیلەی لە کە ڕۆژێکدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ هەر زیادبوونێک لە بەرهەمهێنان لە داهاتوودا، ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت بە مەبەستی هەناردەکردن).
٢. بڕی 50 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێم تەرخان دەکرێت، بە مەرجێک حکوومەتی هەرێم پابەند بێت بە پێدانی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ئەو بڕە، بە مەرجێک داهاتی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان، و دەبێت تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و پاڵاوتنی بگوازرێتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵی، و ئەگەر هەرێم پێویستی هەبوو، ئەوە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بڕێک لە بەرهەمەکان بۆ هەرێم دابین دەکات، بە مەرجێک بەرهەمی پاڵاوتنی لە 15 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕۆژێکدا زیاتر نەبێت، هەروەها لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، هەڵسەنگاندن بۆ پێداویستی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکەن بە مەبەستی تەرخانکردنی، و دەبێت لیژنەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی بکات بۆ بڕیاردان لەسەری.
دووەم: داهاتی نانەوتی
- حکوومەتی هەرێم سەرەتا (120) ملیار دینار وەک بڕێکی مەزەندەکراو لە پشکی گەنجینەی دەوڵەت لە داهاتە نانەوتییەکان بۆ مانگی ئایار ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دەکات، بە مەرجێک دوای تەواوبوونی وردبینییەکە بەپێی بڕگەی (2)ی خوارەوە یەکلایی بکرێتەوە
- پێکهێنانی گرووپێکی کارکردن لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، بەمەبەستی پۆلێنکردن و وردبینیکردن لە داهاتە نانەوتییەکان و دیاریکردنی پشکی حکوومەتی فیدڕاڵی، لە مانگی ئایاری 2025″ـەوە دەستپێدەکات، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بەهای ڕێژەی داهاتی نانەوتی، بەپێی تەرازووی پێداچوونەوە کە لە ڕاپۆرتە هاوبەشەکانی نێوان دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئاماژەی پێکراوە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵییەوە، بە مەرجێک تیمەکە لە ماوەی دوو هەفتەدا ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی بکات بۆ بڕیاردن لەسەری.
- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم بۆ تەواوکردنی بەبانکیکردنی مووچە لە هەرێم، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، و دەبێت ئەم لیژنەیە لە ماوەی سێ مانگ زیاتر نەبێت ئەرکەکەی تەواو بکات و تەرخانکراوی دارایی لە کۆتایی ئەم ماوەیەدا تەنها بۆ ئەو مووچانە دەبێت کە بەبانیکراون.
- پێکهێنانی تیمێک لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی و دیوانی چاودێری داڕایی فیدراڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی لە هەرێم، بە مەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی زیادە لە پشکی هەرێم لە خەرجییە ڕاستەقینەکان و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بەپێی یاسای بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵانی (2023-2024-2025) و دەبێت لە ماوەی دوو هەفتە زیاتر نەبێت و ڕاپۆرتەکەی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵی بکات.
- وەزارەتی دارایی وەک سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی ئایار دەکات، دوای ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی/سۆمۆ پاڵپشتی لەسەر وەرگرتنی تەواوی بڕی ئەو نەوتە دەکات کە لە بڕگەی یەکەمدا / 1 (ئێستا 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا) ئاماژەی پێکراوە، لە بەندەری جەیهان، بەپێی یاسا.
- سەرەتای ئەو ماوانەی لەم بڕیارەدا ئاماژەیان پێکراوە لە ڕێککەوتی پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دەست پێدەکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
17ی تەممووزی 2025



