سیاسیشرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

چۆن کودەتا ئەنجام بدەیت؟

بەشێک لە کاری فیکریی من دەربارەی پەیوەندی سوپا و دەوڵەت و مەدەنیەتە. ئەمە بە زۆری ناچارییە، چونکە ناتوانیت لە دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەیت بەبێ لە بەرچاوگرتنی ڕۆڵی چەک-لەشانانان.

 

سوپا ئەدەبیاتێکی زۆر زۆری هەیە، لە چۆنێتی دروستکردنی، ڕێکخستنی ڕۆڵی، کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، لەگەڵ سوود لێ بینینی بۆ دروستکردنی پانتایی سیاسیی.

 

لە دنیای باشوور یان دنیای سێ، سوپا هەمیشە ئەو لایەنە بووە کە بە کودەتا هەستاوە. کەی سەرباز دەجوڵێت بۆ ناو سیاسەت، ئەو کاتانەی کە ئەفسەرەکان هەست دەکەن کە سیاسییەکان بێ پشتیوانی جەماوەرین و پشێوییان بەرهەمهێناوە. لەم کاتانەدا ئەوان هەست دەکەن فرسەتە، بە ناوی گەڕانەوەی سەقامگیریی و ئاسایش دەست بەسەر دامودەزگاکانی دەوڵەتدا دەگرن. بەڵام ئەمە لەو وڵاتانە ڕوودەدات کە سوپا تێیدا یەک یەکەیە، بۆ نموونە تورکیا.

 

بەڵام لەو جێگایانەی کە سوپا تێیدا یەک یەکە نییە، پرسەکە جیاوازە.

وەک لە ماوەی ڕابردوودا دەمانبیست کە لە هەناوی یەکێتیدا هەوڵی کودەتا هەیە. لێرەدا ڕاستی و ناڕاستی ئەم پرسە گرنگ نییە. چونکە بوونی دەنگۆی کودەتا، کە لە ماوەی مانگ و هەفتەی ڕابردوودا زۆر بڵاوبوو، ئەوەی کودەتای بەسەردا دەکرێت دەبێت دەست بە جوڵە بکات. ئەم جوڵانە لە ئەدەبیاتی سەربازیدا پێی دەگوترێت  Coup-Proof.

 

ئەگەر لەم ڕووەوە لە جوڵەکانی بافڵ تاڵەبانی بنواڕین، ڕەنگە کەمێک باشتر تێبگەین. لێرەدا تێگەیشتن بەمانای باش و خراپ نییە، بەڵکوو چی و چۆن ڕوویدا. یەکێک لە خەسڵەتەکانی هێرشەکەی لالەزار ئەوەبوو کە هێزێکی زۆر زیاتر لە پێویستی تێدا بەکارهات. ئەم بەکاربردنی هێزە بە مەبەستی گەیاندنی چەند پەیامێکە:

 

یەکەم، دەرخستنی ئەوەی کە ئەو خاوەن هێزە. چونکە کودەتا پێویستی بە هێزە، بوونی هێز لە بەرانبەردا، بەتایبەتی هێزی تایبەت و گوێڕایەڵ، ڕێگرێکە بۆ کودەتا.

 

دووەم، هەبوونی توانای بەکارهێنان.

 

سێیەم، سڵنەکردنەوە لە هیچ بەربەست و سنورێک.

 

لێرەوە ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێ لە سیاسەتی کوردیدا لە باشوور، ئەویش سیاسەتی کودەتایە.

 

لە پاش ڕاپەڕینەکانی پاریس ١٩٦٨ ئێداورد لوتاک کتێبێکی نووسی بە ناوی کودەتا نامیلکە یان کوراسەیەکی پراکتیکی. مەبەستی ئێدوارد لەم کتێبە ئەوەبوو کە جەماوەر چەندێک ناڕەزایی دەرببڕێت ناتوانێت حکومەت بگۆڕێت، چونکە دەوڵەتی مۆدێرن بنەماکانی مانەوە و بەرگریی زۆری تێدایە. بۆیە دوو ڕێگای تر هەیە بۆ گۆڕین، یەکەمیان خەباتی گەریلایی، دووەمیان، کودەتا. خەباتی گەریلایی زۆر دەخایەنێت و زیانی زۆری هەیە و ئەگەری سەرکەوتنی گەرەنتی نییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هیچ خەباتێکی گەریلایی بەبێ پشتیوانی دەوڵەتێکی تر سەرکەوتوو نابێت.

 

ئەوەی دەمێنێتەوە کودەتایە. کودەتا یانی کردەیەکی پلان بۆ داڕێژراوی نهێنی، خێرا لە کاتێکی تایبەتدا بۆ گۆڕینی حکومەت. بەڵام ئێستا وەها نییە.

 

ئەوەی لە کودەتای سلێمانیدا مایەی سەرسوڕمانە کە نهێنی نەبوو. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە گرنگ نییە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە کە یانی چی کە ئێمە گواستمانەوە بۆ قۆناغی کودەتا لە سیاسەتدا.

 

ئەگەر سود لە تێزەکەی ئیدوارد ببینین، دەکرێت بڵێین؛

 

یەکەم، جەماوەر بە تەواوی لە دەرەوەی سیاسەتە لە هەرێم.

 

دووەم، هەموو جۆرە فشارە مەدەنییەکان سڕکراون یان بە تەواوی کپکراون. دیارە هۆکاری ئەمە زۆرە. بۆ نمونە بە پارەبوونی هەموو شتێک لە کوردستان و قۆرغکردنی پارە لە دەستی نوخبەیەکدا.

 

سێیەم، سیاسەتی کودەتا یانی بوونی توندوتیژیی، بە کرۆکی پەیوەندی و مامەڵە. بە دیدی هەنا ئارێنت یانی کۆتایی سیاسەت.

 

چوارەم، سیاسەتی کودەتا یانی نەمانی متمانە، نەمانی توانای کاری پێکەوەیی، نەمانی سیستەمی حوکمڕانی. کودەتا دۆخێک دروست دەکات کە تۆوی کودەتایەکی تر لەخۆیدا هەڵدەگرێت. بۆیە هەموو کودەتایەک پوتێنشاڵ یان ماتەوزەی کودەتایەکی تری تێدایە.

 

پێنجەم، ئێستا لە یەکێتیدا ڕوون نییە کێ کودەتاچییە و کێ دژە کودەتایە. ئەم ناڕوونییە مایەی ناسەقامگیریی بە دواوەیە.

 

شەشەم. سیاسەتی کودەتایی یان لە ناچاریی بەرهەم دێت یان لە خەونی کۆنتڕۆڵکردنی هەموو دەسەڵاتەکان. وەک دەزانین هەموو حزبەکانی کوردستان کۆنتڕۆڵکراون، ئەگەر کودەتا ببێت بە بەشێک لە گەمەی سیاسی ئەوا بێگومان لە حزبەکانی تریشدا هەوڵی بۆ دەدرێت، بە تایبەتی کاتێک پڕۆسەی دیموکراسی ناوەکی حزبەکان دەمێکە فاتیحای بۆ خوێندراوە.

 

حەوتەم، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئێمەی زۆرینە چی بکەین؟ ئێستا دەڵێن کە سلێمانی پەشۆکاوە، یان تۆقاوە، لە پاش یەک دوو کودەتای تر، خەڵکەکە ڕادێن. خۆی سیاسەت یاڕی ڕامکردنە: ڕامیاریی. بە هیوای ڕام نەبوون. بەڵام ڕامبوون گومانی تێدا نییە. کاتێک کە کۆمەڵگای کوردی بەتاڵبووەتەوە لە هەموو کەلتوورێکی مەدەنیی و سیاسیی.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button