كۆماری توركیا لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە لەوانەش: قۆناغی دامەزراندن و تاك حزبی، دواتر فرە حزبی و سەرهەڵدانی دیاردەی كودەتا سەربازییەكان، وەك ئاماژەیەك بۆ دیموكراسی مەرجداری ئەو وڵاتە. لەسەرەتای سەدەی نوێشەوە و لە هەندێک ئاستدا پێی نایە قۆناغی دووبارە پرسیاری ناسنامە لەخۆكردن و بەخۆداچوونەوە و چاكسازی سیاسی و ئابووری و ئاڵوگۆڕ لە نوخبەی حوكمڕاندا، ئێستاش پێمان وایە لەسەردەمی متوربەكردنەوەی هەندێک ڕەگەزی پێش چاكسازییەكان و دوای چاكسازییەكاندا دەژیت، بەوەش توركیای كۆن بەهەندێک گۆڕانی سەرخانییەوە لە بەرگێكی تردا و بەو جۆرەی لەگەڵ قۆناعەكەدا سازگار بێت، خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە! بەوەش سیاسەتی عوسمانییە نوێكان ملكەچی پێداچوونەوە دەكرێت و پراگماتی و بەرژەوەندی سیاسی و لۆژكی دەوڵەت تەمومژ بە دەوری پێوەرە ئەخلاقییەكانیدا درووست دەكات.
بەڵام ئەوەی ئێمە لەم وتارەدا مەبەستمانە، توێژینەوە لە قۆناغە جۆراوجۆرەكان نییە، هیندەی هەڵوەستەكردنێكی فیكری و ئەخلاقی و سیاسییە كە لەسەر هەندێک لە وێستگە و ناونیشانەكانی سەرەڕێ و مێژووی كۆمار، بە مەبەستی دووبارە پرسیارلێكردنەوە لە پێناو ئامانجە ناوەندییە پێویستەكە كە ئەویش لە ڕوانگەی خاوەنی ئەم وتارەوە لە دووبارە بیناكردنەوەی كۆمار و بناغەدانانێكی نوێدا و چارەسەری كێشەی كوردا بەرجەستە دەبێت، نەك درێژەپێدانی ئەوەی هەیە، هەموو ئەوەش بەبێ ڕەخنەی ئەخلاقی لە كۆمار و مێژووەكەی نایەتەدی.
بەگوێرەی پەیمانی (لۆزان) بزووتنەوەی كەمالی و دواتر دەوڵەتی نوێی توركیا لەڕووی قانوونییەوە بە میراتگری سەڵتەنەتی عوسمانی دانرا. چونكە هاوپەیمانە خۆرئاواییە سەركەوتووەكانی جەنگی یەکەمی جیهانی، پێویستیان بە دەوڵەت و سەركردایەتییەك بوو، بەناوی سەڵتەنەتی عوسمانییەوە، دەستبەرداری بەشی زۆری قەڵەمڕەوە ئیمپراتۆریەتەكەی بەتایبەتیش لەوڵاتانی عەرەبی و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بێت، هەر بۆیە بە دەسەڵاتێكی ڕەمزی سوڵتانیان لە ئەستنبوڵ هێشتەوە، بۆ ئەوەی ڕووپۆشی یاسایی فەرمی بەو دیفاكتۆیە بدات، كە ئەوان بەدیانهێنابوو سەپاندبوویان، ئەوەش لە دەست بەسەراگرتنی سەرزەمینێكی زۆری پێشووی عوسمانیدا خۆی دەبینیەوە.
بەڵام ئاڕاستەی گۆڕانەكان و لەوانەش سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بەرهەڵستكاری كەمالی لە قازانجی مانەوەی ئەو دەسەڵاتەدا نەبوو، كەمالییەكان بەهۆی سەركەوتنەكانیان و مامەڵە لەگەڵكردنی چەندین هێزی نێودەوڵەت لەگەڵیاندا، بە كردەوە بوون بەلایەنی گفتوگۆكان لەسەر دیاریكردنی چارەنووسی قۆناغی پێشووی قەڵەمڕەو و ناسنامەی كۆمار و دەوڵەتی نوێی توركیاش، لەم چوارچێوەشدا هاوپەیمانان پشتیان لە پەیمانی (سیڤەر) كرد كە لەگەڵ سوڵتانی عوسمانی مۆریان كردبوو، پەیمانی لۆزانیان لەگەڵ كەمالییەكان مۆركرد و بەوەش بە كردەوە جەنگی یەکەمی جیهانی كۆتایی پێهێنرا و نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست داڕێژرا.
ئەوەی لێرەدا جێی پرسیارە، ڕووە تەكنیكی و ڕووكەشە نوێیە نێودەوڵەتییەكەی پرسی میراتگری كۆماری توركیای نوێ بۆ سەڵتەنەتی عوسمانی نییە، كە زۆربەی زۆری ڕەنگدانەوەی ئیرادەی بەرژەوەندیخوازانەی هێزە خۆرئاواییەكان و سەركەوتووانی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، بەڵكو ڕووە سیاسی و ئەخلاقی و بەهاییەكەیەتی.
لەڕاستیدا لەو ڕووانەوە، كۆماری توركیا نەك هەر بە میراتگری سەڵتەنەتی فرە نەتەوە و ئایینیی عوسمانی لە قەڵەم نادرێت، بەتایبەتیش هەتا ساڵی (١٩٠٨)، بەڵكو ڕێك بە پێچەوانەوە، بە دابڕانێكی ئایدیۆلۆی و ئەخلاقی و دینی و سیاسی و فەرهەنگی ئەو ڕابردووە دادەنرێت، چونكە لەڕووی فیكری و زانستی ڕووتیشەوە ناكرێت و ناشێت، دەوڵەتێكی نەتەوەیی پەڕگیر و ناسیۆنالیزمێكی باڵادەستی توندەڕەو بە میراتگری واقیعێكی ئمپراتۆریانە دابنرێت كە یەكێک لە سیماكانی فرە نەتەوەیی و ئایینیە.
كەمالیزم لە بەرگی كۆماریشدا بە تایبەتی لەسەرەتاوە، وەك پێشمەرج و پێویستییەكی نەتەوەسازیی توندوتیژی خۆرئاواییانە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەوەی نەشاردۆتەوە كە كۆماری نوێ و ناسیۆنالیزمی توركی و نەتەوەی تورك، دابڕانە لە ڕۆحی كۆنەپەرستانە و دژە شارستانیەتی ئیمپراتیۆیەتی عوسمانی و تەنانەت (ئیسلام)یش وەك ئایین. لێرەشەوە ئەگەر باسیك لە میراتگری بكرێت ڕاست بێت، تەنیا بۆ چەند ساڵەی كۆتایی و دەسەڵاتی ڕەش ئیتحادییەكان ڕاستە، كە لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان هیندەی كاریان ڕووخاندنی پایە كۆنەكانی ئیمپراتۆریەت بوو، نوێنەرایەتی پێوەر و بنەما و بەهاكانیان نەدەكرد، لەوانەش فرە نەتەوەیی و باڵادەستبوونی نەتەوەیەك بەسەر ئەوانی تردا كە مەبەستیان درێژەپێدانی ئیمپراتۆریەت بە شێوە پێشووەكەی نەبوو، هەر بۆیە ئیتحادییەكان لەڕووی ئایدیۆلۆژی و ستراتیژییەوە بە دابڕان لە پێش خۆیان دادەنرێن، باوكی ڕۆحی ئایدیۆلۆژی كەمالییەكانیش، جیاوازی نێوان ئەوان و ئەمان هێندەی جیاوازی هەلومەرجە بابەتییەكان و دەرفەتەكان، جیاوازی هەناسە و ئایدیۆلۆژیا و بیركردنەوە نییە. ئەوان دەیانویست سیاسەتی بە تورككردن لەسەر ئاستی پاشماوەكانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا پیادە بكەن كە چەندین نەتەوە و پێكهاتەی تێدا دەژیا، لە كاتێكدا ئەمان واتە كەمالییەكان دوای لەدەستدانی زۆرێک لە قەڵەمڕەوە كۆنەكە چوونە دەرەوەی عەرەب لە بازنەی بایەخپێدان، لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی كۆماردا و لەسەر حسابی یەكێک لە پێكهاتە هەرە ڕەسەنەكانی عوسمانی ئەمەیان كرد، كە ئەویش نەتەوەی كورد بوو!
كۆماری توركیا بە پێچەوانەی بانگەشەی ناسیۆنالیستە توركەكان و ئەو ماشێنە ئایدیۆلۆژی و سیاسی و سەربازییەی لە مێژووی كۆمار لە پشتیانەوە بووە، گەرچی بەرهەمی بزووتنەوەی بەرهەڵستی توركیا، واتە بەرهەمی تێكۆشان و خوێن و ئازاری خەڵكە، بەڵام بناغەدانان و شكڵپێدانی بەو جۆرەی بینیمان لە زیاد لە ڕوویەكەوە ئاماژە بە هەڵە و ناتەواوی خراپیی ئەو بناغە دەكات، كە سیستەمە سیاسی و گوتارە باڵادەستەكەی و فۆڕمە حوكمڕانییەكەی ناوی لەسەر درووستبووە و دامەزراوە.
ئەوەش وایكردووە هەمیشە بەدەست، جۆرێک لە ترسانی بەردەوام لە دەوروبەر، نیگەرانی و قەیرانی ناسنامە و ڕۆڵی خۆدیاریكردنەوە بناڵێنێت. ئەم هەڵە و لاوازییە بونیادییەی كۆماریش لە چەندین شتدا بەرجەستەیە، بەڵام بنەڕەتیترینیان دوای شەڕی بێپاساو و توند لەگەڵ ناسنامە و ڕوواڵەتەكانی ژیانی ئیسلامی، لە پەیمان شكاندن و نكوڵیكردن و سەركوتكردنی كورد دەردەكەوێت، كە بە كردەوە بە خوێنی ڕۆڵەكانی بەشدارییەكی كاریگەری لە جەنگی ڕزگاریدا كردبوو، ئەوەش لە ڕێی شكاندن و پاشگەزبوونەوە لەو پەیمانەی سەركردایەتی بزووتنەوەكە بە كوردی دابوو، ناوەڕۆكەكەی ئاماژەی بەوە دەكرد كۆماری نوێ دوای سەركەوتن، كۆمار و دەوڵەتی هاوبەشی تورك و كورد دەبێت و كوردستانیش خودان مافی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی تایبەت بەخۆی دەبێت. كە بەداخەوە لە جیاتی ئەم ڕێگە ڕاستە كە مێژوو، واقیع و هەموو بەها ئینسانییە جوانەكان و جوامێری سیاسی و ئەخلاقی پشتیوانی دەكات، سەرانی كۆمار كەوتنە پیادەكردنی مۆدێلێكی توندڕەوی ناسیۆنالیزم و پڕۆسەیەكی توندوتیژ و خوێناویی نەتەوەسازی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی كورد و كۆتاییپێهێنانی وەك گرووپێكی نەتەوەیی جیاواز و خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی. هەموو ئەوەش بووە سەرچاوەی لاوازییەكی ستراتیژی لە بونیادی كۆماردا، كە تاكو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بە دەستییەوە دەناڵێنێت.
مێژووی كۆماری توركیا لەم ڕووە، واتە لەڕووی مامەڵەكردن لەگەڵ كورد و ناسنامەی كوردی و مەسەلەی كوردستانەوە، لەڕوانگەی ستراتیژییەوە داڕێژراوە، كە نكوڵیكردن لە بوونی كورد و ناسنامەی كوردی و هەوڵدان بۆ تواندنەوەی لە بۆتەی نەتەوایەتی توركیدا خۆی دەبینیەوە، ئەمەش تا ڕاددەیەكی زۆر، نەك هەر هۆكاری كۆمەڵێک مێژووی شكستی سەربازی و سیاسی و ئایدیۆلۆژیی كۆمار بووە، بەڵكو بەشێوەیەكی گرنگ مێژووی شكستی ئەخلاقیشی پێكدەهێنێت.
بە حوكمی دژایەتی ستراتیژەكە بۆ بەها ئیسلامی و جیهانییەكانو كەرامەتی خواپێدراو بە مرۆڤ و گرووپە مرۆییەكان و لەوانەش گرووپە نەتەوەییەكان، ئەم ستراتیژە جگە لە ناڕاستی و شكستەكەی، لە بنەڕەتدا لەسەر بناغەی تێگەیشتنێكی هەڵەش لە ڕێسا گەردوونی و خوایی و كۆمەڵایەتییەكان و كورد و دیموكراسیش دامەزراوە. چونكە بە پێچەوانەوەی ئەو بۆچوونەی دامەزرێنەری كۆمارەوە، كە پێی وابوو عەرەب نەتەوەیەكی گەورەن و قابیلی تواندنەوە نین، بەڵام دەتوانن كورد لە ناو توركدا بتوێننەوە، مێژووی سەد ساڵەی كۆمار و بەكارهێنانی سەرجەم میكانیزم و شێواز و تواناكان لەوبارەوە، ئەو ڕاستییەی خستەڕوو، كە كورد كەمە نەتەوایەتییەكی لاواز نییە، بەڵكو نەتەوە و پێكهاتەیەكی ڕەسەن و بەهێز و گەورەی ڕابردووی ناوچەكەیە، هەر بۆیە تواندنەوە و كۆتاییپێهێنانی كارێكی هەروا ئاسان نییە.
نوخبەی دەسەڵاتداری نوێی توركیش دوای (٢٠٠٢) زیاتر لە نوخبەكانی پێش خۆی لەم ڕاستییە گەیشت، بۆیە لە ئاستێكیشدا بێت، ڕەخنەی لەم سیاسەتە گرت و لە ئاستی زمان و كەلتووردا دانی بە ناسنامەی كورد وەك خود جگە لەوە، ئەگەر دەزگا ئایدیۆلۆژی و ئەكادیمی و سیاسی و سەربازییەكەی كۆمار بە قوڵی لە پرسی ناسیۆنالیزم و پەیوەندی بەكایە جۆراوجۆرەكان بكردایەتەوە، هەستی باڵادەستی و دەمارگیری و بە پیرۆزكردنی هەندێک گوتە و دروشم، ڕێگر نەبوونایە لەوەی بەشێوەیەكی زانستی لە كێشەی نێوان كورد و كۆمار تێبگەن، كێشەی كوردیان یەكسان نەدەكرد بە كێشەی ئەمنی و تیرۆر و توندوتیژی. لەوە تێدەگەشتین كە خودی ئەو توندوتیژییەی بەكاری دەهێنن بۆ سەركوتكردنی ناسیۆنالیزمی كوردی، دەبێتە هۆی زیاتر زەمینەسازكردن بۆ فرەوانبوون و بەردەوامبوون و ڕەوایەتی پەیداكردنی زۆرتری.
واتە لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكە، ئاڵۆزتری دەكات، هەر بۆیە ئەگەر ئەو شێوازە جارێك لە قازانجی دەوڵەت بووبێت، دووجار لە قازانجی بزووتنەوە چەكدارییە كوردییەكەدا بووە و كەرەستەی زۆرتری جۆشدانی جەماوەری خستۆتە بەردەستی.
ستراتیژی ناولێنانی ئایدیۆلۆژیش لە پرسێكی سیاسی و مافخوازانەی وەكو پرسی كورد و یەكسانكردنی بە پرسی تیرۆر و توندوتیژی، تەنیا خۆ چەواشەكردنی نوخبەی حوكمڕان و دەوڵەت دێنێتەكایەوە و هیچ لە جەوهەری ناولێنراوەكە و وێنای ئەو لای هەواداران و خاوەنەكانی ناگۆڕێت.
بەڵكو هەست بە سوكایەتیكردنی زۆرتریان لا درووست دەكات، ئەوەش پاڵیان پێوەدەنێت بۆ بەربەرەكانێی زیاتر. بەهەمان شێوە یەكسانكردنی كێشەی كورد كە كۆمار كردبووی بە كێشەی مێژووی توندوتیژی بێپەیام، بەدواكەوتوویی ئابووری ناوچەكانی باشوری خۆرهەڵاتی توركیا (كوردستان) لەڕووی هۆكارەوە و چارەسەردانانیشی بە پێشخستن و گەشانەوەی ئابووری هەرێمەكە، بەڵگەی نەشارەزایی یاخود لەبیربردنەوەی پەیوەندی نێوان ژیانی ئابووری و ناسیۆنالیزمە لەلایەن ناوەندە سەربازی و ئەكادیمییەكانی توركیاوە، بە حوكمی ئەوەی ئەگەر خراپی باری ئابووری و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانی هەرێم و ناوچەیەك، مرۆڤەكان، لە سۆنگەی هەستكردن بەو جیاكاری و بێبەشیەی دەوڵەت بەرانبەریان ڕەوا ببینێت، پاڵیان پێوە بنێت بۆ یاخیبوون و پەنابردن بۆ بەكارهێنانی هێز و توندوتیژی، وەك ڕێكار و ئامرازێك بۆ بەرگری لە خۆكردن و ناڕەزایی دەربڕین، ئەوا گەشانەوە و پێشكەوتنی ئابووریش، لە ڕەهەندێكی ترەوە هەستی ناسیۆنالیستیان دەگەشێنێتەوە، بە حوكی ئەوەی گەشەسەندنی چینی ناوەڕاست و تەشەنەكردنی خوێندەواری و پڕبوونەوە و تێربوونی پێداویستییە سەرەتاییەكان، هەست بە كەرامەت و خۆ بەخاوەن ماف زانین و پەڕژانە سەر خواستە مەعنەوییەكان لانی كەم لە ناوبەشێک لە دانیشتوان لەلای مرۆڤەكان زۆرتر دەكات.
بەم جۆرەش ئەوەی دەوڵەت بە نەشارەزایی و نازانستی، یاخود لە سۆنگەی پاڵنەرە ئایدیۆلۆژییەكان و چاوپۆشین لە دەستنیشانكردنی زانستییانەی ڕەگ و ڕیشەی كێشەكان و جۆری چارەسەرەكان، بە چارەسەری داناوە، هۆكاری زیاتر تاودان و وروژاندنی كێشەكە بووە.
چونكە ئەگەر توندوتیژی، توندوتیژی بەرهەم بهێنێت، باشتركردنی گوزەران و ژیانی ئابووریش (كە زۆرتریش دروشم بوو) كار ناكاتە سەر لەبیربردنەوەی خواستە نەتەوەیی و ناسنامەییەكان، واتە لەبیربردنەوەیان، ئەگەر كاریگەریەكی هەبێت، لەسەر ئاشتی و شێوازی خەبات هەیەتی نەك بنەڕەتی پرسەكە، هەر ئەوەش وایكردووە هەموو ئەو پێناس و ڕێكار و وەسف و جۆری مامەڵانەی كۆمار لە مێژووی خۆیدا، لەگەڵ كورد و ناسنامەكەی و كێشەكەی كردوویەتی، بێبەرهەم بن و بگەنە بنبەست و كێشەكە وەك خۆی لە بەرگی جۆراوجۆردا بەردەوامی هەبێت و گوزارشت لە خۆی بداتەوە.
هەر لێرەشەوە دەمەوێت سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابكێشم كە ئەو كرانەوە فەرهەنگیی و زمانییەی دوای (٢٠٠٣)ش لە توركیادا لەسەردەمی ئەكەپە بەدیدەكرێت، كە جەوهەرەكەی داننانە بە كورد و ڕەتكردنەوەی ناسیۆنالیزمی كوردی و كوردی بە سیاسیكراو، لەگەڵ گرنگییەكەی، نەك هەر نابێتە فۆڕمێک بۆ چارەسەری كێشەی كورد، بەڵكو ئەویش هاوشێوەی شێوازە لە پێشگیراوەكانی پێشووتر، بەرەنجامی پێچەوانە بەدەستەوە دەدات. واتە نەك نابێتە جێگرەوەی چارەسەری سیاسی كێشەكە یاخود ڕازیكردنی كوردی زیندوو، بەڵكو ناڕاستەوخۆ هەستی ناسیۆنالیزمی كوردی پەرە پێدەدات، و كار لەسەر بوژانەوەی یەكێک لە پایە و كەرەستەكانی دەكات كە زمان و ئەدەبیات و هونەرە، هەربۆیە كات بە فیڕۆدان و نەبوونی خوێندنەوەیەكی ڕەخنەیی و زانستی بۆ كۆمار و چۆنێتی مامەڵەكردنی لەگەڵ كێشەی كورد، لەسەر ئاستی تیۆری و مەیدانی و چۆنێتی وێناكردن و ڕووبەڕووبوونەوە و چارەسەریی، لە قازانجی دواڕۆژی كۆمار نابێت و لاوازییە ستراتیژییە بونیادییەكەی وەكو خۆی دەهێڵێتەوە.
لێرەوە لە قازانجی كۆمار و برایەتی نەتەوەكان و چارەسەرییە، نوخبەی حوكمڕانی وڵات لەسەروبەندی یادی سەد ساڵەی كۆماردا، گوێ لە هەموو ئەو دەنگە دڵسۆزانە بگرێت، داوای بەخۆداچوونەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی هەلومەرج و جۆری چارەسەرەكان و بوێری لە خۆنیشاندانی سیاسی دەكەن.
لەوانەش (خالد مەشعەل) سەرۆكی پێشووی مەكتەب سیاسی حەماس، كە ئامۆژگاری ئەو وڵاتانە دەكات كێشەی كوردیان هەیە، دان بە كێشەكە و مافەكانی كوردا بنێن و بڕیاری چارەسەركردنی بدەن، چونكە مافی خۆیانە و پێش ئەوەش چارەسەریان بەسەردا بسەپێنرێت. عەبدوڵڵا گوڵیش لە یادی سەد ساڵەی كۆماردا جارێكی تر جەختی لە هۆشیارییەكی پێشووتری كردەوە كە داوا لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی دەكات چارەسەری كێشەی كورد بكەن پێش ئەوەی ڕەهەندێكی نێودەوڵەتی بۆ پەیدا ببێت.
ئەم بیركردنەوانەش لەو ڕاستییەوە سەرچاوەیان گرتووە كە مادام كورد یاخییە لە تواندنەوە، نابێت گرەو لە سەر كۆتاییپێهێنانی ناسیۆنالیزمی كوردی و كێشەی كورد بكرێت، چونكە هەردووكیان ڕەوایەتی بوون و مانەوە لە بوونی كورد وەك نەتەوە وەردەگرن.
لێرەوە چاوەڕوان دەكرێت، یادی سەد ساڵەی كۆمار تەنیا بە پیاهەڵدان و باسی مەزنێتی نەتەوەی تورك و گەورەیی كۆمار و ئاواتخواستن بۆ داهاتوویەكی باشتر لە هەمان چوارچێوەكانی ئێستادا واز نەهێنرێت، بەڵكو بیر لە داننان بە ناسیۆنالیزم و كێشەی كورد و چارەسەركردنێكی دادپەروەرانە و ناسنامەیەكی نوێی دەوڵەت بكرێتەوە.
بە جۆرێك كۆمار بە كردەوە بكرێتەوە بە كۆماری هاوبەشی تورك و كورد و پێكهاتەكانی، ئەو پەیمانەی بە كورد درابوو، بە ڕەچاوكردنی گۆڕان و هەلومەرجە نوێكان بەدیبهێنرێت، تاكە ڕێگەی ئەوەش داننانە بە ناسیۆنالیزم و كێشەی كورد و (كوردستان) وەك خاكی مێژوویی كورد و قەڵەمڕەوێكی جوگرافی دانپێدانراو و پێناسەكراوی ئیداریی و فەرهەنگی قۆناغی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. بەدەر لەمە ئەم كێشە لە ناو هەناوی كۆمار و كۆمەڵگەدا دەمێنێتەوە، ڕێ لە گەورەبوونێكی سروشتی توركیا دەگرێت و هەمیشە وەك لاوازییەكی ستراتیژی و دەرگایەك بۆ تانەدان لە میسداقیەت و توانا و ئایندەی دەمێنێتەوە.
عوسمانییە نوێكان كە مەبەست لێی زیاتر سەركردەكانی ئەكەپە بوو، هەروەها ئاماژەبوو بۆ گەڕانەوە بۆ خۆرهەڵات و چاوبڕینەوە سەر زەمینە كۆنە عوسمانییەكان لە ناوچەكە، بە پێچەوانەی هەندێک خوێندنەوەی پیلانێگڕانە و فۆڕمی پیادەكردنی دەوڵەتییانەی لە ئەنقەرە، ئەگەر بخرایەتە چوارچێوە سروشتییەكەی خۆی و ئەو ئامانجانەی بەدیبهێنایە، كە لەسەر دەستی پارتێكی مەشرەف ئیسلامی دیموكراتی پارێزگاری چاوەڕێی لێدەكرا، دەكرا ببێتە سەرەتاییەكی نوێی گرنگ بۆ چارەسەركردنێكی ئایدیۆلۆژی و دامەزراوەیی كێشە بونیادییە مێژووییەكانی كۆمار و ڕزگاركردنی لە دژیەكییە ناوخۆییەكانی چارەسەری كێشەی كورد، بەو مانایەی عوسمانییە نوێكان لە ناوەوە دەستیان پێبكردایە بۆ دەرەوە یاخود ئەوەی لەدوای (٢٠٠٢) تا (٢٠١٣) و تاڕادەیەك (٢٠١٥)ش سەبارەت بە كرانەوە و دیموكراسی و چارەسەری پرسی كورد دەستیان پێكرد، درێژەیان پبێدایە و گەورە و تەواویان بكردایە و بیانگەیاندایە ئاستی دووبارە نووسینەوەی دەستوور و داڕشتنەوەی ناسنامەی دەوڵەت و دابڕان لەگەڵ كەلتووری یەك ئاڵا و یەك نەتەوە و یەك زمان، نەك بەو جۆرەی ئێستا دەیبینین، پاشەكشەی لێبكرایە و دۆخەكە بەرەو دواوە بگەڕێتەوە، یاخود دووچاری چەقبەستوویی ببێت و لە بازنەیەكی داخراودا بسوڕێنەوە. (كە دیارە لێپرسراوێتی بەشێک لەم دۆخە دەكەوێتە سەرلایەنی كوردی خۆشی و ئەو هەڵسەنگاندنە هەڵەی لە دوای هەڵبژاردنەكانی (٢٠١٥) بۆ جۆری هاوپەیمانییەكان و ئاڕاستەكردنی تواناكان كردی)، بەڵام ئەگەر عوسمانییە نوێكان ستراتیژێكی عوسمانیی نوێیان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد هەبووایە، ئەوە نەدەبووە پاساوی وەستاندنی ڕەوتی پڕۆسەی كرانەوە و دووبارە بیناكردنەوە و چارەسەریی، كە پێویستییەكی سەركەوتنی پڕۆژەكەی خۆیانە و سیمایەكی شارستانی و هاوچەرخی گەشیش پێدەبەخشین، بە حوكمی ئەوەی بۆ ئەوەی كۆماری توركیا ببێتە هەڵگری پرۆژەیەكی لەو جۆرە، پێش هەر شتێك دەبێت لە دووبارە بیناكردنەوەی ناوەوە چەمكەكانی: گەل، دەوڵەت، هاووڵاتی و چەندین چەمكی تر بەناو فەزای كۆماردا بڵاوبكرێتەوە، كە جەوهەرەكەی داننانە بە فرە نەتەوەیی و نەترسان لە ناوی كوردستان و لامەركەزیەت لە شێوەی فیدڕاڵیدا وەك فۆڕمێک بۆ چارەسەری كێشەی مێژوویی كورد لە وڵاتەدا، ئەو هەناسەی (٢٠١٥) لەسەرزاری سەرۆك كۆمار ئەردۆگان لە ساڵی (٢٠٠٥) لە ئامەد هەمووانی دڵخۆشكرد و بە سەرەتای قۆناغێكی نوێنان دانا كاتێک گوتی: بەڵێ كێشەی كورد بوونی هەیە و من لێپرسراوی چارەسەركردنیم، بەڵێ كوردستان هەبووە و لەسەر دەستی عوسمانیدا ولایەت بووە و ناوێكی مێژووییە و پێویست ناكات لە بەكارهێنانی بترسین، ئەم گوتانە گەر بكرانایە بە كردەوە، جۆری (موخاتەب) نەكرایە بە كێشە و لە ڕوانگەی ستراتیژەوە سەیری ڕەفتاری (موخاتەب)ی سیاسی نەك لەڕوانگەی هەندێک ڕەفتاری ئەوەوە كە بەدڵی ئەوان نەبێت، ئێستا لەبەردەم دۆخێكی تەواو جیاوازدا دەبووین.
توركیا بە دڵنیایی و هێزوپێزێكی زۆرتر و نەترسانەترەوە، وێنای ئایندەی خۆی دەكرد و ڕێگەی بەرەو بەدەستهێنانی دەبڕی، كەچی بەداخەوە بە پێچەوانەوەی ئەم چاوەڕوانییە لە عوسمانییە نوێكان، ئاڵوگۆڕەكانی دواتر، دۆخەكەی گەڕاندەوە بۆ خاڵی نكوڵیكردن لە كێشەی كورد و ناوی كوردستان. لە كاتێكدا مادام كورد هەبێت، مێژوو واقیع و لۆژیكی سەردەم ناسڕێتەوە و كوردستان و كێشەی كوردیش هەن، دەبێت داننیان پێدا بنرێت و چارەسەربكرێن و دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
چونكە مێژوو و ئەزموونەكان پێمان دەڵێن زەمەن و فەرامۆشكردن و سەركوت و دانپیانانی نیوەناچڵ و مامەڵەی تاكتیكئیانە، هیچیان نابنە هۆی پێنانە ناو قۆناغی دوای كێشەكە، نەك هەر چارەسەریش نین، بەڵكو چارەسەرەكان ئاڵۆزتر و پڕ خەرجیتر دەكەن.
بوونی بنبەست و نەبوونی ئیرادەیەكی نیشتمانی توركیش بۆ چارەسەریی، خاوەندارانی كێشەكە نائومێد و كۆڵ پێ نادات، بەڵكو وایان لێدەكات بیر لە شێوازی نوێی گوزارشت لە خۆدان و دۆزینەوەی پاڵپشت و تاكتیكی نوێ بكەنەوە.
تورك و كورد دوو پێكهاتەی هەرە گرنگی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوون، لە ساڵەكانی كۆتایی ئەو ئیمپراتۆریەتەشدا ڕۆڵی كورد گەورەتر بووبوو، تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ نەتەوەیەكی گەورەی وەكو عەرەب لەڕووی ژمارە و پانتایی خاكەوە. مێژووش پێمان دەڵێت: ئەگەر سوڵتانی عوسمانی و حكوومەتەكەی ئەستەنبوڵ دوای جەنگی یەکەمی جیهانی نەڕووخا ئایا زۆربەی ئاماژەكان بەرەو ئەوەبوون، تورك و كورد بچنە نێو پەیوەندییەكی كۆنفیدڕاڵییەوە تەنانەت بەشداری گەرم و گوڕ و گەورەی كورد لە جەنگی ڕزگاریدا، جگە لە دوو هۆكاری تایبەت بە پشتكردنی هاوپەیمان لە مەسەلەی كورد و ئەرمەنەكان، پاشماوەی هەمان قەناعەت بوو، واتە پێكهێنانی دەوڵەتێكی هاوبەشی كوردی تورکی دوور لە هەناسەی جیاكاری و توندڕەوی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی بەرانبەر، كە دواتر بەداخەوە لە چوارچێوەی كۆماردا پێچەوانەكەی بینراو بەوەش خیانەت لە برایەتی و مێژووی هاوبەشی ئەم دوو نەتەوە كرا. چاوەڕوانییەكانی ڕێبەرانی ناسیۆنالیزمی كوردی بۆ سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لە چەند ڕاستییەكەوە سەرچاوەی گرتبوو، لەوانەش:
- كورد تاكە پێكهاتە و نەتەوە بوو بە گوێرەی گرێبەستنی نووسراو پێش داگیركردن، هاتبووە نێو قەڵەمڕەو و دەسەڵاتی عوسمانییەوە.
- باوەڕبوون بە كۆتاییهاتنی ئەو ڕایەڵە ئایینی و عوسمانییەی نەتەوە و ئاینە جیاوازەكانی نێو ئیمپراتۆیەتی پێكەوە دەبەستنەوە.
- وێناكردنی كورد وەك نەتەوە و پێكهاتەیەكی ڕەسەن و گەورەی خاوەن ماف، هاوشێوەی تورك و عەرەب، كە لە بەرەبەیانی مێژووەوە لەسەر خاكی خۆی دەژیت و، لە كاتێكدا توركەكان هەمووی هەزار ساڵێكە هاتوونەتە ناوچەكە و بە بەراورد لەگەڵ ئەوان میوانن.
لێرەوە بە بیرهێنانەوەی ئەم ڕابردووە هاوبەش و جۆری هاتنە ناوی كورد بۆ چوارچێوەی قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، دەكرێت چاو لە ئایندەیەكی هاوبەش و جیاواز و هاوپەیمانییەتییەكی نوێی توركی – كوردی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ببڕدرێت، ئەوەش گەڕانەوە بۆ ڕۆحە كراوە ئیسلامی و ئیمپراتۆری و دیموكراسییە فرەوانەكە و خۆڕزگاركردن لە فۆبیای كورد و چارەسەركردنی كێشەكە دەخوازێت. كۆماری توركیا پێویست ناكات خەمی شەووڕۆژی سڕینەوەی ئەو بوونە كوردییە و بوونێکی کوردی بێت لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ئارادایە، یاخود چاوێكی لەسەر گەورە نەبوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بێت، لەناوخۆشدا پێی وابێت كردنەوەی تەلەفزیۆنێك بە كوردی و هەندێک دەرگا كردنەوە بە ڕووی زمان و فەرهەنگی كوردیدا، (لەگەڵ گرنگیان بە بەراورد لەگەڵ مێژووی كۆمار) چارەسەری كێشەی كوردی كردووە، بەڵكو واباشترە و پێویستە بیرێكی قوڵتر و شارستانیتر لە لەخۆگرتنی كوردی هەرسێ پارچەكە و پێكهێنانی فۆڕمێک لە فۆڕمەكانی هاوپەیمانییەتییەكی نوێی توركی كوردی لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بكاتەوە، ئەمەش بكات بە ناوكی گەورەبوونێكی زۆرتر و ڕۆڵێكی گەورەتر وەك زلهێزێكی هەرێمی.
لەیادی سەد ساڵەی كۆماری توركیادا ئەگەر ئەمانەی گوتمان نەكەین بە بابەتی پرسیاركردن و دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی مێژوو بە چاوێكی ڕەخنەگرانەوە، تەنیا خەمی گەورە نوخبەی سیاسی وڵات درێژەپێدانی واقیعی ئێستای كۆمار و بەهێزكردنی بێت لەڕووی سەربازیی و ئابووری و توانای دەستخستنە ناو كاروباری دەوڵەتانی دەوروبەرەوە، بەبێ گوێدانە ئەو كاردانەوە دەروونی و سیاسی و ڕق و بێزاری و وێنا شێواوەی لەوە دەكەوێتەوە، ساڵی سەدەمینیش دەبێتە ساڵێكی ئاسایی و هەڵە بونیادی و مێژووییەكان و دژیەكییە ناوخۆییەكانی كۆمار نەك هەر بەردەوام دەبن، بەڵكو مەترسیان زۆرتریش دەبێت. لە ناخۆشدا لە جیاتی بیركردنەوە لە چارەسەری بنەڕەتی نوخبەكان سەرگەرمی بەڕێوەبردنی ململانێكان دەبن، كە جەوهەرەكەی چارەسەر سپاردنە بە دواڕۆژ، هەر ئەوەش بەسە بۆ ئەوەی دواڕۆژی كۆمار تەمومژاوی تر و نامسۆگەرتر بكات، كێشەكانیش بەجۆرێک كەڵەكە بكات، لە هەندێک سەرەپێچی مێژووییدا، توانای چارەسەركردن و لەژێر دەرچوونیان ئاسان نەبێت.