سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

شیکاری؛ پارتی 26-30 کورسی و یەکێتی 19 کورسی بەدەست دەهێنێت

ئا: ساڵح قادر

 

بەگوێرەی شیکارییەک بۆ دەنگی حیزبەکان لە هەڵبژاردنی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و نزیکترین هەڵبژاردن (پەرلەمانی کوردستان لە 2024 و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 2023)، ئەگەر حزبەکان لەم هەڵبژاردنەدا هەمان دەنگی پێشوویان بهێننەوە، پارتی زۆرینەی کورسییەکانی بازنەکانی هەرێمی کوردستان بەدەستدەهێنێت، بەڵام لە بازنەکانی کەرکووک و نەینەوا ژمارەی کورسییەکانی کەمدەکات، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی نزیک دەبن لە ژمارەی کورسییەکانی ئێستای حزبەکە.

 

بەپێی ئەو شیکارییە، کە پشتی بە سیستەمی نوێی هەژمارکردنی دەنگەکان (سانتلیگۆ) بەستووە، لە هێزە نوێیەکانی کوردستان، تەنیا رەوتی هەڵوێست ئەگەری بەدەستهێنانی کورسی هەیە، کورسیی هێزە ئیسلامییەکان و نەوەی نوێش نزیک دەبێت لە هەڵبژاردنی رابردوو (2021).

 

بازنەی هەولێر/ بەراورد بە هەڵبژاردنی عێراق 2021

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی 2021دا پارێزگای هەولێر بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرابوو، پارتی زۆرترین دەنگی چوار بازنەکەی بەدەستهێنا کە 261 هەزار و 518 دەنگ بوو، نەوەی نوێ دەنگی دووەمی هێنا، کە 78 هەزار و 765 دەنگ بوو، یەکێتی دەنگی سێیەمی هێنا، کە 69 هەزار و 950 دەنگ بوو، کۆمەڵ 19 هەزار و 386 دەنگ و یەکگرتووش 3943 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ژماری کورسیی گشتیی بازنەی هەولێر 15 کورسییە، لەگەڵ کورسییەک بۆ کۆتای کریستیان.

ئەگەر حزبەکان هەمان دەنگی پێشوو بهێننەوە، بەگوێرەی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراوی (1.7)، کورسییەکانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەو شێوەیە دەبێت:

 

پارتی: 9 کورسی

یەکێتی: 3 کورسی

نەوەی نوێ: 3 کورسی

 

بازنەی هەولێر/ بەراورد بە نزیکترین هەڵبژاردن (پەرلەمان 2024)

نزیکترین هەڵبژاردن بۆ بەراوردکردنی دەنگی حیزبەکان، دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە ساڵی 2024 کرا، لەو هەڵبژاردنەدا پارتی لە بازنەی هەولێر 302,000 دەنگی بەدەستهێنا، یەکێتی 107,766 دەنگ، نەوەی نوێ 100,245 دەنگ، کۆمەڵ 19,674 دەنگ، یەکگرتوو 23,292 دەنگ، هەڵوێست 16,146 دەنگ و بەرەی گەل 16,146 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ئەگەر حیزبە بەشدارەکانی ئەو هەڵبژاردنە هەمان دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە بازنەی هەولێر بهێننەوە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانیان بەپێی سیستەمی سانتلیۆی هەموارکراو، لە هەولێر بەو شێوەیە دەبێت بەو شێوەیە دەبێت:

 

پارتی: 9 کورسی

یەکێتی: 3 کورسی

نەوەی نوێ: 3 کورسی

 

بەپێی ئەو ئەنجامەی سەرەوە کۆمەڵ، یەکگرتوو، رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل هیچ کورسییەک بە دەستناهێنن، بەڵام رەوتی هەڵوێست و یەکگرتوو بەدوور نابن لە بەدەستهێنانی کورسی، چونکە بەهێزترین بەربژێری رەوتی هەڵوێست عەلی حەمەساڵحە، هەروەها ئوسامە جەمیل، بەربژێری یەکگرتوو بەهێزترین بەربژێری یەکگرتووە و پێشتر خۆی بەربژێر کردووە و زیاتر لە 50 هەزار دەنگی هێناوە، یەکگرتوو و هەڵوێست لە هەولێر بۆ بەدەستهێنانی کورسییەک پێویستییان بە بە دەستهێنانی 30 هەزار و 201 دەنگە، لەو بارەدا پارتی کورسییەک لە بەرژەوەندیی رەوتی هەڵوێست یان یەکگرتوو لە دەست دەدات، چونکە نرخی دوایین کورسی پارتی بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ 17 هەزار و 764 دەنگە و کورسییەکەی رەوتی هەڵوێست یان یەکگرتوو دەبێت نرخەکەی 17 هەزار و 765 دەنگ بێت.

 

بازنەی سلێمانی / بەراورد بە هەڵبژاردنی عێراق 2021

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی 2021دا سلێمانی و هەڵەبجە بەسەر پێنج بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرابوون، یەکێتی زۆرترین دەنگی سنووری هەردوو پارێزگاکەی بەدەستهێنا، کە 123,820 دەنگ بوو، نەوەی نوێ 106,310 دەنگ، پارتی 54,891 دەنگ، کۆمەڵ 44,639 دەنگ و یەکگرتووش 22,876 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ژماری کورسیی گشتیی بازنەی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 18 کورسییە.

 

ئەگەر حیزبەکان هەمان دەنگی پێشوو بهێننەوە، بەگوێرەی سیستەمی سانتلیگۆی هەموار کراوی (1.7)، کورسییەکانیان بەو شێوەیە دەبێت:

 

یەکێتی: 6 کورسی

نەوەی نوێ: 6 کورسی

پارتی: 3 کورسی

کۆمەڵ: 2 کورسی

یەکگرتوو: 1 کورسی

 

لە هەڵبژاردنی 2021دا رەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل هێشتا دانەمەزرابوون، گۆڕانیش لەگەڵ یەکێتیی بە یەک لیست بەشداری کرد، بەڵام هیچ کام لە نوێنەرەکانی دەرنەچوون.

 

بازنەی سلێمانی/ بەراورد بە نزیکترین هەڵبژاردن (پەرلەمان 2024)

لەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2024 یەکێتی لە هەردوو بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە 263,608 دەنگی بەدەستهێنا، نەوەی نوێ 136,387 دەنگ، پارتی 61,790 دەنگ، کۆمەڵ 39,566 دەنگ، یەکگرتوو 48,863 دەنگ، هەڵوێست 26,473 دەنگ و بەرەی گەل 16,146 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ئەگەر حیزبە بەشدارەکانی ئەو هەڵبژاردنە هەمان دەنگەکانی هەڵبژاردنی رابردوو بهێننەوە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانیان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7) بەو شێوەیە دەبێت:

 

یەکێتی: 8 کورسی

نەوەی نوێ: 4 کورسی

پارتی: 2 کورسی

یەکگرتوو: 2 کورسی

کۆمەڵ: 1 کورسی

هەڵوێست: 1 یەک کورسی

 

بەڵام لە هەڵبژاردنی رابردوودا هەڵوێست بەهێزترین بەربژێری لە سنووری بازنەی سلێمانی بوو، کە ئەویش عەلی حەمەساڵح بوو و بە تەنیا زیاتر لە 16 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمجارە لەسەر بازنەی هەولێر خۆی بەربژێر کردووە، بۆیە رەنگە کورسییەکەی لە بازنەی سلێمانی لە بەرژەوەندیی نەوەی نوێ لە دەست بدات، چونکە نرخی کورسییەکەی رەوتی هەڵوێست 15 هەزار و 572 دەنگە و نزیکترین کورسی دەرنەچوو لە نێو دەنگی حیزبەکانی سلێمانی کورسی پێنجەمی نەوەی نوێیە کە 15 هەزار و 154 دەنگە.

 

بازنەی دهۆک / بەراورد بە هەڵبژاردنی عێراق 2021

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە ساڵی 2021دا دهۆک بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرابوو، پارتی زۆرترین دەنگی پارێزگاکەی بەدەستهێنا، کە 261,543 دەنگ، یەکگرتوو 81,144 دەنگ، یەکێتی 25,040 دەنگ، نەوەی نوێ 44,639 دەنگ و کۆمەڵ 22,876 دەنگی بەدەستهێنا.

 

ژماری کورسیی گشتیی بازنەی دهۆک 11 کورسییە، لەگەڵ کورسییەک بۆ کۆتای کریستیان.

 

ئەگەر حیزبەکان هەمان دەنگی پێشوو بهێننەوە، بەگوێرەی سیستەمی سانتلیگۆی هەموار کراو، کورسییەکانیان لە پارێزگای دهۆک بەو شێوەیە دەبێت:

 

پارتی: 8 کورسی

یەکگرتوو: 3 کورسی

 

بازنەی دهۆک/ بەراورد بە نزیکترین هەڵبژاردن (پەرلەمان 2024)

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2024دا پارتی لە بازنەی دهۆک 383,002 دەنگی بەدەستهێنا، یەکگرتوو 40,025 دەنگ، نەوەی نوێ 43,665 دەنگ، یەکێتی 27,508 دەنگ، رەوتی هەڵوێست 7,779 دەنگ و بەرەی گەل 2,446 دەنگی بەدەستهێنا.

ئەگەر حیزبە بەشدارەکانی ئەو هەڵبژاردنە هەمان دەنگەکانی هەڵبژاردنی رابردوو بهێننەوە، ئەوا ژمارەی کورسییەکانیان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراو (1.7) لە سنووری بازنەی دهۆک بەو شێوەیە دەبێت:

 

پارتی: 9 کورسی

نەوەی نوێ: 1 کورسی

یەکگرتوو: 1 کورسی

 

بازنەی نەینەوا/ بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021

لە هەڵبژاردنی 2021دا پارێزگای نەینەوا بەسەر هەشت بازنەدا دابەشکرابوو، لە حیزبە کوردییەکان تەنیا پارتی و یەکێتی لە نەینەوا کورسییان بە دەستهێنا، پارتی بە بە دەستهێنانی 136,990 دەنگ نۆ کورسی و یەکێتیش بە بە دەستهێنانی 30,538 دەنگ، دوو کورسی بردەوە. هاوپەیمانی تەقەدووم 123,080 دەنگ و 12,053 دەنگی دوو پەرلەمانتاری سەربەخۆ)، فەتح 33,734 دەنگ، عەزم 55,833 دەنگ، عەقدی نیشتمانی 54,730 دەنگ. هێزی دەوڵەت 15,149 دەنگ. (حەسم 26,973 دەنگ و 17197 دەنگی پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ)، جەماهیر 33,837 دەنگ.

 

ئەگەر حیزبەکان هەمان دەنگی هەڵبژاردنی رابردوو بهێننەوە، ژمارەی کورسییەکانیان بەو شێوەیە دەبێت:

پارتی: 8 کورسی

تەقەدووم: 8 کورسی

عەزم: 3 کورسی

عەقد: 3 کورسی

حەسم: 3 کورسی

جەماهیر: 2 کورسی

فەتح: 2 کورسی

یەکێتی: 2 کورسی

 

بازنەی نەینەوا/ بەراورد بە نزیکترین هەڵبژاردن (ئەنجوومەنی پارێزگاکان 2023)

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، کە 2023 کرا، نزیکترین و گونجاوترین هەڵبژاردنە بۆ پێشبینی و بەراوردکردن بە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە لە هەر پارێزگایەک یەک بازنە بوو، جگە لەوەش لیست و هاوپەیمانییەتییەکانی هەڵبژاردنی داهاتوو لە نەینەوا نزیکن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای 2023.

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لیستی نەینەوا لیئەهلیها 148,769 دەنگی هێنا، پارتی 141,052 دەنگ، هاوپەیمانی عەقدی وەتەنی 87,450 دەنگ، سیادە 75,074 دەنگ، تەقەدووم 74,188 دەنگ، حەسمی نیشتمانی 61,644 دەنگ، حەدبای نیشتمانی 61,364 دەنگ، هەویەی نیشتمانی 54,762، یەکێتی ئەهلی نەینەوا 50,606 دەنگ، عەزم 46646 دەنگ و حیزبی نیشتمانی بۆ نوێبوونەوە 43,657 دەنگ.

 

پارێزگای نەینەوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران 31 نوێنەری هەیە، لەگەڵ سێ نوێنەری کۆتا بۆ کوردی ئێزدی، شەبەک و کریستیان.

ئەگەر حیزب و هاوپەیمانییەکان دەنگی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بهێننەوە ژمارەی کورسییەکانیان بەو شێوەیە دەبێت:

 

نەینەوا لئەهلیها: 5 کورسی

پارتی: 5 کورسی

عەقدی وەتەنی: 3 کورسی

سیادە: 3 کورسی

تەقەدوم: 3 کورسی

حەسم: 2 کورسی

حەدبا: 2 کورسی

هەویەی نیشتمانی: 2 کورسی

یەكێتی (ئیتیحاد ئەهل نەینەوا): 2 کورسی

عەزم: 2 کورسی

حیزبی نیشتمانی: 2 کورسی

 

بازنەی کەرکووک/ بەراورد بە هەڵبژاردنی 2021

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 2021دا لیستی یەکێتی لە کەرکووک 84,521 دەنگی بەدەستهێنا (بە دەنگی دیلان غەفووریشەوە، کە وەک سەربەخۆ خۆی بەربژێر کردبوو)، پارتی 49,631 دەنگ، تەقەدووم 56,648 دەنگ، فەتح 7731 دەنگ، نەوەی نوێ 23090 دەنگ، عەقدی نیشتمانی 10,255 دەنگ، هاوپەیمانیی عەرەبی 26,414 دەنگ، بەرەی تورکمانی 45,753 دەنگ.

 

کەرکووک 13 نوێنەری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، کە یەک نوێنەریان بۆ کۆتای کریستیانە، لە هەڵبژاردنی رابردوو بەسەر سێ چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرابوو، بەڵام لەو هەڵبژاردنە یەک بازنەیە.

 

ئەگەر حیزبەکان لە هەڵبژاردنی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەمان ئەنجامی ساڵی 2021 بە دەست بهێننەوە، ئەنجامی دەنگەکانیان بەپێی سیستەمی سانتلیگۆ بەمشێوەیە دەبێت:

 

یەکێتی: 4 کورسی

پارتی: 2 کورسی

بەرەی تورکمانی: 2 کورسی

تەقەدووم: 2 کورسی

نەوەی نوێ: 1 کورسی

هاوپەیمانی عەرەبی: 1 کورسی.

 

بازنەی کەرکووک/ بەراورد بە نزیکترین هەڵبژاردن (ئەنجوومەنی پارێزگاکان 2023)

شێوازی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، بەو پێیەی هەڵبژاردنەکە فرەبازنە نییە وەک هەڵبژاردنی 2021 کە عێراق بەسەر 83 بازنەدا دابەش کرابوو، بەڵکو وەکو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا هەر پارێزگایەک یەک بازنەی هەڵبژاردنە. سیستەمی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش هاوشێوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانە، کە بە گوێرەی سیستەمی سانتلیگۆی هەموارکراوی (1.7)ە.

 

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک، یەکێتی 157649 دەنگ، هاوپەیمانیی عەرەبی 102545 دەنگ، بەرەی تورکمانی 75166 دەنگ، قیادە 61435 دەنگ، پارتی 52278 دەنگ، عروبە 47919 دەنگ، نەوەی نوێ 25910، کەرکووکنا 22701 دەنگ.

 

ئەگەر حیزبەکان لە کەرکووک لەم هەڵبژاردنەدا بە هەمان هاوپەیمانییەکان هەمان ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بە دەستبهێننەوە، ئەنجامی کورسیی پارێزگاکە بەم جۆرە دەبێت:

 

یەکێتی: 4 کورسی

هاوپەیمانیی عەرەبی: 3 کورسی

بەرەی تورکمانی: دوو کورسی

پارتی: 1 کورسی

قیادە: 1 کورسی

عرووبە: 1 کورسی

 

ئەمجارە کێبڕکێیەکی تووند لە نێوان لیست و هاوپەیمانییە عەرەبییەکاندا هەیە، ئەمەش چەکێکی دوو سەرەیە بۆ دەنگی کورد بە تایبەتی پارتی، کێبڕکێی نێوان لیستە عەرەبییەکان هانی عەرەبەکان دەدات کە زیاتر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، کە ئەمەیان لە بەرژەوەندیی دەنگی کورد نابێت، بەڵام عەرەبەکان ئەمجارە بە هاوپەیمانی و حیزبی زیاتر بەشداریان کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرتبوونی دەنگەکانیان، لەم بارەدا لە قازانجی کورد دەبێت، ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی دەبێتە پێنج کورسی یان پارتی دوو کورسییەکەی خۆی بە دەست دەهێنێتەوە، بەڵام کۆتای ژنانیش هاوکێشەکە دەگۆڕێت.

 

دەنگی کورد لە دیالە و سەلاحەددین

لە دیالە و سەلاحەددین، پارتی و یەکێتی لیستیان نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی لیست و هاوپەیمانییە عەرەبییەکان بە چەند بەربژێرێک بەشداریان کردووە، لە ‌هەڵبژاردنی 2021 یەکێتی بەربژێرێکی لە پارێزگای سەلاحەددین و بەربژێرێکیشی لە دیالە دەرچوو، لە ‌هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشدا بەهەمانشێوە بوو، بەڵام پارتی هیچ بەربژێرێکی دەرنەچوو، ئەگەری هەیە لەم هەڵبژاردنەدا یەكێتی دوو کورسییەکەی لەو دوو پارێزگایە بە دەستبهێنێتەوە. بە تایبەتی لە سەلاحەددین، کە بەربژێرەکەی کەریم شوکرە و لە هەڵبژاردنی رابردوودا زیاتر لە 12 هەزار دەنگی ‌هێنا.

 

حیزبەکان بە گشتی چەند کورسیی بەدەستدەهێنن؟

بەپێی ئەو ئەنجامەی لەو شیکارییەدا بە دەستهاتوون، ئەگەر پشت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی 2021 ببەستین، حیزبەکان ئەو ئەنجامە بەدەست دەهێنن:

 

پارتی: 30 کورسی

یەکێتی: 19 کورسی

نەوەی نوێ: 10 کورسی

یەکگرتوو: 4 کورسی

کۆمەڵ: 2 کورسی

 

بەڵام ئەگەر بۆ بازنەکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە) پشت بە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بۆ کەرکووک و نەینەواش پشت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ببەستین، ئەنجامی کورسیی حیزبەکان بەو جۆرە دەبێت:

 

پارتی: 26 کورسی

یەکێتی: 19 کورسی

نەوەی نوێ: 8 کورسی

یەکگرتوو: 3 کورسی

کۆمەڵ: 1 کورسی

رەوتی هەڵوێست: 1 کورسی

 

چەند سەرنجێک:

ئەو ئەنجامانەی سەرەوە پشتی بە ئەنجامی سێ هەڵبژاردن بەستووە، کە یەکێکیان چوار ساڵ، یەکێکیان دوو ساڵ و یەکێکیشیان ساڵێکی بەسەردا تێپەڕیوە. دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا چەند گۆڕانکارییەک بەسەر ئەو ئەنجامانەدا بێت، لەوانە:

 

یەکەم: دەنگی نەوەی نوێ، بەهۆی بەندکردنی سەرۆکی جوڵانەوەکە کەم بکات، بەشێک لە دەنگەکانی بۆ رەوتی هەڵوێست بچن، بەشێکیشی لە سلێمانی بچنەوە خەزێنەی دەنگەکانی یەکێتی.

 

دووەم: رەنگە دەنگی پارتی زیاد بکات، ئەویش بەهۆی پرۆژەکانی حکومەت و ئەو بانگەشە گەرمەی جێگرانی سەرۆکی پارتی دەیکەن، کە نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی چاڵنجی یەک ملیۆن دەنگی ڕاگەیاندووە.

 

سێیەم: یەکێتی: بانگەشەکانی بافڵ تاڵەبانی و هێرشەکانی بۆ سەر پارتی دەکرێت هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگەکانی یەکێتی زیاد بکات.

 

چوارەم: یەکگرتوو جگە لە بە دەستهێنانەوەی کورسییەکانی رابردووی، دەکرێت ئەمجارە دۆخی لە هەولێر باشتر بێت، ئەویش بەهۆی بەربژێرکردنی ئوسامە جەمیل، کە کەسێکی ویستراوە لەلای هەولێرییەکان.

 

پێنجەم: سوودمەندی یەکەمی دەنگی خۆڵەمێشی رەوتی هەڵوێستە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان جێی بایەخی خەڵک نییە، رەنگە دەنگە خۆڵەمێشییەکان رەوتی هەڵوێست نەگەیێننە ئاستی سورپرایزی هەڵبژاردن.

 

شەشەم: کێشە ناوخۆییەکانی کۆمەڵ و لاوازی بەربژێرەکانی، چانسی بەدەستهێنانی کورسی لەلایەن کۆمەڵەوە کەمکردووەتەوە، بە تایبەتی لە بازنەی هەولێر، بەربژێرە بەهێزەکەشی لە بازنەی سلێمانی کە ئەحمەد حاجی رەشیدە، لە هەڵبژاردنی رابردوو شکستی هێناوە.

 

حەوتەم: بەرەی گەل پێش دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و لە ‌هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دۆخی باش نەبوو، لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرا سوپرایزی هەڵبژاردنەکە بێت، لەم هەڵبژاردنەدا بە ئەگەری زۆرەوە دەنگدەرە بەرژەوەندیخوازەکانی، بەلای یەکێتیدا دەیشکێننەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button