
دووەم: خەڵک کە لە عێراق بڕیار دەدەن، تەنها یەکێکن لە ئەکتەرەکانی بڕیار. پاش دەنگدانی خەڵک، ئەکتەرەکانی تر دێنە ناوەوە، وەک ئەکتەرە چەسپیوەکانی ناو کایەی سیاسی و ئابووری و چەکداری عێراق. پاشان ئەکتەرە ئیقلیمییەکان، هەروەها لە هەمانکاتدا ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان. هەریەک لە ئەمانە بەرژەوەندی جیاواز و ئەجێندای خۆیان هەیە. بۆیە چاوەڕوانکراوە کە پێکهێنانی حکوومەت زۆری پێبچێت، لە ئەنجامدا دەبێت کەسێک حکوومەت بەڕێوەببات کە خزمەتی هەموو ئەمانە بکات، جگە لە خەڵکی عێراق.
سێیەم: خەڵکی کە دەنگیان دا یان دەنگیان نەدا دەکرێ بکرێن بە چەند پۆلێکەوە: ئەوانەی دەنگیان پێدان، ئەوانەی کە دەنگیان دا، ئەوانەی کە ڕۆیشتن و دەنگیان نەدا، ئەوانەی هەر کارتیان نەبوو. لە کۆی ٢٩ ملیۆن کەس کە مافی دەنگدانی هەیە، ١٢ ملیۆن کەس دەنگیان داوە، بەڵام ڕێژەی دەنگدان کراوە بە ٥٥%. بە سیاسیی بوونی ڕێژەی دەنگدان نیشانەی بە سیاسیی بوونی ژمارەی خەڵک. ژمارەی خەڵک جیاوازە لە خەڵک خۆی.
بۆ نموونە ئێستا بە یارییەک ڕێژەی دەنگدەر کراوە بە سەرووی پەنجا لە سەد، بۆ ئەوەیە کە پەیامێک بۆ سەدر بنێرن، هەروەها هەتا شەرعیەتی سیاسی پێ دەستەبەر بکەن.
سەدر چەند مانایەکی هەیە. سەدر دەیەوێت دژ-تەنی دەسەڵات بێت. بەو مانایە کە ئەو بەدیلە. بەڵام هەتا بێت ئەو پێگەیە لە دەست دەدات. جەماوەرەکەی چەندێکی لە باوەڕ و هاوسۆزیدایە، زۆر هێندە لە ترسدایە. زیانی گەورەی سەدر لە بەرەی ناڕازییە. چونکە ئەو ناڕازییەکی ساختەیە، دەیەوێت هەموو بەرەی ناڕازی بکوژێت.
چوار: گرنگترین خەسڵەتی ئەم هەڵبژاردنە پارە بوو. دەکرێت بڵێین یەکێکە لە زۆر تێچووترین هەڵبژاردنەکانی دونیا، هاتنی هەر ئەندام پەرلەمانێک بۆ پەرلەمان، بە موعەدەل، زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلاری تێچووە. هەبوونی پارەی زۆر بۆ سەرفکردن، نیشانەی ئەوەیە کە پارەی زۆر زیاتر لەم پرسەدا هەیە. بۆیە هەتا زیاتر سەرف بکرێت، ڕێژەی گەندەڵی زیاتر دەبێت. بەم لۆجیکە، دەبێت چاوەڕوان بین کە پەرلەمانی داهاتوو گەندەڵی تێیدا زیاتر دەبێت. ئەم پەرلەمانەی کە ئێستا تەواو دەبێت سەردەمی سەفەقەی قەڕن بوو، یان دزیی سەدە. دەبێت ئەمەی داهاتوو چی بێت؟
پێنج: ئەندام پەرلەمان هەتا بێت ئاستی نزمتر دەبێت. هۆکاری ئەمە زۆرە. یەکێک لە هۆکارەکان، بە داخەوە خەڵکە. هەتا کاندید پووچەڵتربێت، دەنگی زیاتر دەبێت. بەڵام هۆکاری تریش زۆرە. وەک گوێ لە مستی، لاوازکردنی پەرلەمان، جودانەبوونەوە لە کوێخا، بۆ نمونە سەیری نەوەی نوێ بکە چۆن ژن و مێرد کورسییەکانیان دەگۆڕنەوە.




