سیاسی
ئاراستەکان

بۆ یەکەمجار کورد لە کەرکووک کەمتر لە نیوەی کورسییەکانی بەدەستهێنا

لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ٢٠٠٥ تاکوو ٢٠٢٥، بۆ یەکەمجار ژمارەی کورسییەکانی پێکهاتەی کورد لە کەرکووک بۆ کەمتر لە نیوە دابەزی. پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن دەڵێ، ئەنجامەکانی دوایین هەڵبژاردن نابێت وەک حالەتێکی ئاسایی سەیر بکرێت.

بەگوێرەی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن و پاڵپشت بە داتا فەرمییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ٢٠٢٥دا، بۆ یەکەمجار ژمارەی کورسییەکانی کورد بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە و هاوکات ژمارەی کورسی پێکهاتەی عەرەبی هاوتای ژمارەی کورسییەکانی کورد بووە.

پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بەڕەچاوکردنی داتا فەرمییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێ: “مانگی هەنگوینی لیستەکانی کورد لە بازنەی هەڵبژاردنی کەرکووک، لە هەڵبژاردنی یەکەمین خولی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا بووە”.

یەکەمین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو، لایەنە کوردییەکان ٢٦ کورسی ئەنجوومەنیان لە کۆی ٤١ کورسی بردەوە، کاتێک ٦١.٤٣٪ی دەنگی دەنگدەرانی پارێزگاکەیان بەدەستهێنا. لە بەرانبەردا پێکهاتەی تورکمان تەنیا هەشت کورسی و پێکهاتەی عەرەبی تەنیا حەوت کورسیان بردەوە.

وەک پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن ئاماژەی بۆ کردووە، لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لیستەکانی پێکهاتەی کورد دووجار لە نیوەی کورسییەکانی ئەو پارێزگایەیان بردووەتەوە، ئەوانیش لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٥، کە پێنج کورسی لە کۆی نۆ کورسی بەدەستهێنا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤یش، هەشت کورسی لە کۆی 12 کورسی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنەکەی یەکەمدا پارتی و یەکێتی بە لیستێکی هاوبەش (لیستی برایەتی) بەشدار بوون و لە هەڵبژاردنەکەی دیکەدا لیستی یەکێتی شەش کورسی و پارتیش دوو کورسی بەدەستهێنا.

هەروەها، پێکهاتەی کورد لە سێ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا (٢٠١٠ و ٢٠١٨ و ٢٠٢١) نیوەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکووکی بەدەستهێناوە، کە شەش کورسییە لە کۆی دوازدە کورسی.

بەڵام بۆ یەکەمیىجار لیستەکانی پیکهاتەی کورد لە هەڵبژاردنی (٢٠٢٥)دا کەمتر لە نیوەی کورسییەکانی پارێزگای کەرکووکیان بەدەستهێناوە، کە پێنج کورسییە لە کۆی دوازدە کورسی (یەکێتی چوار کورسی و پارتی یەک کورسی).

هاوکات لە هەڵبژاردنی (٢٠٢٥)دا بۆ یەکەمینجار لیستەکانی پێکهاتەی عەرەب هێندەی لیستەکانی پێکهاتەی کورد کورسی پارێزگای کەرکووک بەدەست دەهێنن، ئەمەش بەگوێرەی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن “ئاماژەیەکە جێگەی سەرنجە و نابێت وەک دۆخێکی ئاسایی سەیری بکرێت، بە تایبەتی بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و پەرلەمانی عێراق”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button