سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

زێدپرێس

 

لە ماوەی سێ مانگی پاییزی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ١٩٥ چالاکی مەدەنی و کەسی سڤیل بە تۆمەتی چالاکی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیراون، ١٦٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و برینداربوون؛ لانیکەم ٣٩ بەندکراوی کورد لە سێدارەدراون.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سێیەمین ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆهەڵاتی کوردستان و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە خستەڕوو.

ڕاپۆرتەکە بە دۆسیەی ئارمیتا گراوەند دەست پێدەکات. ئەو کچە قوتابییە کوردە تەمەن ١٧ ساڵانەی، لە مێترۆی تاران بەهۆی ئەوەی مەقەنەعەی لەسەر نەبووە، لەلایەن هێزە حیجابپارێزەکانی حکوومەتەوە پەلاماردرا و بەهۆی سەختی بەرکەوتنەکەوە لەهۆش چوو. ئارمیتا، پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانەی فەجری تاران گیانی لەدەستدا.

ڕاپۆرتەکە، هەروەها دۆسیەی سوهراب ڕەحمەتی تۆمار کردووە. ڕەحمەتی ئەندامی چالاکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، پارێزەر و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان، نیشتەجێی هەولێر و لە شوێنی ژیانی لەبەردەم “هانا سیتی” تەقەی لێکرا و بەتوندی بریندار بوو. حزبی دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەو ئەندامەی لەلایەن گرووپێکی تیرۆریستی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر کراوە.

بەگوێرەی بانکی زانیاری ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە سەرەتای ڕەزبەری ئەمساڵيوە هەتا کۆتایی سەرماوەز، لانیکەم ١٦٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی. لەو ١٦٠ کۆڵبەر و کاسبکارە ١٥ کەسیان کوژراون و ١٤٥ کەسیان بریندار بوون. خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە لەو ١٦٠ کۆڵبەرە ١٠٤ کۆڵبەریان تەنیا لە ناوچە سنورییەکانی هەنگەژاڵی بانە دراونەتە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کوژران و برینداربوونی ١٦٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سێ مانگی پاییزی ٢٠٢٣ لە حاڵەتێکدایە، کە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ (بەهار و هاوین) لانیکەم ٨٣ کۆڵبەر کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی کە ٦٨ کەسیان بریندار بوون و ١٥ کەسیان کوژرابوون. بەو پێیە، ژمارەی ئەو کاسبکارانەی لە سەرەتای ساڵەوە هەتا کۆتایی پاییز کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لانیکەم ٢٤٣ کەس بوون، کە ٣٠ کەسیان کوژراون و ٢١٣ کەسیشیان بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڕۆژی ١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، حەمەد خدر، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی گوندی (ڕەزگە)ی سەر بە قەزای پشدەر لە پارێزگای سلێمانیی هەرێمی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە سێ مانگی پاییزی ٢٠٢٣دا، لانیکەم ٣٩ بەندکراوی کورد لە سێدارە دراون، کە دوو کەس لەوان بەناوەکانی قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی زیندانی سیاسی بوون و لە سۆنگەی ئەندامێتییان لە گرووپێکی ئیسلامی دژبەری ڕژێمدا لەسێدارە دراون. دەزگای دادگای ڕژێم پێشتر و لە شەش مانگی یەکەمی ساڵ (بەهار و هاوین)دا، ٤٣ کەسی لە سێدارە دابوو و بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ساڵەکەوە هەتا کۆتایی پاییز لە سێدارە دراون، گەیوەتە ٨٢ کەس. بەپێی بانکی زانیاریی “چاونیوز” زۆربەی زۆری ئەو بەندکراوانە پێشتر بە تاوانی کوشتن بە ئەنقەست یان تاوانەکانی پێوەندیدار بە ماددەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو.

بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکە، پێوەستە بە گرتن و بەندکردنەوە. لە سێ مانگی پاییزی ساڵی ڕابردوودا، لانیکەم ١٩٥ کەس بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامیەتی یان هاوکاریکردنی حزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی گیراون. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕژێم لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٣یشدا، لانیکەم ٥٦٨ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسییان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕژێمە گرتبوو؛ بەوەش ژمارەی ئەم کەسانەی لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە تا کۆتایی پاییز گیراون، گەیشتۆتە ٧٦٣ کەس.

لەو ١٩٥ کەسەی لە ماوەی سێ مانگی پاییزدا گیراون، لانیکەم ٦٦ کەسیان دادگایی و سزای لە ٣ مانگ هەتا ١١ ساڵ، سەرجەم ١٧٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا، هەڵوەستەی لەسەر قوربانییانیی مین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان لەماوەی سێ مانگی پاییزدا زیاتر لە ١٠ قوربانی لێ کەوتۆتەوە، کە ناوەندە شوناسی شەش کەسیانی ئاشکرا کردووە، کە بە هۆیەوە دووانیان گیانیان لەدەستداوە و چوارەکەی دی بریندار و کەمئەندام بوون.

لەکاتێکدا پێشتر لە شەش مانگی سەرەتای ساڵەکەدا، ١٣ قوربانیی مین ئاشکرا کرا بوو، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ٢٠٢٣ەوە تا کۆتایی پاییز بوونەتە قوربانیی تەقینەوەی مین و بە ناو و شوناسیان زاندراوە ١٩ کەس بووە کە سێ کەسیان کوژراون و ١٦ کەسیشیان بریندار بوون.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاندووە، ئەو ئامار و زانیارییانەی لە سەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوی کردوونەتەوە، تەنیا ئەو حاڵەتانە دەگرێتەوە کە هەواڵ و زانیارییەکان بە میدیایی کراون و لەلایەن سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە ئاماژەن بۆ کراوە. ئەگینا وەک ناوەندەکە دەڵێ “ئاماری ورد و درووستی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە کوردستان بەهۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆر زیاتر لەو ئامارەیە لە دەخرێتە بەرچاو”.

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...