
ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی باشووری کوردستان ڕوو دەدات تەعریب و تەرحیلە کۆنەکەی سەردەمی بەعسە بە ئامراز و میکانیزمێکی تازە. جیاوازییەکە لەوەدایە کە بەعس شەرمی لە کردار و ڕەفتار و ڕێسا و یاساکانی خۆی نەدەکرد ، بۆیە ڕاستەوخۆ کوردستانی تەعریب دەکرد.
عێراقی بەناو “نوێ”ی شیعە و ئێران، شەرمنانە و ناڕاستەوخۆ لەسەر هەمان سیاسەت بەردەوامن.
لە ٢٠٠٣ وە، بەتایبەتی لە دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ەوە کە کورد دەسەڵاتی بەسەر دەڤەرەکەدا نەما، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی کەرکووک، لە ترس و تۆقاندن کەڵک وەردەگرن بۆ دەرپەڕاندنی جووتیاران و گوندنشینانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم.
بێجگە لە ترس و تۆقاندن، عێراقییەکان کەڵک لە کۆمەڵێک میکانیزم و کردە وەردەگرن، لەوانە:
یەکەم، گەمارۆدانی ناوچە کشتوکاڵییەکان و ڕێگرییکردن لە جووتیاران شێوازێکی دیکەیە لە ناچارکردنی خەڵکەکە بە چۆڵکردنی دەڤەرەکەیان. بۆ نموونە، ناهێڵن خەڵک ماددە کیمیاوییەکان، یان کەلوپەلی کێڵان و درۆنە لە کاتی پێویست ببەنە سەر کێڵگەکانیان.
دووەم، بێدەنگی لە بوونی داعش لەو ناوچانە دەکەن تاوەکو چەکدارەکانیان هەم ئازاری خەڵکەکە بدەن، هەم باج و سەرانە لە خەڵکەکە وەرگرن و ناچار بە جێهێشتنی گوندەکانیان بکەن.
سێیەم، پشتیوانی نەکردن لە خوێندن و قوتابخانە کوردییەکان لەو ناوچانە بەشێکە لە دابەنزاندنی ژمارەی قوتابیانی کورد لە قوتابخانە کوردییەکان، کە مەبەست لێیان دیسان تەعریبکردنی کەرتی پەروەردەیە.
چوارەم، لە هەمووشی سەیروسەمەرەتر ئەوەیە، کە جووتیارانی کورد بەرهەمەکانیان پێ دەگات، بەتایبەتی گەنم، ئەوە دەسەڵاتدارانی عێراق دەیان بیانو و پاساو دەهێننەوە تاوەکوو بەرهەمەکان لە جووتیارەکان وەرنەگرن، بەمەبەستی ئەوەی کە زەرەر بکەن و دواجار ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکانیان بکەن.
ئەوەی بە زەقی دەیسەلمێنێت کە ئەم سیاسەتە، لەلایەن دەوڵەتەوە لە ئاستێکی باڵا داڕێژراوە و پشتیوانی لێ دەکرێت، نەک هەر بێدەگی سوپای عێراق و دەزگا ئەمنییەکانە لەم کار و کردەوانە، بەڵکو ئەوەیە کە سەربازانی عێراق لەجیاتی پاراستنی خەڵکەکە، خۆیان بوونەتە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە. باس لەو باج و سەرانانەش هەر ناکەین کە سەربازان و ئەفسەرانی سوپا لەو جووتیارە ماندوو و شەکەتانە وەر دەگرن.
ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر بۆتە مایەی توڕەیی و بێئومێدی جووتیارانی ئەو دەڤەرانە، تەنیا سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراقی نییە، بەڵکو بێدەنگی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، هەر لە بەرپرسانی هەولێر و سلێمانییەوە بگرە تادەگاتە ئەوانەی گوایە نوێنەری کوردستانیانن لە بەغدا.
هیوادارم، کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوان و ڕووناکبیرانی کوردستان لەم پرسە چارەنووسساز و ستراتیجییەی کوردستان بێدەنگ نەبن و دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەرپرسانی کورد لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا ناچار بە هەڵوێست وەرگرتن بکەن.




