
ئێستا دوو چەمک زاڵن لە هەناو ململانێی سیاسی/فیکریی کوردیدا، چەمکی ئینتگراسیۆن لەگەڵ چەمکی دەوڵەت. دیارە چەمکی ئینتگراسیۆن یانی تێکەڵبوون یان ئاوێزانبوون، بەڵام بەکارهێنانی ئەو وشە قەبزە تەنها بۆ زلکردنیەتی. لە ڕاستیدا ئیتمۆلۆژیای وشەکە ڕەهەندێکی تری جیوپۆلەتیکی ئەم چەمکەمان بۆ دەردەخات، ئینتگراسیۆن وشەیەکی ئینگلیزی یان فەرەنسییە، کە تورک لە بەر نەبوون یان مۆدێرنبوون وەریانگرتووە، ئێستا لە زمانی کوردیدا بە هەمان ئاوازی تورکی دەگوترێتەوە. ئەمە جگە لە هەژاری زمانی تورکی هەروەها ئەوروپیبوونی نەژادای ئەم پرۆسەیەمان بۆ ڕووندەکاتەوە.
ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاراستەی پرسی کوردە. ئەگەر دەوڵەت بە مانای چوونە دەرەوە دێت لەو سیستەمەی کە هەیە بۆ ئەوەی وەک یەکسانێک یان هاوتایەک یان سەروەرێک تیایدا ئامادەبیت، چەمکی ئینتگراسیۆن یانی چوونە ناوەوەی ئەو سیستەمە و وردە وردە توانەوە یان ئەسیمیلیسیۆن. پرۆسەی تورکی و سوری پرۆسەی ئەسیمیلەبوونە، یانی توانەوەی تەواو و نەمان.
لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، پرسی کورد لە نێوان ئەم دوو تەوەرەدا جۆلانێی بووە. ئایا لە هەناو ئەو دەوڵەتانەی کە هەیە دەتوێتەوە یان بوونێکی ناوەکی بۆخۆی دەستبەر دەکات، یان لێی دێتە دەرەوە.
پرسی دەوڵەت لای کورد، پرسە لاوازەکەیە. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە دەوڵەت جگە لە دروشمێک یان خواستێک، هیچی تر نییە. دیارە ئەمە بە گشتی لە ناوچەکە وەهایە. لای کورد دەوڵەت نە وەک ئاراستەیەکی مێژوویی یان ئاگایی بوونی هەیە، نە وەک کۆسیستەمی بەڕێوەبردن، نە وەک ئامادەبوون لە دونیادا. بەڵکو ماوە ماوە ئاماژەی پێدەدرێت و پاشان پاشەکشەی لێدەکرێت و پاشان دژایەتی دەکرێت. زیاتر دەتوانین بڵێین ڕەوتی سیاسی کوردی پەیوەندییەکی دەروونی لەگەڵ کۆچەمکی دەوڵەتدا هەیە.
ئێستا بە گشتی ئاراستەی کرداریی پرسی کورد زیاتر بەرەو ناوەوەبوونە. لەم دۆخەدا چەمکی ئینتگراسیۆن کە یانی تێکەڵبوون یان پێکەوەبونی دوو یەکەی جیاواز، کاتێک دەبێتە پرۆسە یانی زەمینەسازان بۆ تێکەڵاوبوون لە ڕێگای ڕەهەندی کۆمەڵایەتی وەک ژن و ژنخوازیی، ئەمە زیاتر لە باکوور باوە، بە بەراورد بە بەشەکانی تری کوردستان. یان لە ڕێگاکانی تری وەک خوێندن، بەشاربوون، کار، سەربازیی و سیاسیی. دەبینین چۆن سیمای شارەکانی باشوور دەگۆڕێن. دیارە هۆکاری تری وەک ژینگە، دیموگرافیا، گەندەڵی ڕۆڵیان هەیە.
ئەوەی من دەمەوێت لە ماوەی داهاتودا بیکەم، کە ئایا پرسی کورد لە هەناو دوو ئاراستەی مۆدێرنەی ئەوروپیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن فەراهەم دەبێت. ئاراستەی یەکەم، جەخت لە سەر کانت دەکەمەوە. کانت بیرمەندێکی پڕ لە دووفاقییە، لە کاتێکدا بڕوای وەهایە کە ئەخلاق ڕەهایە، بەو مانایە ڕێژەیی نییە. ئەخلاق دەبێت لە هەموو شوێنێک لە هەمانکاتدا وەک یەک بێت، لە هەمانکاتدا بڕوای وەهایە کە خەڵکانی ڕەشپێست یان نائەوروپی کەمترن لە مرۆڤی ئەوروپی و لە میانەی پرۆسەی ڕۆشنگەریدا ناتوانن خۆیان بسازێنن ئەوا یان لە ناودەچن یان دەتوێنەوە.
ئاراستەی دووەم، بەرجەستەکەری ئەم دیدەیە کە لە مۆدێلی دەوڵەتانی ناوچەکەدا خۆی دەبینێتەوە. کاتێک کورد دابەشکراوە بە سەر ئەم وڵاتانەدا لەو ڕوانگەیەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، کە تەنها پرسی کاتە و لە هەناو کایەکانی دەوڵەتدا دەتوێنەوە یان دەتوێنرێنەوە. ئەمە زۆر بە زەقی لە باکوور بەرجەستە بووە، هەر لە نکوڵیکردنەوە هەتا دروستکردنی بەنداوە ئاوییەکان هەموو لە پێناو ئەم ئاراستەیەدا بووە.
دیارە تەعریب و ئەنفال و نکوڵیکردنی کورد لە سووریا هەموو بەم ئاراستەیەن. ئاراستەی ئێرانی کەمێک نەرمترە، هەرچەندە ئێستا ناسیۆنالیزمی فارسی بە ئاستێکی زۆر باڵا فاشیستە. دیارە لە ئاستی کەلتووری و زمانی و ئاگاییدا لە ئێران پرۆسەی زاڵکردنی کەلتوورێک بە سەر کەلتوورێکی تردا بە چڕی لە ئارادایە.
ئەوەی جێگای سەرنجە هەر چوار دەوڵەتی کۆڵۆنی کوردستان ئێستا دەوڵەتی ئیسلامیین. تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران هەموویان لە لایەن هێز و لایەن و کەسایەتی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام هیچ جیاوازنین لە پیادەکردنی پرۆسەی بە ناوەکی کردن و سنوردارکردن و توانەوەی پرسی کورد.
کورد کاتێک لە دەوڵەت بێ هیوا دەبێت، نابێت وەها بیری لێبکاتەوە ئیتر چیدی بژاردە نییە. دەبێت بیرکردنەوەی کورد لە دەوڵەت زۆر فراوانتر بێت، لە میانەی ئامانج، بونیاد، ئامادەیی لە دونیا، ڕەوایی، فەرهەنگ، لە سەرووی هەموویەوە دەزگا. چونکە تەنانەت برادەرانی ئینتگراسیۆنیش دەبێت ئەوە بزانن کە لە ناو دەوڵەتدا ئینتگراسیۆن دەکەن، ئەوە نییە دەوڵەت نەمابێت.
کاتێک دێتە سەر پرسی مەعریفی کادیر و چالاکوانی سیاسی کورد تووشی ئەو دۆخە دەبێت کە بیرمەندی مارکسی فەرەنسی ناوی نائینترپیلەشن. بەو مانایە کاتێک بیرۆکەیەک وەهای لێدێت وەک ئەوەی بەشێک بێت لە ژیان. چیدی بیری لێناکرێتەوە وەک ئەوەی کە ئایدیایەک بێت و لە هەناو پرۆسەی بیردنەوەدا بێت بەڵکو وەک پێدراوێکی گومانلێنەکراوە دەگوترێتەوە و پیادە دەکرێت. وەک ناوی جادەیەک بۆ نمونە. جادەی سالم، کاتێک لەلایەن خەڵکەوە دەگوترێتەوە کەس بیری بۆ بوونی شاعیرێک و ئامانجی کردنی ناوی ئەو بە بەشێک لە پرۆسەی بیرەوەری گشتی مامەڵە ناکرێت، بەڵکو وەها مامەڵە دەکرێت کە ناوێک بێت بۆ جادەیەک، هەتا لە جادەکانی تری جیا بکاتەوە.
لە کۆتاییدا هەردوو پرۆسەی دەوڵەت و ئینتگراسیۆن لە قەیرانی قوڵدان. پێش هەموو شتێک چونکە لە ڕووی فیکرییەوە لاوازن، ئەوا لە ڕووی کردارییەوە چاوەڕوانکراوە کە لاوازتربن.
ئایا کورد لە ئێستادا بوونی خۆی چەسپاندووە، لە میانەی ئینتگراسیۆندا کایەی دەوڵەتان دەگۆرێت هەتا وەک یەکەیەکی جودای ناوەکی مامەڵە بکات؟
ئایا گۆرانی دۆخی جیهانی، کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا بە قازانجی کورد بوو چۆن کاریگەری دەبێت؟




