سیاسیشرۆڤه‌

هەرێم لێکدەترازێت یان بەهێز دەکرێتەوە؟

لێکترازان دەستەواژەیەکە بەدڵی خەڵکی نییە، چونکە بەدرێژایی مێژوو گەلی کوردستان کوشتەی لێکەوتەکانی ناکۆکی توند و لێکترازان بووە، بەڵام ناچارم لێرەدا وەک ئەگەرێک باسی بکەم!
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دوای یەکخستنەوەی هەردوو ئیدارە، قەوارەی هەرێم گەورەتر و بەهێزتر بوو، هەنگاوەکانی یەکخستنەوەش دیار و لەبەرچاوان بوون، بەڵام دوای تێکچوونی هاوسەنگی سیاسی و لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمیش بوونە هۆکاری چەقبەستن و خولانەوە لە بازنەیەکی بۆش.

سیستەمی سەقەتی فەرمانڕەوایی کوردستان، بەشێوەیەکی گشتی و ئەو شێوازە بەڕێوەبردنە لەناو ئەو هەلومەرجە ناهەموارەی وڵاتدا ڕۆژ دوای ڕۆژ نیگەرانی و بێمتمانەیی سیاسی زیاتر و ڕێگای گەڕانەوە بەرەو دواوە خۆشتر دەکەن.

ئەزموونیش سەلماندی کە هێشتا هەلومەرجە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەک دەستبوونی حکوومەت و کارکردن بەزۆرینە لەبارنین، واتە هێشتا ئێمە لە قۆناغی سازانی نیشتمانی و دیموکراسیەتی سازانین، بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا لایەنێک هەوڵیدا بە لێدانی لافی زۆرینە و بەناوی هاوپەیمانێتی درێژە بەو ئاڕاستە سیاسییە بدات کە ئەنجامەکەی بەرهەمهێنانی قەیران لە دوای قەیران و بێبایەخکردنی دامودەزگاکانی دەوڵەت بوو. کاتێک باسی لایەنێک دەکەم بەواتای ئەوە نایەت کە لایەنەکانی تریش لەو بارەیەوە ئەستۆیان زۆر پاکە، بەڵام قسەم لەسەر بەرپرسیاریتییە بەپێی هەژموونی سیاسی و دەسەڵات.

پەرلەمان نەماوە، حکوومەت کاربەڕێکەرە، ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرچووە، ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەڵوەشندراونەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێ یاسای نەوت و گازە، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژارندەکانی نەماوە… لەسەرووی هەموو ئەوانەشەوە کێشەی یەک بازنەیی و چەند بازنەیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆتاکان هەیە. (کە دیارە یاسا کۆنەکە لەبەرژەوەندیی کێیە و بۆچی لەناوخۆماندا چارەسەر نەکرا) ڕەنگە سبەی دادگای فیدڕاڵی لەوبارەیەوە بڕیارێک بدات. ئەوکات سەرۆکایەتی هەرێم ناچارە بە ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کاتێکی تر بۆ هەڵبژاردن دیاری بکات و هەڵبژاردنیش دەکرێت، بەڵام ئایا بە هەڵبژاردنێکی نوێ قەیرانەکان چارەسەر دەکرێن و تێدەپەڕن؟

بێگومان نا، ڕەنگە دوای هەڵبژاردن کێشەکان گەورەتر و قەیرانەکان ئاڵۆزتریش ببن!

ئایا ئەو بۆچوونەم لە پەرۆشی و خۆڕاییە، یان لەئەنجامی خوێندنەوەی واقیعی هەرێمەوەیە؟

ئەوەی ڕوونە تا ئەم کاتە لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بەتایبەت کاریگەرەکان هەریەکە و بە پاساوێک نایێین بەدوای هۆکارەکانی چەقبەستنی سیاسی و قەیران و کێشە حوکمڕانییەکاندا بچین، بەڵکو تەنیا خەریکی ململانێی لاوەکی یان ڕێککەوتنە سەرپێیی و ڕۆژانەیەکانین، بەم شێوەیەش تەنیا کات بەفیڕۆدەدرێت و لەسەر بنەمای دەستنیشانکردنی هۆکارەکان پلانی چارەسەرێکی نیشتمانیی گشتی داناندرێت.

بێگومان ئێستا هەلومەرجەکان گۆڕاون و ناتواندرێت وەکوو جاری جاران کۆمەڵی کوردەواری بەڕێکخراوی ئاڕاستە بکرێت، بۆیە ئەگەر بەڕاستی بیر لە چارەسەرە بنەڕەتییەکانی ئەو سیستەمە حوکمڕانییە سەقەتە نەکرێتەوە، هەڵبژاردنیش بکرێت هەرێم لە دووکەرتبوون و لێکترازان هەر پارێزراو نابێت.

ئارێز عەبدوڵا

سیاسەتمەدار

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...