سیاسیهه‌واڵ
ئاراستەکان

یەکێتی بڕیاری دا لە حکومەت بکشێتەوە

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە فەرمی ددانپێدانانی بە کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕەتکردەوە و بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی ناو حزبەکە، بڕیاری کۆتایی لەسەر کشانەوەی تیمی خۆی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوە.

 

ئەم بڕیارە سیاسییە گرنگە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە و بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان پەسەند کراوە، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دانیشتنەکەی دوێنێ چوارشەممەی پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا بە ئامادەبوونی ٥٢ ئەندام پەرلەمان، دەستەی سەرۆکایەتی نوێی خولی شەشەم هەڵبژێردرا.

 

بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی ناو کۆبوونەوەکە کە قسەیان بۆ میدیاکانی نزیک لە حزبەکە کردووە، سەرکردایەتی یەکێتی پێیوایە ئەو دانیشتنەی پەرلەمان بەبێ سازانی نیشتمانی و ڕێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ هێزە سەرەکییەکان ئەنجام دراوە، بۆیە بڕیاریانداوە هیچ دانپێدانانێکی یاسایی و سیاسی بۆ دەرئەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە نەبێت و هاوکات قۆناغی کشانەوەی تیمی وەزاری خۆیان لە کابینەی ئێستای حکومەت جێبەجێ بکەن.

 

لە کاتێکدا کە ئەم پێشهاتە ئاسۆی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی ئاڵۆزتر دەکاتەوە، چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمشەو بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی تایبەت و فەرمی لەبارەی هەڵوێستی ڕەوای حزبەکەی لەسەر دواین پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکانی هەرێم بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button