هه‌واڵ
ئاراستەکان

د. سارا موحسین: هێزێکی دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەم لە سلێمانی

د. سارا موحسین، پەرلەمانتاری جیابووەوە لە ڕەوتی هەڵوێست، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەم پەیامێکی بەپەلەی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوکردەوە. ناوبراو ئاشکرای کرد کە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و لە ڕێگەی سەرکوتکارییەوە فشار دەکەن تاوەکو بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان نەکات.

ئەم پەرلەمانتارە وردەکارییەکی توند و تووڕەی لە پەیامەکەیدا بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە: “واتای چییە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا؟”. ئاماژەی بەوەش کردووە کە براکەی لەژێر فشاری ئەو هێزەدا تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە: “نەکەی بەشداری بکەی، ژیانم لە مەترسیدایە”، و دواتر مۆبایلەکەیان لێ سەندووە.

 

ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لەو ڕەفتارانە گرتووە و دەڵێت: “ئەمە چ هەڵسوکەوت و ویژدانێکە بۆ حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی؟”. هۆشداریش دەدات کە هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکی تریدا دەژی و ئەگەر “یەک تاڵە مووی سەری براکەی ئازاری پێ بگات”، بێدەنگ نابێت و ڕووبەڕووی دادگای عێراق و نێودەوڵەتییان دەکاتەوە.

 

د. سارا ڕوونیکردووەتەوە کە ئەو تا کاتی نووسینی پەیامەکەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بەشداریکردن یان نەکردن نەداوە، بەڵام جەختی کردووەتەوە: “ئەگەر بڕیاریش بێت بەشدار بم، بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە و نابمە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی”.

ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاندووە کە هاوپەیمانی ئەو تەنها لەگەڵ مافەکانی گەل و بەرژەوەندی گشتیدایە، نەک حیزب و دەسەڵات؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنها لەبەردەم خوا، گەل و خێزانەکەیدا بەرپرسیارە و لە هەموو کەس و لایەنێکی تر بێمنەتە.

د. سارا هاواری ئاراستەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کونسوڵخانەکان کردووە کە بێنە سەر خەت، “چونکە دیموکراسی و ئازادی ڕا دەربڕین لە سلێمانی لەژێر هەڕەشە و مەترسییەکی گەورەدایە”.

 

ئەم پێشهاتە مەترسیدارە، دۆخی پەرلەمانی کوردستان و ململانێی نێوان جەمسەرە سیاسییەکانی گەیاندووەتە قۆناغێکی توندوتیژی و نائارامی، کە تێیدا فشاری ئەمنی دەخرێتە سەر پەرلەمانتارانی سەربەخۆ بۆ دیاریکردنی هێڵی سیاسی خۆیان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button