هه‌واڵ

فراکسیۆنی پارتی: تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕێنمایی جێبەجێکردنی بودجەی دەرنەکردووە

زێدپرێس

 

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێت، تا وەزارەتی دارایی عێراق ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەرنەکات، بودجەکە ناکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەوەش شایستەکانی هەرێم خەرج ناکرێت.

 

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە زاری مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گواستییەوە، دوای پەسەندکردنی بودجە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سەرۆکایەتی کۆماریش پەسەندی کرد و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا، ئەوانیش بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراقیان ناردووە بۆ دەرکردنی ڕێنمایی و جێبەجێکردنی بودجە، تا ئێستا وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەرنەکردووە بۆ ئەوەی بودجەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەفتەی ڕابردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دانیشتن و گفتوگۆ لەسەر زۆر پرس و بابەت کرا، لەوانە ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، وەک قەرەنی دەڵێ “بڕیاربوو ئەم هەفتەیە شاندەکەی هەرێم جارێکی دیکە بێتەوە بەغدا، بەڵام بەهۆی دەرنەکردنی ڕێنماییەکانی بودجە شاندەکە نەهاتە بەغدا، بڕیارە دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان ڕێککەوتنەکەش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت”.

جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، بە پێویستی دەزانێت، بەزووترین کات ڕێنمایی دەربچێت بۆ ئەوەی بودجە خەرج بکرێت و دەڵێ “دواکەوتنی خەرجکردنی بودجە لەلایەن وەزارەتی دارایی کارێکی باش نییە بۆ هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە تا ڕێنمایی دەرنەچێت بودجەکە بۆ وەزارەتەکان ناچێت تا خەرج بکرێت”.

قەرەنی باسی لەوەش کرد، “حکوومەتی عێراق لەپێناو سەقامگیری عێراق لە هەموو ڕوویەکەوە، پێویستە هیچ گرفتێکی لەگەڵ هەرێم نەبێت، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە سەقامگیری عێراق و پێویستە هەموو مافەکانی پێبدرێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دوای دەرچوونی ڕێنماییەکان پشکی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە بکرێت”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...