بەپێچەوانەی ساڵانی پێشوو، کە بە دیکتاتۆریەتی سەربازی دەناسرێتەوە، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دیاردەیەکی تەواو نوێ دەبێتەوە، کە دیکتاتۆریەتی دادوەرییە لە عێراقدا. ئەوە زیادەڕۆییە لە بەکارهێنانی دەسەڵات و بە ئامرازکردنی سیاسییانەی دەسەڵاتی دادوەری. خراپ بەکارهێنان و بەکارهێنانی سیاسی دەسەڵاتی دادوەری، قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراقی دوای ٢٠٠٣ دروستکردووە. لەکاتێکدا دادگەکان لەڕێگەی بەزاندنی سنوورەکانی دەسەڵاتی یاسادانانەوە، بەشداری لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر پرس و بابەتە سیاسییەکان دەکەن. لەکۆتاییدا، سەرکوتکردنی نەیارە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە بەڕێوەدەچێت.
دیکتاتۆریەتی دادوەری چییە؟
دیکتاتۆریەتی دادوەری، بریتییە لە خراپ بەکارهێنان و بە ئامرازکردنی سیاسییانەی دەسەڵاتی دادوەری. لەکاتێکدا دادوەران دەسەڵاتەکانیان فرەوان دەکەن و خۆیان لە پێگەی یاساداناندا دەبیننەوە؛ بەسادەیی ئەرکی یاسادانان لە نوێنەرانی شەرعی و هەڵبژێردراو دەستێننەوە و دەسەڵاتی یاسادانان قۆرخ دەکەن. ئەوان، ئیمتیازاتی پێگەی دادوەری بۆ چالاکی سیاسی بەکاردەهێنن و ئەجێندای ئایدیۆلۆژیی خۆیان بەسەر کۆمەڵگە دەسەپێنن؛ لەڕێگەی دەرکردنی کۆمەڵێک یاسا و بڕیار، کە زۆرجار دژ بە دەستوور دەوەستنەوە.
بە گەڕانەوە بۆ میسا دۆرکۆڤیچ توێژەر و بەڕێوەبەری پەیمانگای توێژینەوەی ئەوروپی، دیکتاتۆریەتی دادوەری کاتێک سەرهەڵدەدات، کە دادگاکان لە پارێزەری دیموکراسی و سەروەری یاساوە، دەبن بە ئامرازی سیاسی بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە پێچەوانەوەی ویستی خەڵکەوە.
لەپاڵ دیکتاتۆریەتی دادوەری، ناوی هاوشێوە هەن: ئۆلیگارشی دادوەری، چالاکیی دادوەری، داوەریکردنی سیاسەت و چەندانی دی. هەموو ئەوانە، مەترسییەک لە پرسی دەسەڵاتی دادوەری و ڕۆڵی دادگەی باڵا لە سیستەمە فیدڕاڵییەکاندا پیشان دەدەن.
ئەوکاتەیش کە دادوەرانی دادگەی باڵا، دەسەڵاتەکانیان فرەوانتر دەکەن لەوەی دەستوور دیاریکردووە، هیچ کەس و لایەنێک نییە بتوانێت کۆنترۆڵیان بکات. لەکاتێکدا بڕیارەکانیان بڕیاری بنبڕ و یەکلاکەرەوە، بەو شێوەیە، تەنیا کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەری و دادگای باڵا، بەسە بۆ یەکلاکردنەوەی زۆر بابەتی مشتومڕهەڵگر و شکاندنەوەی بەلایەکدا. لەو قۆناغەدا، دادوەرەکان ڕۆڵی سەرکردە سیاسییەکان دەبینن و زۆرجاریش بنەما دەستوورییەکانی دابەشکردنی دەسەڵات پێشێل دەکەن.
نەخۆشی ئەمریکی
ڕۆبێرت بۆرک دادوەری ناسراوی ئەمریکی و یەکێک لەوانەی بەشی زۆری تەمەنی لە دژایەتی دیکتاتۆریەتی دادوەری تەرخانکرد، دەستەواژەی “نەخۆشی ئەمریکی” بۆ گوزارشتکردن لەو دیاردەیە بەکارهێنا. زیاتر لەو ڕوانگەیەوە، کە ئەزموونی دادگەی باڵا لە بنەڕەتدا لە ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت. بە سیاسییکردنی پیشەی یاسایی و دادوەری لە ئەمریکا، جێی نیگەرانی بۆرک بوو. ئەو، هەستی بەو مەترسییە جدییە دەکرد، کە چۆن سیاسەت دەسەڵاتی دادوەری دەپوکێنێتەوە و بە ئامرازی دەکات.
دادگەی باڵا، وەک یەکێک لە کێشە جددییەکانی سیستەمی حوکمڕانی ئەمریکا سەیردەکرێت. بەهۆی پەلهاوێشتن و سنووربەزاندنی دادوەران و زۆرجار سەپاندنی کۆمەڵێک بڕیار، بە پێچەوانەی ویستی زۆرینە، یان دژ بە نەریت و بەها جێگیرەکانی کۆمەڵگەی ئەمریکایی. چەمکی دیکتاتۆریەتی دادوەرییش، لە ناوەڕاستی نەوەدەکانەوە، هەر لە ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت؛ بۆ گوزارشتکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و بە ئامرازکردنی سیاسییانەی دەسەڵاتی دادوەری.
کەم نین لە شرۆڤەکارە ئەمریکییانەی دەڵێن، دادگەی باڵای فیدڕاڵی زۆر لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ژیان و چارەنووسمان کەوتووەتە دەست سێ لیبراڵ و شەش کۆنەپارێزەوە
لەلایەن هەندێک لە توێژەرانەوە، دادگەی باڵای ئەمریکا وەک دادگەیەکی مەزهەبی تۆمەتبار دەکرێت، بەهۆی پێکهاتەکەیەوە؛ شەش دادوەری کاسۆلیک و سێ ئەندامی جوو، ئەوان بە چەپ و لیبڕاڵی توندڕۆ دادەنرێن. کەم نین لە شرۆڤەکارە ئەمریکییانەی دەڵێن، دادگەی باڵای فیدڕاڵی زۆر لە کۆنترۆڵ دەرچووە و ژیان و چارەنووسمان کەوتووەتە دەست سێ لیبراڵ و شەش کۆنەپارێزەوە، وەک ئاماژەیەک بە پێکهاتەی دادگەکە و دەسەڵاتە ڕەهاکانی.
لەلایەن چەند تیۆرڤانەوە، هەر لە سەرەتاوە، پێداچوونەوەکانی دادگە بە یاسا و بڕیارەکان، بە نادەستووری پێناسەکراوە. لەبەرئەوەی هیچ دەسەڵاتێکی دی لەسەرووی ئەوانەوە نییە کۆنترۆڵیان بکات؛ هیچ دەسەڵاتێک نییە بۆ دوورخستنەوەیان و ناشتوانرێت بە یاساکانی دەسەڵاتی یاسادانان کۆنتڕۆڵ بکرێن. وەک دۆرکۆڤیچ دەیگوت، ئەوان سەربەخۆن لە خەڵک و لە دەسەڵاتی یاسادانان و لە هەر دەسەڵاتێکی دیکەی سەر زەوی.
ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتی دادگەی باڵا، یان دەزگەی پێداچوونەوەی دەستووری، شەرعیەتی دیموکراسی نییە، بەسادەیی لەبەرئەوەی ئەوان هەڵبژێردراوی خەڵک نین و خاوەن دەسەڵاتی ڕەهان.
ئەو دەسەڵاتە ڕەهایەی دادوەران، لە دەرەوەی هەرە جۆرە لێپرسینەوە و چاودێرییەک، بەخۆی کێشەیەکی جدییە. زیاتر لەوەیش، ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتی دادگەی باڵا، یان دەزگەی پێداچوونەوەی دەستووری، شەرعیەتی دیموکراسی نییە، بەسادەیی لەبەرئەوەی ئەوان هەڵبژێردراوی خەڵک نین و خاوەن دەسەڵاتی ڕەهان.
جارێک شرۆڤەکارێکی ئەمریکی، دادوەرانی دادگەی باڵای وڵاتەکەی، بە “ئایەتوڵاکانی ئەمریکا” ناوبرد. ئەو گوتی، هەردوو دادوەرانی باڵای ئەمریکا و ئایەتوڵاکانی ئێران پراکتیزەی دەسەڵاتێکی نامەشروع و دژەدیموکراسی دەکەن. تەنیا جیاوازییەکیان هەیە؛ ئاخوندەکانی ئێران بەرگری لە بەها کۆنەپارێزەکان دەکەن و “ئایەتوڵاکانی ئەمریکا” ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵ دەسەپێنن. لەکاتێکدا هەردووکیان دژەدیموکراسی، دژەزۆرینەن و لەکۆتاییدا شتێک دەسەپێنن کە لەگەڵ ویستی گەل نایەتەوە. ئەو جیاوازییە، لە نێوان دادوەرانی دادگەی باڵای عێراق و ئایەتوڵاکانی ئێراندا نییە، هەر کامیان لەبەردەم ئاوێنەدا بوەستن، کتومت ڕووخساری ئەویدی دەبینن.
بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە
تا سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوو، تەنیا لە دوو وڵاتی جیهان: ئەمریکا و نەرویج، دادگەکان مافی ئەوەیان هەبوو یاسا نیشتمانییەکان بە نادەستووری بناسێنن، بەڵام ئەوڕۆ ژمارەکە زۆر بەرزبووەتەوە. دیاردەکە بە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکای لاتین، پاشان ئیسرائیل و لێرەشدا لە عێراق بەزەقی دەردەکەوێتەوە.
لە بنەڕەتدا، مۆدێلی دادگەی باڵا لە ئەمریکاوە سەرچاوە دەگرێت. وەک دۆرکۆڤیچ پێداگیری لەسەر دەکات، کێشەکە لەوەدایە، کە ئەو نەخۆشییە ئەمریکییە، خەریکە بە ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا بڵاودەبێتەوە. ئەمەش هێواش هێواش برایەتییەکی ئایدیۆلۆژی و پیشەیی لە نێوان ئۆلیگارشی دادوەری جیهانیدا دروست دەکات، کە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵ، دەست بە جێبەجێکردنی مۆدێلێکی دژە دیموکراسی دەکات.
هاوشێوەی ئەمریکا، لە ئیسرائیلیش دیاردەی دیکتاتۆریەتی دادوەری، ڕووبەڕووی ڕەخنەی جددی دەکرێتەوە. نووسەرێکی وەک “کینێس لیڤین” پێداگیری دەکرد، هیچ شتێک لە دامەزراوە حکومڕانییەکانی ئیسرائیل، هێندەی توخمەکانی “دیکتاتۆریەتی دادوەری” هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر دەوڵەت نییە.
دادگەی باڵا بە دەسەڵاتە ڕەهاکانی دەناسرێتەوە. دەسەڵاتێک کە هیچ چاودێرییەکی بەسەرەوە نییە، هیچ کەس و دامەزراوەیەک ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات. بڕیارەکانیان یەکلاکەرەوە و شایانی تانەلێدان نین
دادگەی فیدڕاڵی عێراق، لەڕووی ژمارەی ئەندامان و چۆنیەتی دامەزراندنیانەوە، هەمان پێکهاتەی دادگەی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیلی هەیە. نۆ ئەندام هەن بە سەرۆک و جێگرەوە. لە سیستەمی ئەمریکی و فیدڕاڵییە هاوردەکراوەکەی عێراقیشدا، دادگەی باڵا بە دەسەڵاتە ڕەهاکانی دەناسرێتەوە. دەسەڵاتێک کە هیچ چاودێرییەکی بەسەرەوە نییە، هیچ کەس و دامەزراوەیەک ناتوانێت لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکات. بڕیارەکانیان یەکلاکەرەوە و شایانی تانەلێدان نین، ئیتر دەستوورین یان نا، ئەوان خۆیان خاوەنی قسەی کۆتایین.
هەندێک لە توێژەرانی وەک دۆرکۆڤیچ، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، مۆدێلی دادگە باڵاکان، زەمینەیەکی تەواو بۆ دەستێوەردانی سیاسی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەڕەخسێنن. پێداگیرییەکەیان ڕێکوڕاست پێوەستە بە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە سیاسەتی وڵاتان، بەڕێگەی دروستکردنی کاریگەری لەسەر دادوەرانی دادگەی باڵا لەناوخۆی ئەو وڵاتانەدا و لە ئەنجامدا دوورخستنەوەی ئەو پارت و سەرکردانەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نایەنەوە.
ئەو، ڕوونی دەکاتەوە، کاتێک ئەمریکا دەستێوەردان لە پرۆسەی سیاسی، هەڵبژاردن و پرۆسەکانی دیکەدا دەکات، ئەوا ڕێگەکان دەدۆزێتەوە بۆ شێواندنی ڕەوتی ئاسایی و ئاڕاستەکردنی بڕیاردانی سیاسی بەرەو بەرژەوەندی خۆیان. لێرەوە گرنگی دیاردەی دیکتاتۆریەتی دادوەری دەردەکەوێت، چونکە لەڕێگەی فۆڕم و چەمکەکانی ڕێزگرتن لە یاسا، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ دەگوزەرێت، یان بەرەنگاربوونەوەی شێواندنی پڕۆسەی سیاسی، ئەگەری بڕیاردانی دیموکراسییانەی هاووڵاتیان و بەو شێوەیەش بەناوی پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان کاردەکات.
ئەمریکا دادگە و دادوەران وەک پەپژەیەک بۆ شکستپێهێنانی ئەو حکوومەت و سەرکردانە بەکاردێنێت، کە هەوڵدەدەن بەرگری لە سەروەری گەلەکەیان بکەن.
پوختەی ئەنجامگیرییەکانی ئەوەیە، ئەمریکا لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا مۆدێلێکی نوێی دەسەڵاتی ئامادە کردووە و هانیداوە لە شێوەی دیکتاتۆریەتی دادوەری، کە لە ڕێگەی بریکارەکانییەوە، لە ساڵی ٢٠١٥ەوە بە چڕی پشتگیری چالاکییەکانیان بەتایبەت لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکات. دادگە و دادوەران وەک پەپژەیەک بۆ شکستپێهێنانی ئەو حکوومەت و سەرکردانە بەکاردێنێت، کە هەوڵدەدەن بەرگری لە سەروەری گەلەکەیان بکەن.
نموونەکانی دیکتاتۆریەتی دادوەری
دۆرکۆڤیچ، لەو توێژینەوەیەی ساڵی ٢٠٢١ بڵاویکردەوە، هەڵوەستە لەسەر زنجیرەیەک لە بڕیار و دەستێوەردانەکانی دادگەکانی باڵا بەتایبەت لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین دەکات. وەک بڕیاری دادگەی باڵا لە دۆسیەی مانوێل زێلایا لە هندۆراس، فێرناندۆ لوگۆ لە پاراگوای، لولا دا سیلڤا و دیلما ڕۆسێف لە بەڕازیل، نێستۆر کیرشنەر لە ئەرجەنتین، لەپاڵ سەرەڕۆییەکانی دادگەی باڵا لە کۆڵۆمبیا و لە کۆتایشدا، دوورخستنەوە و ڕاوەدوونانی ڕافایل کۆریا لە ئیکوادۆر. لە هەموو ئەو دۆسیانەدا، لەلایەن دادگەی باڵاوە، ئەو سەرکردانە کراونەتە ئامانج کە هەوڵی پێشخستنی وڵات و کۆمەڵگەکانی خۆیان داوە، لەڕێگەی بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، کەمکردنەوەی ڕێژەی هەژاری و چاکسازی کۆمەڵایەتی و ئابووری. لە ئەنجامدا، سەرکردەکان بە بڕیاری دادگەی باڵا و پاش تێوەگلاندنیان لە دۆسیەی گوماناوی گەندەڵی و نایاسایی، لە پۆستەکانیان و لە بەشداری سیاسی دوورخراونەتەوە.
لەناویاندا، زێلایا دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا، دەستی بە شەپۆڵێکی چاکسازی کۆمەڵایەتی و یاسایی کرد، وەک هێنانەکایەی خوێندنی بێبەرانبەر بۆ هەموو منداڵان، کەمکردنەوەی ڕێژەی سوود، زیادکردنی کەمترین مووچە بە ڕێژەی ٨٠٪، کەمکردنەوەی هەژاری بە ڕێژەی ١٠٪ و چەندانی دی. زێلایا بۆ ئەوەی دەسەڵاتی زیاتر لە سیاسەتی ناوخۆدا بەدەست بێنێت، هەوڵی گۆڕینی دەستووری دا و هەوڵیدا بۆ ئەو مەبەستە ڕیفراندۆم ئەنجام بدات. دادگەی باڵا سەرەتا ڕیفراندۆمەکەی قەدەغە کرد، پاشان بڕیاریدا زێلایا دەستگیربکرێت. لە کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٠٩دا، دادگە فەرمانێکی دەرکرد کە سەرۆکی شەرعی و هەڵبژێردراو دەستگیربکرێت و دواتر لە وڵات دەربکرێت. هەرچەندە ئۆباما بەناو ئیدانەی کودەتاکەی کرد، بەڵام دواتر ئیمەیڵەکانی هیلاری کلینتۆن ئاشکرابوون، وەک زێلایا خۆی بانگەشەی دەکرد، دەریانخست کە ئیدارەی ئەمریکا زۆر ئارەزووی گۆڕینی دەسەڵاتی هەبووە. پاش ئەوەی زێلایا دوورخرایەوە بۆ کۆستاریکا.
فێرناندۆ لوگۆ لە پاراگوای، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٨دا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دەستپێکرد، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هەژاران؛ دروستکردنی شوقەی هەرزان، چارەسەری بێبەرانبەر بۆ هەژاران و زیادکردنی هاوکاری کۆمەڵایەتی. دوای چوار ساڵ، پەرلەمان دەستیپێکرد بە ڕێکاری لێپێچینەوە لە پۆستەکەی. دوای دەنگدانەکە، دادگەی باڵای پاراگوای بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی یاساییبوونی دانیشتنە گوماناوییەکانی پشتڕاستکردەوە و لوگۆ لە دەسەڵات دوورخرایەوە. بەڵام لە تەلەگرامەکانی ویکیلیکس دەرکەوت، کە هەر لە ئازاری ٢٠٠٩دا باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە پاراگوای، ئاگاداری تەواوی ئەو سیناریۆیە بووە، کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی ئۆپۆزسیۆنەوە دەستیپێکردووە.
ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و شرۆڤەکاران جەختیان لەوە کردەوە، کە پڕۆسەی ڕووخانی دیلما ڕۆسێف، لە ئەمریکا دیزاین و داڕێژراوە
دوو نمونەی دیکەی بەرجەستەبوونەوەی دیکتاتۆریەتی دادوەری، چارەنووسی هەریەک لە لولا دا سیلڤا سەرۆکی بەڕازیل و ڕافایل کۆریا سەرۆکی ئیکوادۆر دەستنیشان دەکەن. لولا دا سیلڤا کۆمەڵێک بەرنامەی جێبەجێکرد، کە بەشێوەیەکی ڕیشەیی هەژارییان لەناوبرد، لە هەمانکاتدا، سیستەمێکی دروستکرد کە وەبەرهێنانی گەورەی بیانی بۆ خۆی ڕاکێشا و پێشکەوتنی گەورەی ئابووری تۆمارکرد. بەڕازیل لە دە گەورەترین ئابووری جیهان بوو، هێواش هێواش بوو بە سەرکردەیەکی گرنگی ناوچەیی. لە ٢٠١١دا لولا تووشی شێرپەنجەی قوڕگ بوو، بۆیە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا پاڵپشتی لە دیلما ڕۆسێف کرد، کە لە ٢٠١٥دا هاتە دەسەڵاتەوە. لە ٣١ی ئابی ٢٠١٦دا، دوای ساڵ و نیوێک، دەست بە لێپێچینەوە لە پۆستەکەی کرا. ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان و شرۆڤەکاران جەختیان لەوە کردەوە، کە پڕۆسەی ڕووخانی دیلما ڕۆسێف، لە ئەمریکا دیزاین و داڕێژراوە.
بەم شێوەیە لە ماوەی ٢٠١٤-٢٠١٨، دەسەڵاتی دادوەری بەڕازیل ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە ڕووخاندنی پارتی کرێکاران و سەرکردەکانی، کە بریتی بوو لە قەدەغەکردنی فەرمی سیاسەت و دواجار سزادانی لولا دا سیلڤا وەک سەرۆکی پارتەکە بە زیندانیکردن بۆ ماوەی درێژخایەن.
لە کۆتاییدا دۆسیەی ڕافایل کۆریا و ئیکوادۆر هەیە. ڕافایل، لە ساڵی ٢٠٠٦ بووە سەرۆک و خەباتی بۆ دەرکردنی دامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتەکە دەستپێکرد. بەرەنگاری قەرزدەرە بیانییەکان بووەوە، تەرخانکراوەکانی بۆ پەروەردە، تەندروستی و سیاسەتی کۆمەڵایەتی زیادکرد، شەڕی کەمکردنەوەی هەژاری و کەمکردنەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی کرد. کۆریا لە ماوەی دە ساڵی دەسەڵاتەکەی، لە هەموو ئەو بوارانەدا ئەنجامێکی باشی هەبوو، لەگەڵ گەشەی ئابووری بە ڕێژەی ١.٥٪. واژۆکردنی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی لەگەڵ ئەمریکا ڕەتکردەوە. لە ساڵی ٢٠١٦ کۆریا بڕیاریدا خۆی بۆ خولێکی دی کاندید نەکات. پاڵپشتی لینین مۆرێنۆی کرد، بەڵام ئەم سەرۆکە نوێیە لەگەڵ دادوەرەکان، بەئاڕاستەی نەیارانی کۆریا هەنگاوی هەڵگرت و لە ٤ی شوباتی ٢٠١٨ ڕیفراندۆمێکی مێژوویی ڕێکخست، دەنگدەران دەنگیان بە قەدەغەکردنی خۆکاندیدکردن بۆ زیاتر لە دوو خول دا، ئەمەش ڕێگری لە کۆریا کرد لە گەڕانەوە بۆ دەسەڵات لە هەر کاتێکدا. دوا گورزی دادوەرەکانی دادگای باڵای ئیکوادۆر لە حوزەیرانی ٢٠١٨ وەشێنرا، کاتێک کۆریایان تۆمەتبار کرد بەوەی دەستی هەبووە لە ڕفاندنی پارێزەرێکی ئۆپۆزسیۆن لە ساڵی ٢٠١٢دا. لە ٣ی تەمموزدا فەرمانی دەستگیرکردنی دەرکرا. کۆریا، ئێستا پەنابەرێکی سیاسییە و لە بەلجیکا دەژی.
کۆریا دووپاتی کردووەتەوە، کە نەیاران ناتوانن لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە شکست بە سیاسەتەکەی بهێنن، بۆیە دەسەڵاتی دادوەرییان بەکارهێنا
خودی کۆریا دووپاتی کردووەتەوە، کە نەیاران ناتوانن لە ڕێگەی پرۆسەی دیموکراسییەوە شکست بە سیاسەتەکەی بهێنن، بۆیە دەسەڵاتی دادوەرییان بەکارهێنا. پشتگیرییەکی زۆری لەلایەن سەرکردەکانی دیکەی ئەمریکای لاتین لێکرا، هاوکات، لولا دا سیلڤا لە زیندانەوە نامەیەکی بۆ نارد و گوتی: “بیستم کە تۆش بوویتە قوربانی بە سیاسیکردنی دەسەڵاتی دادوەری، کە بەهۆیەوە هەندێک دادوەری دیاریکراو، دەیانەوێت لە سیاسەت دوورمانبخەنەوە، ئەوان مافی بڕیاردانی چارەنووس لە گەلەکەمان دەسێنن، ئێوە هاودەنگی تەواوتان هەیە و دڵنیام کە ئێمە چێژ لە سەرکەوتنی تەواوەتی دادپەروەری وەردەگرین و دەرفەت بۆ گەلانمان دەبێت”.
گواستنەوەی نەخۆشییەکە بۆ عێراق
پاش داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی؛ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و داڕشتنی دەستووری هەمیشەیی، عێراق نەبووە ئەو وڵاتەی کە لانیکەم کوردەکان خەونیان پێوەدەبینی. دەستەواژەی “عێراقی نوێ”یش بەزوویی کۆن بوو. کوردەکان پێیان وا بوو بە بەشداریکردن لە داڕشتنەوەی دەستوورێکی نوێ و جێگیرکردنی مافەکانیان لە دەستووردا، دەتوانن گرەنتی دیاریکردنی چارەنووسیان بکەن. دەسەڵاتدارانی عێراق، زۆر زوو لە ناوەڕۆکی دەستوورەکە پاشگەزبوونەوە. هەر لە چەند مانگێکی دوای پیادەکردنی لە ٢٠٠٦دا، یەکەمین پڕۆژەی هەموارکردنەوەی دەستوور بەرزکرایەوە. هەوڵەکە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ویستەکە وەک خۆی مایەوە.
لایەنە بەشدارەکانی پڕۆسەی سیاسی عێراقی دوای ٢٠٠٣ و بەتایبەت لە نووسینەوەی دەستووردا، ڕەزامەندبوون لەسەر هەبوونی دەزگایەکی چاودێری و پێداچوونەوەی دەستووریی، کە خۆی لە دادگەی باڵای فیدڕاڵیدا دەبینێتەوە. هەبوونی دادگەی باڵا لە وڵاتانی فیدڕاڵیدا، باوەڕبوونە بە هەبوونی لایەنێک/دامەزراوەیەک کە ئەرکی چاودێری و پێداچوونەوەی دەستووریی هەیە، چاودێری یاسا و بڕیارەکان و پێداچوونەوەیان بەگوێرەی ناوەڕۆکی دەستووری وڵاتەکە.
لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، شیعەکان پێداگرییان لەسەر ئەنجوومەنی دەستووری دەکرد، لەشێوەی ئەنجوومەنی ئایەتوڵاکانی ئێران
دادگەکە دەیتوانی ئەمریکا و ئێرانیش کۆبکاتەوە، مۆدێلەکە لە بنەڕەتدا ئەمریکی و بەڵام هاوشێوەی مۆدێلی پێڕۆکراوی ئێرانیش بوو. لەدوای ٢٠٠٣ەوە، پڕۆسەی سیاسی عێراق دەکەوتە دەست شیعەکانەوە، برایەتییەکی مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی لە نێوان دەسەڵاتدارانی عێراق و ئێران دەستپێدەکات. لە کاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، شیعەکان پێداگرییان لەسەر ئەنجوومەنی دەستووری دەکرد، لەشێوەی ئەنجوومەنی ئایەتوڵاکانی ئێران. ئەرکی ئەنجوومەنەکە بریتی بوو لە پشکنینی پێشوەختەی یاسا و بڕیارەکان بەگوێرەی مادەی دووەمی دەستووری هەمیشەیی کە جەخت لە بنەما جیگیرەکانی ئیسلام دەکاتەوە. هەروا دەیانویست ئەنجوومەنەکە، کە دواجار بە پێکهێنانی دادگەی باڵا گۆڕا، لە دادوەران و پیاوانی ئاینی پێکبهێنرێت. جێگیرکردنی پیاوە ئاینییەکان لە دادگەی باڵادا مشتومڕهەڵگر بوو، شیعەکان دەیانویست پیاوانی ئاینی وەک ئەندامی ڕەسەنی دادگەی باڵا ڕۆڵ بگێڕن، نەک وەک ڕاوێژکاری ئاینی لە دەوری ئەندامانی ڕەسەنی دادگەکەدا. ئەوان، باش لەوە تێگەیشتبوون بە تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی دادگەی باڵا، بەسە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات، کاتێک دوایین قسە، لە دادگەی باڵاوە دەکرێت.
دادگەکە لە نۆ ئەندام پێکدێت، تەنیا دووانیان هیی هەرێمی کوردستانن، شیعەکان زیاتر لە نیوە پێکدێنن. بڕیار بە زۆرینە دەدرێت و لەو بارەدا، ئەو ئەندامانەی لە کوردستانەوە دەچن، ناتوانن کاریگەرییەک دروست بکەن.
سیستەمی سیاسی عێراق لە بازنەی سیستەمە دووڕەگەکانە، دیموکراسییەکی نیوەچڵ و ڕژێمێکی پاوانخواز. فیدڕاڵییەکەیشی، لە سەرەتاوە، بە مردوویی لەدایکبووە، تەنیا هەرێمێک (هەرێمی کوردستان) لە دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا، وەک باڵندەیەک بە تەنیا باڵێک.
هەرچەند لە عێراق نە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و نە دادگەی باڵایش بەو جۆرەی دەستوور بانگەشەی بۆ دەکات، دانەمەزراون، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و دادگە باڵاکە، لە بەرژەوەندی کوردستان بێت، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک پارێزگەیەکی عێراق حیساب بکرێت و مافی ڤیتۆیشی نەبێت. ئەوە دابەزاندنێکە لە پێگەی کوردستان بۆ ئاستی پارێزگەیەک.
دادگەی باڵا کە بەنادەستووریی پێکهاتووە، جێگەی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی گرتووەتەوە و سنووری دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەبەزێنێت
عێراق هەرچەند لە دەستوورەکەیدا، وڵاتێکی دووئەنجوومەنییە(ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی)، بەڵام لە واقیعیدا تاک ئەنجوومەنە. دادگەی باڵا کە بەنادەستووریی پێکهاتووە، جێگەی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی گرتووەتەوە و سنووری دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەبەزێنێت.
بە پێچەوانەی نەریتی سیستەمە دووئەنجوومەنییەکانەوە، دەستووری عێراق هەر لە بنەڕەتدا پێشخەری بە ئەنجوومەنی نوێنەران بەسەر ئەنجوومەنی باڵای فیدڕاڵی دەدات. لەکاتێکدا پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و دەسەڵاتەکانی، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە. دەستووری عێراق، پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی بە یاسایەکی ئاسایی بە ئەنجوومەنی نوێنەران سپاردووە. بەوەش لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی وەک بەشێک لە دەسەڵاتی یاسادانان کەمکراوەتەوە و تای تەرازووەکە بەلای بەشەکەی دیکەی دەسەڵاتی یاساداناندا شکێنراوەتەوە. لەکاتێکدا ئەنجوومەنی باڵا، گرەنتی ماف و ویستی هەرێمەکان لە بەرانبەر دەسەڵاتی فیدڕاڵی دەکات، بەڵام بەو جۆرەی لە عێراق هەیە، ناتوانێت دڵنیایی لە بەرقەرارکردنی سیستەمێکی فیدڕاڵی بدات و دوای پێکهێنانیش، هەر بە دەسەڵاتێکی لاوازەوە دەمێنێتەوە.
دادگەی بووکەڵەکان
بەگوێرەی دەستوور و یاساکان، نابێت دادوەران گرێدراوی سیاسییان هەبێت و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بەتەواوەتی پارێزراوە، بەڵام ئەوە زۆر جیاوازە لەوەی لە واقیعدا دەگوزەرێت. ڕەنگە بەدەگمەن دادوەرێک لە عێراق بدۆزرێتەوە، گرێدراوی سیاسی نەبێت. هێزە باڵادەستەکان کە خاوەنی میلیشیان لەژێرەوە کۆنترۆڵی سەرجەم دامەزراوە و جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتیان کردووە، لەناویاندا پۆستە دادوەرییەکان لە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگەکان، بە دادگەی باڵایشەوە، کە ئەندامەکانی، لە پێگە دادگەییەکانەوە دێن.
دادوەرانی دادگەی باڵا، هەر بەناو سەربەخۆن، لە واقیعدا بووکەڵەیەکن بەدەست حزبە حوکمڕان و میلیشیاکانەوە. ئەرکی ئەو بووکەڵە دادوەرییانە، تەنیا پەسندکردنی بڕیارێکە، کە پێشتر لە مەتبەخی سیاسی و میلیشیاکان ئامادەکراوە. بڕیارەکە لە شوێنێکی دی دراوە و دادگەی باڵا تەنیا بەرگێکی یاسایی لەبەردەکات.
ئەو بانگەشەیە، مانای ئەوە نییە کە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و بەدیاریکراوی دەسەڵاتی ڕەهای دادوەرانی دادگەی باڵا، هەموو کات باش بێت، دەشێت خراپ بێت.
سەربەخۆیی دادوەری، یارمەتی دادوەرێکی گەندەڵ دەدات کە هەست بە ئازادی و دەستکراوەیی بکات لە ئەنجامدانی کارێکی هەڵە، بەبێ ئەوەی ترسی لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەبێت
ساڵی ٢٠١٥، دەیڤید پیمێنتێل پڕۆفیسۆری یاسا لە زانکۆی ئایداهۆ، لە وتارێکدا لەمەڕ سەربەخۆیی دادوەری لە عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی بەپێزی دا. ئەو گوتی، سەربەخۆیی دادوەری، یارمەتی دادوەرێکی گەندەڵ دەدات کە هەست بە ئازادی و دەستکراوەیی بکات لە ئەنجامدانی کارێکی هەڵە، بەبێ ئەوەی ترسی لە دەرئەنجامە نەرێنییەکانی هەبێت. بۆیە سەربەخۆیی دادوەری لە تەنیا حاڵەتێکدا فەزیلەتێکە، کە دادگەکان لە بنەڕەتدا دادپەروەر و بێلایەن و کارابن. سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری تەنیا لە حاڵەتێکدا شتێکی باشە، کە دادگەکان شایستەی متمانەی خەڵک بن؛ ئەگەرنا سەروەری یاسا دەشێوێنن نەک پیادەی بکەن.
ئەگەر مادەی دووەم بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە داوای پابەندێتی دادوەری بکات بۆ فەتواکان، ئەوا هەر کەسێک دەسەڵاتی دەرکردنی فەتوای هەبێت، دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی دەرئەنجامەکان لە دۆسیە دادوەرییەکاندا
ئەو، پێداگیری لەسەر ئەوە دەکرد، دەستووری عێراقی، بە سروشتی خۆی، دەرگەی دەستێوەردان لە دەسەڵاتی دادوەری، بۆ سەرکردە ئاینییەکان یان دەسەڵاتداران کردووەتەوە. ئەوەش پێوەستە بە گرنگیدانی دەستوورەکە بە بنەما جێگیرەکانی ئیسلامەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، کە دادگەکان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسانەدا دەکەن و دەبێت پشت بە کێ ببەستن بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو پرسیارانەی کە بنەماکانی ئیسلام چین؟ ئەوە دەیانکاتەوە بەڕووی کاریگەرییە دەرەکییەکاندا و دەشێت سازشێکی جددی لەسەر سەربەخۆیی خۆیان بکەن. بەنموونە ئەگەر مادەی دووەم بەو شێوەیە لێکبدرێتەوە کە داوای پابەندێتی دادوەری بکات بۆ فەتواکان، ئەوا هەر کەسێک دەسەڵاتی دەرکردنی فەتوای هەبێت، دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ یەکلاکردنەوەی دەرئەنجامەکان لە دۆسیە دادوەرییەکاندا.
بەرەو دیکتاتۆریەتی دادوەری
دیکتاتۆری دادوەری لە عێراق جێگرەوەی دیکتاتۆری سەربازییە. هێشتا، پێڕۆییکردن لە مۆدێلی دیکتاتۆریەتی دادوەری، مانای کۆتاییهاتن بە دیکتاتۆریەتی سەربازی نییە. لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧دا، سوپا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەستیان بەسەر کەرکووکدا گرت. داگیرکارییەکە پاش چەند ڕۆژێک لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک، لەناو بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریکا، ڕوویدا. هەرچەند هێرشەکانی حەشدی شەعبی ڕاستەوخۆیش لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران.
ئەو هێزانە لە بنەڕەتدا بە فەتوایەکی ئاینی دامەزراون و هەر بە فەتوایەکیش دەتوانن دژ بە ویستی زۆرینە یان ویستی سیاسی گرووپێک بوەستنەوە
دیکتاتۆریەتی دادوەری، بە پێچەوانەی دیکتاتۆریەتی سەربازییەوە، ڕێوشوێن، میکانیزمی ئاسان و کەم-تێچوو مسۆگەر دەکات. کاتێک دەوڵەتەکە یان هێزێک بتوانێت بەڕێگەی دیکتاتۆریەتی دادوەرییەوە، خۆی بسەپێنێت، بیر لە کێشە و دۆخەی دیکتاتۆریەتی سەربازی ناکاتەوە. بەو حاڵەیشەوە، عێراق زۆر بە خێرایی هەنگاودەنێت بۆ گەشەپێدانی نەک هێزەکانی سوپا، بەڵکوو فرەوانکردنی حەشدی شەعبی، کە شوناسێکی مەزهەبی هەیە. ئەو هێزانە لە بنەڕەتدا بە فەتوایەکی ئاینی دامەزراون و هەر بە فەتوایەکیش دەتوانن دژ بە ویستی زۆرینە یان ویستی سیاسی گرووپێک بوەستنەوە و زۆر بەتوندیش بەرپەرچی بەرهەڵستکاران بدەنەوە.
لەشکرکێشییەکانی حەشدی شەعبی لە دەستبەرسەرداگرتنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێم ڕاگیران. بەکورتی پاش ئەوەی دەستیان بەسەر نزیکەی نیوەی خاکی باشووری کوردستاندا گرت. هێشتا، ئەوە ئاستێکی سنووداربوو لە وەڵامدانەوەی ڕیفراندۆم لەلایەن عێراقەوە. گورزە گەورەکە لە ڕێگەی دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە وەشێنرا. کاتێک دادگە، بڕیاری لەسەر نادەستوورییبوونی ڕیفراندۆمەکە دەرکرد و ئەنجامەکانی هەڵوەشاندەوە، لەکاتێکدا ٩٣٪ی هاووڵاتیانی کوردستان بە بەڵێ لە ڕیفراندۆمەکەدا دەنگیان دا بوو.
دەستبەسەرداگرتن و گەمارۆدانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی سەربازییەوە، ئاسان نییە. داگیرکارییە سەربازییەکان نیگەرانی و ناڕەزایەتی قوڵ دروست دەکەن. داگیرکاری لە فۆڕمێکی توندوتیژانەدا، دەرفەتی بەرەنگاربوونەوە و هەستی بەرگری لە کۆمەڵگەی داگیرکراودا بەرزدەکاتەوە. دەسەڵاتدارێتی عێراق بە هەستکردن بەو ڕاستییە، پەلامارە سەربازییەکانی، بۆ پەلاماردانی دادوەری دەگۆڕێت. پێڕۆیی لە سیاسەتێکی نەرم دەکات، لەبری ئەوەی وەک دیکتاتۆریەت و پێشێلکردنی سەروەرییەکانی گەلی کوردستان دەربکەوێت، وەک پارێزگاری لە یاسا، دەستوور و دیموکراسیەت دەخوێنرێتەوە. ئەو سیاسەتە نەرمە، دەشێت سەرلەبەری وێنەی سەرکوتکەرەکە بگۆڕێت؛ لە دیکتاتۆریەتەوە بۆ دیموکراسیەت، لە ستەمکارییەوە بۆ دادپەروەری، لە داگیرکەرەوە بۆ فریادڕەس!
بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی بە هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم، سەرەتای هەنگاونان بوو بەرەو پێڕۆییکردن لە مۆدێلی نوێی دیکتاتۆریەت لە عێراق. هەروەک سەرەتای دەرکردنی زنجیرەیەک بڕیاری دی، بە ئاڕاستەی دروستکردنی کاریگەری لەسەر پێشهاتە سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی.
دادگەی فیدڕاڵی وردە وردە خەریکی لە چوارچێوەگرتن، سنووردارکردن و گەمارۆدانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان و بنکۆڵکردنی پێگە ئابووری، یاسایی و سیاسییەکەیەتی
لە دوای نووسینەوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق(٢٠٠٥)، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڕیفراندۆم قورستترین دەستێوەردانی دادگەی فیدڕاڵی بوو، لە پرسێکی هەستیاری سیاسیدا. لەوکاتەوە، دادگەی فیدڕاڵی وردە وردە خەریکی لە چوارچێوەگرتن، سنووردارکردن و گەمارۆدانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان و بنکۆڵکردنی پێگە ئابووری، یاسایی و سیاسییەکەیەتی.
هەرچەند، دادگەی باڵای فیدڕاڵی، نەتوانرا بەپێی دەستووری نوێی عێراق دروست بکرێت و هەر پاڵپشت بە یاسا کۆنەکەی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ قۆناغی گواستنەوە، کاری دەکرد. دوورکەوتنەوەی چەند ئەندامێکی دادگەکە، ماوەیەک کارەکانی دادگەکەی پەکخست، چونکە یاسا کۆنەکە میکانیزمێکی بۆ زیادکردنی ئەندامی نوێ و جێگرەوە دەستنیشان نەکردبوو. لایەنی کوردستانی بەگشتی ترسیان لە کاراکردنی دادگەی باڵا هەبوو، لەبەرئەوە خۆیان لێی دەبوارد، لەبەرانبەردا لایەنە عەرەبییەکان مکوڕبوون لەسەر کاراکردنەوەی دادگەکە و بەدوای دەرچەیەکدا دەگەڕان بۆ دەربازبوون لە مەرجی ٢/٣ی دەنگی ئەنجوومەنی نوێنەران، کە بۆ ئەو یاسایانەی ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، دەبێت ڕەزامەندی ٢/٣ی ئەندامان هەبێت.
بەنزیکەی تێکڕای نوێنەرانی کوردستانی، نەچوونە ژێرباری دەرکردنی یاسا بۆ دادگەکە، بەوەش مەرجی ٢/٣ی ئەندامان دروست نەدەبوو. لە کۆتاییدا لایەنە عەرەبییەکان دەرچەیەکیان بۆ کاراکردنەوەی دادگەکە دۆزیەوە. یاسا کۆنەکەی دادگەی باڵایان بۆ قۆناغی گواستنەوە، بەناوی (هەموارکردنەوە)وە بردە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، بەو بیانووەی هەموارکردنەوەی یاسا، وەک دەرکردنی یاسایەک لە سەرەتاوە، پێویستی بە دەنگی زۆرینەی ٢/٣ نییە و دەکرێت بە دەنگی زۆرینەی سادە (نیوە زاید یەک) تێپەڕبکرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، هەمواری یەکەمی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠٠٥ی دادگەی باڵای فیدراڵی، بەدەنگی زۆرینە پەسندکرد، لەکاتێکدا ئەندامانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان کرد.
ئەگەر بڕیارەکە لە پەرلەمان بێت، مەترسی ستەمکاری زۆرینە هەیە و ئەگەر لە دادگەی باڵایش بێت، مەترسییەکی زیاتر هەیە؛ لانیکەم بڕیارەکانی پەرلەمان شیاوی هەموارکردنەوەن
تێپەڕکردنی هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی باڵا بە زۆرینە، کۆدێتایەک بوو بەسەر مۆدێلی دیموکراسیەتی سازان، کە لایەنە بەشدارەکان لە بونیادنانەوەی عێراقی دوای ٢٠٠٣، وەک جێگرەوەی دیموکراسیەتی زۆرینە پێداگیریان لەسەردەکرد. لەناویاندا، کوردەکان کە پێیان وا بوو، سەپاندنی دیموکراسیەتی زۆرینە، لەگەڵ بنەماکانی هاوبەشی و هاوسەنگی لە بەڕێوەبردنی عێراقی نوێدا نایەتەوە و دەشێت زیانیش بە سیستەمی فیدڕاڵی بگەیەنێت. ڕاستییەکەی، دیموکراسیەتی زۆرینە لە دەوڵەتێکی وەک عێراقی فرەنەتەوە و فرەمەزهەب، بەزۆرلێکدراو، ناسەقامگیر و ڕابردوویەکی تاڵ لە دیکتاتۆریەت، جینۆساید و کۆمەڵکوژی، هەرکات چاوەڕوانکراوە سەربکێشێت بۆ ستەمکاری زۆرینە. بۆ کورد، دۆخێکی نەخوازراو هەیە: ئەگەر بڕیارەکە لە پەرلەمان بێت، مەترسی ستەمکاری زۆرینە هەیە و ئەگەر لە دادگەی باڵایش بێت، مەترسییەکی زیاتر هەیە؛ لانیکەم بڕیارەکانی پەرلەمان شیاوی هەموارکردنەوەن.
پاش کاراکردنەوەی، لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٣دا، زنجیرەیەک بڕیاری دژ بە هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی و دادگەکانی دیکەی عێراقەوە دەرکران. لەناویاندا ڕێگری و ڕەتکردنەوەی دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەتمەند بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، بەنایاسایی دانانی کارکردنی ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی خاوەنکار لە کەرتی نەوت و گازی کوردستان، ڕێگری لە ناردنی بڕێک لە شایستە داراییەکانی کوردستان، کە پێشتر هەردوو حکوومەتی عێراق و کوردستان ڕێککەوتنیان لەسەر کردبوو، هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان، دواجار نادەستوورییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و لە ئەنجامدا هەرێمی کوردستان خرایە ناو بۆشاییەکی یاساییەوە.
کاردانەوەکان لە هەرێمی کوردستان
لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانەوە، سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگەی فیدڕاڵی عێراق وەک بڕیاری سیاسی و بە نادەستووری لەقەڵەمدران، بەڵام دیسان بڕیارەکانی دادگەی باڵا شیاوی تانەلێدان نین و یەکلاکەرەوەن.
ئەنجوومەنی دادوەری کوردستان نیگەرانی لەوە دەربڕیوە، کە دادگەی باڵای فیدراڵی به چاوی زۆرینه و كهمینه بڕیاردەدات و جیاوازی لهنێوان پێكهاتهكانی عێراقدا دەكات. هەروەها گومانی هەبوونی گوشار و دەستێوەردنی سیاسی لە پشت بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی نەشاردووەتەوە. لەکاتێکدا پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی یاسای نەوت و گازی کوردستان، بە ناكۆك لەگەڵ بنەماكانی سیستەمی فیدڕاڵی و دەستووری عێراق دادەنێت، “سەرەنجامیش ئەمجۆرە بڕیار و بیركردنەوانە، گورزی كەمەرشكێن لە سیستەمی فیدڕاڵیی عێراق و پرۆسەی حوكمڕانی و مافی هاونیشتیمانیبوون دەدات”. سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەتی هەرێمیش هەڵوێستی هاوشێوەیان ڕاگەیاندووە، بڕیارەکان بە نادەستووری، نادادپەروەرانە، دژ بە ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی کوردستان، دژ بە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و بەدیهاتنی سەقامگیری لە عێراق پێناسە دەکەن.
هاوتاکردنی دادگەی باڵای فیدڕاڵی و دادگە تۆقێنەرەکەی بەعس، کە ئەرکەکەی بریتی بوو لە دوورینی کراسی یاسایی بۆ کردە داپڵۆسێنەرەکانی بەعس، گوزارشتێکی خۆماڵییە بۆ مۆدێلی دیکتاتۆریەتی دادوەری لە عێراقدا
ئەو زنجیرە بڕیارەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی، بەرجەستەبوونەوەی تەواوەتی مۆدێلی دیکتاتۆریەتی دادوەرییە لە عێراقدا. باڵادەستانی عێراق لەوە تێگەیشتوون بۆ گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان، پێویست بە بەکارهێنانی میکانیزمێکی کەم-تێچوو دەکات، کە خۆی لە دەسەڵاتی دادوەری و دادگەی باڵا وەک ئامرازێکی سیاسی دەبینێتەوە. سەرکردە کوردەکان بەڕوونی دەبینن، کە دادگەی باڵا بنکۆڵی سیستەمی فیدڕاڵی و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و هەڵوێستەکانی بە “دوژمنکارانە” وەسف دەکەن. لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، ڕوونتر ڕای گەیاند، “(دادگەی فیدڕاڵی) ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (مەحكەمە سەورە)ی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە”. هاوتاکردنی دادگەی باڵای فیدڕاڵی و دادگە تۆقێنەرەکەی بەعس، کە ئەرکەکەی بریتی بوو لە دوورینی کراسی یاسایی بۆ کردە داپڵۆسێنەرەکانی بەعس، گوزارشتێکی خۆماڵییە بۆ مۆدێلی دیکتاتۆریەتی دادوەری لە عێراقدا. ئەو هەڵوێستانە لەناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، نیشاندەری بە ئاگاهاتنەوەن لەو مەترسییانەی دادگەی باڵای فیدڕاڵی دروستیان دەکات.
ئێستا، دادگەی باڵا بەشێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی بنکۆڵکردنی پێگە و دەسەڵاتە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەدات. ئەوە قۆناغێکی تەواو نوێیە لە دەوڵەتی عێراق و لەمەڕ کوردستان. وا دەردەکەوێت سەکردە سیاسییەکان و گەلی کوردستان لەڕێگەی دیکتاتۆریەتی دادوەرییەوە، سەرکوت دەکرێن. لەدۆخێکدا کە دادگەی باڵا سەرقاڵی بنکۆڵکردنی سیستەمی فیدڕاڵییە لە عێراقدا، بەڵام ئەگەر دادگایەکی باڵا هەبێت، بڕیارە دادپەروەریمان پێبدات، نەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی و مەزهەبیمان بەسەردا بسەپێنێت.
ئێستا، عێراق دەستوورێکی پەرەسەندووی هەیە، دەستوورێک کە لەگەڵ هەر بڕیار و ڕاڤەیەکی نوێی دادگەی فیدڕاڵی، بەشێکی دیکەی تێدا زیاد دەبێت
هەرچەندە، سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان باس لە دەستووری عێراق دەکەن، وەک دەستوورێکی جێبەجێنەکراو، بەڵام لەوەتەی بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵییەوە، عێراق بە قۆناغی پەرەسەندنی دەستووردا تێپەڕدەبێت. ئێستا، عێراق دەستوورێکی پەرەسەندووی هەیە، دەستوورێک کە لەگەڵ هەر بڕیار و ڕاڤەیەکی نوێی دادگەی فیدڕاڵی، بەشێکی دیکەی تێدا زیاد دەبێت.
ئەمڕۆ، دادگەی فیدراڵی بووەتە نادیوکراسیترین دامەزراوەی حوکمڕانی لە عێراقدا. لەکاتێکدا وەک ئامرازێکی سیاسی، سەرقاڵی پۆشتەکردنی بڕیارگەلێکی سیاسییە. لەگەڵ هەڵکشانی زیاتر لە پراکتیزەکردن و فرەوانخوازییەکانی دەسەڵاتی دادگەی باڵا، ئێمە شایەدی کۆتاییهاتن بە وەهمی دیموکراسی و خەونی جێگیرکردنی فیدڕاڵیەت لە عێراق دەبین. عێراق کراسەکەی گۆڕیوە، لە کرداردا ڕژێمێکی سەرکوتکەر و سەرەڕۆ و لە ڕووکاردا دیموکراسی. دیکتاتۆریەتی عێراق بە پۆشاکێکی تازەوە دەردەکەوێت. وەک مەرکەزیەتەکەی، لە بەرگی فیدڕاڵیدا.
جارێکی دی، گەڕانەوە بۆ دادوەر بۆرک گرنگە. بۆرک پێی وا بوو، هەموو پرسیارە سیاسی، یاسایی و تەکنیکییەکان لە دوو پرسیاری بنەڕەتیدا چڕدەبنەوە، کە مرۆڤ هەموو کات دەبێت وەڵامیان بداتەوە، ئەوانیش ئێمە کێین و چۆن دەژین؟ پێگەی دادوەرەکان دەتوانێت هەڵوێستی ئۆلیگارشییەکی دیکتاتۆری بێت، کە وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنێت یان هەڵوێستی پارێزەرانی ڕاستەقینەی ئازادی، کە ڕێز لەو شتانەی خەڵک بگرێت، بەخۆیان هەڵیانبژاردووە.