سیاسی
ئاراستەکان

ئێستا خەونی سەربەخۆیی کوردەکان ئەستەمترینە

لەکاتێکدا کوردەکان خەریکی ململانێن، بەغدا دەسەڵات دەخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆی

زێدپرێس

 

کوردستان سێ دەیە لە بوژانەوەدا بووە، لەکاتێکدا بەشەکەی دیکەی عێراق بە خراپترین دۆخیدا تێپەڕیوە. هەرێمەکە خێراترین گەشەی ئابووری تەواوی وڵاتەکەی بەخۆیەوە بینیوە. چەندین پڕۆژەی ئاڵۆز و مۆدێرنی نەوتی ئەنجامدراوە، هۆتێل و ڕێگەوبان بنیادنراون. بە دەنگدانیش بۆ سەربەخۆیی لە ڕیفراندۆمەکەی کوردستان لە ٢٠١٧، داهاتوویەکی ڕۆشن بۆ کوردستان مەزەندە دەکرا. شەش ساڵ بەسەر ئەو خەونەدا تێپەڕیوە. ئەو کرێنە بەرزانەی بە دەوری شارەکاندا دەسوڕانەوە ئێستا بەسەر پڕۆژە نیشتەجێبوونە نیوەچڵەکاندا ڕاگیراون. بەغدای پایتەختی عێراقیش، لەکاتێکدا بەهۆی باشترکردنی ئاسایش و زیادبوونی داهاتی نەوت دەبوژێتەوە، حکوومڕانانی پەیتا پەیتا لە سەربەخۆیی کوردستان کەم دەکەنەوە. دوای ٣٠ ساڵ لە خۆبەڕێوەبردنی کوردەکان، زۆرینەی ئابووریان، سنوورەکانیان، ناوچە جێناکۆکەکان و سیاسەتییان کەوتووەتەوە ژێر دەسەڵاتی ناوەند. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێز لەدەست دەدات، دیپلۆماتێکی ڕۆژاوایی کە ئاگاداری گەشەکردنەکانی بەغدایە، دەڵێ، “ئەگەرێک هەیە پڕۆژەی کوردستان شکست بێنێت.”

 

خەتاکە زۆربەی لە ئەستۆی کوردەکان خۆیانە. ململانێکان لە نێوان دوو بنەماڵەکە -بارزانییەکان لە ڕۆژاوا و تاڵەبانییەکان لە ڕۆژهەڵات- چڕتربووەتەوە. لە ٢٠١٧ بەدواوە، سەرکردەکانیان دەسەڵاتیان بۆ کوڕەکانیان گواستووەتەوە. حزبەکانیان، پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ململانێ دەکەن لەسەر ئەو سەرچاوانەی ڕوو لە کەمبوونن. وەزیرەکانیان لە بەغدا زۆربەی جار دەنگ لە دژی یەک دەدەن.

 

حزبەکانیان، پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ململانێ دەکەن لەسەر ئەو سەرچاوانەی ڕوو لە کەمبوونن

 

یەکێتی، لاوازترینی دووانەکە، ڕووی لە بەغدایە، بەمەبەستی پشتیوانی. “عێراق باشترە لە کوردستان،” بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە دەڵێ. سەرەڕای داواکاری ڕۆژئاوا، دوو حزبەکە ڕەتی دەکەنەوە هێزەکانی پێشمەرگەیان یەک بخەن. لە پاڵیشیدا، تیرۆرکردنی کادرەکانی یەکدی دەستی پێ کردووەتەوە.

کۆتا گەڕی پەرلەمان بە شەڕێکی تۆمارکراو کۆتایی هات. لەکاتێکیشدا کوردەکان لە ناکۆکی نێوان دوو حزبەکە ڕەشبینتر دەبن، سەرکردەکانیان توندڕەوانەتر مامەڵە دەکەن. هەڵبژاردنێک کە دەبوو ساڵی ڕابردوو ئەنجام درابا، دواخراوە بۆ شوباتی ٢٠٢٤. ئازادی میدیایی، کە سومبولی هەرێمە کوردییەکە بوو، ئێستا سنووردارکراوە.

حکوومەتی عێراق لە بەغدا ئەم ناکۆکییە وەک هەل دەقۆزێتەوە بە مەبەستی گێڕانەوەی دەسەڵاتی لەدەستچووی دوای ڕاپەڕینی کوردان لە ساڵی ١٩٩١ لەدژی دیکتاتۆری پێشووی عێراق، سەدام حوسێن.

ئەم هەل-قۆزتنەوەیە سەرەتا بە پارە دەستی پێ کرد. لە دەستپێکی ئەمساڵ دادگای باڵا، بڕیاری دەستەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتیی پاریسی بەکارهێنا بۆ بە نایاساییکردنی فرۆشی نەوت لە لایەن کوردەوە، بەمەش کوردەکانی بێبەش کرد لەو داهاتەی لەڕێی فرۆشی ٤٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەستیان دەکەوت. مووچەی کوردەکان ئێستا وەستاوەتەوە سەر ئەو بەشە بودجەیەی بەغدا بۆ حکوومەتی هەرێمی دەنێرێت. ئەو سەرکردە کوردانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان پشتیان لە بەغدا کردبوو، ئێستا بە شاند دەچن بۆ پایتەخت بۆ داواکردنی مووچە. نێچیرڤان بارزانی، لە چوار ساڵی وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دە جار بە فەرمی سەردانی بەغدای کردووە، لەکاتێکدا مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی پێشووی هەرێم، کە دەکاتە مامی ناوبراو، لە ١٥ ساڵدا، تەنیا یەک جار سەردانی بەغدای کردووە.

لەژێر پڕۆژە یاسای نوێی بودجەی ناوخۆیی کە لە حوزەیران دەرچوو، هەر پارێزگایەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەشە بودجەی خۆی لە بەغدا داوا بکات. ئەمەش دەکرێت ببێتە پاڵنەر بۆ تاڵەبانییەکان بۆ ئەوەی خۆیان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بارزانی تێیدا زاڵە، جیا بکەنەوە و زیاتر یەکگرتوویی هەرێمەکە لاواز بکەن.

حکوومەتەکەی بەغدا لە هەمان کاتدا دەست بەسەر سنوورەکانی کوردستاندا دەگرێت. پاسەوانی لە مەرزەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیر کردووە، بە پڕاکتیکی ڤیتۆی هاتنەناو و چوونەدەرەوەی دەست کەوتووە. تاڵەبانییەکان هێشتا گیرفانیان پڕ دەکەن بەو داهاتەی لە بازرگانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل و جگەرەی قاچاغی هاوردەکراو لە ئێران -بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێت، بەرپرسێکی عێراقی ڕای وایە.

 

حکوومەتەکەی بەغدا، پاسەوانی لە مەرزەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیر کردووە، بە پڕاکتیکی ڤیتۆی هاتنەناو و چوونەدەرەوەی دەست کەوتووە

 

هەڵپەساردنی کڕینی نەوتی عێراق لە لایەن تورکیاوە، بووەتە هۆی ئەوەی کوردەکان داهاتی کرێی گواستنەوەی نەوت لەدەست بدەن (دادگایەکی نێودەوڵەتی بڕیاریدا تورکیا نەوتی لە حکوومەتی هەرێم وەرگرتووە بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی بەغدا، دەبێت تورکیا نزیکەی ١.٥ ملیار دۆلار بداتە عێراق وەک قەرەبوو).

لە باشووریش، سووپای عێراق و میلیشیا شیعەکانی جێدەستی خۆیان لەسەر ئەو ناوچە جێناکۆکییانەی دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ لە کوردەکانیان گرت، قایمتر دەکەن. لەو کاتەوە، دیمۆگرافیای ناوچەکانیان گۆڕیوە بە هاندانی عەرەبەکان بۆ نیشتەجێبوونیان لەو زەوییانەی کە موڵکی کوردەکان بوون. ئەگەر ئەم ڕیفراندۆمە ئەمڕۆ ئەنجام درابا، کوردەکان ڕەنگە وەک دانیشتووی یەکەمی دەرنەچووبان.

ڕەنگە لە هەموو ئەوانە زیانبەخشتر بۆ کوردستان، خۆسەپاندنی عێراق بێت بە یاسا. لە ئایاری ئەمساڵدا، دادگای باڵا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانی بە نادەستووری لەقەڵەم دا و فرمانی گۆڕینی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی کوردستانی بە هیی عێراق دەرکرد. کوردستان پێگەی خۆی وەک پەناگەیەک بۆ چالاکە هەڵاتووەکانی عەرەب لەدەست دەدات. ساڵی ڕابردوو، ئاسایشی کوردستان توێژەرێکی عێراقی دەستگیر کرد، کە بۆ ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەمریکی کاری دەکرد، هەروەها ڕادەستی بەغدایان کردەوە. ئەوانەی دەیانەوێت لە کەرتی حکوومی هەرێم دابمەزرێن، ئێستا پێویستییان بە ڕێپێدانی ئاسایشە لە پایتەختەوە، دامەزرێنەران دەسەڵاتی ڕەهایان نەماوە.

 

ساڵی ڕابردوو، ئاسایشی کوردستان توێژەرێکی عێراقی دەستگیر کرد، کە بۆ ناوەندێکی بیرکردنەوەی ئەمریکی کاری دەکرد، هەروەها ڕادەستی بەغدایان کردەوە

 

لەڕووی کەلتووریشەوە پێشکەوتنی بەغدا کاریگەری بەسەر کوردەکانەوە هەیە. بۆ ماوەی سێ دەیە کوردەکان بایەخیان بە زمانی خۆیان داوە و کاریگەرییەکانی پڕۆگرامی بەعەرەبکردنی سەردەمی بەعسییان کەم کردووەتەوە. نەوەیەک لەبیری چووەتەوە چۆن بە عەرەبی قسە بکات. بەڵام خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە. کوڕی سەرکردەیەکی کوردی لە ئاهەنگی دەرچوونی لە زانکۆیەکی ناوخۆ بە عەرەبی قسەی بۆ گوێگران کرد.

لەکاتێکدا پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا توندتر دەبن، ئێستا کەرتی تایبەتی کوردستانیش بە هەمان شێوە داوای زانینی زمانی عەرەبی لە دامەزراوانی دەکات. هەروەها زمانی عەرەبی گەڕاوەتەوە سەر تابلۆی دوکانەکان لە پایتەختی کوردستان، هەولێر، لە کاتێکدا لێشاوی باشوورییەکان ڕوویان لە موڵکە چۆڵ و هەرزانەکان کردووە. “عەرەبەکان وەک دەرفەتێکن بۆ بزنس”، ڕاوێژکارێکی کورد گوتی. “بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەڕەشەن.”

 

شتەکان دادەڕمێن

لە کاتێکدا کاریگەریی عەرەبە عێراقییەکان لە کوردستاندا زیاد دەکات، دەسەڵاتی کوردەکان لە پایتەختدا لاواز دەبێت. لایەنە شیعەکانی بەرەی ئێران کە زاڵن بەسەر حکوومەتی ناوەنددا، سەرکردە کوردەکان لەپاڵ سەرکردەکانی کەمینەی دیکەی عێراق، لەوانەیش، عەرەبە سوونەکان و کریستیانەکان، پشتگوێ دەخەن و لە دەسەڵات دووریان دەخەنەوە. سەرۆکی عێراق، کە پێگەیەکی ڕەمزی هەیە، دەسەڵاتی تەنیا بووکەڵەیەکی هەیە، بەرپرسێک لە بەغدا وا دەڵێت.

کوردەکان ڕەنگە جارێک لە جاران چاویان لە ڕۆژئاوا با بۆ ڕزگاربوون. هێزە ڕۆژئاوایییەکان پەناگەیەکی کوردییان دوای شەڕی کەنداوی ١٩٩١ دروست کرد، دوای ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەزامەندی لەسەر ناوچەی دژەفڕین دا. بەڵام مەیلی ڕۆژئاواش کەمی کردووە. کوردەکان ناوچەی دژەفڕینیان لەدەستدا دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣ عێراقی داگیر کرد. هەرچەند ئەمریکییەکان ‌هێشتا فڕۆکەخانەیەکی سەربازییان لە هەریری کوردستان، ٦٥ کیلۆمەتر لە باکووری هەولێر، هەیە، کوردەکان گازندەی ئەوە دەکەن هیچ پاڵپشتییەک پێشکەش ناکەن کاتێک دڕۆن و هاژەکە سەرسنوورییەکانی ئێران، شارەکان دەهەژێنن. دروستکردنی کونسڵخانەیەکی زەبەلاحی ئەمریکی لە هەولێر لە وادەی خۆی لای داوە. بەرپرسێکی کوردی لە خەمی کشومتیی ڕۆژئاوایە و گومانی لە بەهێزی هاوپەیمانییەکە هەیە.

 

کوردەکان گازندەی ئەوە دەکەن كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هیچ پاڵپشتییەک پێشکەش ناکەن کاتێک دڕۆن و هاژەکە سەرسنوورییەکانی ئێران، شارەکان دەهەژێنن

 

کوردەکان هێشتا هەندێک دەرفەتیان بەدەستەوە ماوە. ئەوان داوا لە چینییەکان دەکەن، کە بەرنامەی دروستکردنی بەنداو و کارگەی چیمەنتۆیان هەیە، هەروەها گەشەپێدانی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە بڕی پێنج ملیار دۆلار لە دەرەوەی هەولێر. هەروەها، کوردەکان دەتوانن بە ژمارەیەکی زۆری پەنابەر هەڕەشە لە ڕۆژئاوا بکەن. داگیرکردنی تەواوی کوردستان لە لایەن عێراقەوە دەکرێ ببێتە هۆی لێشاوی پەنابەران بۆ تورکیا و دواتریش ئەوروپا.

بەڵام زۆربەی کوردەکان بێهیوان، “تەنیا دەبینە هەرێمێکی دیکەی عێراق،” شرۆڤەکارێکی هەولێر دەڵێت. ئەو ڕووناکیی سەربەخۆییەی بۆ نزیکەی ٣٠ ملیۆن کوردی تورکیا، ئێران و سووریا دەگەشایەوە، ئێستا لە کزبووندایە.

 

ئیکۆنۆمیست؛

  • ئەو وتارە لە بەشی چاپکراوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەژێر ناونیشانی “بە پەرتەوازەیی دەڕووخێن” هاتووە.

 

 

 

 

سه‌رچاوه‌
سەرچاوەی سەرەکی بابه‌ته‌كه‌

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...