ژینگه‌شرۆڤه‌

ئەوەی هەردوو سەرۆک دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا نایزانن

بەبێ ئەوەی پێشتر لەناو میدیا و ڕووبەری گشتییدا هیچ زانیارییەک بڵاوکرابێتەوە، دوێنێ کۆنفراسێک لەژێر ناونیشانی (کۆنفرانسی وشکەساڵی و کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر سیاسەت، ئابووری، دیمۆگرافیای عێراق) لەهەولێر  دەستی پێکردو ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەموو ئەو زانیارییانەی دەربارەی ئەم کۆنفرانسە بڵاوکرانەوە بریتی بوون لەوەی کە “عێراق لە هەوڵی ئەوەدایە خراپی گۆڕانكاریی ژینگەیی كەمبكاتەوە، ئەوەش لە ڕێگای دروستكردنی چەندین بەنداو و گلدانەوەی ئاو بەتایبەتی لە هەرێمی كوردستان”. ئەوەی لەناو کەوانەدایە قسەی سەرۆک کۆماری عیراقە.

هەرچی سەرۆکی هەرێمی هەرێمی کوردستانیشە، زانیارییەکانی دەربارەی گۆڕانکاری کەشوهەوا هەر ئەوەندە بڕ دەکەن بڵێت: “ده‌بێ بایه‌خ و گرنگیی تایبه‌ت به‌ پڕۆژه‌كانی به‌نداو و پۆندی گلدانه‌وی ئاو له‌ هه‌رێمی كوردستان و ته‌واوی عێراق بدرێت. گرنگه‌ له‌م بواره‌دا و بۆ چاندنه‌وه‌ی دارستانه‌كانیش حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ یارمه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بدات.”

کورتکردنەوەی مەسەلەکانی پەیوەست بە گۆڕانکاری کەشوهەوا لە ئاودا، هەڵەیەکە و لەسەر زاری بەرپرسەکانەوە گەیشتووەتە ناو میدیا و ڕووبەری گشتی، بۆیە هەر باسی گۆڕانکاری کەشوهەوا دەکرێت، ئیتر دروستکردنی پۆند و بەنداو وەک چارەسەرێکی ئەفسوناویی تەماشا دەکرێت. لە ڕاستیدا ئەم تێگەیشتنە، بەشێکە لە تێنەگەیشتنی بەرپرسەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، چونکە لەپاڵ ئاودا گرفتێکی زۆر هەن، هەندێکیان بەئەنقەست پشتگوێ دەخرێن و هەندێکیشیان بەهۆی لێ نەزانین لە بارەیانەوە.

کاریگەری سووتەمەنی ژێرزەوی (نەوت، گاز و خەڵوز)، بەتایبەتی پیشەسازی نەوت، هۆکاری سەرەکیی زۆربوون و چڕبوونەوەی گازە گەرمکەرەوەکانن لە بەرگەهەوا و گلدانەوەی گەرما لەسەر زەوی. ئەمە ئەلیف و بای زانستی کەشوهەوایە، بەڵام هەردوو سەرۆک بەلایدا نەچوون و پێیان نەگوتین لەداهاتوودا چۆن چارەسەری مەسەلەی وزە دەکرێت. ئەمەیان پشتگوێ خستنە.

کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا، لە سێ بواری تردا جگە لە ئاو، دەرکەوتوون و زیانەکانیش بەرچاون وەک: بواری یەکەم، لەدەستدانی خاک و بەبیابانبوون کە زریانی خۆڵی بەردەوام دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆیەتی، بواری دووەمیش پەیوەستە بەوەی یەکەمەوە، ئەویش پیسبوونێکی لەڕادەبەدەری هەوایە کە بە پلەی یەکەم فاکتەری تێکچوونی تەندروستی گشتییە. هەرچی بواری سێیەمە لەدەستدانی هەمە-جۆرییە Biodiversity loss. هۆکاری فەرامۆشکردنی ئەم لایەنانە، ئاماژەیەکن بۆ هەژاریی ئاستی تێگەیشتن.

 

تێبینی و ئاماژە:

لەناوچوونی هەمە-جۆریی لە هەرێمی کوردستاندا، جگە هۆکارەکانی کەمئاوی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زنجیرەی خۆراک، دەکرێت دەسدرێژیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر سیستمە ژینگەییەکان بەهۆکارێکی سەرەکی دابنرێت. ئەمەش پەیوەستە بە سیاسەتێکی چەوتی دژە-ژینگەیی کە حکوومەت و هەردوو حزبی حوکمڕان لە پشتییەوە وەستاون. بە کورتییەکەی، باڵادەستەکانی ناو حزب و حکوومەت لە ڕێگەی بزنس و کۆمپانیای وەبەرهێنانی خانووبەرەوە، دەستیان گەیشتووەتە ناو سیستمە سروشتییەکان. جگە لەوەش، نەبوونی یاسا و ڕێنمایی ژینگەیی بووەتە هۆی فرۆشتن و لەناوبردنی ڕووبەرێکی زۆری دارستان و ژینگەی سروشتی و گۆڕینیان بۆ باخی دەستکرد و شوێنی نیشتەجێبوون لەسەر حیسابی هەمە-جۆریی.

خالید سلێمان

نووسەر و ڕۆژنامەنووس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...