سیاسی

بافڵ جەلال تاڵەبانی نزیکەی ٦٠ دەسەڵاتی پەیڕەویی هەیە

زێدپرێس

 

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆک لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێت. هیچ جێگرێکی نییە و لەکاتی نائامادەبوونی خۆیدا، هەر خۆی کەسێک بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکان ڕادەسپێرێت. دەسەڵاتی بانگهێشت بۆ بەستنی کۆنگرە و پلینۆمی هەیە. سەرۆک، هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی پشتیوانی و ئەنجوومەنی گشتی یەکێتییە و دەسەڵاتەکانی دارایی و پەیوەندییەکان بەگشتی هیی سەرۆکن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە دوێنێ پێنجشەم ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ لە کۆنگرەی حزبەکەدا پەسند کرا، دەسەڵاتێکی بەرفرەوان بە سەرۆک دەدات. بە جۆرێک کە نزیکەی ٦٠ ماددە و بڕگەی پەیڕەوی ناوخۆ بۆ ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک تەرخانکراون و 67 جاریش ناوی “سەرۆک” لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەدا ڕاستەوخۆ هاتووە. جگە لەو ماددە و بڕگانەی کە ئاماژە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک دەدەن، بەبێ دەربڕینی ناوەکەی.

هەر شەش مەکتەبەکەی یەکێتیی نیشتمانی، (مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، مەکتەبی کاروباری ناوخۆیی یەکێتی، مەکتەبی هەڵبژاردن، مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، مەکتەبی ڕێکخراوەکان و مەکتەبی پەیوەندییەکان)، ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە بەستراونەتەوە. هەروەها، “دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی لەگەڵ سەرجەم پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەکی دیکە، کە کاریگەری لەسەر یەکێتی هەبێت، ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە”.

بەرپرسی مەڵبەندەکان، مەکتەبەکان، بەرپرسانی بۆرد و بەشە سەرەکییەکان، کە لە ئەندامی سەرکردایەتی پێکدێن، لەلایەن سەرۆکەوە دیاری دەکرێن و پاشان مەکتەبی سیاسی پەسندیان دەکات.

ئەو دەسەڵاتە زۆر و فرەوانەی، کە لەڕێگەی پەیڕەوی ناوخۆوە بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دراوە، سەرۆکی حزبەکە دەکات بە خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەها و نموونەیی.

ئێستا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکایەتی حزبەکە دەکات، کە لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆنگرە بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردرایەوە. بافڵ تاڵەبانی، بە هەموو دەسەڵاتە پەیڕەوییەکانییەوە، نەک هیچ ڕکەبەرێکی لەناوخۆی حزبدا نییە، بە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیشەوە، بەڵکوو لە ئاست سەرۆکانی هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەیشدا، لەڕووی دەسەڵاتی پەیڕەوییەوە، پێناچێت هیچ هاوتایەکی هەبێت.

 

هەرچەند، بەشی پێنجەم لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ مەرج و ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆک بەتایبەت تەرخانکراوە، بەڵام دەسەڵاتی زیاتر، گشتگیرتر و فرەوانتر لە ماددە و بڕگەکانی دیکەی پەیڕەوی ناوخۆدا بۆ سەرۆک تەرخانکراوە.

 

لە ماددەی ٢٦دا هاتووە:

  • سەرۆک ڕاگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کار دەکات بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پەیڕەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتی دەکات لە ناوەوە و دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا.
  • سەرۆکی یەکێتی و سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی یەکێتییە.
  • ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە و لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت.
  • سیمبولی یەکڕیزی و یەکگوتاری یەکێتییە لەناوخۆ و دەرەوەی یەکێتی و بەرپرسی یەکەمە لە پاراستن و بەهێزکردن و گەشەپێکردنی یەکێتی.

 

هەرچی پەیوەندی بە ئەرکەکانی سەرۆکەوە هەیە، لە مادەی ٣٠دا جێکراوەتەوە، کە لە ١٥ بڕگە پێکهاتووە؛ ئەرک و دەسەڵاتەکان زۆر تێکەڵکێشن؛

  • بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی.
  • سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات، لەکاتی وەکیەکی دەنگەکاندا، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوە دەبێت.
  • بەرپرسە لە سەرپەرشتیکردنی کاروباری دارایی و پەیوەندییەکان و هەر کاروبارێکی تر، کە بچێتە چوارچێوە دەسەڵاتەکان.
  • لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی یەکێتی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات نوێنەرایەتی یەکێتی دەکات.
  • هەماهەنگی نێوان ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات.
  • ڕێککەوتنە سیاسییەکان لەدوای پەسندکردنیان لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە واژۆ دەکات.
  • گشتاندنی ڕێسا پەسندکراوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی.
  • ڕاپۆرتی سیاسی و ڕێکخراوەیی ساڵانە ئامادە دەکات و لە کۆنگرە و دیداری ساڵانە پێشکەشی دەکات.
  • مەکتەبێک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانەی پێکدێنێت، کە بەرپرسە لە ڕێکخستنی سەرجەم کارە کارگێڕییەکانی سەرۆکایەتی، بە ڕێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاری دەکرێت.
  • دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی لەگەڵ سەرجەم پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق بەگشتی و هەر پەیوەندییەکی تری کاریگەری لەسەر یەکێتی هەبێت ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە.
  • لەناو ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی گوتەبێژ دیاری دەکات.
  • فرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دەزگا و مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات.
  • پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندی خۆی یان کەسوکارەکەی بەکاری بهێنێت.
  • سەرۆک پابەندی پەیڕەوی ناوخۆ دەبێت و بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنیان.
  • هەر ئەرک و دەسەڵاتێکی تر کە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاریکرابێت.

 

وەک لە کۆتا خاڵی (١٥)دا دەردەکەوێت، سەرۆک هەر ئەرک و دەسەڵاتێکی دیکەی هەیە، کە لە پەیڕەوەکەدا بۆی دیاریکراوە، ئەوەش لەبەرئەوەیە، کە کۆمەڵێک دەسەڵاتی دی لە ماددە و بڕگەکانی دیکەی پەیڕەوەکەدا بۆ سەرۆک یەکلاکراوەتەوە.

 

دەسەڵاتەکانی سەرۆک کە لە ماددە و بڕگەکانی دیکەی پەیڕەوی ناوخۆدا هاتوون:

  • ڕەزامەندی لەسەر ڕێژە و بەرکەوتەی ئەندامانی کۆنگرە لە سنوری دەزگا و ئۆرگانەکان دەدات و دواتر مەکتەبی سیاسی پەسندی دەکات.
  • بڕیار لەسەر پێکهێنانی کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرە دەدات.
  • ڕەزامەندی لەسەر ڕێژە و ڕێکار و میکانیزمەکانی پەیوەست بە کۆنگرە دەدات، کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەوە ئامادەکراون و پاشان مەکتەبی سیاسی پەسندی دەکات.
  • سەرۆک دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بەستنی کۆنگرەی نائاسایی هەیە.
  • سەرۆکی یەکێتی دەسەڵاتی داواکردن بۆ بەستنی پلینۆمی هەیە.
  • سەرۆکی یەکێتی دوای کۆنگرە بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەن دەکات و سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوە دەکات.
  • لەکاتی بەتاڵبوونی شوێنی ئەندامێکی سەرکردایەتی بە هەر هۆیەک بێت، سەرۆک دەتوانێت ئەندامی سەرکردایەتی بۆ شوێنە بەتاڵە دیاری بکات و لە مەکتەبی سیاسی پەسند دەکرێت.
  • سەرۆکی یەکێتی ١٠ ئەندامی سەرکردایەتی دیاری دەکات، لە دەرەوەی کۆنگرە و بەبێ هەڵبژاردن، ٥ کورسی تەرخانکراو بۆ کەسایەتی سیاسی، حوکمی و حزبی و ٥ کورسی بۆ ئەو کەس و لایەنانەی دێنەوە ناو یەکێتی.
  • ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، کە لە ١٢-١٤ ئەندامی سەرکردایەتی پێکدێن، سەرۆک پێشنیازیان دەکات و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێن.
  • دەسەڵاتی بانگهێشتن بۆ کۆبوونەوەی نائاسایی مەکتەبی سیاسی هەیە.
  • هەر شەش مەکتەبەکەی یەکێتی (مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال، مەکتەبی کاروباری ناوخۆیی یەکێتی، مەکتەبی هەڵبژاردن، مەکتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری، مەکتەبی ڕێکخراوەکان و مەکتەبی پەیوەندییەکان) ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە بەستراونەتەوە.
  • بەرپرسی مەڵبەندەکان، مەکتەبەکان، بەرپرسانی بۆرد و بەشە سەرەکییەکان کە ئەندامی سەرکردایەتیین، لەلایەن سەرۆکەوە دیاری دەکرێن و مەکتەبی سیاسی پەسندیان دەکات.
  • ئەندامانی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، لەلایەن لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنەوە پێشنیاز دەکرێن و لەلایەن سەرۆکەوە پەسند دەکرێن.
  • دەزگای دارایی ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی یەکێتییەوە دەبەسترێتەوە.
  • بۆردی داهات، کە کۆی داهات و خەرجی و پڕۆژەکانی یەکێتی دەگرێتەوە، لەلایەن ئەنجوومەنێکەوە بەڕێوەدەبردرێت، کە سەرۆک دایاندەنێت.
  • سەرۆک پەیڕەوی کارکردنی ئەنجوومەنی بۆردی داهات پەسند دەکات.
  • بودجەی ساڵانەی حزب لەلایەن سەرۆکەوە پەسند دەکرێت.
  • خەزنەیەکی ناوەندی دادەنرێت کە سەرجەم داهاتەکانی یەکێتی تێدا کۆدەکرێتەوە، بەڕێسایەک پێکهاتە و شێوازی کارکردنەکەی دادەڕێژرێت، لەلایەن سەرۆکەوە پەسند دەکرێت.
  • سەرۆک ڕێسای ناوخۆیی مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال پەسند دەکات.
  • سەرۆک، بەرپرسی ناوەندی کاروباری یاسایی حزبەکە دیاری دەکات.
  • سەرجەم ڕاپۆرتەکانی بەدواداچوون لە ناوەندی یاساییەوە، بۆ سەرۆکی یەکێتی بەرز دەکرێتەوە.
  • سەرۆک لێپرسراوی مەڵبەندی دیراساتی یەکێتی دیاری دەکات.
  • مەکتەبی دیراسات لێکۆڵینەوە و پلان و پڕۆژە پێشکەشی سەرۆکی یەکێتی دەکات، لەپاڵیشیدا مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی.
  • مەکتەبی دیراسات بەدواداچوون بۆ دەرفەت و هەڕەشەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی باڵا و یەکڕیزی ناوخۆی یەکێتی دەکات و وەک پێشنیاز پێشکەشی سەرۆکی یەکێتی دەکات.
  • سەرۆکی یەکێتی پەیکەر و بەشەکانی مەکتەبی دیراسات پەسند دەکات کە بە ڕێسایەک ڕێکدەخرێت.
  • سەرۆکی یەکێتی پاش کۆنگرە ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و سکرتێر و جێگرەکانی ئەنجوومەنەکە دیاری دەکات.
  • ئەنجوومەنەکە ڕاپۆرت و پڕۆژە بۆ سەرۆکی یەکێتی ئاڕاستە دەکەن.
  • سەرۆک سوود لە ئەزموون و توانای ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی وەردەگرێت و دەتوانێت بەشداریان پێ بکات لە شاندەکانی دانوستاندا.
  • ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی، چاودێری بەڕێوەچوونی کارەکانی حزب دەکات و سەرنج و تێبینییەکانی ئاراستەی سەرۆکی حزب دەکات.
  • سەرۆکی یەکێتی پێش ئیمزاکردنی هەر ڕێککەوتنامەیەک ڕا و سەرنجی ئەنجوومەنەکە وەردەگرێت.
  • ڕا و سەرنجی ئەنجوومەنەکە لەلایەن سەرۆکەوە وەردەگیرێت، پێش دیاریکردنی کۆتایی بەربژێر و پاڵێوراوەکانی یەکێتی بۆ پۆستە حوکمی و پەرلەمانییەکان.
  • لەکاتی بوونی بۆشایی لە ئەنجوومەنەکە، سەرۆکی یەکێتی ڕەزامەندی لەسەر گواستنەوەی ئەندامی سەرکردایەتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە دەدات.
  • سەرۆکی یەکێتی، جێگر و سکرتێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی پشتیوانی دەستنیشان دەکات.
  • ئەرکی ئەنجوومەنی پشتیوانی چاودێریکردنی دەزگاکانی یەکێتی دەبێت و ڕاستەوخۆ بە سەرۆکەوە پێوەست دەبێت و ڕاپۆرت بۆ سەرۆک بەرز دەکاتەوە.
  • ئەنجوومەنی پشتیوانی لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
  • ڕێسای بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنی پشتیوانی لەلایەن سەرۆکەوە ڕەزامەندی لەسەر دەدرێت و پاشان لە مەکتەبی سیاسی پەسند دەکرێت.
  • سەرۆکی یەکێتی لە پاش کۆنگرە، سەرۆکایەتی لێژنەیەکی باڵا دەکات بۆ ڕێکخستنەوەی گشتی کاری مەکتەبە نوێیەکان و دابەشکردنەوەی ئەرکەکان و ڕێکخستنی میلاکاتی کارگێڕی و دارایی دامەزراوەکان و لێژنەکە کارەکانی لە ماوەی ٢ تا ٣ مانگ تەواو دەکات.
  • دوای لانیکەم ٦ مانگ، بەپێی پێویست بڕگەکانی پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێنەوە لەلایەن لێژنەی پسپۆڕی یەکێتی کە سەرۆک دیاری دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...