هه‌واڵ
ئاراستەکان

بافڵ تاڵەبانی ٥٠ دەسەڵاتی پەیڕەویی لە مەسعوود بارزانی زیاتر هەیە

زێدپرێس

 

مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەی، تەنیا ١٠ دەسەڵاتی هەیە، لەکاتێکدا بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نزیکەی ٦٠ دەسەڵاتی پەیڕەوی هەیە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی حزب لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێت.

لە دوایین کۆنگرەی پارتی دیموکراتدا، مەسعوود بارزانی بە سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە و لە دوا کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیشدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سەرۆک هەڵبژێردرایەوە.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، سەرۆکی پارتی جێگرێکی هەیە؛ جێگرەکە لەلایەن سەرۆکەوە دەپاڵێورێت، بەڵام ڕاستەوخۆ لە کۆنگرەدا هەڵدەبژێردرێت. لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا، سەرۆک جێگری نییە، بەڵام لە حاڵەتی نائامادەبوونی سەرۆکدا، لەلایەن سەرۆک خۆیەوە، کەسێک بۆ ڕاییکردنی کارەکانی، ڕادەسپێردرێت.

پێشتر، زێدپرێس لە بەدواداچوونێکی ورددا، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی بەپێی پەیڕەوی حزبەکە دەستنیشان کردووە، کە سەرۆکی یەکێتی نزیکەی ٦٠ دەسەڵاتی پەیڕەوی هەیە. لەکاتێکدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی، سەرۆکی پارتی تەنیا ١٠ دەسەڵاتی هەیە.

 

مادەی ٢٠ لە پەیڕەوی ناوخۆی پارتی بۆ سەرۆک تەرخانکراوە و لە ٧ خاڵ پێکهاتووە، بەم شێوەیە:

  • سەرۆکایەتی پارتی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی دەکات، زامنی یەکیەتیی ڕیزەکانی پارتی و بەرنامەی سیاسی و فیکرییەکەیەتی و سەرپەرشتیاری بەرژەوەندییە باڵاکانی دەکات، ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆنگرەوە هەڵدەبژێردرێت.
  • سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، کۆبوونەوە فرەوانەکان و کۆنفرانس دەکات.
  • لە هەر دەنگدانێکدا لە ئۆرگانەکانی پارتی کە لە بڕگەی (٢) لە سەرەوە ناویان هاتووە، دەنگەکان یەکسان بوون، دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوەیە.
  • دەتوانێت لەکاتی پێویستدا بانگهێشتن بۆ بەستنی کۆنگرە و کۆنفرانس بکات.
  • ڕەزامەندی و ئیمزاکردنی هەموو نووسراو و ڕێنوێنییە گرنگەکانی پارتی (بۆی هەیە جێگرەکەی یان یەک لە یاریدەدەرەکانی بۆ ئەو کارە سەرپشک بکات).
  • سەرۆک مەکتەبێکی دەبێت پێکهاتە و ئەرکەکانی بە سیستەمێکی تایبەت ڕێک دەخرێن.
  • سەرۆک ڕاوێژکار لە بوارە جیاجیایەکاندا بۆ خۆی دەستنیشان دەکات.

 

جگە لەو ٧ پێدراو و دەسەڵاتە پەیڕەوییە، ٣ دەسەڵاتی دیکە لە ماددە و بڕگەکانی دیکەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەدا، بۆ سەرۆکی پارتی تەرخانکراون، کە پێکدێن لە:

  • سەرۆکی پارتی ئەندامانی دەستەی چاودێری و بەدواداچوون پەسند دەکات، پاش ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە دەستنیشان دەکرێن.
  • سەرۆکی پارتی، دەسەڵاتی بانگهێشتنی بۆ بەستنی کۆنگرەی نائاسایی هەیە.
  • سەرۆکی پارتی، دەسەڵاتی پاڵاوتنی جێگری سەرۆکی هەیە و لەلایەن کۆنگرەوە ڕاستەوخۆ هەڵدەبژێردرێت.

 

بەتێکڕای هەر ١٠ دەسەڵاتە پەیڕەوییەکەی سەرۆکی پارتی، بە دەربڕینی هاوشێوە یان جیاوازییەکی ڕواڵەتی لە ناوی دامەزراوە و ئۆرگانە حزبییەکاندا، لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیی نیشتمانی دووبارە کراونەتەوە و بە سەرۆکی یەکێتی دراون. وەک ئەوەی پێشتر لە ڕاپۆرتەکەی زێدپرێسدا ڕوونکراوەتەوە.

هێشتا، ئەگەر تەنیا لەڕووی چەندایەتییەوە بەراورد لە نێوان ژمارەی دەسەڵاتە پەیڕەوییەکانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی یەکێتی بکرێت، ئاسایی سەرۆکی یەکێتی ٥٠ دەسەڵاتی زیاتر لە سەرۆکی پارتی هەیە.

لەکاتێکدا هەندێک لەو دەسەڵاتانەی بە سەرۆکی یەکێتی دراون و سەرۆکی پارتی لێیان بێبەشە، بەتەواوەتی گرنگن، بەنموونە دەستنیشانکردنی بەرپرسانی ئۆرگان و ڕێکخستنە باڵاکانی حزب، یان دەسەڵاتی دارایی، کە لە پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتیدا بە سەرۆک دراون و لە پەیڕەوی پارتیدا، بە سەرۆک نەدراون، بەڵکوو لە دەسەڵاتی ئۆرگان و ڕێکخستنە حزبییەکاندان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...