سیاسی

بۆچی ئیسڕائیل ڕێگە نادات سووتەمەنی بە کەرتی غەززە بگات

زێدپرێس-ئاژانسەکان

 

سوپای ئیسڕائیل بانگەشەی ئەوە دەکات، کە بڕی پێویستی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە هەیە، بەڵام چەکدارانی حەماس دەستیان بەسەردا گرتووە و لەبری بەکارهێنانی بۆ دانیشتووان، بۆ مەبەستی سەربازی بەکاریدەهێنن. لەکاتێکدا هەندێکی دیکە پێیان وایە، ئەو “گەمارۆی تەواوەتی”یەی ئیسڕائیل بەسەر غەززەیدا سەپاندووە، مەبەستێکی گەورەتری لە پشتە، کە خۆی لە چۆڵکردنی تەواوی کەرتەکە لەلایەن دانیشتووانەکەیەوە دەبینێتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕێگرتن لە گەیاندنی سووتەمەنی بە غەززە

لە کاتێکدا فشارەکان لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل زیاتر دەبن بۆ ئەوەی ڕێگە بە گواستنەوەی سووتەمەنی بۆ ناو کەرتی غەززە بدات، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، لە ژێر گەمارۆی تەواوەتیدا بووە و دەگوترێت نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە بەهۆی نەمان و کەمبوونەوەی سووتەمەنییەوە “لە لێواری داڕماندان”، بەڵام هێزی بەرگری ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە، حەماس دەستی بەسەر کۆگاکانی سووتەمەنیدا گرتووە، بۆ بەردەوامیدان بە بەکارهێنانی تونێلەکان، کە هەم وەک حەشارگە و هەم بۆ هەڵدانی مووشەک بەرەو دەوڵەتی ئیسڕائیل بەکاریاندەهێنێت.

بەپێی میدیاکانی ئیسڕائیل، بەرپرسانی سەربازی وڵاتەکە، داوایان لە ڕێکخراوە مرۆییەکان کردووە، کە پەیوەندی بە حەماسەوە بکەن بۆ ئەوەی ئەو سووتەمەنییەی دەستیان بەسەردا گرتووە، لە بەرژەوەندی دانیشتووانی کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت، بەڵام وەک گوتەبێژی سوپای ئیسڕائیل دەڵێ، “ئەوان تونێلەکانی پێ ڕووناک دەکەنەوە و بۆ هەواگۆڕکێ بەکاریدەهێنن”.

 

سوپای ئیسڕائیل دەڵێ، حەماس دەستی بەسەر سووتەمەنی غەززەدا گرتووە و لەبری بەکارهێنانی بۆ دانیشتووان، بۆ لایەنی سەربازی بەکاریدەهێنێت

 

بە لێکدانەوەی ئیسڕائیل، سووتەمەنی ئامرازێکی “دوو لایەنە”، دەتوانرێت لە بواری مەدەنی و هەروەها بۆ مەبەستی سەربازییش بەکاربهێنرێت. ئەوان پێیان وایە، حەماس سووتەمەنییەکە بۆ ژێرخانی سەربازی خۆی بەکاردەهێنێت.

گوتەبێژەکە زیاتر دەڵێ “حەماس دەتوانێت سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکانی غەززە دابین بکات”، لەبەرئەوە، ئیسڕائیل بە توندی ڕەتیکردەوە ڕێگە بدات سووتەمەنی بهێنرێتە ناو کەرتی غەززە، سەرەڕای داواکاری ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان.

لیوا ڕیچارد هێخت گوتەبێژی هێزی سەربازی وڵاتەکە بۆ میدیاکان گوتوویەتی، “حەماس سووتەمەنی بەکاردەهێنێت بۆ هەواگۆڕکێی تونێلەکانی، کە بە سەدان کیلۆمەتر لە ژێر زەویدا درێژدەبێتەوە”. بەپێی زانیارییەکانی سوپای ئیسڕائیل بێت سوتەمەنی لە غەززە هەیە و وەک گوتەبێژەکە دەڵێ “حەماس دەتوانێت هەڵبژێرێت کە ئایا ئەم سووتەمەنییە بۆ یارمەتیدانی نەخۆشخانەکان بەکاردەهێنێت یان ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و تونێلەکانی”.

 

 

سووتەمەنی بۆ تونێلەکانی حەماس

شارەزایانی جەنگەکە، پێیان وایە، تونێلەکانی غەززە، کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بەکاردەهێنرێن، ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە خاوکردنەوەی هێرشی زەمینی سوپای ئیسڕائیل بۆ ناو کەرتی غەززە و ئەوەش وایکردووە، سوپا بە هەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات.

سەرچاوەکانی سوپای ئیسڕائیل بانگەشە دەکەن، کە لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگەکە، پاڵەپەستۆی زیاتر لە ناو تونێلەکان دروست دەبێت و ئۆکسجینی پێویست کەمتر دەبێتەوە، لەبەرئەوە چەکدارانی حەماس ئامێرەکانی هەناسەدان بەکاردەهێنن.

بەڵام، شارەزایانی دیکەی سەربازی لەناوخۆی ئیسڕائیل و دەرەوەشدا، بۆچوونی دیکەیان هەیە.

 

حەماس سووتەمەنی غەززە بۆ ڕووناککردنەوە و هەواگۆڕکێی تونێلەکانی بەکاردەهێنێت

 

جیۆرا ئایلاند، جەنەڕاڵ یەدەگ، ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو، بە میدیاکانی ئیسڕائیلی ڕاگەیاند، کارەکانی ئیسڕائیل بە “دروستکردنی قەیرانێکی توندی مرۆیی ئامرازێکی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە. غەززە دەبێتە شوێنێک کە هیچ مرۆڤێک ناتوانێت تێیدا بمێنێتەوە”.

ئێستا، بڕێکی دیاریکراوی سووتەمەنی، لە دەروازەی ڕەفەحەوە بۆ کەرتی غەززە دەگوازرێتەوە و ئەو بڕەیەش بۆ وێستگەکانی کارەبا بەکاردەهێنرێت. پڕۆسەکە لەژێر چاودێری توندی ئیسڕائیل خۆی بەڕێوەدەچێت و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکات. بەجۆرێک کە هیچ تانکەرێکی سووتەمەنی، بەبێ مۆڵەتی ڕاستەوخۆ و چاودێری ئیسڕائیل ناتوانرێت بگەیەنرێتە ناو غەززە.

کاتێک بارهەڵگرێکی سووتەمەنی لە ڕەفەحەوە دەپەڕێتەوە بۆ ناو غەززە، شۆفێرانی بارهەڵگرەکان لەسەر هێڵ و لەژێر چاودێری چڕدان؛ بە هیچ هۆکارێک ڕێگەیان پێنادرێت هیچ هەڵوەستەیەک بکەن و بوەستن، هەر حاڵەتێکی نائاسایی لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمار دەکرێت. کاتێک سووتەمەنییەکە دەگاتە وێستگەکانی کارەبا، لە داگرتنەوە تا بەکارهێنان لەژێر چاودێری ئیسڕائیلدایە.

 

 

سووتەمەنی بۆ نەخۆشخانەکان

نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانی غەززە پێویستی زۆریان بە سووتەمەنی هەیە، بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش دووپات لەوە دەکەنەوە، ٣٥ نەخۆشخانە و دامەزراوەی پزیشکی بەهۆی بەردەستنەبوونی سووتەمەنییەوە داخراون. لەدۆخێکدا تا دێت ژمارەی بریندارەکان بەرزتر دەبێتەوە.

هەفتەی ڕابردوو، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیاندنی بڕی ڕۆژانەی هاوکارییەکانی لە ڕۆژی شەممەوە بە “دڵۆپێک لە زەریایەکی پێویستیدا” وەسف کرد، لە کاتێکدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەوڵە مرۆییەکانی بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان لە ڕێگەی ڕەفەحەوە بە “بە خێرایی نییە” ناوبرد.

 

بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ٣٥ نەخۆشخانە و ناوەندی پزیشکی لە غەززە بەهۆی نەبوونی سووتەمەنییەوە داخراون

 

لین هاستینگس بەرپرسی باڵای فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی سێشەممەی پێشتر، بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاندووە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان ٤٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی لەسەر بارهەڵگرەکان لە میسر ئامادەیە بۆ ڕۆشتن، ئەو بڕەیەش بەشی ماوەی نزیکەی یەک تا دوو ڕۆژ دەکات.

هاستینگس بە ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، نەبوونی سووتەمەنی “واتە هیچ نەخۆشخانەیەک کارناکات، نە وێستگەی پاککردنەوەی ئاو و نە نان-دروستکردن”.

بەگوتەی ئەو، زۆر لە دانیشتووانی غەززە، ئاوێک دەخۆنەوە، کە پاک نییە، “ئەمەش مەترسییەکانی تووشبوون بە سکچوون و کۆلێرا و کێشە تەندروستییەکانی دیکە زیاد دەکات. داوا لە ئیسرائیل دەکەین کە ئاو و کارەبا بگەڕێنێتەوە ئاستی پێش ململانێکان و لەگەڵ ئێمە کاربکات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەکی پارێزراو بۆ هێنانی سووتەمەنی بۆ ناو غەززە”، بەرپرسی باڵای فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان وای گوت.

دوێنێ چوارشەم، ١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، خۆرخی مۆریرا دا سیلڤا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزمەتگوزاریی پڕۆژەکان، پێداگیری لەسەر پێویستی غەززە بۆ سووتەمەنی کرد.

 

بەگوێرەی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو بڕە هاوکارییەی ڕۆژانە دەگاتە غەززە، دڵۆپێکە لە زەریایەک پێویستی

 

خۆرخی مۆریرا دا سیلڤا، گوتی، پێویستە سووتەمەنی بگەیەنرێتە غەززە، مەبەستی دابینکردنی کارەبا بۆ نەخۆشخانەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی قەیرانی مرۆیی، گوشاری زیاتری لەسەر خەڵکەکە دروستکردووە.

هەندێک لە سەرچاوە سەربازییەکانی ئیسڕائیل ئاماژەیان بە هەبوونی ٥٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی لە کۆگاکانی ژێر دەسەڵاتی حەماس کردووە، بەڵام وا دەردەکەوێت ئەو بڕە زۆر کەم بێت بۆ پێداویستی شارەکە، بەراورد بەو زانیارییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەشەی بۆ دەکات کە ٤٠٠ هەزار لیتر سووتەمەنی، بەشی یەک تا دوو ڕۆژ پێداویستی کەرتی غەززە دەکات.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button