سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئەرێ سیاسەتی ڕۆمانسییانە لەگەڵ بەغدا بەس نییە؟

 وتاری ئیبراهیم سادق مەلازادە و کارۆخ خۆشناو 

 

مەبەست لە مۆدێلی سیاسەتی ڕۆمانسییانە، ئەو مۆدێلەیە کە هێزێکی سیاسی بیەوێت لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە، بەبێ بەرانبەر خزمەت پێشکەش بە دەوڵەت بکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی بپارێزێت. لەوانەیە لە قامووسی زانستە سیاسییەکاندا چەمکێکی وەها نەدۆزینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بەدوای وەها سیاسەتێکدا بگەڕێت، دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە سیاسەتە بدۆزێتەوە. ئەوەتا دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی، لە بەرانبەر حکوومەتی عێراق و دەسەڵاتی قووڵی ئەو وڵاتە، سیاسەتێکی ڕۆمانسییانەی یەکلایەنە و خۆبەخشانە پێڕەو دەکەن، لەکاتێکدا کە عێراق بەهیچ جۆرێک ئامادە نییە مامەڵەیەکی واقیعییانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاونیشتمانی لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و دەستوور و قانوونە بەرکارەکان. هەمووان دەزانین کە ئەو حکوومەتەی ئێستای عێراق لە ئەنجامی هاوپەیمانێتییەک درووستبووە کە شەرعیەت لە کورد و هێزە سووننییەکانەوە وەردەگرێت، لەکاتێکدا ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت سیاسەتی چاوشارکێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش لەدۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەهەر هۆکارێک بێت، نەتوانێت ئەو دۆخە نالەبارە کۆتایی پێ بهێنێت.

 

لەکاتێکدا ئەو هەرێمە خۆبەخشانە بە درووستکردنی ئومێدێکی ڕاگوزەر و بێئەنجام و سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات، بەڵام لە بەرانبەردا هێزێکی گەورەی وەکو بزووتنەوەی سەدر نەیویست بەو جۆرە سیاسەت بکات و شەرعییەت بەو هێزانە بدات، کە لەژێر هەژموونی وڵاتێکی دیکەدان، بۆیە بەتەواوەتی لە پڕۆسەی سیاسی کشانەوە، بەو کشانەوەیەش کۆتاییان بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا هێنا، بەڵێ ئێستا پڕۆسەیەکی سیاسیی ئەوتۆ لە عێراقدا نەماوە. ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکان لەو دۆخەی بەغدا تێبگەن و دوا بزمار لە تابووتی ئەو ڕژێمە بدەن؟

 

هەموومان دەزانین کە دۆخی ئێستای عێراق، ئاڵۆز و ناسەقامگیرە. ئەو هاوپەیمانێتییەی کە پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەدایە و بە لاوازترین قۆناخە سیاسییەکانی خۆیدا گوزەر دەکات. چۆن بتوانین لەو دۆخەی ئێستای حکوومەتی عێراق و ئەو دۆخەی کە (هاوپەیمانێتیی چوارچێوە) پێیدا تێپەڕ دەبێت تێبگەین؟ کورد لەو نێوەندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، بەتایبەتیش بەئاشکرا ئەوە دەبینین کە سیاسەتێکی دووفاقی و چاوشارکێ لەگەڵ کورددا بەڕێوەدەبەن، لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین فشارێکی ئابووری خراپ بەرانبەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی دەسەپێنێت.

 

نەخشەی سیاسیی عێراق، لە چەند ئاستێکەوە ئاڵۆزە. لەلایەك جڵەوی واقیعی سیاسی و مەزهەبی لەژێر دەستی ئێراندایە و لە ڕێی هێز و گرووپە میلیشیاکانییەوە چۆن بیەوێت دەیجوڵێنێت و لە بەرژەوەندی ستراتیژیی ئێران و شیعەگەراییەوە یەکلایی دەکاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێران لەلایەن سیستەمی سیاسی و قانوونی نێودەوڵەتی قبووڵکراو نییە و بەکۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێپەڕ دەبێت. لەژێر گەمارۆیەکی ئابووری و سیاسیی تونددایە و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گەمارۆ دراوە و زۆربەی کەسایەتییەکانی لەژێر ئابڵووقەی سیاسی و ئابووریدان. ئەوە چش لەوەی کە بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیێندراو لەگەڵ ڕووسیا و کۆریای باکوور، لەلایەکی دیکەیش هۆکارێکی سەرەکی و ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو نائارامییەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. لە ڕێی میلیشیا مەزهەبییەکانییەوە دۆخی لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقی بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ کردووە و هەمیشە لە ململانێیەکی دژواردان لەگەڵ گرووپە مرۆییەکانی دیکەی ناو ئەو وڵاتانە. هەروەها جڵەوی حەماسی فەڵەستینیشی کردووە و بەو ئاڕاستەیەدا دەیسوڕێنێت کە لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیەدا بشکێتەوە و دەتوانین ناوی بنێین بەرەی (ئۆتۆریتی ڕۆژهەڵات)، هەر ئەو بەرەیەی کە کاتی خۆی جۆرج بووش ناوی نا (بەرەی شەڕ). یەکێک لە چەکوشە هەرە گرنگ و بەهێزەکانی ئەو بەرەیەش لە عێراق، لەپاڵ هێزە میلیشیاکانەوە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقە کە بەتەواوەتی بە سیاسی کراوە، وەک پەیمانگەی واشنتن لە دوایین ڕاپۆرتیدا، ئاماژەی پێکردووە.

 

ئێستا دەسەڵات و حکوومەتی عێراق بە دادگای باڵایشیەوە، لەژێر هەژموونی ئەو ئێرانەدان کە لەسەرەوە وێنامان کرد. بۆیە دەسەڵات و حکوومەت لەیەک جیا دەکەینەوە، چونکە ئەو حکوومەتە تەنیا ماکیاژێکی ناشیرینی ئەو دەسەڵاتە قووڵەیە کە کۆماری ئیسلامی زۆر بەشێوەیەکی کارا ئیدارەی دەدات و وەکو چەکوشێک دژ بە هەموو ئەو لایەنانە بەکاری دەهێنێت کە مەترسییان لەسەر ستراتیژییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئەگەر مەترسییەکی بچووکیش بێت. دواهەمین زەبری ئەو دەسەڵاتەش لە ڕێی دادگای باڵای فیدڕاڵی بوو، دژ بە سووننەکان و لادانی محەممەد حەلبووسی، لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.

 

سووننەی عەرەب، لە دوای ٢٠٠٣ بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕدەبن، دوای ئەوەی بەتەواوەتی لە دەسەڵات دوورخرانەوە و بەتایبەتتریش دوای شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سووننە. لەو شەڕەدا تواندرا سووننە عەرەبەکان لە کۆمەڵێک ناوچە و شار و شارۆچکەدا ڕابماڵرێن، بۆ نموونە لە (جرف الصخر) پاکتاو کران، سامەڕاش لەژێر گەمارۆی میلیشیاکان دایە. لە خودی بەغدای پایتەختیش بەتەواوەتی لاواز کران و ئێستای بەغدا بەتەواوەتی جیاوازە لەگەڵ بەغدای هەشتاکان و نەوەدەکان. ئێستا تەواوی شارە سووننەنشینەکان لەژێر گەمارۆ و هەژموونێکی تەواوی میلیشیا شیعەکان دان. بۆیە هەر خواستێکی سیاسی، یا هەر کۆبوونەوە و ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو دۆخە ڕیزپەڕەدا ناکرێت ناوبنرێت ئازادیی سیاسی، یا تەنانەت ئازادیی مەزهەبیش، ئەوە چش لە نەبوونی سیستەمێکی سیاسی و دیموکراسی و مۆدێرن لەو وڵاتە، ئەوە چش لە نەبوونی فیدڕاڵیەتێکی ڕاستەقینە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا، هێزە عەرەبییە سووننییەکان، چونکە تائێستا ئاڕاستەیەکی عرووبی بەسەریاندا زاڵە، هێشتا لەو دۆخە ڕیزپەڕە دژە سووننییە تێناگەن، بەمانایەکی دیکە هێشتا لەخەوی غەفڵەتی لەدەستدانی دەسەڵات و یەکلابوونەوەی دۆخەکە بۆ میلیشیاکان و دەوڵەتی قووڵ تێناگەن، چونکە ئەوان و کوردیش نەک هەر یاریزان نین لە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراقی نوێدا، بەڵکوو پاشکۆیەکی تەواوی ئەو هاوکێشانەن، کە بزانن یان نەزانن لەپێناو پاراستنی هەژموونی دەوڵەتی قووڵ بەکار دەهێندرێن. سووننەی عەرەب و کورد لە عێراق تا ئەو چرکەساتەش هاوبەش نین لە دەسەڵات، بەڵکوو تەنیا پارسەنگێکن بۆ شەرعیەتدان بەو دەوڵەتە قووڵە و بە هەژموونی ئێران. تا ئەو دۆخەش بەردەوام بێت، هیچ داواکارییەکی ڕاستەقینەی کورد جێبەجێ ناکرێن، بەتایبەتیش لەحاڵەتی درێژەدان بە سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە و پێشکەشکردنی شەرعییەتێکی بەخشیش-ئاسا بەو دەسەڵاتەی ئێستای بەغدا.

 

لەلایەکی دیکەوە، دوای شەڕی ئیسڕائیل – حەماس، هێزە میلیشیاکان بە تەواوەتی کەوتوونەتە پەلاماردانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو هێزەی کە بە ئاشکرا پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەگەر نەشیان توانیبێت زەبری کوشندە لە هێزە ئەمریکییەکان بدەن، بەڵام شکۆی ئەمریکا لەو وڵاتە خراوەتە ژێر پێ و لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان ئەمریکا کراوەتە گاڵتەجاڕ، بەو مانایەی لە بەغدا وەکوو دوژمن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان دەکرێت. لەهەمان کاتدا ئەمریکا ئەوە باش دەزانێت کە حکوومەتی عێراق بێجگە لە ماکیاژێک بۆ حکوومەتی قووڵ شتێکی دیکە نییە، بۆیە لەو چرکەساتەدا گرنگە جموجۆڵێکی سیاسی لەلایەن کورد و سووننە عەرەبەکانەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی شەرعییەتی ئەو حکوومەتە بخەنە ژێر پرسیاری جیددی و دۆخەکە بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی کورد و سووننە و کەمینەکان یەکلایی بکەنەوە. ئەوەش بە وازهێنان لەو سیاسەتە ڕۆمانسییە دەبێت و بە کێشانەوەی شەرعییەت لەو حکوومەتەی کە ئامادە نییە هیچ داواکارییەکی کورد جێبەجێ بکات و هەمیشە یاری بە کات دەکات. لەکاتێکیشدا دەکرێت سوود لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەربگیرێت و دژ بە خۆگێلکردنی بەغدا لە مافەکانی کورد.

 

کەواتە کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بکات کە ئێستا تێیکەوتووە؟ ئایا هیچ ئومێد و هیوایەک لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەدا هەیە بۆ ڕۆشتن بەرەو چارەسەر؟ لەڕاستیدا، تا هۆکارەکانی پەراوێزخستنی کورد لە ئارادا بن، هیچ ئومێدێک لە ئاسۆی نزیکی ئەو دۆخەدا نابێت، بەتایبەتیش لە ئەگەری ئەو هۆکارانەی کە لەپشت ئەو دۆخەوەن، لەوانەش:

 

یەکەم: نەبوونی ستراتیژییەتێکی نیشتمانیی ڕوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و پێڕەوکردنی سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە لەگەڵ بەغدا لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی تەباییەکی پێویست لە نێوان هێزە سیاسییەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. لەدۆخێکدا کە ئەم هێزە سیاسییانە هەیبەتێکی ئەوتۆیان لە بەغدا بۆخۆیان و نەتەوەکەیان نەهێشتووەتەوە، بەهۆی ناکۆکییەکانیان و نەبوونی ڕوانگەیەکی نیشتمانییانەی کوردستانییانە بۆ پرس و خواستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری گەورەدایە و جڵەوی نوێبوونەوەی هەر جۆرە شەرعییەتێکیش لەدەستی دەوڵەتی قووڵی عێراقدایە و دادگای باڵاش چەکوشێکە هەمیشە لەسەر پێیە دژ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی. ئەی ئەوە نییە خودی سیاسییە کوردەکان شەرعییەت نەک هەر بەو حکوومەتە میلیشیاییە دەدەن، بەڵکوو بە خودی دامەزراوەکان و خودی ئەو دادگایەش کە شمشێرێکی تیژە بۆ گەردەنی هەر دەستکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان.

 

دووەم: بوونی کورد لە بەغدا دەبووایە لە ڕێی دامەزراوە سیادییەکانی هەرێمی کوردستان بێت وەکوو قەوارەیەکی دەستووری نەك لە ڕێی حزب و سەرۆک حزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی، ئەوانەی لە بەغدا وەکوو حزبی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراقدا دەکەن و شەرعییەتێکی بەخۆڕایی بەو دامەزراوانە دەدەن لەوانەش پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی عێراق. ئەگەر وانەبووایە، مامەڵەی حکوومەتی (فیدڕاڵ)ی بەغدا، لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبوو وەکوو باڵێکی فیدڕاڵ و جێبەجێکردنی سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) مەحاڵ دەبوو.

 

سێیەم: ئەوەش ڕوونە کە لەکۆی ١٤٤ ماددەی دەستوری عێراق ٥٦ ماددە جێبەجێ نەکراون، یا بەشێوەیەکی بەردەوام پێشێل دەکرێن لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی قووڵ یا هەڵپەسێردراون تا ڕۆژی قیامەت. هیچ دەسەڵاتێکیش ئامادە نییە لەخۆیەوە لە بەشێک لە دەسەڵات و کورسییەکانییەوە دابەزێت ئەگەر گوشاری لەسەر نەبێت. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان تا کەی بەو جۆرە ڕۆمانسییە سیاسەت دەکات و شەرعییەت بە دەسەڵاتێک دەدات کە سیاسەتێکی دوژمنکارانە دژ بە خەڵك و قەوارەی هەرێمی کوردستان پێڕەو دەکات؟

 

کاتی ئەوە نەهاتووە چیتر شەرعییەتێکی خۆبەخشانە بەو دامەزراوانەی عێراق نەدرێت و واز لە سیاسەتی ڕۆمانسییانەی خۆیان بێنن؟ لەو چوارچێوەیەشدا کورد دەتوانێت چەند هەنگاوێک بە ئاڕاستەی درووستکردنی گوشار لەسەر عێراق بنێن، لەوانەش:

 

یەکەم: دەکرێت تیمێکی بەهێز لە پارێزەرە بەتواناکانی کورد پێکبهێندرێت و سکاڵا لە بەردەم دادگەی باڵادا بەرز بکەنەوە دژ بە هەموو پێشێلکارییە دەستوورییەکان و مافەکانی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە کە هەموو حکوومەتە یەک لە دوایەکەکانی دوای ٢٠٠٣ هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان و پاراستنی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان (تەوازن، شەڕاکەت و تەوافوق).

 

دووەم: لەشکرێک کورد لە بەغدان و پارسەنگی شەرعییەتی ئەو دەسەڵاتەن، کە ئێستا سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، لەپاڵ برسیکردن و گوشار درووستکردن بەڕێوە دەبات، لەکاتێکدا حکوومەت و حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەزانن خەڵكی هەرێمی کوردستان چەند نیگەران و شپرزەن بەو دۆخە ئابوورییەی تێی کەوتوون. ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بجوڵێن، ئەوە دەسەلمێنن کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە خەمێک لەو بێمووچەیی و دۆخە ئابوورییە خراپە بخۆن و شەڕی سیاسی لەگەڵ بەغدا ڕابگەیەنن وەکوو ئاڵەنگارییەک دژ بە هەژموونی بەغدا و کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە ڕۆمانسییانە. لەو پێناوەشدا دەکرێت مۆڵەتێکی (دوو هەفتەیی) بدرێتە بەغدا و هەڕەشەی کشانەوەیەکی سەرتاسەری لە بەغدا بکرێت.

 

سێیەم: بەکارهێنانی کارتی دیپلۆماسی و تێگەیاندنی کۆنسوڵخانە و هێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان کە چیدیکە سیاسەتی (پەرتکە و زاڵبە) و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نییە، کۆتاییەک بۆ درێژەدان بەو سیاسەتە ڕۆمانسییە دابنێن.

 

ئیبراهیم مه‌لازاده‌

نووسه‌ر و توێژه‌ر

کارۆخ خۆشناو

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button