زێدپرێس
ڕاپرسییەکە لەلایەن ڕاما ئەجێنسی و لە ڕۆژانی ٢٦ تا ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک ئەنجامدراوە، لە ڕێگەی دابەشکردنی هەزار فۆڕمی پرسیارنامەوە.
بەشداربووانی ڕاپرسییەکە، بەڕێژەی ٤٦.٪ لە ڕەگەزی مێینە و ٥٣.٩٪ لە ڕەگەزی نێرینەن. لەڕووی گرووپەکانی تەمەنیشەوە، ڕێژەی ١٩.١٪ لە گرووپی ١٨-٢٤ ساڵ، ڕێژەی ٢٢.٨٪ لە گرووپی تەمەن ٢٥-٣٤ ساڵ، ڕێژەی ٢٣.٣٪ لە گرووپی تەمەن ٣٥-٤٤ ساڵ، ڕێژەی ٢٤.١٪ی بەشداربووان لە گرووپی تەمەن ٤٥-٥٤ ساڵ و ڕێژەی ١٠.٧٪یش لە گرووپی تەمەن ٥٥ ساڵ و بەرەو سەروون.
لەڕووی باری داراییەوە، زۆرینەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە، باری داراییان مامناوەندە- بەڕێژەی ٦٦.١٪، هەروەها بەڕێژەی ٢٣.٢٪ دەڵێن باری داراییان نزمە و ڕێژەی ١٠.٧٪یش باری داراییان بەرزە.
لەکاتێکدا ٦٦.٧٪ی بەشداربووان هاوسەردارن، ٣٠.٢٪یان سەڵت و ٣.١٪یشیان جیابووەوەن.
زۆرینە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن
زۆرینەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن، کە ڕێژەی ٤٧.٧٪ پێکدەهێنن، لەکاتێکدا ڕێژەی ٣٢.٠٪یان دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە و ڕێژەی ٢٠.٣٪یش دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەکە ناکەن.
بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕێژەیەی کە بڕیاری بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکەی داوە و هەروەها ڕێژەیەک لەوەیش کە هێشتا خۆی یەکلانەکردووەتەوە، دەشێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت، کە لە هەر بارێکدا، لانیکەم زیاتر لە نیوەی دەنگدەران بەشداری لە پڕۆسەکەدا دەکەن.
لەبارەی ئەگەر و هۆکارەکانی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە، بەگوێرەی ڕاپرسییەکە، ٣٥.٤٪ی بەشداران ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ئیدارەی شارەکە بکرێت، لە پلەی دووەمیشدا بەڕێژەی ٢٩.٣٪ی بەشداربووان دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ ئەوەی مافی کورد نەفەوتێت، هەروەها ڕێژەیەکی کەمتر کە ٢١.٧٪ پێکدێنێت، دەڵێن بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن، لەبەرئەوەی حزبەکەیان بەشدارە و ڕێژەی ١٣.٦٪یش بەشداری دەکەن، چونکە ناسیاوێکیان کاندیدی هەڵبژاردنەکەیە.
ڕێژەی ٣٨٪ دەنگ بە هەمان لیستی پێشوو نادەنەوە
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئەگەر بەشداری لە هەڵبژاردنە بکەیت، دەنگ بە هەمان لایەن دەدەیتەوە کە پێشتر دەنگت پێداوە؟ بەڕێژەی ٣٨.٤٪ی بەشداران بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە، بەڵام ڕێژەی ٣١.٧٪یش دەڵێن دووبارە دەنگ بە هەمان ئەو لایەنە دەدەنەوە کە پێشتر دەنگیان بۆ داوە و ڕێژەی ٢٩.٩٪یش دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە یان خۆیان یەکلانەکردووەتەوە کە ئایا دەنگ بە هەمان ئەو لایەنە دەدەنەوە کە پێشتر دەنگیان بۆ داوە یان دەنگ بە لایەنێکی دیکە دەدەن.
هەرچی پەیوەندی بە کاریگەری ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەسەر گۆڕینی بۆچوونی سیاسی دەنگدەران یان لەسەر هەڵبژاردنی لیست و کاندیدەکان هەبێت، بەڕێژەی ٥٢.٣٪ی بەشداران دەڵێن ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کاریگەرییان لەسەر گۆڕینی بۆچوونی سیاسییان هەیە، لەکاتێکدا ڕێژەی ٣٧.٨٪ دەڵێن ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر هیچ کاریگەرییەکی لەسەر بۆچوونی سیاسییان نەبووە و ڕێژەی ٩.٩٪یش خۆیان یەکلانەکردووەتەوە.
زۆرینەی ڕەها دەنگدان بە لیستی ناکوردستانی ڕەت دەکەنەوە
یەکێکی دیکە لە پرسیارەکانی ڕاپرسییەکە، ئەوەیە کە ئایا ئامادەیت دەنگ بە لیستێکی ناکوردستانی بدەیت؟ زۆرینەی بەشدارانی ڕاپرسییەکە کە ڕێژەی ٦٨.٤٪ پێکدەهێنێت، ڕەتی دەکەنەوە دەنگ بە لیستێکی ناکوردستانی بدەن، لە بەرانبەردا بەڕێژەی ٢٤.٢٪ی بەشداربووان ئامادەییان دەربڕیوە کە دەنگ بە لیستی ناکوردستانی بدەن. لەکاتێکدا ڕێژەی ٧.٤٪یان دەڵێن هێشتا بڕیاریان نەداوە کە ئایا ئامادەن دەنگ بە لیستێکی ناکوردستانی بدەن یان نا.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا بەکارهێنانی دروشم و گوتاری نەتەوەیی کاریگەری لەسەر بەشداریکردن لە دەنگدان هەیە؟ بەڕێژەی ٥٥.١٪ ڕەتی دەکەنەوە دروشم و گوتاری نەتەوەیی کاریگەری لەسەریان هەبێت بە ئاڕاستەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکە، بەڵام ڕێژەی ٢٥.٦٪ دەڵێن کاریگەری هەیە و ڕێژەی ١٩.٣٪یش یەکلانەبووەوە و بێبڕیارن.
پێوەری دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندید
سەبارەت بە پێوەری دەنگدان و هەڵبژاردنی کاندید لەلایەن دەنگدەرانەوە، بەڕێژەی ٤٧.٨٪ی بەشداران دەڵێن دەنگ بە کاندیدی حزبی دەدەن، ڕێژەی ١٥.٢٪ دەڵێن دەنگ بە کاندیدە ڕاگەیاندنکارەکان دەدەن، ڕێژەی ١٣.٤٪ دەڵێن ڕەچاوی بنەمای ئەکادیمی و بڕوانامەی پسپۆڕی کاندیدەکە دەکەن، ڕێژەی ٨.٩٪ مامۆستایانی ئاینی پەسند دەکەن. ڕێژەیەکی زۆر کەم کە ١.٦٪ دەبێت لەسەر بنەمای خزمایەتی و هەروەها ڕێژەی ١.٢٪ ڕەچاوی پێوەری عەشایەری دەکەن لە هەڵبژاردنی کاندیدەکاندا. لەکاتێکدا ڕێژەی ١١.٩٪ی بەشدارانی ڕاپرسییەکە باسیان لە هۆکاری دیکە کردووە، جیا لەو پێوەر و بنەمایانەی ئاماژەیان بۆ کراوە.