
- ئەوەی لە میدیاکان بڵاوکراوەتەوە، ڕێککەوتنەکە هەشت خاڵ لەخۆ دەگریت. زۆربەی خاڵی گشتیین، بۆ جێبەجێکردنیان کات و گفتوگۆ و چەندین هەنگاوی تری دەوێت. لەوانەیە چەندین ڕێککەوتنی تری لێ بکەوێتەوە، لەوانەیە هەر زوو هەڵبوەشێتەوە.
- جۆلانی لە دوای کوشتار و کارە تیرۆریستییەکانی لە ناوچەی عەلەوییەکان، جۆرێک لە فشاری نێودەوڵەتی لەسەر دروست بوو. دەبوو هەنگاوێکی مەدەنی و دپلۆماسی ئەنجامبدات، ئیمزاکردنی ئەو ڕێککەوتنە لەم ڕۆژەدا، پەیوەندییەکی بەوەوە هەیە.
- خاڵی سێیەمی ڕێککەوتنەکە ئاماژەیە بە وەستاندنی شەڕ لە سەرانسەری سووریا. ئەگەر جێبەجێ بکرێت، گرنگ و بەسوودە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان. ئێستا ئەرکی جۆلانییە داوا لە تورکیا و میلیشیاکانی بکات شەڕ و هێرشەکانیان ڕابگرن بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان.
- خاڵی دووەمی ڕێککەوتنەکە ئیعترافکردنە بە کورد و مافەکانی. ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بەوەی سووریای نوێ جیاواز دەبێت لە سووریای ئەسەد سەبارەت بە پرسی کورد. هاوکات، دەکرێت ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ بێت کە مەزڵووم کۆبانێ تەنیا نوێنەری کوردەکانی سووریایە (ڕۆژئاوای کوردستان)، نەک نوێنەری ناوچەیەکی فراوانی وەک ڕۆژهەڵات و باکووری سووریا.
- لە خاڵی هەشتەم ئاماژە بەوە کراوە ئەم ڕێککەوتنە پێش ٢٠٢٦ جێبەجێ بکرێت. ئەم ماوە کورتە، لەگەڵ ئەو خاڵە گشتی و فراوانانە، یەک ناگرێتەوە.
- ماوەیەکی زۆرە بە زایۆنیکردنی هەسەدە و تۆمەتبارکردنی بە نۆکەری ئەمریکا و تەکفیرکردنیان… لە ناو لایەنگرانی جۆلانی گەیشتبووە لوتکە، زۆربەیان داوای شەڕیان دەکرد دژ بە ڕۆژئاوا. دانیشتن و ڕێککەوتن و تەوقەی ئەمڕۆی نێوان مەزڵووم و جۆلانی، جۆرێک لە توڕەیی و بێهیوایی لای لایەنگرانی دروست کردووە. ئایا کافرێکی زایۆنی نۆکەری ئەمریکا چۆن دەبێت ڕابەری موجاهیدەکان و خەلیفە ساختەچییەکەی سەردەم تەوقەی لەگەڵدا بکات و لەگەڵی ڕێکبکەوێت! بەڵام بە گشتی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە سووریا پێشوازییەکی گەرم هەیە لەم ڕێککەوتنە.
- هەندێک پێیوایە ئەم ڕێککەوتنە دەکرێت ڕێگرییەک بۆ پیلانەکانی تورکیا دژ بە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بکات. بێگومان مەزڵووم کۆبانێ یەکێک لە ئامانجەکانی ئەوەیە. بەڵام پێویستە بزانین، بە ئەگەری زۆرەوە ئەو هەشت خاڵە چەندین ڕۆژە و لەوانەیە چەند هەفتەیەک بێت لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەرکراوە، گڵۆپی سەوز بۆ جۆلانی هەڵکراوە. بە ئەگەری زۆرەوە گڵۆپی سەوزی ئەمریکا بۆ مەزڵووم کۆبانێ هەبووە بۆ ئیمزاکردنی ئەو ڕیککەوتنە. واتە دەکرێت بڵێین تورکیا و ئەمریکا ڕازین. ئایا لە کۆتاییدا کێ گەمەکە دەباتەوە؟ جارێ ڕوون نییە. هیوادارم وەک زۆربەی کات کوردەکە فێڵی لێ نەکرێت.
- ئەگەری جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکە زیاترە وەک لە ئەگەری جێبەجێکردنی. لە ئاییندەیەکی دوورتر، ئەگەری پێکدادانی سەربازیش زۆرە، بە تایبەت ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە.
- بۆچوونی من وا باشترە کە هەسەدە تا پێی بکرێت ماوەی دانوستان و گفتوگۆکردن درێژ بکاتەوە و هیچ جۆرە ڕێککەوتنێک نەکات. بەڵام لەوانەیە ڕووداوێک یان هەواڵێک هەبێت من ئاگاداری نەبم و هەسەدە ئاگاداری بێت. لەوانەیە ڕێککەوتن و لەیەک تێگەیشتنێکی ئەمریکی تورکی هەبێت. بە گشتی، ڕێککەوتنەکە خاڵێکی وای تێدا نییە کە بە ڕوونی هەسەدە ببەستێتەوە و ناچاری بکات، ئەگەر ئەوەش هەبێت، ئەوا تەفسیری جیاواز هەڵدەگرێت، چونکە خاڵەکان زۆربەی گشتی و فراوانن.
- پێش ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەریش، لە چەندین نووسین و بۆنە ئاماژەم بەوە کردووە کە هەسەدە پێویستە لەگەڵ جۆلانی و دەستەی تەحریری شام جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەیوەندی و لەیەکتێگەیشتنی نهێنی یان ئاشکرا دروست بکات. چونکە جۆلانی پێشتر ململانێ و ڕای جیاوازی هەبووە لەگەڵ تورکیا و میلیشیاکانی سەر بە تورکیا، ئێستاش ئاماژەکانی ئەوە ماوە. ڕاستە تیرۆریستێکی کۆنە داعشی کۆنە قاعیدەیە، بەڵام واقعی سیاسەت وا دەخوازێت هەندێک کات لەگەڵ خراپترین و ناشرینتریش مامەڵە و ڕێککەوتن بکرێت.