سیاسیشرۆڤه‌

تورکیا و فڕۆکەخانەی سلێمانی

 

تورکیا شەش مانگی تر گەمارۆدانەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە. ئەمە زیانێکی زۆری هەیە بۆ هەرێم بە گشتی و بۆ سلێمانی بە تایبەتی. چونکە ئەو بڕیارەی تورکیا تەنیا گەشتی نێوان سلێمانی و تورکیا ناگرێتەوە، بەڵکو هەر گەشتێک بۆ سلێمانی و لە سلێمانییەوە، نابێت ئاسمانی تورکیا بەکاربهێنێت. واتە فڕۆکەیەک لە ئەڵمانیاوە، ناتوانێت بە تێپەڕبوون بە ئاسمانی تورکیادا بێتە سلێمانی، بە پێچەوانەوەش. ئەم سزا فراوانە هیچ بنەمایەکی لۆژیکیی نییە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە نزیکەی هەموو رۆژ گەشتی ڕاستەوخۆ لە نێوان تورکیا و ئیسرائیل هەیە. کاولبوونی غەززە نرخ و بەهای ئەوەی نییە لای ئەردۆگان کە چەند مانگێک هیچ نەبێت گەشتەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل ڕابگرێت. بە کورتی هەر سەربازێکی ئیسرائیلی لە غەززە، کە پشوو وەردەگرێت دەتوانێت ڕاستەوخۆ بچێت بۆ تورکیا بۆ گەشتوگوزار. هەر کەسێکش بچوکترین سەرئێشەی بۆ درووست بکات، پۆلیسی تورکیا ئەو کەسە دەگرێت و سزای دەدات. بەڵام ئاساییە ڕۆژانە سووکایەتی بە گەشتیاری عەرەب بکرێت لە تورکیا. جگە لە ڕەفتارە ناشرینە بەردەوامەکانیان بەرانبەر بە گەشتیارانی کورد.
پێویست و ئەرکێکی ئەخلاقی و ئاینی و نیشتیمانییە ئیسلامییەکانی کوردستان ئەو پرسە بکەن بە بابەتی ڕای گشتی و بە بەیاننامەی فەرمی ئەو ڕەخنە و دووفاقییە باس بکەن و ئاڕاستەی ئەردۆگانی بکەن. هیچ نەبێت ئەردۆگان، کە بە سوڵتانی مسوڵمانانی دەزانن، با وەک ئیسرائیلی ئەم دوو مانگە تەماشای فڕۆکەخانەی سلێمانی بکات.
ئەگەر پرسەکە پەکەکەیە، بە دڵنیاییەوە ژمارەی پەکەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەگەر زیاتر نەبێت لە ژمارەیان لە سلێمانی، ئەوا کەمتر نییە. ئایا ئەو سزایانە بۆ فڕۆکەخانەکانی ناو ئێران ناگرێتەوە؟ یان هێرشەکانی تورکیا بۆچی ئەوێ ناکەنە ئامانج؟ کادیر و لایەنگری پەکەکە لە ئەڵمانیا، زیاترە وەک لە هی سلێمانی، بۆچی ئەو سزا و هێرشانە ئەڵمانیا ناگرێتەوە و تەنیا سلێمانی دەکاتە ئامانج؟
جگە لە زیانە ئابوورییەکانی، ئەو ڕەفتارەی تورکیا هەوڵێکە بۆ درووستکردنی دوو بەرەکی زیاتر و پیشاندانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دوو بەشە و لەیەکتر جیاواز و دژ بە یەکن. ئەگەر پارتی کەمترین بەرپرسیارێتی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتیمانی هەبوایە، لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ناڕەزایەتی توندی دەردەبڕی بەرامبەر ئەو سیاسەتەی تورکیا و دەبوو هەڕەشەی داخستنی فڕۆکەخانەی هەولێر بکات بەڕووی گەشتەکانی تورکیا.

ڕه‌نج نه‌وزاد

نووسه‌ر و توێژه‌ر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...