سیاسیكۆمه‌ڵایه‌تیهه‌واڵ
ئاراستەکان

نزیکەی نۆ هەزار پەنابەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە تورکیا دەستگیرکراون

زێدپرێس

 

بەگوێرەی ئامارەکانی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی، لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، نزیکەی نۆ هەزار پەنابەری عێراقی و هەرێمی کوردستان لە تورکیا دەستگیرکراون و دوو هەزار و ٧٧٦ پەنابەریش داوای مافی پەنابەرێتی و زیاتر لە ٩١ هەزار هاووڵاتی دیکەی عێراق و هەرێمی کوردستان داوای ئیقامەیان لەو وڵاتە کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

تورکیا

بەپێی ئاماری سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا ژمارەی ئەو پەنابەرانەی لە سنوری وشکانی و ئاوی و ناوشارەکان لەساڵی 2023دا دەستگیرکراون پێکدێن لە 254 هەزار و هەشت پەنابەر، کە ژمارەکە لەئاست ساڵی 2022دا کەمی کردووە کە بریتی بوو لە 285 هەزار و 27 پەنابەر. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وڵاتی تورکیا پێدانی ڤیزای سەخت کردووە بۆ چەندین وڵات لەناویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەو ژمارەیەش هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لەساڵی 2023 دەستگیرکراون پێکدێن لە هەشت هەزار و 803 پەنابەر کە لەئاست ساڵی 2022دا زیادی کردووە کە بریتی بوو لە شەش هەزار و 628 پەنابەر.

هەروەها پەنابەرانی ئەفغانی کە لەساڵی 2023دا دەستگیرکراون بریتیین لە 68 هەزار و 687 پەنابەر کە لەپلەی یەکەمدان و پەنابەرانی سووری لەپلەی دووەمدان کە بریتیین لە 58 هەزار و 621 پەنابەر.

سەبارەت بەداواکردنی مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتی لە تورکیا لەساڵی 2023دا بریتی بووە لە 19 هەزار و 17 داواکاری پەنابەرێتی، کە ئەم ژمارەیەش کەمی کردووە لەئاست ساڵی 2022دا کە بریتی بوو لە 33 هەزار و 246 داواکاری پەنابەرێتی، هۆکارەکەش بۆ سەخت وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لەلایەن تورکیاوە دەگەڕێتەوە.

پەنابەرانی ئەفغانی لەپلەی یەکەم دێن بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی بە 13 هەزار و 68 داواکاری مافی پەنابەرێتی لەساڵی 2023دا.

پەنابەرانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە پلەی دووەم دابوون بە 2 هەزار و 776 داواکاری پەنابەرێتی لەساڵی٢٠٢٣دا.

هەروەها پەنابەرانی ئێرانی لەپلەی سێیەم دێن بە یەک هەزار و 416 داواکاری پەنابەرێتی لەساڵی٢٠٢٣دا.

 

دەستگیرکردنی قاچاخچی:

سەبارەت بەدەستگیرکردنی قاچاخچی و ئەو کەسانەی بازرگانی بەژیانی پەنابەرانەوە دەکەن لەساڵی 2023دا، بەدیاریکراوی لە 10 هەزار و 482 کەس دەستگیرکراون، ژمارەکە زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی 2022، کە بریتی بوو لە نۆ هەزار و 147 قاچاخچی، هۆکارەکەش بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەگەڕێتەوە کە وەزیری نوێی ناوخۆی تورکیا بڕیاری دەرکرد بە دەستگیرکردنی پەنابەرانی نایاسایی و قاچاخچییەکان لەناوەندی ساڵی 2023دا کە تائێستاش پڕۆسەکە بەردەوامە.

 

ژیان لەدەستدانی پەنابەران لە سنورەکانی تورکیا

لەساڵی 2023دا بە ژمارە 226 پەنابەر لە سنورەکانی تورکیا ژیانیان لەدەستداوە، کە ژمارەکە زۆر کەمی کردووە لەئاست ساڵی 2022دا کە بریتی بوو لە 345 پەنابەر کە ژیانیان لەدەست دابوو. سەبارەت بە ڕەگەزنامەی ئەو پەنابەرانەی ژیانیان لەدەستداوە سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا ئاماژە بەڕەگەزنامەکانیان ناکات، لەگەڵ ئەم ئامارەشدا بەسەدان پەنابەر لەساڵی 2023دا لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ یۆنان و ئیتاڵیا و بوڵغاریا بێسەروشوێن بوون لەناویاندا پەنابەرانی هەرێمی کوردستانیش هەن کە فیدراسیۆن بەدواداچوون دەکات بۆ ئەو پەنابەرە کوردانەی کە لەلایەن کەسوکاریانەوە داوا لە فیدراسۆن کراوە بۆ دیاریکردنی چارەنووسیان.

 

داواکردنی جۆرەکانی ئیقامە لە تورکیا

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لە پلەی سێیەمدان بە 91 هەزار و 109 داواکاری ئیقامە کە ژمارەکە زۆر کەمی کردووە لەئاست ساڵی 2022دا کە بریتی بوو لە 132هەزار و 41 کەس کە ئیقامەیان وەرگرتبوو. هۆکارەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی پێدانی ئیقامە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو ژمارەیەش زیاتر ئەوانەن کە ئیقامەکانیان بۆ نوێ کراوەتەوە، هەر لەو ژمارەیەش پێنج هەزار و 990 ئیقامەیان ئیقامەی خوێندنن.

 

دووبارە نیشتەجێکردنی ئەو پەنابەرانەی لەتورکیان

بەپێی ئاماری فەرمی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆ کاروباری پەنابەران لەتورکیا بۆ ساڵی 2023، کەیسی 16 هەزار و 93 پەنابەر دراوە بەو وڵاتانەی کە پەنابەر لەهەمان ڕێکخراو وەردەگرن. لەو ژمارەیەش 14 هەزار و 738 کەیسیان کەیسی پەنابەرانی سووری بوون کە حەوت هەزار و 647 کەیسیان پەسەند کراون و گەیشتوون بە وڵاتانی سێیەم کە لە پلەی یەکەمدابوون، ژمارەکە زیادی کردووە لەئاست ساڵی 2022دا کە بریتی بوو لە شەش هەزار و 591 پەنابەر کە بەڕێکراون بۆ وڵاتانی سێیەم.

سەبارەت بەپەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراقیش لە تورکیا سەر بە بەهەمان ڕێکخراو، کە بەپێی ئاماری فەرمی سەرۆکایەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا ژمارەیان زیاتر لە 147 هەزار پەنابەرە کە لە پلەی یەکەمی پەنابەرانی نێودەوڵەتییە سەر بەڕێکخراو نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆ کاروباری پەنابەران لە کۆی 267 هەزار پەنابەر، بەڵام لەساڵی 2023دا لە کۆی 147 هەزار پەنابەر تەنیا کەیسی 40 پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق دراوە بەو وڵاتانەی پەنابەر لە هەمان ڕێکخراو وەردەگرن. ئوستڕاڵیا هەشت پەنابەر، پورتوگال دوو پەنابەر، ئەمریکا 30 پەنابەر، کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لەلایەن پەنابەرانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست کردووە، کە بەتەواوی پشتگوێخراون سەرەڕای زۆری ژمارەیان، لەهەمان کاتدا بێکێشەترین پەنابەرن لەتورکیا لە ئاست گشت پەنابەرەکانی تر لەگشت ڕوویەکەوە، کە لەهەمان کاتدا سەخترین ژیان بەڕێ دەکەن، بەهۆی زۆر مانەوەیان و گۆڕانکاری سیاسەتی کۆچ و کۆچبەران و نالەباری بژێوی ژیان و گرانبوونی ژیان و لێبڕینی بیمەی تەندروستی و ترسی ڕەتکردنەوەی داواکاری مافی پەنابەرێتییان.

لەهەمان کاتدا هەر لەساڵی 2023دا یەك هەزار و 460 پەنابەری هەرێمی کوردستان و عێراق لەتورکیاوە لەڕێگای هەمان ڕێکخراوەوە گەیشتوون بە وڵاتانی سێیەم، بەڵام ئەم ژمارەیە هیی ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 کە لەلایەن ئەو وڵاتانەی ئاماژەی پێدەکەین وەرگیرابوون و بەڕێ نەکرابوون، لەساڵی 2023دا بەڕێکران.

ئەمریکا یەك هەزار و 10 پەنابەر، ئوسترالیا 312 پەنابەر، پورتوگال 82 پەنابەر، کەنەدا 36 پەنابەر، بەریتانیا 20 پەنابەر.

 

 

ئاماری جیهانی:

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی کۆچی نێودەووڵەتی IOM ئەو پەنابەرانەی بەشێوەیەکی نایاسایی گەیشتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا لەساڵی 2023دا بریتییە لە 286 هەزار و 292 پەنابەر کە 257 هەزار و 242 پەنابەریان لەڕێگای دەریاوە بووە و 29 هەزار و 50 پەنابەریشیان لەڕێگایی وشکانییەوە بووە، کە ژمارەکە لە ئاست ساڵی 2022دا زۆر زیادی کردووە، کە بریتی بوو لە 189 هەزار و 620 پەنابەر.

 

ژیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی پەنابەران

ئەو پەنابەرانەی لە ڕێگای گەیشتن بە وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی تر ژیانیان  لەدەستداوە و بێسەروشوێن بوون لەساڵی 2023دا، بریتی بوون لە سێ هەزار و 711 پەنابەر کە ژمارەکە لەئاست ساڵی 2022دا زۆر زیادی کردووە، کە بریتی بووە لە دوو هەزار و 970 پەنابەر. هەر لەساڵی 2023دا دوو هەزار و 644 پەنابەر لەڕێگای پەنابەرێتیدا ڕووبەڕووی گیرخواردن و گرفت بوونەتەوە.

ئاماری پەنابەران لە وڵاتانی ئەوروپا:

لە حەوت مانگی سەرەتایی ساڵی 2023دا، بە ژمارە 601 هەزار و 600 پەنابەر داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە. لەو ژمارەیە 556 هەزار و 200 پەنابەریان یەکەم جاریان بووە کە کۆی ژمارەکە لە 25% زیادی کردبوو لە ئاست ساڵی 2022دا.

لە کۆتایی مانگی حەوتی هەمان ساڵ دۆسیەی 955 هەزار و 200 پەنابەر بە هەڵپەسێردراوی مابوونەوە، کە ژمارەکە لەئاست ساڵی 2022دا بەڕێژەی 25% زیادی کردبوو، کە بریتی بوو لە 764 هەزار و 400 دۆسیەی پەنابەران.

 

ئاماری فەرمانگەی فیدڕاڵی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا

زۆرترین ئەو پەنابەرانەی داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردبوو بەم شێوەیە بووە:

یەکەم: سوریا 102 هەزار و 930 پەنابەر

دووەم: تورکیا 61 هەزار و 181 پەنابەر

سێیەم: ئەفغانستان 51 هەزار و 275 پەنابەر

چوارەم: عێراق و هەرێمی کوردستان 11 هەزار و 152 پەنابەر

پێنجەم: ئێران 9 هەزار و 384 پەنابەر

 

ئاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان UNHCR بۆ کاروباری پەنابەران

لەساڵی 2023دا ژمارەی پەنابەران و ئاوارەبوون بەناچاری 114 ملیۆن کەسی تێپەڕاند لەسەراسەری جیهاندا، بەهۆی جەنگ و نائارامی و ناسەقامگیری سیاسی و دینی و ئابوورییەوە.

لەو ژمارەیە 62 ملیۆن و 200 هەزار کەسیان ئاوارەی ناوخۆی وڵاتەکانیان بوون، کە لە کۆی ژمارەکە لە 57% پێکدەهێنن.  هەروەها ژمارەی پەنابەرانی سەر بە هەمان ڕێکخراو بەرزبۆتەوە بۆ 36 ملیۆن و 400 هەزار پەنابەر. لە کۆی 73 کەس لەجیهاندا یەک کەس بەناچاری ئاوارە و پەنابەر بووە و لە کۆی 10 پەنابەر و ئاوارە 9 کەسیان لە وڵاتانی هەژار و ئابووری لاواز دەژین. هەروەها لەساڵی 2023دا 404 هەزار پەنابەر گەڕاونەتەوە وڵاتەکانیان کە زۆرینەیان گەڕانەوەیان مەترسیداربووە لەسەر ژیانیان. هەروەها دوو ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەش گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان و زیاتر لە پێنج ملیۆن پەنابەریش پێویستیان بە مافی پەنابەرێتی نێودەوڵەتییە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...