سیاسیشرۆڤه‌

بۆچی ئاسایشی هەولێری پایتەخت دەکرێتە ئامانج؟

ئەمە چەند جارێکە هێرشی مووشەکی دەکرێتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕوون و ئاشکرایە کەوا ئەم هێرشانە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراون، بەڵام ڕاگەیاندراوەکان پێمان دەڵێن کەوا هێرشەکەی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجام دراوە، بە پاساوی بوونی ناوەندی سیخوڕی ئیسڕائیلی، کە ئەم پاساوە هیچ بنەمایەکی نییە و دوورە لەڕاستییەوە.

 

لەم چوارچێوەیەدا هێرشی ئەم جارەی ئێران بۆ سەر هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی کۆمەڵێک پەیامە، لەوانە:

 

1- هەوڵی ئێرانە بۆ تێکدانی پێگەی سەقامگیری و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان.

2- پەیامی ئێرانە بۆ هەرێمی کوردستان تاکو هاوسەنگی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی تێکبدات و تای تەرازوو لە بەرژەوەندی ئێران بشکێنێتەوە.

3- پەرچەکردارێکی ناڕەوای ئێرانە لە بەرانبەر هەرێم وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن.

4- ناردنی پەیامێک بۆ (ئیدارەی بایدن) کەوا شیعەکان خوێنی (موسەوی و سولەیمانی و موهەندیس) و قوربانیانی تەقینەوەکەی شاری (کرمان) لەبیر ناکەن.

5- تێرکردن و ڕازیکردنی شەقامی شیعە بە مەبەستی (استهلاك المحلی) و ڕیکلامکردن و کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئێران.

6- تاقیکردنەوەی (ئیدارەی بایدن) تاکو بزانن تا چەند بەرگری لە هاوپەیمانەکانی دەکات.

7- فشارێکە بۆ ئەمریكا تاکو دەست  ھەڵبگرێت لە پشتگیرکردنی ئیسڕائیل و ڕاگرتنی شەڕی حەماس لە غەززە.

 

دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکان دەبێت ناچارمان بکات تاکو هەڵوەستەیەک بکەین بۆ ئەنجامدانی ئەم سێ خاڵە گرنگە:

 

یەکەم: گرنگە هەرێم داوا لە ئەمریکا بکات چۆن لە ڕێگای سیستەمی پاتریۆتەوە بنکە و بارەگاکانیان دەپارێزن، ئەوهاش (ئاسمان و خاک و خەڵکی) هەرێم لە هێرشی نەیارەکانیان بپارێزن، چونکە سەرەکیترین بەهانەی هێرشکردنی ئەم گرووپانە بریتییە لە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێم.

 

دووەم: گرنگە هەرێم بە ڕاشکاوی داوا لە عێراق بکات تاکو سەروەری هەرێم و عێراق بپارێزێت، ئەگەر عێراق نەتوانێت ئەمە بکات، ئەوکات گرنگە داوا بکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بە بڕیارێکی هاوشێوەی (٦٨٨) هەرێم لە هێرشی لایەنە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بپارێزێت.

 

سێهەم: لەپاڵ ئەم دوو خاڵەی سەرەوەدا پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پەلە بکات لە پڕۆسەی ڕێکخستنەوە و یەک خستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، بەمەبەستی ئامادەباشی وەرگرتن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و هەڕەشەیەکی سەربازی و ئەمنی بۆ سەر خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان.

 

کارۆخ خۆشناو

نووسەر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button