سیاسیشرۆڤه‌

هەرێمی کوردستان و ئێران

هەندرێن شێخ ڕاغب

 

پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە دەوڵەتی ئێرانەوە، ڕیشە و ڕیشاڵی زۆری هەیە، لەسەردەمی پێشمەرگایەتی و خەبات دژی بەعس و ڕووداوەكانی سەردەمی حكوومەتی عێراق، بگەڕێوە بۆ سەردەمی شا و پێشووتریش، بەكورتی ئێران هەمیشە لایەنێكی گرنگی كێشەی كوردبووە لە عێراق بە باش و بە خراپ.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

لەدوای دروستبوونی كیانی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ بەملاوە، ماوەی سی ساڵ زیاترە كاریگەرییەكانی ئێران و توركیا زیاتر بوون لە كاریگەری خودی عێراق لەسەر هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا دەوڵەتی ناوەندی هەرێم، عێراقە، بەڵام كاریگەرییەكانی هێندەی ئێران و توركیا نەبووە.

بەبۆچونی من ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەژی ڕاستییەك هەیە هەرگیز نابێت فەرامۆشی بكات، ئەویش ئەوەیە ئێمە سنورمان لەگەڵ ئێران و توركیایە، دەوڵەت بین، هەرێم بین، عێراقی بین و نەبین، ئەمانە دراوسێی ئەبەدی ئێمەن، بۆیە كورتبینییە ئەگەر بمانەوێت دەرگایان لەسەر دابخەین، جوگرافیای سیاسی هەرێمی كوردستان وایە كە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئێران و توركیا هەیە و نابێت بە گرنگی وەرنەگرێت، هاوكات خاڵی هاوبەشی زۆرمان هەیە لە ڕووی كۆمەڵایەتی، ئایینی، فەرهەنگی، ئابووری و بازرگانی و تەنانەت پەیوەندی سیاسیش.

گرنگترین بابەتیش ئەوەیە كە كێشەی كورد بەلای ئێران و توركیاوە كێشەی سنور و دراوسێیەتی و دوو دەوڵەتی دۆست و دوو گەل نییە، بەڵكو ڕێك و ڕاست كێشەی ناوخۆی ئێران و توركیایە، چونكە دوو بەشی گەورەی نیشتمانی كوردستان لەسنوری جوگرافیای دەوڵەتی ئێران و توركیان. بۆیە پرسی كورد ڕاستەوخۆ پرسێكی ئێرانی و توركییە. ئەمەش وا دەكات هەر گۆڕانكارییەكی باش و خراپ لە هەرێمی كوردستان مانای كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئێران و توركیا. بەكورتی كێشەی كورد ئەمنی قەومی ئەم دەوڵەتانەیە. بەڵام بە داخەوە وەك سیستەم ئەم دەوڵەتانە زۆر دژە دیموكراسی و فرە نەتەوەیی و پێكەوەژیانن، شۆڤێنیەتی قەومی چۆتە ناو خوێنیان، هیچ گۆڕانكارییەكی دنیا ناتوانێت بەرچاویان ڕووناك بكاتەوە. هەتا زیاتر لێیان نزیك دەبینەوە، ئەوان زیاتر فارسچیەتی و توركچیەتی دەكەن. تەنانەت هێز دەبەخشنە عەرەبچێتی و ناشهێڵن هیچ دەوڵەتێكی ناوچەكە بەرەو دیموكراسی بڕوات. خراپترین ڕۆڵیان هەیە لە تێكشكاندنی دەنگە ئازاد و كراوەكان و بەمەدەنیبوونی ئەم ناوچەیە، خەیاڵیان لای چارەسەری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییە. بەردەوام عەقڵیەتی گەمارۆدان و موئامەرە و هەواڵگری زاڵە لە سیاسەتیان و بڕیارەكانیان، هەر بۆ نمونە نوێترین هەنگاوی توركیا ئەوە بوو بەرپرسی دەزگای هەواڵگری كردە وەزیری دەرەوە. ئێرانیش بەهەمان شێوە گرووپی چەكدار و مەزهەبی و ڕەمزە سەربازییەكان دەكاتە پێشەنگی سیاسەتی پەیوەندییەكانی. بۆیە ئەستەم بووە چارەسەری سیاسی و دیموكراسی بۆ پرسی كورد لەم ناوچەیە سەركەوێت.

 

ئێران و تورکیا خراپترین ڕۆڵیان هەیە لە بەمەدەنیبوونی ئەم ناوچەیە، خەیاڵیان لای چارەسەری سەربازی و ئەمنی و هەواڵگرییە. بەردەوام عەقڵیەتی گەمارۆدان و موئامەرە و هەواڵگری زاڵە لە سیاسەتیان و بڕیارەكانیان

 

دادگای پاریس و قەیرانی مووچە و دارایی و شكستی هەڵبژاردن و پڕۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، دواتر لەدەستدانی كەركووك و شەنگال و خانەقین و زۆرینەی خاكی كوردستان، دابەشبوونی بێمانای ناوخۆیی كورد، هەرێمی كوردستانی زۆر لاواز كردووە لە بەغدا، هەرچەندە هۆكارێكی تریش ئەوەیە ئێستا عێراق بەهێزبۆتەوە، بەهێزبوونەوەی بەغداش ڕاستەوخۆ دروستكردنی فشارە بۆ سەر كورد و لاوازكردنی كە نەدەبوو وا بووایە، ئەوەشیان باسێكی ترە.

بەڵام پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە بۆچی نابێت هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران تووشی بەریەككەوتن بێت؟ شكستی ڕیفراندۆم و ئابووری سەربەخۆ و شازدەی ئۆكتۆبەر و بڕیاری دادگای پاریس، هەرێمێكی لاواز و پەرتەوازە و برسی خستە بەردەم عێراق. لەبەرانبەردا عێراقێكی براوە هەیە كە پشتیوانی زۆری هەیە. ئەم عێراقەش حكوومەتێكی هەیە كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دروستیان كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێران دروستی كردووە. كەواتە ململانێی ئێمە لەگەڵ ئێران واتە شەڕی كورد لەگەڵ دوو دەوڵەت ئێران و عێراق.

 

عێراق حكوومەتێكی هەیە كە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دروستیان كردووە، چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێران دروستی كردووە. كەواتە ململانێی ئێمە لەگەڵ ئێران واتە شەڕی كورد لەگەڵ دوو دەوڵەت ئێران و عێراق

 

ئەگەر ئێران مەبەستی بێت، بەیەك ڕۆژ كێشەی مووچە و بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم چارەسەر دەبن، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵیش دەوەستن، پارێزگاری كەركووكیش ئاسانتر دەبێت. مانای وا نییە توركیا و ئەمریكا و ئەوانەی دی ڕۆڵیان نییە، بەڵام كێشە گەورەكە ئەوەیە حكوومەتی عێراقی دروستكراوی بیرۆكە و بڕیار و پشتیوانی ئێرانە، ئەمە وایكردووە لە عێراق هەست بكەین ئێران سەركەوتووە. ئەگەر كورد بیەوێت بەرانبەر ئێران بەهێزبێت و بەرگەی فشارەكانی بەغدا بگرێت، زۆر شت هەیە دەبێت كاریان بۆ بكات:

-ئازادبوونی بەغدا لە ژێر دەستی ئێران. یان كورد بتوانێت فاسیلەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵێت بەغدا بڕیارەكانی لە دژی هەرێمی كوردستان بەم جۆرە بێت، ئەمەش بە ئەمریكا دەكرێت.

-بەهێزبوونەوەی كورد لە بەغدا. كورد دەبێت یان بڕیاری ئەوە بدات لە بەغدا بكشێتەوە بەیەك دەنگ، كە ئەمەش بنكۆڵی و باسوخواس و ئامادەكاری دەوێت، یان ناكرێت بەم لاوازی و پەرتەوازەییەوە لە بەغدا بێت، بەهێزترین كەسەكان و گرووپەكان و ناوەندەكان دەبێت ببەینە بەغدا. مادام ناتوانیت سەربەخۆیی ڕابگەیەنیت و جیاببیتەوە، كەواتە بۆچی بەم لاوازییە لە بەغدا دەبیت؟

-دروستكردنی لۆبی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانی زۆر كاریگەر و بەهێز لەناو بەغدا. بەجۆرێك كورد چی دیكە بەم جۆرە سەیری ڕووداوەكانی ناو بەغدا نەكات. بۆ ئەمەش دامودەزگای بۆ دروست بكات.

-پێداچوونەوە بە پۆستەكانی ناو بەغدا، گۆڕانكاری لە كەسەكان و ستافەكان و ئۆفیسەكان و ڕێكخستنەوەیان، كە دەبێت زۆر بەهێزبكرێن و باش ئاڕاستە بكرێن.

-دانیشتن و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ ئەمریكا. ئەم بابەتە پێویستی بەوەیە هەوڵێكی تازە بدرێت لەگەڵ ئەمریكییەكان و ئەوروپییەكان. بیرمان نەچێت كیانی هەرێم بە پشتیوانی ئەوان بەهۆی ناوچەی ئارام دروست بوو. بۆیە گرنگی ئەمریكا لەدەست مەدەن.

 

كورد دەبێت یان بڕیاری ئەوە بدات لە بەغدا بكشێتەوە یان ناكرێت بەم لاوازی و پەرتەوازەییەوە لە بەغدا بێت، مادام ناتوانیت سەربەخۆیی ڕابگەیەنیت و جیاببیتەوە، كەواتە بۆچی بەم لاوازییە لە بەغدا دەبیت؟

 

-بەهێزكردنەوەی ناوخۆی هەرێم، كە هەنگاوی یەكەم گەڕانەوەیە بۆ دیموكراسی و ئازادی و كرانەوەی ناوخۆیی. تێپەڕاندنی بوغزی حزبی و تەسفیەی شەخسی و حزبی. .

-بەهێزكردنەوەی دەزگا نیشتمانییەكان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

-چارەسەری بێمتمانەیی هاووڵاتییان لە شاردنەوەی داهات و خەرجی ناوخۆی هەرێم. شەفافیەتی دارایی و داهات متمانەی گەورە لە ناوخۆی هەرێم دروست دەكاتەوە.

-خۆدوورگرتن لە فشارەكانی چین و ڕووسیا و پڕۆژە جیاوازەكانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە كورتی بۆ كورد باش نییە لە دەرەوەی عێراق پەرش و بڵاو بێت، چونكە ڕێككەوتن و سیاسەتە هەرێمییەكان لەبەرژەوەندی كورد نین، بەتایبەت توركیا و ئێران. پێچەوانەی ڕابردوو، گرنگە هەوڵ بدەین كێشەكەمان لەناوخۆی عێراق چارەسەر بكەین باشترە، وەك ئەوەی تەرەفی دیكە و دەوڵەتی دیكە و ڕووبەری دیكەی بۆ زیاد بكەین، بەڵام بەبێ فەرامۆشكردنی ئەمریكا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button