سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

پێگەی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەکانی ناوچەکەدا

لەم وتارەدا هەوڵدەدرێت بە کورتی تیشک بخرێتەسەر ڕەوشی هەنووکەی هەرێم و لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکی شیکارییانە بەرچاوڕوونییەک بخرێتەڕوو بۆ ئەگەرەکانی داهاتوو. بۆ تێگەیشتن لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە داهاتووی نەخشەی سیاسی ناوچەکەدا پێویستە ئاوڕێک لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و پەیوەندی ئەم بزاڤە بە جیهانی ڕۆژئاواوە بدەین. هەر بۆیەش، لەڕووی زەمەنییەوە، بە نزیکبوونەوە لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، بابەتەکە فرەڕەهەندتر دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی وێنایەکی تۆکمە لەسەر هەرێمی کوردستان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کورتەیەکی مێژوویی

دوای ئاڕاستە بوون/ئاڕاستەکردنی داعش بەرەو هەرێمی کوردستان، بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش هێزە هاوپەیمانەکان بەبێ دوودڵی هاتنە سەرخەت. پرسیاری سەرەکی کە ئەوکات لە ناو هزری تاکێکی ئاسایی تا ناوەندە لێکۆڵینەوەکان و تەنانەت هزری سەرکردەکانیش گەڵالە کرا بریتی بوو لەوەی کە بۆچی یەکسەرە زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ڕۆژئاوا و بە تایبەتیش ئەمریکا  (هاوپەیمانان) بە هانای هەرێمی کوردستانەوە هاتن ،لە کاتێکدا کە نە لە عێراق و نە لە سووریا ئەمە ڕووینەدا؟ هەر بۆیەش لە زۆر لایەنەوە هاوپەیمانان لۆمە کران کە سیاسەتێکی دووفاقی یاخود ناڕوونیان گرتووەتەبەر. ئەگەرچی لە ڕاستیدا، هەر بە گوتەی خودی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا واتە ئۆباما، ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا هیچ ستراتیژێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆی داعش نەبووە، تا ئەو کاتەی کە لە بیرەوەری ١١ی سێپتەمبەری ٢٠١٤ ستراتیژەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش خستەڕوو و بانگەوازی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بۆ پێکهێنانی بەرەیەک دژ بە داعش. ئەمجارە بە پێچەوانەی شەڕی ئەفغانستان ناوچەی جوگرافی دژ بە داعش گشت کونجێکی ئەم جیهانەی گرتەوە، ئەگەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا ڕووبەڕووی مەترسی ببێتەوە.

 

دەکرێت سادەترین وەڵام بۆ پرسیاری سەرەوە بریتی بێت لەوەی کە ‘ئەمریکا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات’. کە ئەمەش وەڵامێکی ڕاست، بەڵام لە ڕاستیدا خۆدوورخستنەوەیە لە وەڵامی سەرەکی پرسیارەکە. چونکە ژیانی ڕۆژانە، هەر لە نانخواردنەوە بگرە تا دەگاتە عیبادەتی ئایینی و خەوتن، گشتیان لەسەر بەرژەوەندی وەستاون. لە سیاسەتیشدا بەرژەوەندی کۆڵەکەی سەرەکی ئەم بوارەیە هەم وەک زانست و هەمیش وەک کردە. بەڵام لایەنی دیکەی ئەم وەڵامە بریتییە لە پێگەی خودی هەرێمی کوردستان. واتە هەرێمی کوردستان چووەتە ناو چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا. بوارەکانی ئەم بەرژەوەندییەش فرەڕەهەندن. وەک وزە، ئاسایش و سەقامگیری، سیستەمی نوێی جیهانی کە کۆمەڵێک کێشەی جیهانی بەخۆوە بینیووە؛ نەخوشی ئیبۆلا، پیسبوونی ژینگە و هزری پێکەوەژیانی مرۆڤ و ژینگە و…. گشت ئەم بوارە نوێیانە ئەو هەلە ناڕەخسێنێت کە دەوڵەتان لەسەر بیرۆکەی ئایدیۆلۆژی دژی یەکتر بوەستنەوە و پشتگیریکردنیش لە وڵاتانی دیکتاتۆر بکەوێتە ناو چوارچێوەی ئەم ململانێیەوە.

 

گوتار و شێوازی حوکمڕانی هەرێم بە گشت کەموکوڕییەکانییەوە، بۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوای سەلماند کە هەرێمی کوردستان کەم تا زۆر پشتگیریی لە بەهاکانی ڕۆژئاوایی دەکات

 

لە چوارچێوەی ئەم بارودۆخە نوێیەدایە کە کورد بووە بە بەشێک لە هاوکێشەی جیهانی. ئەمەش بەو هۆیەوە کە گوتار و شێوازی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان (بە کۆی کاراکتەرە سیاسییەکان لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسیدا) بە گشت کەموکوڕییەکانییەوە، بۆ کۆمەڵگای ڕۆژئاوای سەلماند کە هەرێمی کوردستان کەم تا زۆر پشتگیریی لە بەهاکانی ڕۆژئاوایی دەکات. ئەمەش پڕۆسەیەکی مێژووییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بزووتنەوەی نەتەوەیی/ڕزگاریخوازی کوردستانی عێراق و بە تایبەتیش بە دەستپێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بزووتنەوەی نەتەوەیی/ڕزگاریخوازی کورد لەگەڵ ئیسرائیل. لوتکەی ئەم پەیوەندییەش کاتێکە کە بەرپرسانی ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٦٨دا، ئامۆژگاری مەلا مستەفای بارزانی دەکەن کە لەبری هەوڵدان بۆ حوکمی زاتی، کار بکات لە پێناو بەدیهێنانی سەربەخۆیی. بۆیەش جێگەی سەرسوڕمان نییە کە دوای هاتنی داعش بەرەو هەرێم و بانگەشەی سەرۆکی هەرێم بۆ پرسی سەربەخۆیی، سەرۆکی ئیسرائیل، بە هەر هۆکارێک بێت، یەکەم سەرۆک دەبێت کە بە ئاشکرا پشتگیری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دەکات. پەیوەندیی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بووە کە ئەمریکا ئامادە نەبووە پەیوەندی لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا دروست بکات. بە گەڕانەوە بۆ مێژووش دەبینرێت کە گوشاری ئیسرائیل بۆ سەر ئەمریکا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ناوەوەی ئەمریکا بووە بۆ ناو پرسی کورد لە عێراقدا. سەرەڕای بەرزی و نزمی لە پشتگیریی ئەمریکا بۆ کورد، بەڵام سەرەتای پشتگیری ڕاستەقینەی ئەمریکا لە کورد بۆ ساڵی ١٩٩١ دەگەڕێتەوە؛ واتە کاتێک کە ئەمریکا و جیهانی ڕۆژئاوا پشتگیریان لە کورد کرد و ناوچەی ئارامیان دامەزراند و پشتگیریان لە سیستەمی فیدڕاڵی بۆ عێراق کرد.

 

پەیوەندیی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بووە کە ئەمریکا ئامادە نەبووە پەیوەندی لەگەڵ بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا دروست بکات

 

بە گەڕانەوە بۆ ساڵی یەکەمی خولی یەکەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کاتێک کە کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمان گەڵاڵەی سیستەمی فیدڕاڵی دەکەن بۆ عێراق و هەرێم وەک بەشێک لە عێراقی فیدڕاڵ، ئەم گەڵاڵەیە لە نێوان زۆرێک لە نوخبەی سیاسی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان پشتگیری بەدەست ناهێنێت، واتە هزری سیاسی کورد لە چوارچێوەی خودموختاریدا قەتیس کرا بوو. ئەمە لەکاتێکدا بوو کە هاوکات بە گەڵاڵەکردنی ئەم بیرۆکەیە، مەسعوود بارزانی و جەلال تاڵەبانی لە گەشتێک بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپادا بوون. بە گەڕانەوەیان، پیشنیازی سیستەمی فیدڕاڵیان خستەبەردەم پەرلەمان و بڕیاردرا هەرێم ببێتە بەشێکی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی عێراقدا. مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سێیەمین کۆنفرانسی حزبەکە لە ساڵی ١٩٩٣دا، لەمیانەی ئەو گوتارەی پێشکەشی کرد، بە هەڵوەستەکردن لەسەر جێگیرکردنی دروشمی فیدڕاڵی بۆ عێراق لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حزبەکەدا، بەڕوونی ئاماژەی بە هەڵوێستی ئەرێنی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، لەمەڕ لارینەبوونیان لە پەیڕەوکردن و کارکردن بۆ هەر فۆڕم و سیستەمێک لەچوارچێوەی عێراقدا. ئەوەش بەمانای ڕەزامەندی ڕۆژئاوا لەسەر سیستەمە فیدڕاڵییەکە.

هەروەها، لە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ کۆمەڵێک ئەندام پەرلەمانی ئەوکات، ئاماژەیان بەوەدا کە خستنەڕووی فیدڕاڵیزم بۆ هەرێم بە پشتگیری ڕاستەوخۆی ڕۆژئاوا بووە. واتە یەکەمین هەنگاوی کرداریی بۆ پشتگیرییکردن لە هەرێمی کوردستان.

 

 

بە گەڕانەوە بۆ ساڵی یەکەمی خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان کە پێشنیازی فیدڕاڵی لەلایەن ژمارەیەک پەرلەمانتارەوە خرایەڕوو، سەرەتا لەئاست نوخبەی سیاسی کورد پەسندکراو نەبوو

 

دووەمین پشتگیری ڕاستەوخۆ لە کورد لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو. ئەم پشتگیرییە هەم لە پێش شەڕی دژی سەدام ڕەنگیدایەوە و هەمێش لە داڕشتنی دەستوری عێراقدا. سەبارەت بە داڕشتنی دەستور، سیستەمی فیدڕاڵی بوو بە سیستەمێکی چەسپاو لە عێراقدا و سەرەڕای هەبوونی ڕەستەیەک لە دیباجەکەدا کە ئاماژە بەوە دەکات کە یەکگرتوویی لە عێراقدا بەندە بە جێبەجێکردنی ئەم دەستورە. سەبارەت بە پشتگیریی ئەمریکا لە پێش شەڕدا پێویستە تیشک بخرێتە سەر تورکیا وەک لایەنێکی هاوپەیمانییەکە لە دژی سەدام. تورکیا یەکێک لەو وڵاتانە بوو کە بە توندی لە دژی شەڕی عێراق وەستایەوە. بۆ ڕازیکردنی تورکیا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی سەدام، ئیدارەی ئەوکاتی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕی کە بڕی ٣٠ میلیار دۆلار بە تورکیا ببەخشێت. شەش میلیار وەک بەخشش و ٢٤ میلیاریش وەک پێشینەی درێژخایەن. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئابووری تورکیا تووشی وەستان ببوو و یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئاک پارتیش بەڵێنی چارەسەرکردنی ڕەوشی ئابووری بوو. سەرەڕای ئەمەش تورکیا بەم پێشنیازە ڕازی نەبوو و مەرجی سەرەکی بەشداربوونی تورکیا، کونتڕۆڵکردنی ویلایەتی کۆنی مووسڵ بوو. ئەم مەرجەش بە توندی لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە ڕەتکرایەوە. ئەگەرچی ڕایەکی تر هەیە وای بۆ دەچێت کە هۆکاری سەرەکی بەشداری نەکردنی تورکیا، بریتی بوو لە دەربازنەبوونی پڕۆژەی بەشداریکردن لە شەڕی دژی عێراق لە پەرلەمانی ئەوکاتی تورکیا، هەم بەهۆی ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوەی ئاک پارتی کە تازە دەسەڵاتی گرتبووە دەست دیار نەبوو، هەمیش زۆرێک لە کوردە پەرلەمانتارەکانی سەر بە ئاک پارتی دەنگیان بۆ ئەم پڕۆژەیە نەدا. بەڵام لە هەر دوو حاڵەتدا، تای تەرازوو بە لای کورد شکایەوە.

 

کاتێک هەرێم ڕووبەڕووی مەترسی داعش دەبێتەوە، ڕۆژئاوا یەکسەر دێتە سەرخەت و بۆ جاری سێیەم بەبێ هیچ دوودڵییەک پشتگیرییەکی بێوێنە لە کورد دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە هۆکارەکانی ئەم پشتگیرییە چین؟

 

سەرەڕای ئەم دوو قۆناغە، بەڵام هەندێ بۆچوونی تر هەن کە لەو بڕوایەدان تا ساڵی ٢٠٠٥ ئیدارەی ئەمریکا هیچ بەرچاوڕوونییەکی لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کورد لە عێراقدا نەبووە. بەڵکو لە دوای ئەم ماوەیە و بە دیاریکراویش دوای دەرچوونی دەستوری عێراق هێدی هێدی ڕووخسارەکانی سیاسەتی ئەمریکا لە بەرانبەر کورد دەرکەوت. نەک تەنیا وەک پارەسەنگی ڕاگرتنی هێز لە ناوخۆی عێراق و ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان هەردوو بەرەی شیعە و سووننە، بەڵکو وەک بەشێک لە پارێزەری ڕاستەوخۆی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا و مەیلگیریی ئەم هەرێمە بەرەو پێوەرەکانی بەهای ڕۆژئاوایی. بۆیە ئەم سیفەتە ئەو هەلە بە کورد دەبەخشێت کە کاتێک هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی داعش دەبێتەوە، ڕۆژئاوا یەکسەر دێتە سەرخەت و بۆ جاری سێیەم بەبێ هیچ دوودڵییەک پشتگیرییەکی بێوێنە لە کورد دەکات. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە هۆکارەکانی ئەم پشتگیرییە چین؟

 

هۆکارەکان:

یەکەم: دەکرێت سادەترین وەڵام وەک ئەوەی کە زۆرێک ئاماژەی پێدەکەن، بریتی بێت لە بوونی سەرچاوەکانی وزە لە هەرێمی کورستان. بەڕای من دەکرێت ئەم فاکتەرە هۆکارێک بێت، بەڵام نەک تەنیا فاکتەر و تەنانەت فاکتەری سەرەکیش بێت. پرسیار ئەوەیە کە ئایا تەنیا هەرێم خاوەن وزەی وەک نەوت و گاز و سەرچاوە سروشتییە بە بەهاکانە؟ ئایا حکوومەتی سووریا و عێراقیش خاوەن وزە نین؟ بۆیە پێویستە بەدوای وەڵامی تریشدا بگەڕێن. دەکرێت بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکان دووبارە بۆ سەرەتاکانی هێرشکردنە سەر ڕژێمی سەدام بگەڕێینەوە کە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتێکی ئیسلامی لە تورکیا کە ڕۆژئاوای تووشی نیگەرانی کرد. دیارە کە هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتە ئایینییەکان لە جیهانی ڕۆژئاوادا زۆر پەسند نییە. ئەگەرچی ئەمە جاری یەکەم نەبوو کە پارتێکی ئیسلامی لە تورکیا دێتە سەرکار. بەڵام یەکەم هەنگاوی ئەم پارتە بریتی بوو لە وەستان دژی سیاسەت ئەمریکا لە عێراق. ئەم سیاسەتە درێژ کرایەوە بۆ بە نزمترین ئاستی گەیشتنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل تا دواجار تۆمەتبارکردنی تورکیا بە یارمەتیدانی داعش لە لایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە و بە تایبەتیش لەسەر زمانی جۆن کێری. وەزیری ئەوکاتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، کە ڕاستەوخۆ تورکیای بە یارمەتیدانی داعش تۆمەتبار کرد. دواجاریش بۆ بەدەستهێنانی کورسی ناهەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، تورکیا دەنگی پێویستی نەهێنا کە وەک تەمبێکردنێک بۆ تورکیا هەژمار کرا لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە و بەهۆی ناڕوونی ڕەفتارەکانی لە بەرانبەر داعش. گشت ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئاک پارتی ڕوویاندا کە پارتێکی ئیسلامگەراییە و هەوڵی کردنەوەی بەرەیەکی سووننی دەدات کە خۆی ڕێبەرایەتی بکات.

 

دووەم: هاوکات لەگەڵ ئەم ڕووداوانە ئەوەی کە لە ناوخۆی عێراق ڕوویدا بریتی بوو لەوەی کە لەبری هاتنە سەرکاری دەسەڵاتێکی دیموکراسی تەوافقی لە عێراق، کەچی دەسەڵاتێکی توندڕەوی شیعی/ئیسلامی هاتە سەرکار کە فاکتەری سەرەکی بوو لە قوڵکردنەوەی ململانێی سووننی-شیعی، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە گشت جیهانی ئیسلامیدا. لە لایەکترەوە، عێراق بوو بە باشترین شوێنگە بۆ پیادەکردنی سیاسەتی ئێران لە بەرانبەر جیهانی ڕۆژئاوادا. واتە ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕژێمی سەدام، زیانی زۆرتر بوو بۆ ڕۆژئاوا لەبری قازانجەکانی. هەروەها، جیهانی ڕۆژئاوا ئەمە لە بیر ناکات کە گشت سەربازەکانیان لە عێراق، لە دەرەوەی سنورەکانی هەرێم کوژراون. واتە لەسەر دەستی عەرەبی سووننە و شیعە.

 

عێراق بوو بە باشترین شوێنگە بۆ پیادەکردنی سیاسەتی ئێران لە بەرانبەر جیهانی ڕۆژئاوادا. واتە ڕزگارکردنی عێراق لە چنگی ڕژێمی سەدام، زیانی زۆرتر بوو بۆ ڕۆژئاوا لەبری قازانجەکانی

 

سێیەم: بە پەڕگیری ململانێی نێوان شیعە و سووننە، بەهاری عەرەبی کە موژدەی هێنانەکایەی سیستەمی دیموکراسی پێبوو، نەک ئەم ئاواتەی بەدی نەهات، کەچی سەرەڕای لە ناوبردنی سەقامگیریی لە ناو ئەم وڵاتانەدا، پشێوی و شەڕی ناوخۆیی و بە دەسەڵات گەیشتنی پارتە ئیسلامییەکانی لێکەوتەوە، کە زۆربەیان بڕوایان بە دژایەتیکردنی بەهاکانی ڕۆژئاوا و ململانێی نێوان شیعە و سووننە هەیە. لە هەردوو حاڵەتدا سەقامگیریی جیهانی دەخرێتە مەترسییەوە. ئەمانە هەڕەشەش دەبن بۆ سەر بەرژەوەندی و بەهای وڵاتانی ڕۆژئاوا. لە لایەکی ترەوە، سەرهەڵدانی داعش و چەندین گرووپی دیکەی توندڕەو کە گشتیان بەڵێنیانداوە هێرش بکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا، لە لایەک و چوونی سەدان گەنج لە ڕۆژئاوا بۆ ناو ئەم گرووپانە، ترسی جیددی لە ناو وڵاتانی ڕۆژئاوا دروستکرد. بە بڕوای ڕۆژئاوا، گرووپە چەکدارە تازە سەرهەڵداوەکان، زۆر مەترسیدارترن لەهەر جۆرە ئایدیۆلۆژیایەکی تر بۆ سەر ڕۆژئاوا.

 

چوارەم: سەرەڕای گشت ئەم فاکتەرانە، لەسەر ئاستی جیهانی کۆمەڵە کێشەیەکی نوێ هاتوونەتە کایەوە کە جیهانی ڕۆژئاوایی بە خۆوە سەرقاڵکرد و و سروشتی ململانێی لە شەڕی چەکداری دوور خستووەتەوە بۆ ململانێی بازرگانی لە لایەک و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتە جیهانییەکان لە لایەکی ترەوە. ململانێیەکانی وەک سەرهەڵدانی جەمسەرە نوێیە ئابوورییەکان وەک چین و هیند بۆ گەیشتن بەسەرچاوەکانی وزە و بازاڕەکان. یاخود پێویستی بە هاوکاریی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە جیددییەکانی وەک پیسبوونی ژینگە، نەخوشییە جیهانییەکانی وەک ئیبۆلا، بنبڕکردنی برسێتی و کۆچی بە کۆمەڵ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا. یاخود سەرهەڵدانی چەمکی نوێ وەک سیستەمی دیموکراسیی ژینگەیی .(Ecological democracy) واتە لە جیهانی نوێدا سروشتی ململانێکان گۆڕدراون و زۆرجار دوژمنی ناوخۆیی وەک تێکچوونی لە ناکاوی کەشوهەوا یان بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکان، هەڕەشەئامێزترن لە دوژمنی دەرەکی.

 

تەنیا هەرێمێک کە توانیویەتی تا ڕادەیەک لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوا تەریب بێت و خاوەن جۆرە سەقامگیرییەکی فرە ڕەهەند بێت، هەرێمی کوردستان بووە

 

پێنجەم: گشت ئەم بارودۆخە وەها دەخوازێت کە جیهان، بە تایبەتیش ڕۆژهەڵاتی ناڤین خاوەن ڕەوشێکی سەقامگیر بێت کە باوەڕی بە بەهاکانی ڕۆژئاوا لە گشت بوارەکاندا هەبێت. بەڵام بەپێی نەخشەی جوگرافیای ئێستای ئەم وڵاتانە و جۆری سیستەمی سیاسییان، سەختە سەقامگیریی بێتە کایەوە. لەم کەشوهەوایەدا تەنیا هەرێمێک کە توانیویەتی تا ڕادەیەک لەگەڵ بەهاکانی ڕۆژئاوا تەریب بێت و خاوەن جۆرە سەقامگیرییەکی فرە ڕەهەند بێت، هەرێمی کوردستان بووە. ئەمەش فاکتەرێکی سەرەکی بووە کە بتوانێت پشتگیریی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەدەست بهێنێت. لە ڕاگەیاندنی جەنگی دژە داعش، ئۆباما لە وتارەکەیدا چەندین جار ناوی کوردی لە پاڵ ناوی حکوومەتی عێراق هێنا و جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێمە ناتوانین ئەو شتە بۆ عێراقییەکان بکەین کە خۆیان پێویستە بیکەن. واتە خۆیان دەبێت بڕیار بدەن. ناوی ستراتیژییەکەی ئۆباما بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بریتی بوو لە ‘sustained counterterrorism strategy’، یاخود ‘ستراتیژی بەرەنگاربوونەوی بەردەوامی تیرۆر’، کەواتە ستراتیژێکی درێژخایەنە. تەنانەت ترامپیش لە گوتارەکانیدا دەڵێت کە پشتگیری لە کورد دەکەین و کورد بە تەنیا بەجێ ناهێڵین. تەنانەت ئاماژەدان بەوەی کە ‘کورد شەڕکەرێکی لێهاتووە’ بەو مانایە دێت کە لە ستراتیژی سەربازیی ئەمریکادا، کورد کەرەکتەرێکی سەرەکییە لەم ناوچەیەدا.

 

پێچەوانەی ساڵانی پێش ١٩٩١، ئەمجارە سەختە کە کورد دۆڕاوی ململانێیەکانی دەرەوەی ئیرادەی خۆی بێت ئەگەر هێزە کوردییەکان لە ناوخۆدا لەسەر پەیڕەویکردن لە سیاسەتێکی دەرەکی ڕێک بکەون

 

درێژخایەنبوونی ئەم شەڕی داعش و بارودۆخی ئیستای عێراق و سووریا لە گوتەکانی دیڤید کامێرۆن، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا، دوبارە دەبێتەوە، کاتێک کە ئەندامێکی پەرلەمان لێی دەپرسێت: ئەم شەڕە چەند مانگ دەخایەنێت؟ لە وەڵامدا کامێرۆن دەڵێت ”نەک چەند مانگ بەڵکو چەندین ساڵ” (years).  بە تێڕامان بە شەڕی دژە تاڵیبان لە ئەفغانستان زۆر بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم شەڕە درێژمەودایە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەمەیە کە دەرەنجامەکان بۆ کورد چی دەبێت؟ بە بڕوای من، بە پێچەوانەی ساڵانی پێش ١٩٩١، ئەمجارە سەختە کە کورد دۆڕاوی ململانێیەکانی دەرەوەی ئیرادەی خۆی بێت ئەگەر هێزە کوردییەکان لە ناوخۆدا لەسەر پەیڕەویکردن لە سیاسەتێکی دەرەکی ڕێک بکەون، چونکە هەم نەزمی جیهانی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەمیش وڵاتانی ناوچەکە ناتوانایی خۆیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتەکانیان سەلماندووە، بەوەی کە دەوڵەت-حکوومەت بووە بە دەوڵەتی حکوومەتی-گرووپی و پەراوێزخستنی ئەوانیتر، ئەمە و سەرەڕای کردارەکانی ئەم دەوڵەتانە لە دروستکردنی ئاژاوە لە سنورەکانی دەرەوەی وڵاتەکەیان تا لەم ڕێگەیەوە کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکان پەردەپۆش بکەن. ئەم حالەتەش شەڕی بەردەوامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا لێکەوتووەتەوە. وەها دیارە کە حکوومەتی هەرێم لە ئیدارەدانی لایەنی دەرەکی ئەم کێشەیە بەلانیکەمەوە تا هەنووکە، سەرکەوتوو بووە. جا چ لە قۆناغی پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بێت و چ لە دوای ئەم قۆناغە. بەڵام لایەنی ناوخۆیی ئیدارەدانی ئەم شەڕە پێویستی بە هەڵوەستەکردنە، کە لەم چەند دێڕەی خوارەوە باس دەکرێت.

 

حکوومەتی هەرێم و بارودۆخی جەنگی دژە داعش:

لایەنی سیاسی ئیدارەدانی ئەم بارودۆخە لە دەرنجامی ئەم وتارەدا باسی لێدەکەین. بەڵام ئەوەی کە لە ئەرزی واقیع و لە گوتاری بەرەی دژ بە داعشدا دەبیندرێت، شەڕی داعش، شەڕێکی درێژخایەن دەبێت. چونکە تا هەنووکەش بە گوتەی نوخبەی سیاسی هەرێم شەڕەکە کۆتایی نەهاتووە و داعش لەسەر سنورەکانی هەرێم خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە. لەلایەکی ترەوە نوخبەی سیاسی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە بە کۆتایی هاتنی جەنگی فیزیکی لە دژی داعش، بەڵام جەنگی ئایدیۆلۆژی و فیکری هەر بەردەوام دەبێت. ئەمە و سەرەڕای مەترسییەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکانیان هەیە. لە شەڕی درێژخایەندا کەرتی ئابووری، زەرەرمەندترین کەرتە. چونکە بوژانەوە و سەرمایگوزاریی ئابووری دەوەستێت و سەرمایەی وڵات بەرەو بەرەکانی جەنگ ڕەوانە دەکرێت. پرسیار لێرەدا بریتییە لەوەی کە ئایا هەرێمی کوردستان خۆی ئامادە کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە بارودۆخە؟ یاخود لە ڕابردوودا خۆئامادەکردنەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە وەک پێویست بووە؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دووبارە دەبێت ڕوو بکەینەوە کەرتی ئابووری هەرێم.

 

یەکەم: گومان لەوەدا نییە کە کەرتی ئابووری هەرێم، کەرتێکی بەرهەمهێنەر نییە، بەڵکو بەرخۆرە. ئەمەش یەکەم گەورەترین کێشەی ئابووری هەرێمە. داهاتی سەرەکی حکوومەتی هەرێم، داهاتی نەوتە. ئەویش سەرچاوەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی حکوومەتی هەرێم نییە، بەڵکو بەغدایە. لە قەیرانی چەند ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە نەناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە کەرتی ئابووری هەرێم بە تەواوەتی ئیفلیج دەکات. لەرزۆکی ئەم کەرتە بۆ هەرێم لە بڕینی مووچەی هەرێم لە ٢٠١٤ بە ترۆپک گەیشت. ئەگەرچی سەرەتاکانی ئەم کێشەیە بۆ ساڵی ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە کاتێک کە بڕی ١٧٪ی بودجەی هەرێم لە لایەن حکوومەتی بەغداوە کەوتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام کاربەدەستانی هەرێم، ئەم دەنگانەیان پشتگۆی خست و لەبری کارکردن بۆ پتەوکردنی بناغەکانی ناوخۆیی ئابووری هەرێم، پشتی بە سنورەکانی دەرەوەی هەرێم بەست کە لە خاڵی دووەمدا بە ڕوونی باسی دەکەین.

 

کاتێک وڵاتێک بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەرەکییە و دەستی بە دەریا ئازادەکان ناگات بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی جیهانی، هەوڵدەدات زۆرترین سەرنجی لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بێت

 

دووەم: کاتێک کە وڵاتێک بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی دەرەکییە و دەستی بە دەریا ئازادەکان ناگات بۆ گەیشتن بە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی جیهانی، بەتایبەتیش بۆ دابینکردنی کاڵا سەرەتاییەکانی ژیان، وڵاتەکە هەوڵدەدات زۆرترین تەرکیز لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بێت. ئەمەی لێرە مەبەستە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانە. واتە ئەو کەرتەی کە لە دۆخی شەڕدا لە پاڵ توانای سەربازی، یاریکەری یەکەمە لە پاراستنی ڕەوشی ناوخۆ و بەرەکانی جەنگ. تا سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، نزیکەی ٧٠٪ دەستی کار و کۆڵەکەی ئابووری هەرێم پشتی بە کەرتی کشتوکاڵ بەستبوو. سیاسەتی خاپورکردنی گوندەکانی کوردستان، ئەم کەرتەی ڕووبەڕووی گرفت کرد؛ ئەگەرچی بەتەواوەتی لە ناو نەچوو. بەپێی سەرچاوەکان تا ساڵی ٢٠٠٣، نزیکەی ٣٥٪ دانیشتوانی هەرێم خەریکی پیشەی کشتوکاڵ بوونە. بەڵام لەم ساڵە بەدواوە تا ٢٠١٣ بەپێی ڕاپۆرتی (Kurdistan Review, 2014) دەستی کار لەم کەرتەدا تەنیا ٩٪ کۆی گشتی دانیشتوانی هەرێم پێکدەهێنێت. واتە ئەو ماوەیەی کە پارەی نەوت لە بەغداوە بۆ هەرێم دێت و هەرێم زۆرتر لەسەر کەرتی نەوت، بیناسازی و گەشتوگوزار، سەرمایەگوزاری دەکات. بەپێی هەمان ڕاپۆرت، سەرمایەگوزاری لە کەرتی نەوت تەنیا لە ساڵی ٢٠١٣دا، ١٥-٢٠ ملیار دۆلار، کەرتی بیناسازی (Construction) لە ساڵی ٢٠٠٦ – ٢٠١٢، بڕی ١٣.٧ میلیار دۆلار، کەرتی گەشتوگوزار لە ٢٠٠٧ – ٢٠١٣، بڕی سێ ملیار دولار. لە کاتێکدا کە لە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاودا لە ٢٠٠٦-٢٠١٣، تەنیا بڕی ٦٧٧ میلیۆن دۆلار سەرمایەگوزاری کراوە. واتە کەمترین سەرمایەگوزاری کە ئەگەر گرنگترین کەرت نەبێت، لە دوای نەوت دەتوانێت دووەم گرنگترین کەرتی ئابووری بێت بۆ هەرێم. کەواتە بەپێی ئەم ئامارانە، حکوومەت لە ڕابردوودا خۆی ئامادە نەکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان. سەرەڕای ئەمەش، حکوومەت لە کاتی شەڕی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن بەغداوە و ناتوانایی حکوومەتی هەرێم لە دابینکردنی خزمەتگوزاری و مووچە، کەچی حکوومەتی هەرێم باری نائاسایی لە هەرێمدا ڕانەگەیاند. چونکە ئەگەر شەڕەکە درێژخایەن بێت، پێویستە ڕێوشۆێنی گرنگ بگرێتەبەر؛ بۆ نموونە، کەمکردنەوەی خەرجییە سیادییەکان، ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییان لە خۆدوورخستنەوە لە خەرجییە زیادی و ناپێویستەکان، ڕێکخستنەوەی چۆنیەتی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سەرمایەگوزاری لەسەر بەرهەمهێنانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە ناوخۆی وڵاتدا، کە هەم دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەستی کاری سەربەخۆ و هەمیش کەمکردنەوەی گوشارە دەرەکی و ناوخۆییەکان لەسەر حکوومەت. بەڵام حکوومەتی هەرێم وەک پێویست بەرنامەی بۆ گرتنەبەری ئەم ڕێکارانە لەبەرنەگرت، تەنیا بڕینی مووچەی هاووڵاتییان نەبێت! ئەمەش دەکرێت دوو هۆکاری سەرەکی هەبێت. یەکەم، ڕادەیەکی زۆری ناشەفافیەت لە بواری دارایی هەرێم، کە دەکرێت جۆرێک لە نامتمانەیی لە نێوان هاووڵاتی و حکوومەت دروست بکات. دووەم: هەندێک لە پارتە حوکمڕانەکان، لە ماوەی ڕابردوودا، بە تایبەتیش لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی زۆر گەورەیان بە هاووڵاتییان دا، کە دەکرێت لە دەسەڵاتی ئەم پارتانەدا نەبوو بێت. ئەم فاکتەرەش دووبارە کار دەکاتە سەر متمانەی نێوان حکوومەت و خەڵک. سێیەم: جۆرە کێشمەکێشەکی ناوخۆیی لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمدا بەدی دەکرێت کە دەبێتە هۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانی حکوومەت یاخود ناتوانایی لە دەرکردنی بڕیاری پێویست لە کاتی پێویستدا. ئەم هۆکارەش وایکردووە کە هەر شکستێک بخرێتە ئەستۆی لایەنی بەرانبەر. لە دواجاردا هەم حکوومەت و هەمیش کۆمەڵگا لەم جۆرە مامەڵە نادروستە زەرەرمەند دەبن. باشترین نموونەش پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراقەوە.

 

دەرەنجام:

فاکتەرە نێودەوڵەتییەکان کە لە سەرەوە کە باسکران، بەو مانایە نایەت، کە بە خۆشبینییەوە سەیری داهاتووی هەرێمی کوردستان بکەین، بەڵکو دەکرێت ڕەوتی ڕووداوەکان بە پێچەوانە بکەوێتەوە، ئەگەر بە وردی مامەڵە لەگەڵ پیشهاتەکاندا نەکەین. چی بکرێت باشە؟ ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بە تایبەتیش جیهانی عەرەبی بکەین دەبینین کە بە حوکمی ئەوەی کە ئەوان دەوڵەتن، کەواتە دەکرێت ئەکتەری بەهێزتربن لە هەرێم. ئەمەش بەو مانایە نایەت کە هەرێم هیچ ڕۆڵێکی نەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەرێم دەتوانێت سوود لە ململانێی نێوان وڵاتانی عەرەبی لە لایەک و سووننی-شیعی لە لایەکی ترەوە وەربگرێت کە هەردووکیان کاریگەری نەرێنیان خستووەتە سەر ڕەوشی سەقامگیریی ناوچەکە.  وڵاتانی ڕۆژئاواش بە دوای سەقامگیریدا دەگەڕێن کە دەکرێت هەرێمی کوردستان و تەنانەت ڕۆژئاوای کوردستانیش ئەکتەری ئەم سەقامگیرییە بن. ئەمەو سەرەڕای هەبوونی ململانێی نێوان ئێران و تورکیا و نێوان هەریەک لەم دەوڵەتانە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوادا. لەم نێوەندەدا، یەک گوتاری کورد لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لایەک و یەک گوتاری ڕۆژئاوا بە گشت هێزەکانییەوە لە لایەکی ترەوە و هەماهەنگی لە نێوان هەرێم و ڕۆژئاوا، دەتوانێت دەستکەوتی گەورە بۆ کورد بەدی بهێنێت.

 

ئەگەر یەکگرتن و هاوئاهەنگی ناو خودی ‌هێزە کوردییەکان نەبێت، تەنانەت ئەگەر ژینگەی نێودەوڵەتیش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان ڕەخساو بێت، دەکرێت ئەم هەلە لە دەست بدەین

 

لە ڕاستیدا، ڕۆژئاوا لە کورد یەک گوتارترە. بەڵام ئەگەر ئەم یەکگرتنە و هاوئاهەنگییەی ناو خودی ‌هێزە کوردییەکان نەبێت، تەنانەت ئەگەر ژینگەی نێودەوڵەتیش بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان ڕەخساو بێت، دەکرێت ئەم هەلە لە دەست بدەین، هەروەک چۆن نەمانتوانی سوود لە پەیماننامەی سیڤەر وەربگرین و دواجار، ئۆباڵی نەزانینی خۆمان بخەینە ئەستۆی ئەوانی دی. میژوویەک کە ئەم جارە بە هۆی فاکتەری ناوخۆییەوە لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دووبارە بوویەوە و کوردی بۆ ماوەیەکەی نادیار لە ئاواتەکانی دوورخستەوە.

ئەوەی کە ئیستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاست پارادیپلۆماسی ئەنجامی دەدەن، بە تایبەتیش بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی وەک کۆپ ٢٨، کۆنفرانسی داڤۆس، کۆنفرانسی میونشن، کۆنفراسی حکوومەتەکان، سیاسەتێکی ڕاست و دروستە و گشتیان دەروازەن بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دەرەکی بۆ هەرێمی کوردستان.

هیوا مه‌جید خه‌لیل

پسپۆڕ لە گەشەسەندنی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...