كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

زیاتر لە ٨٢ هەزار کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە

لەماوەی کەمتر لە ١٧ ساڵ، ٨٢ هەزار و ٤٢٥ کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە. زۆرینەیان کرێکاری خزمەتکاری ماڵانن و کەمتریان لەو کرێکارانەن، کە بۆ کارکردن لە پڕۆژەکاندا هاتوون. هەڵکشانی ژمارەی کرێکارانی بیانی، ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠١٤ و شەڕی داعشەوە، دەست پێدەکات، بەتایبەت بەرزبوونەوەی سەرنجڕاکێشی کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان.

 

بازرگانیی کرێکاری بیانی

کرێکارانی بیانی، لە ڕێگەی کۆمپانیاکانی هێنانی دەستی کاری بیانییەوە دەهێنرێنە کوردستانەوە. لێشاوی هاتن و هێنانی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا، بازاڕ و بازرگانییەکی بەرفرەوانی دروستکردووە، کە خۆی لە هێنانی کرێکاری بیانی و پەیداکردنی هەلی کاردا دەبینێتەوە.

تا ساڵی ڕابردوو، ژمارەی ئەو کۆمپانیایانەی لەو بازرگانییەدا بەشداربوون، گەیشتووەتە ١٩٦ کۆمپانیا، لەو ژمارەیەشدا تەنیا ٦٤ کۆمپانیا چالاکن، ٧١ کۆمپانیای ڕاگیراو، ٥٢ کۆمپانیای هەڵوەشاوە، حەوت کۆمپانیا خراونەتە لیستی ڕەشەوە، لەپاڵ دوو کۆمپانیای ناچالاک. زیاتر لە نیوەی ئەو کۆمپانیایانە لە هەولێر کار دەکەن.

 

لە ١٩٦ کۆمپانیای بازرگانیی کرێکاری بیانی، تەنیا ٦٤ کۆمپانیا چالاکن، ٧١ کۆمپانیای ڕاگیراو، ٥٢ کۆمپانیای هەڵوەشاوە، حەوت کۆمپانیا خراونەتە لیستی ڕەشەوە

 

هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکانی هێنانی کرێکاری بیانی، خۆی لە پێشێلکردنی مافی کرێکارەکاندا دەبینێتەوە. پێشێلکارییەکان وەک فۆڕمی جیاجیای بازرگانی بەمرۆڤ دەردەکەون. دۆسیەکانی کڕین و فرۆشتنی کرێکاران، هێنانی کرێکار بە نایاسایی، دەستبەسەرداگرتنی پاسپۆرت، پێشێلکردنی مافە داراییەکانیان، فێڵکردن و دەستخەڕۆکردنی کرێکارەکان، لەمەڕ ئەو شوێنەی بڕیاربووە کاری تێدا بکەن یان ئەو کارەی دەبوو بیکەن، دەستدرێژی سێکسی و پێشێلکارییە جیاجیاکانی دی، لەمەڕ کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.

 

ژمارەی کرێکارانی بیانی

لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣، بەدیاریکراوی ٨٢ هەزار و ٤٢٥ کرێکاری بیانی، بە هەردوو پۆلی کرێکاری خزمەتکاری ماڵان و کرێکاری پڕۆژەکان، هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە. ئەوە، تەنیا ژمارەی ئەو کرێکارە بیانییانەیە، بەشێوەی یاسایی و بە ڕێپێدانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە، گەیشتوون.

 

Zed Press Graphic گرافیك زێدپرێس

 

جیا لەو کرێکارانەی بە ڕێپێدانی وەزارەتی کار و بە یاسایی هێنراون، ژمارەیەک کرێکاری دی هەن، کە بە نایاسایی هاتوون/هێنراون. زۆر لە کرێکاری بیانی بە ڤیزای سەردان و گەشتیاری هاتوون، هەروەک لەناو کرێکارانی خزمەتکاری ماڵاندا، هێنانی کرێکاری بیانی بەشێوەی ڤی ئای پی هەیە، وەک ئەوەی لە ٢٠١٥دا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، بەڵام هیچ ئامارێک لەوبارەیەوە بەردەست نییە، ژمارەی کرێکارانی نایاسایی و ڕێپێنەدراو ڕوون بکاتەوە.

هەرچەند، بەرپرسانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، ژمارەی سەرجەمی کرێکارانی بیانی بە لانیکەم ١٠٠ هەزار کرێکار دەخەمڵێنن. لەکاتێکدا ئامارە فەرمییەکان، کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە دەستکەوتوون، ٨٢ هەزار کرێکاری بیانی پیشان دەدەن.

ئەگەر لێدوان و خەمڵاندنی بەرپرسانی وەزارەتی کار ڕاست بێت، لانیکەم زیاتر لە ١٨ هەزار کرێکاری بیانی بە نایاسایی لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن. ئەوە ژمارەیەکی سەرنجڕاکێشە، ناڕێکخراوەیی لە هێنان و کارکردنی کرێکارانی بیانی لە کوردستان پیشان دەدات.

هێشتا نازانرێت، ئەو کرێکارانەی بە نایاسایی هاتوون/هێنراون، لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام پێشبینی مامەڵەیەکی ئەرێنی ناکرێت، لەکاتێکدا ئەوان لە بنەڕەتدا بە نایاسایی هاتوون و ناتوانن بەڕێگەی یاسایی پێداگیری لەسەر مافەکانیان بکەن. ئەگەر ئەوە بزانین، تەنانەت ژمارەیەکی زۆر لەو کرێکارانەیش بە یاسایی هاتوون، هێشتا لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە مافەکانیان پێشێل کراون/دەکرێن.

 

هەڵکشانی ژمارەی کرێکارانی بیانی

لە کۆتایی ٢٠٠٧ەوە، لێشاوی کرێکاری بیانی بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات. داتاکانی هەردوو ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بەیەکەوە تۆمارکراون. لەو ڕێککەوتەدا، هەزار و سێ کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە تا ٢٠١٥، ژمارەی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەخێرایی و قەبارەیەکی زۆرەوە، بەرەو هەڵکشان چووە. تەنیا لە ساڵی ٢٠١٥دا، ١٠ هەزار و ١٧٦ کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و ئەوەش ڕێژەی ١٢٪ی کۆی گشتی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان پێکدێنێت.

 

 

بەڵام لە ساڵی ٢٠١٦ەوە، ژمارەکە بۆ نزیکەی نیوەی ساڵی پێشتر (لە ١٢٪ بۆ ٦٪) دابەزیوە. پاشان هەڵکشان و داکشانێکی سنووردار لە ساڵەکانی دواتردا و تا دەگات بە ساڵی ٢٠٢١، جارێکی دی ژمارەکە هەڵکشانی گەورە بەخۆوە دەبینێت. لەو ساڵەدا هەشت هەزار و ٥٦٠ کرێکاری بیانی هاتوونەتە کوردستانەوە، کە ڕێژەی ١٠٪ی کۆی گشتی هەموو ئەو کرێکارە بیانییانە پێکدێنێت، لە ٢٠٠٧ەوە هاتوونەتە کوردستان. لە ساڵی ٢٠٢٢یشدا، حەوت هەزار و ١٤٨ کرێکاری دی تۆمارکراون کە ڕێژەی ٩٪ی سەرجەم کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان پێکدێنێت.

بە هەردوو پۆلی کرێکارانی پڕۆژە و کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان، ئەو هەڵکشانەی بەتایبەت لە هەردوو ساڵی ٢٠٢١ و ٢٠٢٢دا، ڕوویداوە، نزیک دەبێتەوە لە ژمارەی پێوانەیی ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، کە تێیدا زۆرترین کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە.

هەرچەند، لەو یەک دوو ساڵەی دواییدا بەتایبەت بەرپرسانی کار و حکوومەت بەگشتی، بانگەشەی هەوڵێک یان بەرنامەیەکیان بۆ سنووردارکردنی ژمارەی کرێکارانی بیانی کردووە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ژمارەی گشتی کرێکارانی بیانی لە ماوەی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە. لەو ماوەیەدا نزیکەی ٣٠ هەزار کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، بەراورد بە چوار ساڵی پێشووتر، ژمارەکە هەڵکشاوە، کە ٢٣ هەزار کرێکار هێنرابوون.

 

ژمارەی کرێکارانی بیانی لە ماوەی چوار ساڵی ٢٠١٩ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هەڵکشانی بەخۆوە بینیوە. لەو ماوەیەدا نزیکەی ٣٠ هەزار کرێکاری بیانی هێنراونەتە کوردستان

 

هەرچەند، پێشتر وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتی چوار ساڵەی کار و چالاکییەکانی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٠٣دا، ٩٢٠ کرێکاری بیانی هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە و سەرجەمیشیان کرێکاری خزمەتکاری ماڵانن، بەڵام ئەو داتایە ڕاست نییە و پێدەچێت ژمارەی مانگێک تا دووان بێت.

ژمارەی ڕاستەقینە، کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بەشەکانی پێوەست بە کرێکارانی بیانی وەرگیراون، ئاماژە بە هاتنی سەرووی سێ هەزار کرێکاری بیانی دەدەن، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا.

 

پاشەکشەی کرێکارانی پڕۆژە

کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەسەر دوو پۆلی کرێکاری خزمەتکاری ماڵان و کرێکاری پڕۆژەدا دابەش دەبن. دووەمیان ئەوانەن لە پڕۆژەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان یان بەگشتی لە چالاکییە ئابوورییەکاندا کار دەکەن.

لەکۆی ٨٢ هەزار و ٤٢٥ کرێکاری بیانی، کە لە کۆتایی ٢٠٠٧ەوە تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە، بەڕێژەی (٦٧٪)یان کرێکاری خزمەتکاری ماڵانن، کە سەرووی ٥٥ هەزار کرێکار دەکات و ڕێژەی (٣٣٪)یان کرێکاری پڕۆژەن، کە ٢٧ هەزار و ١١٧ کرێکارن.

بەگشتی زۆرینەی کرێکارەکان، ئەوانەن کە وەک خزمەتکاری ماڵان کاردەکەن، بەڵام بەپێی داتاکانی وەرگیراو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، هەڵکشان و داکشانی هەردوو پۆلی کرێکاران بەپێی قۆناغەکان ڕوویداوە.

لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٧ تا ٢٠١٣، بەردەوام ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان زیاتر بوون، بەراورد بە ژمارەی کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان. لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٨، کرێکارانی پڕۆژەکان بەڕێژەی ٥١٪، لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٧٢٪، ساڵی ٢٠١٠ دەبێتە ٧١٪ و لە ساڵی ٢٠١١یشدا بەرزترین ئاستی پێوانەیی تۆمار دەکات و دەگاتە ٧٦٪، پاشان لە ٢٠١٢دا دەبێتەوە بە ٧٥٪ و بەو شێوەیە لە نێوان ٢٠٠٧ تا ٢٠١٢ بەرزبوونەوەی بەردەوام لە ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان ڕوویداوە.

پاشەکشەی گەورەی کرێکارانی پڕۆژەکان لە ٢٠١٣ەوە دەست پێدەکات و لە ٢٠١٤دا بۆ یەکەمجار ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان بۆ کەمتر لە نیوە لە کۆی گشتی کرێکارانی بیانی دادەبەزێت. پاشان ساڵ بە ساڵ لە کورتی دەدات و تا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دەبێت بە سفر و لە ساڵانی دواتریش، لە باشترین حاڵەتدا، ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان لە ٢٪ لە کۆی گشتی کرێکارانی بیانی تێپەڕ ناکات.

 

لە ٢٠١٤دا بۆ یەکەمجار ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان بۆ کەمتر لە نیوە لە کۆی گشتی کرێکارانی بیانی دادەبەزێت. پاشان ساڵ بە ساڵ لە کورتی دەدات و تا لە ساڵی ٢٠٢٠دا، دەبێت بە سفر

 

پاشەکشەی ژمارەی کرێکاری پڕۆژەکان، ڕاستەوخۆ پێوەستە بە قەیرانی ئابووری ٢٠١٤ و پاشان شەڕی داعش، کە قەیرانەکە قوڵتر دەکاتەوە. چالاکییەکانی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستاندا بە تەواوەتی سست و لاواز بوون، لەبەرئەوەیش، ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان بەرەو سفربوونەوە ڕۆیشت.

وەک دەردەکەوێت، پاشەکشەی تەواو لە ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان ڕوویداوە، ئەو پاشەکشەیەش هەر لە ٢٠١٣-٢٠١٤ەوە و هاوڕێ لەگەڵ قەیرانی ئابووری و سستبوونی چالاکییەکانی وەبەرهێنان دەستی پێکردووە. ئەو داکشانەیش، ئەوەندەی گرێدراوی قەیرانە ئابوورییەکەیە، ئەوەندە پێوەستی سیاسەت و بەرنامەیەک لە ئاستی حکوومەتەوە نییە.

 

هەڵکشانی ژمارەی خزمەتکارانی ماڵ

بەرزبوونەوەی ژمارەی کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان، هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی خێرا لە ژمارەی کرێکارانی پڕۆژەکان. قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی ٢٠١٤، چالاکییەکانی وەبەرهێنان و ئابووری بەگشتی سست دەکات، بەو هۆیەوە دەرفەتەکانی کار لە کورتی دەدەن و چیتر بواری کارکردنی کرێکارە بیانییەکان بەرەو ئەوپەڕی کزی دەچێت و تا لە ٢٠٢٠دا سفر دەبێتەوە و لە ساڵانی دواتریشدا ٩٨٪ پێکدێنێت.

سەرنجڕاکێشە، کە دوو ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥، لە گەرمەی قەیرانی ئابووری و شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، زۆرترین کرێکاری بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستانەوە. لە ساڵی ٢٠١٤دا، هەشت هەزار و ٧٤٨ کرێکاری بیانی و لە ساڵی دواتردا، ١٠ هەزار و ١٧٦ کرێکاری بیانی و تەنیا لەو دوو ساڵەدا، بەڕێژەی ٢٥٪ی کرێکارانی بیانی هێنراونەتە هەرێمی کوردستان. بەڵام زۆرینەی کرێکارەکان خزمەتکاری ماڵانن، لەو نزیکەی ١٩ هەزار کرێکارە بیانییەی ئەو دوو ساڵە گەیشتوونەتە کوردستان، زیاتر لە نیوەیان خزمەتکاری ماڵانن.

 

 

بەو شێوەیە، لە ساڵانی دەستپێکی قەیرانی ئابووری و شەڕی داعشدا، ڕێژەی کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان بۆ ٥١٪ هەڵدەکشێت و تا لە کۆتاییدا بەڕێژەی ٩٨٪ تا ١٠٠٪ دەگات.

ئەگەر قەیرانی ئابووری و شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆ زۆرینەی خێزانەکان کاریگەری نەرێنی دروست کرد، بەتایبەت ئەو خێزانانەی سەرچاوەی داهاتیان لە مووچە پێکدێت یان کرێکاری کەرتی تایبەت و خاوەن کاری ئازاد، بەڵام هێشتا، شەڕی داعش و قەیرانە ئابوورییەکە کاریگەرییان لەسەر ژیانی زۆر خێزان دروست نەکرد. لەبەرئەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ژمارەی خزمەتکارەکان بەرزبوونەتەوە.

لەکۆی ٥٥ هەزار و ٣٠٨ کرێکاری بیانی، کە وەک خزمەتکاری ماڵان هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە، زیاتر لە ٤٨ هەزاریان لەدوای قەیرانی ئابووری و شەڕی داعشەوە هاتوون، کە ڕێژەی ٨٧٪ی کۆی کرێکارانی خزمەتکاری ماڵ و ڕێژەی ٥٩٪ی کۆی گشتی هەموو کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.

ئێستا ئەگەر هەریەک لە کرێکارانی خزمەتکاری ماڵان بۆ خێزانێک کار بکەن، سەرووی ٥٥ هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستاندا خزمەتکاریان هەیە. ئەو ژمارەیە، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی لە ڕەوشی ژیانی بەشێک لە خێزانەکان پیشان دەدات. ئاستێکی بەرز لە چۆنایەتیی ژیان لەناو گرووپێکی کۆمەڵایەتیدا هەیە، کە بەدوای خۆشگوزەرانی تایبەتدا دەگەڕێت و بەشێکی ئەو خۆشگوزەرانییە لە کارنەکردن و بەکرێگرتنی خزمەتکارێکدا دەبینێتەوە.

 

بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانی

هەندێک لە بەڵگەکان بەڕوونی بازرگانی بەکرێکاران وەک فۆڕمێکی بازرگانی بەمرۆڤ پیشان دەدەن. وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لەسەر ژمارەیەک دۆسیەی بازرگانیکردن بە کرێکارانی بیانی هەبووە. زۆرجار کرێکاران لە هەرێمەوە بە نایاسایی دەگوازرێنەوە بۆ باشور و ناوەڕاستی عێراق و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت.

لە ١٥ی نیسانی ٢٠١٩، ژمارەیەک کرێکاری نیپاڵی، خۆیان گەیاندە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ڕوونیان کردەوە، کە چۆن لەلایەن پارێزەرێکەوە و بەناوی کۆمپانیای وەهمییەوە دەستخەڕۆکراون، بەناوی دابینکردنی کار و وەرگرتنی ڕێپێدانی مانەوە، بڕی چوار هەزار و ٥٠٠ دۆلار لە هەر یەکیکیان وەرگیراوە، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە، ڕێپێدانەکەیان تەنیا بۆ سێ مانگ بووە. ئەوکات دەستەی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتی، کرێکارەکانیان سکاڵای خۆیان پێشکەش کردووە، لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی بەرانبەریان کراوە، لە کڕین و فرۆشتن و مامەڵەکردنی تایبەت بە کچەکانیان لە نێوان هەولێر و بەغدا.

 

ژمارەیەک کرێکاری نیپاڵی، خۆیان گەیاندە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، ڕوونیان کردەوە، کە چۆن لەلایەن پارێزەرێکەوە و بەناوی کۆمپانیای وەهمییەوە دەستخەڕۆکراون

 

لە ١٣ی تەمووزی هەمان ساڵیشدا، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، دۆسیەی دوو کرێکاری بیانی ئاشکرا کرد، کە دیسان بە فێڵ هێنراونەتە کوردستانەوە و دەستیش بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە. هەردوو کرێکارەکە خەڵکی گانا بوون.

ڕوونکردنەوەی بارودۆخی کرێکارانی بیانی، بەدواداچوونی وردی دەوێت، ساڵی ٢٠١٥، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستاندا، ڕاپرسییەکیان لەناو کرێکارانی بیانی ئەنجام دا. ڕاپرسییەکە تیشکی خستووەتە سەر چەند لایەنێکی ژیان، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵیان، زیاتر لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە. بەڕێژەی ٨٣٪ی کرێکارانی بەشدار لە ڕاپرسییەکە خزمەتکاری ماڵان و ٢٧٪یان کرێکاری پڕۆژە بوون.

بەڕێژەی ٤٩٪ی کرێکارانی بیانی هیچ زانیارییەکیان نەبووە لەمەڕ ئەو وڵاتەی بۆ دەچن، ٤١٪یان زانیارییان نەبووە لەسەر ئەو کارانەی دەیکەن لەو وڵاتەی بۆی دەچن، بەڕێژەی ١٩٪ی کرێکارە بیانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە لەلایەن خاوەنکارەکانیانەوە توندوتیژییان بەرانبەر دەکرێت؛ ١٨٪یان سزا دەدرێن؛ ١٧٪یان لەکاتی خۆیدا مووچەکەیان وەرناگرن؛ ١٩٪یان مووچەکانیان دەبڕدرێت، تەنانەت لەکاتێکدا بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن ڕۆژێک کاربکەن؛ ٢١٪یان لەکاتی نەخۆشی و پێویستیدا ناتوانن پزیشک ببینن؛ ٤٣٪یان پشکنینی بەردەوامی تەندروستییان نییە؛ ١٧٪یان دەڵێن لە شوێنکاردا ڕەچاوی سەلامەتییان ناکرێت و ١٨٪یان کارێک دەکەن، کە لەگەڵ توانای جەستەییان ناگونجێت. ئەوە، بارودۆخی گشتی ئەو کرێکارە بیانییانە پیشان دەدات، بەڕێگەی یاسایی و بە ڕێپێدانی وەزارەتی کار هێنراونەتە کوردستانەوە.

 

 

 

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button