شرۆڤه‌كۆمه‌ڵایه‌تی

ژنان چۆن قوربانی سەرەکی جەنگەکانن؟

بەدرێژایی مێژوو و لە دەرئەنجامی هەموو ئەو جەنگانەی ڕوویان داوە، زەرەرمەندی یەکەم و بێ کۆتا تەنیا مرۆڤایەتی بووە، براوە یان دۆڕاو لە جەنگەکاندا بوونیان نییە، ئێمە تەنیا دۆڕاوین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەرئەنجام خاپوربوون و کاولکارییەکی زۆر لەو ناوچانەدا کە جەنگی لێ ڕوودەدات بەجێ دەمێنێت، ئەمەش وادەکات ئاوارە و پەنابەرێکی زۆر ڕوو لەو ناوچانە بکەن، کە کاریگەرییەکانیان کەمتر پێوە دیارە یاخود دەستی جەنگیان نەگەیشتووەتێ.

جگە لەوەی ئەو ناوچانەی خاپور دەبن، پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە دەبێت و ئەوەش پێویستی بە توانایەکی لەڕادەبەدەری ماددی و کارکردنێکی دەیان هێندەی توانای بەکارهاتوو بۆ خاپورکردنیان، دەبێت.

جگە لەمانە و لە نێو ڕزگاربووان لەدەستی جەنگ و کاولکاری، بە دەیان جۆری جیاواز کەمئەندامبوونی جەستەیی و تراوما و ترسی نەبڕاوەی چەندین وەچەی دوای خۆیان دەناڵێنن (بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەکی درێژخایەنی دەروونی، ئەو کەسانەی لە جەنگ ڕزگاریان دەبێت، وەچەکانیان هەڵگری هەمان جۆرەکانی کێشەی دەروونین، کە جەنگ بۆی دروستکردوون، بە ڕێژەی جیاواز)، لەنێو ئەمانیشدا زەرەرمەندی سەرەکی ژنان و منداڵانن، بە کوشتن یاخود کەمئەندامبوون یاخود بەکارهێنانیان وەک جەستەیەکی ڕووت یان بێگیان و لەسەرشانی کەسانێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهان و پشتگیریکردن بۆ لایەنێکی دیاریکراو.

لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا ئەمەمان بە ڕوونی لە پێکدادانەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل لەلایەک و بۆردمانەکانی ڕۆژئاوا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە لەلایەکی دیکەوە بینی و پێشهاتەکان پێمان دەڵێن زیاتریش دەبینین.

 

ژنان وەک جەستە

بەکارهێنانی ژنان وەک کەرەستەیەک لە جەنگدا مێژوویەکی دێرینی هەیە، گەر بڵێین لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەردەوامە تاکوو ئێستا، حاشاهەڵنەگرە. ئەم بەکارهێنانە دەیان جۆر و ناوی هەبووە، ئەوەی بە زاکیرەی ئێمە ئاشنایە و نوێترینە، غەنیمە و سەبایا و بە کۆیلەکردن و بە دیل گرتنە، بەڵام دەستدرێژی سێکسی لە دیارترین ئاکارەکانە، کە لە کاتی جەنگەکان و دوای جەنگەکان بەسەر جەستەی ژندا دەهێنرێت بە زیندووێتی بێت یان مردووێتی.

دەیان نموونەمان بۆ ئەم ئاکارە هەیە، وەک: ژنانی چێژ لە یابان (کە ژنانێکی کۆیلەکراو بوون و وەک لەشفرۆش مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، بەدرێژایی جەنگی دووەمی جیهانیی)، دەستدرێژی بەکۆمەڵ لە بۆسنە (کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام دەدرا بۆ لەناوبردنی ڕەچەڵەکێکی دیاریکراو)، کەوتنی نازییەت و ڕزگارکردنی ئەڵمانیا، نزیکترینیان بە سەبایاکردنی کچانی ئێزیدی بوو لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە.

بە کەرەستەکردنی ژنان لەوێدا ناوەستێت کە جەستەی بێ ڕۆحیان ڕۆژانە نیشانمان بدرێتەوە، بەڵکوو درێژەدەکێشێت بۆ ساڵانێکی زۆر دوای تەواوبوونی جەنگەکان و بۆ ڕەوایەتیدان بە کۆمەڵێک ئاکار، کە لە جەنگەکاندا پەیڕەوکراون یان گیراونەتەبەر.

بەشێک لەم ئاکارە پەیوەندیدارە بەوەی کە دەستدرێژی سێکسی لە جەنگەکاندا بە تاوانی جەنگ ئەژمار دەکرێت (ئەویش دوای لێکۆڵینەوەی دەیان ساڵە و لە زۆربەی کاتەکاندا ناتوانرێت بسەلمێنرێت، یاخود پڕۆسێسی دادگاییکردنەکان نزیکن لە بەکۆتا نەگەیشتن تا بەکۆتا گەیشتن و سزادانی تاوانباران).

بەڵام لە بەشی زۆری کاتەکاندا بەکاردێن بۆ دروستکردنی پاڵپشتی و ڕاکێشانی سۆز و سەرنجی دنیا لە بەرژەوەندی لایەکی دیاریکراو.

هەموو ئەم هەوڵانە گەر لە پێناوی وەستاندنی جەنگ و بەرقەرارکردنی ئاشتی بێت (گەر کاتیش بێت)، هێشتا دەکرێت قبوڵکراوبێت، بەڵام گرفت کاتێکە، کە کارەکان هیچکات نەگەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی کە ئەم جۆرە ئاکارانە و دەیان جۆری ئاکاری دیکە دووبارە نەبنەوە (لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی ڕێژەکان کەم تا زۆر).

لە دەیان قۆناغی دیکەدا ژنان دەبنە زەرەرمەندی یەکەم، بە نموونە لەکاتی ئاوارەبوون و نەهامەتییەکانی دوای جەنگ، یەکەم شت کە لەناودەچێت گرنگیدانە بە لایەنە تەندروستییەکانی ژنان، کە خۆی لە بچووکترین خزمەتگوزاری و سادەترینیان دەبینێتەوە تا گەورەترینیان، وەک دەستڕاگەیشتن بە سانتی یان دەرمانی ئازارشکێن لە سوڕی مانگانەدا یان پێداویستی پاکڕاگرتنی جەستە و چارەسەری ئەو جۆرە نەخۆشییانەی ژنان ڕووبەڕوویان دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دەیان جۆر نەخۆشی و دەردەداری، کە لە کۆتاییدا و دوای تێپەڕاندنی هەموو دۆخەکان تەنیا ژنانن، کە بەدەست ئەو ئازارانەوە دەناڵێنن، کە ئێستاکە بۆمان شتێکی زۆر بچووک و شایەنی باسیش نییە، بەڵام کاتێک ژنان ناتوانن و کەرەستەی پێویستیان لەبەردەست نییە لە کاتی سوڕی مانگانەدا، ڕووبەڕووی دەیان جۆری جیاواز لە بەکتریا و ڤایرۆسەکان دەبنەوە، کە دۆخی خراپ و نەبوونی کەرەستەی سەرەتایی بۆ لەناوبردنیان، وادەکات لە کاتێکی زۆر کەمدا گەشەیەکی زۆر خێرا و سەیر بکەن و ببنە نەخۆشییەکی درێژخایەن و تاهەتایە لە کۆڵی ئەو ژنانە نەبنەوە و سەربکێشن بۆ نەخۆشی دیکە، کە بەشێکیان جۆرە جیاوازەکانی شێرپەنجەی ملی منداڵدانە.

یەکێکی دیکە لە دیاردە دزێوەکانی ناو کەمپەکان لە دوای جەنگەکان ڕوودەدەن، بەکارهێنانی دەستی کاری ژنانە، کە دانیشتووی کەمپەکانن، بە کرێیەکی کەمتر لەوەی شایستەیانە بۆ ئەو کارە ناوخۆییانەی نزیکی کامپەکانن، بۆ ئەمەش دەیان جۆر نموونەی دیار و جیهانیمان هەیە، لە ڕاپۆرتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەکارهێنانی ناشایستەی دەستی کاری ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، بەتایبەت ژنانێک کە منداڵیان هەیە و تەنیا ماونەتەوە و پێویستییەکانیان زۆر زیاترە لەوەی کە دەتوانرێت لە ڕێی ڕێکخراوەکانەوە بۆیان دابین بکرێت.

ئەم ژن و کچانە بەکاردێن لەو هەلیکارانەی کە دەکەونە نزیک کامپەکان، وەک بیناسازی و کشتوکاڵ و چەند جۆرێکی دیکەی کار، کاری قورس و شایستەیەکی کەم، کە هەندێک کات ڕۆژێکی تەواو کار دەکەن تەنیا بە بەرانبەری ٥ دۆلار.

بەکارهێنانی توانای ژنان لە بونیادنانەوە و دروستکردنەوەی شارە خاپورکراوەکان، یەکێکی دیکەیە لەو ئەرکە قورسانەی دەکەوێتە ئەستۆی ژنان، کاتێک ژنانێک دەبینین دوای جەنگەکان تەنیا خۆیان و منداڵەکانیان لە ژیاندا ماون، بەڵام پڕۆژەی بچووکی وەبەرهێنان دروست دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان و کەسانێکی دیکە دروست دەکەن، بەڵام ڕووبەڕووی دەیان جۆر ڕێگری و بەربەست دەبنەوە، بەهۆی ڕوانینی باوی کۆمەڵگای دوای جەنگەکان یاخود بەکارهێنانەوەی ئەو یاسایانەی کە کورتبینانە لە کاتی خۆیدا نووسراونەتەوە و ئێستا دووبارە کاریان پێ دەکرێت، بە نموونە وەک خاوەنکار ڕەنگە نەتوانن خۆیان بناسێنن لە ترسی بەکارهێنانەوەیان وەک کەرەستە و ئیستغلالکردنیان، بۆیە پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی ناوی پیاوێک کە زۆرینەی جارەکان ئەم کارە بەشێک لە داهاتیان لەدەست دەدات و وادەکات خاوەنداریەتی تەواوی کارەکەیان نەکەن.

مرۆڤایەتی هەمیشە و لەگەڵ دۆخە جیاوازەکاندا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە بەو بابەتانەی باوەڕی پێیان هێناوە و وەک پرەنسیپ کاریان لەسەر دەکات، کە ئەمە بەشێکە لە کاری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەمیشە پرۆتۆکۆڵی نوێی هەیە بۆ پاکێجی مافی مرۆڤ و کار لەسەر نوێکردنەوەی باوەڕی گشتی دەکات و ڕێگەی نوێ هەڵدەبژێرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەکان، ڕەنگە لە داهاتوودا و دووبارە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێویستی بە پێداچوونەوە هەبێ بە بیر و باوەڕەکانیدا دەربارەی شەڕ و جەنگەکان.

شادی نەوزاد

چالاکی سیاسی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...