ژینگه‌كۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەخێرایی هەڵدەکشێت

لەگەڵ هەڵکشانی زۆر و خێرای ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا، پارەی تەرخانکراو بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە کورتی دەدات. لەکاتێکدا هەڵکشانی ڕێژەی شێرپەنجە ئەوەندە بەخێراییەوە ڕوودەدات، کە پێشبینی بکرێت لە چەند ساڵی داهاتوودا شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان پێوەری جیهانی تێپەڕێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هەڵکشانی خێرا

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، نۆ هەزار و ٩١١ تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا تۆمارکراون و هەروەها ڕۆژانە لە نێوان ٣٠ تا ٣٥ حاڵەتی نوێ تۆمار دەکرێن. ئەوە هەڵکشانێکە بە ٨٥٠ حاڵەت بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، کە نۆ هەزار و ٦١ تووشبووی شێرپەنجەی تێدا تۆمارکراون، کە بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستی لەو ساڵەدا ڕۆژانە نزیکەی ٣٢ تووشبووی نوێ تۆمارکراون. بەڵام ئەگەر ژمارەی تووشبووان لەسەر بنەمای تۆماری ڕۆژانە لێکبدرێتەوە، ڕێژەکە زیاترە، ئەگەر لە ڕۆژێکدا تەنانەت کەمترین ژمارەی تووشبووان بە ٣٠ کەس وەربگیرێت، ساڵانە ١٠ هەزار و ٨٠٠ تووشبووی نوێ تۆمار کراون.

هەڵکشانەکە زۆر بەخێرایی ڕوودەدات، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ساڵانی پێشووتر. لە ساڵی ٢٠١٦دا لە هەرێمی کوردستان پێنج هەزار و ٩٧ تووشبووی شێرپەنجە و لە ساڵی ٢٠١٧یشدا چوار هەزار و ٨٠٨ تووشبووی نوێ لە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون؛ هەولێر هەزار و ٨٢٣ کەس، سلێمانی هەزار و ٩٥٣ کەس و لە دهۆک هەزار و ٣٢ تووشبوو. ژمارەی تووشبووانی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەو ساڵانەدا، کەمترە لە تەنیا تووشبووانی پارێزگای هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣دا.

تووشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بووە. له‌ پارێزگاى هه‌ولێر چوار هەزار و ٣٠٤ کەس، پارێزگاى‌ سلێمانى سێ هەزار و ٣٢٣ کەس و لە پارێزگاى دهۆك هەزار و ٤٣٤ کەس لە ساڵی ٢٠٢٢دا. لە ساڵی ٢٠٢٣یشدا، کە نۆ هەزار و ٩١١ تووشبووی نوێ تۆمارکراون، ڕێژەکە لە پارێزگایەکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێت؛ هەولێر پێنج هەزار و ٤٥٦ کەس، سلێمانی سێ هەزار و ٢٧٥ کەس و لە دهۆک هەزار و ١٨٠ تووشبوو تۆمارکراون. وەک دەردەکەوێت زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای هەولێرە. داتایەکی فەرمی پیشانی دەدات لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ٧١ هەزار و ٧٤ تووشبووی شێرپەنجە لە کوردستان تۆمارکراون، بەڵام ڕێژەی ٢٥٪ تا ٣٠٪ی تۆمارکراوان هیی شارەکانی دیکەن و تەنیا لە کوردستان چارەسەری وەردەگرن.

بەرپرسانی تەندروستی حکوومەتی هەرێم دەڵێن لە ساڵی ٢٠١٠ تا ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە هەولێر ٢٣ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە تۆمار کراون. ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی سلێمانییش پیشانی دەدەن لەماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوو، زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٧٥١ تووشبووی شێرپەنجە لە پارێزگاکەدا تۆمارکراون. بە خستنەسەری ژمارەی تووشبووان لە پارێزگای دهۆک ژمارەکە زیاتر هەڵدەکشێت.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی دووپات لەوە دەکەنەوە، کە هێشتا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان لە خوار پێوەری جیهانییەوەیە؛ بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٥١ تووشبووی شێرپەنجە هەیە، لەکاتێکدا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە جیهاندا بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەس ١٩٠ تووشبووە؛ بەڵام ئامارەکان گرفتێکی دیکە پیشان دەدەن؛ ئەو ساڵانە شێرپەنجە بەڕێژەیەکی گەورە و بەخێراییەکی زۆرەوە هەڵدەکشێت.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس کەمتر بووە لە ١٠٠ تووشبوو. لە ساڵی ٢٠١٦ بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس ٩٩ تووشبوو هەبووە؛ لە ساڵی ٢٠١٧ ڕێژەکە ٩٢ تووشبوو بووە لە هەر ١٠٠ هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان. بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردووەوە، ڕێژەکە بۆ ١٥١ تووشبوو لە هەر ١٠٠ هەزار هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە.

ئەگەر هەڵکشانەکە بە هەمان ڕێژە و خێراییەوە بەردەوام بێت، لە چوار تا پێنج ساڵی داهاتوودا، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان پێوەری جیهانی تێپەڕ دەکات.

هێشتا حاڵەتە تۆمارکراوەکان نوێنەرایەتی تەواوی تووشبووان ناکەن، بەڵکوو ئەو ژمارەیە پیشان دەدەن کە لە نەخۆشخانە و ناوەندەکانی تایبەت بە شێرپەنجە دەستنیشانکراون.

 

کورتهێنان لە پارەی چارەسەری شێرپەنجە

بەگوتەی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە ١٠٥ ملیار دینار هەیە تەنیا بۆ دابینکردنی دەرمان بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە.

هەروەها، وەزیری تەندروستی لە ١٦ی تەمووزی ٢٠٢٢دا ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێم بودجەیەکی تایبەتی بە بڕی ٩٠ ملیار دیناری ساڵانە بۆ چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە تەرخانکردووە. ساڵێک دواتر و لە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بۆ چارەسەری شێرپەنجە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە خەرج دەکرێت.

دواجار، ڕۆژی یەکشەم، ٤ی شوباتی ٢٠٢٤، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، حکوومەتی هەرێم زیاتر لە ٥١ ملیار دیناری بەمەبەستی چارەسەری بۆ نەخۆشی شێرپەنجە خەرج کردووە. ئەو کورتهێنانە لە بودجەیەکی ٩٠ ملیار دینارییەوە بۆ تەنیا ٥١ ملیار دینار، لە دۆخێکدایە، کە شێرپەنجە بەخێراییەکی زۆرەوە هەڵدەکشێت.

هەرچەند بەرپرسانی باڵای حکوومەت، تەرخانکراوەکان بۆ چارەسەری شێرپەنجە وەک تەرخانکراوی حکوومەتی هەرێم خۆی دەخەنەڕوو، بەڵام ئەوە زۆر ورد نییە. بەڵکوو بەشێک لە پارەکە لە سندووقی کۆمەکی شێرپەنجەوە دێت، وەک ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بە خەرجکردنی بڕی ٤٠ ملیار دینار بۆ دابینکردنی دەرمان و پێداویستی ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە کرد، بە ئاماژەدان بەوەی بەشێک لە پارەکە لە سندووقی کۆمەکی شێرپەنجەوە هاتووە.

تەرخانکراوی ڕاستەوخۆ لە بودجەی حکوومەتی هەرێمەوە بۆ چارەسەری شێرپەنجە، ساڵانە دەگاتە ١٩ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار، ئەوە پاڵپشت بە لێدوانێکی وەزیری تەندروستی لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٤دا. د. سامان بەرزنجی دەڵێ، حکوومەتی هەرێم مانگانە بڕی ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی، ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەی نانەکەلی و ڕزگاری لە هەولێر و ٣٠٠ ملیۆن دینار بۆ سەنتەری ئازادی لە دهۆک تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە دابین دەکات، ئەوەش دەکاتە ١٩ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دیناری ساڵانە.

ئەو تەرخانکردنە لەوەتەی حوزەیرانی ٢٠٢١ەوە بڕیاری لەسەر دراوە؛ بەگوێرەی ناوەڕۆکی نووسراوێکی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە ژمارە ٧٢٩١ی ڕێککەوتی ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، کە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە و ڕەزامەندی سەرۆکوەزیران لەسەر تەرخانکردن و خەرجکردنی بڕی ملیارێک و ٦٠٠ ملیۆن دیناری مانگانە بۆ ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە پیشان دەدات.

لە هەرێمی کوردستان بەگشتی پارەی تەرخانکراو بۆ چارەسەری شێرپەنجە لە سێ سەرچاوەوە دێت؛ پارەی تەرخانکراو لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق، پارەی سندووقی کۆمەکی شێرپەنجە و تەرخانکراوی حکوومەتی هەرێم بۆ ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە.

سندووقی کۆمەکی شێرپەنجە، لانیکەم لە دوو سەرچاوەوە پارەدار دەکرێت، یەکەمیان ڕێژەیەک لە باج و ڕسوومات کە لە کارگە و کۆمپانیاکان وەردەگیرێت و دەخرێتە سندووقەکەوە، دووەمیان کۆمەکی ناوەندە مرۆیی و خێرخوازییەکان.

کورتهێنان لە پارەی تەرخانکراو بۆ چارەسەری شێرپەنجە لەکاتێکدایە، کە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێم لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، دووپاتی لەسەر ئەوە کردەوە، کە دابینکردنی پاڵپشتی دارایی لەماوەی ساڵی ٢٠٢٣یشدا بۆ سندووقی شێرپەنجە بەردەوام دەبێت.

دابینکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ سندووقی شێرپەنجە خۆی لەو باج و ڕسووماتانە دەبینێتەوە، كە لەلایەن بەشێک لە وەزارەتەکانەوە وەردەگیرێت و بە میکانیزمێکی تایبەت ڕێژەیەکی بۆ سندووقەکە دابین دەکرێت.

جارێکی دیکە لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣دا، وەزیری دارایی و ئابووری، پێداگیری لەسەر ئەوە کرد، کە هەموو ڕێکارێک لەبەردەگرن بۆ بەرزکردنەوەی داهاتی سندووقی شێرپەنجە. لێدوانەکەی وەزیری دارایی، لەچوارچێوەی کۆبوونەوەیەک هات کە لە نێوان وەزارەتی دارایی و بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، وەزارەتی پیشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە و بەڕێوەبەرایەتی باج ساز کرا بوو؛ لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پابەندکردنی کۆمپانیا و کارگەکان کرا بوو بە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ سندووقی ژینگە، بەتایبەت ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی کاریگەری نەرێنییان لەسەر ژینگە و تەندروستی هەیە.

ئەو قەیرانە ئابوورییەی لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ەوە هەرێمی کوردستانی تێکەوتووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر تەواوی بوارەکاندا دروستکردووە، لەناویاندا کەرتی تەندروستی.

 

جۆرەکانی شێرپەنجە

بەربڵاوترین جۆرەکانى شێرپه‌نجه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، پێکدێن لە شێرپەنجەی مه‌مك، كۆڵۆن، سییه‌كان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوكیمیا، مێشك، منداڵدان.

د. چنار سنجاوی سەرۆكی كۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ: “لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک بە پلەی یەکەم دێت، هاوکات لە هەموو جیهانیش بەو شێوەیەیە و ٢٣٪ی تووشبووان، شێرپەنجەی مەمک و لە دوای ئەو، شێرپەنجەی کۆڵۆن و سییەکان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.”

لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی، کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگاکە زانیاری تووشبووانی بەپێی جۆری شێرپەنجە خستەڕوو، لە تێکڕای ٤٦ هەزار و ٧٥١ تووشبوو لەوەتەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا، (١٨.١٪)ی شێرپەنجەی مەمك، ڕێژەی (٦.٣٪)ی شێرپەنجەی قۆلۆن و (٦.١٪) شێرپەنجەی سییەکان و (٥.٢٪) شێرپەنجەی پرۆستات بووە.

د. چنار سنجاوی زیاتر دەڵێ: ”ڕێژەی تووشبووانی ژن کەمێک زیاترە لە پیاو لە ٥٦٪ تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئافرەتان و لە ٤٤٪یش پیاوانە. چارەسەری شێرپەنجە بەپێی پێویستییەکانی نەخۆش هەیە و نەشتەرگەریی پێویستییان بۆ دەكرێت، دوای نەشتەرگەری چارەسەری کیمیایی هەیە.”

لە هەرێمی کوردستان هەشت نەخۆشخانە و ناوەندی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە، خزمەتگوزاری پێشکەش بە تووشبووان دەکەن. خزمەتگوزارییەکان خۆڕایین، بەڵام لە ئێواراندا پێڕۆیی لە سیستەمێکی تێکەڵاو لە نێوان گشتی و تایبەت دەکرێت و پارە لە نەخۆش وەردەگیرێت، هێشتا لەوێشدا پارەیەکی کەمتر بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان وەردەگیرێت. لەبەر ئەوە، مایەی سەرسوڕمان نییە، کە بەڕێژەی ٩٨٪ی چارەسەری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا دەکرێت.

ڕێبین فه‌تاح

سه‌رنووسه‌ری زێدپرێس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

ئه‌مه‌ش ببینه‌
Close
Back to top button
Loading...