هه‌واڵ

سلێمانی؛ لە ١٦ ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٧٥١ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە

 لە ساڵی (٢٠٠٧ تا ٢٠٢٣) زیاتر لە ٤٦ هەزار و ٧٥١ تووشبووی شێرپەنجە لە سلێمانی تۆمارکراون و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێ، بەشێکی زۆریان چارەسەریان بۆ کراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٤ی شوباتی ٢٠٢٤، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی  شێرپەنجە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووانیدا لەشاری سلێمانی، د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی توانیویانە پشکنینی پێشوەخت بۆ شێرپەنجە بکەن، کە یەکێکە لە کلیلە چارەسەرییەکانی نەخۆشییەکە و ئاماژەیدا، “گەر هەر هاووڵاتییەك ئەو پشکنینانە ئەنجامبدات ئەوا لە نێوان مردن و ژیاندا، ژیان و سەرکەوتن هەڵدەبژێرێت بە دڵنیاییەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر قۆناغەکانی دیکەی داهاتووی تووشبووەکە نابێت”.

هەر لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئاماری تووشبوانی سەرجەم جۆرەکانی شێرپەنجە خرایە ڕوو کە ٤٦ هەزار و ٧٥١ نەخۆش بووە، لەو ژمارەیە (١٨.١٪)ی شێرپەنجەی مەمك، ڕێژەی (٦.٣٪) شێرپەنجەی قۆلۆن و (٦.١٪) شێرپەنجەی سییەکان و (٥.٢٪) شێرپەنجەی پرۆستات بووە، “ئەم جۆرانەش لە باوترین جۆری شێرپەنجەن لە ناوچەکەدا و دەتوانین پشکنینی پێشوەختەی بۆ بکەین”، د. سەباح هەورامی وای گوت.

بەڕێوەبەری گشتی  ئاماژەی بەوەشدا، “بەداخەوە ئێستا نەخۆشی شێرپەنجە ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەت شێرپەنجەی خوێن و شێرپەنجەی مێشك لە منداڵاندا”.

بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیوا، تا ئێستا ٢٥ هەزار و ٦٩٧ تووشبوو چارەسەریان بۆ کراوە، کە ٦١٪ لەناو پارێزگای سلێمانی و ٣٩٪ پارێزگاکانی دیکەن، هاوکات ئاماژە بەوەشدراوە، ئەو نەخۆشانەی لەو ناوەندەدا چارەسەر وەردەگرن، بە ئامێری تیشکی تایبەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە و پێداویستی تایبەت چارەسەریان بۆ دەکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...