فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان بووەتە لانەی ئاوارەی عێراق و پەنابەرانی دەرەوەی عێراق؛ ئامارەکانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان، لەوبارەوە دەڵێن: ٩٠٠ هەزار و ٤٦٧ ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە ٦٣١ هەزار و ١٧٤ کەسیان ئاوارەی ناوخۆیی عێراقن”.
هەر بەگوێرەی حکوومەتی هەرێم، لەپاڵ ئاوارەکاندا، ٢٦٩ هەزار و ٢٩٣ پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەوانە:
٢٥١ هەزار و ٤٧٥ پەنابەری سووریایی
حەوت هەزار و ٧٩٦ پەنابەری تورکیایی
هەشت هەزار و ٣٥٧ پەنابەری ئێرانی
٦٥٢ پەنابەری فەڵەستنی
هەزار و ١٣ پەنابەری جیاجیا
بەڕێژەی ٣٠٪ی کۆی گشتیی پەنابەران و ئاوارەکان لەناو کەمپەکان و ڕێژەی ٧٠٪یان لە دەرەوەی کەمپەکاندا دەژین.
هەروەها، نزیکەی ١١٠ هەزار خێزانی عێراقی ئاوارەی هەرێمی کوردستانن.
لەبارەی کەمپەکانیشەوە، ٣٣ کەمپ لە هەرێمی کوردستان هەن، ڕێژەی ٤١٪ی پەنابەران و ئاوارەکان لە پارێزگای هەولێرن، ٤٠٪ لە پارێزگای دهۆک و ١٩٪ لە پارێزگای سلێمانین.
هەر بەگوێرەی داتا فەرمییەکان، تاوەکوو مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، تەنیا چوار هەزار و ٤١ ئاوارە و پەنابەر گەڕاونەتەوە ناوچە و وڵاتی خۆیان کە پێکدێن لە هەزار و ٩٤٤ ئاوارەی گەڕاوە و دوو هەزار و ٩٧ پەنابەری گەڕاوە.
تێچووی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەران لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە بۆ هەر کەسێک ٢.٣ دۆلارە، کە بەرانبەر بە نزیکەی ملیۆنێک کەس و بۆ ساڵێک، دەگاتە ٨٤٢ ملیۆن دۆلار.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان، بە ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: “ئەو ئاوارانە لە ٢٠١٤ەوە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، چونکە کێشەکانیان چارەسەر نەبووە، نیوەی ئەو ئاوارانەی لە هەرێمی کوردستانن، ئاوارەی شنگالن، ئەمە جگە لە ئاوارەکانی خوارووی عێراق، کە کێشەکانیان چارەسەر نەکراوە تاکوو بگەڕێنەوە، ئەو هاوکارییەی لەلایەن حکوومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران دابین دەکرێت، هاوکارییەکی زۆر کەمن و پێداویستیی ئاوارەکان دابین ناکات، بەڵکوو زۆربەی ئەرکەکە لەسەر هەرێمی کوردستانە”.
هەر لە ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمدا هاتووە: “هەرێمی کوردستان، سەرباری قەیرانە داراییەکانی، بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە یارمەتیی ئاوارە و پەنابەرانی داوە، حکومەتی عێراقیش وەکوو پێویست پێداویستیی هاووڵاتییە ئاوارەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستان پڕ ناکاتەوە و بەهانایانەوە نایەت”.