
بڵاوبوونەوەی وتارێکی د. شێرکۆ کرمانج دەربارەی “تەعریب” و وەڵامنامەی د. ڕێبوار سیوەیلی، دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی باش بۆ دروستکردنی گفتوگۆیەکی گرنگ لەسەر نەک چەمکی تەعریب، بەڵکو خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ جەوهەری سیاسەتی دەوڵەتی عێراق/ڕژێمی بەعس بەرانبەر بە کورد. گرنگی ئەم مشتومڕە تەنها لە هەڵبژاردنی چەمکێک یان ڕەتکردنەوەی چەمکێکی دیکەدا نییە، بەڵکو لەوەدایە کە ئەم گفتوگۆیە پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت: ئایا چەمکی “تەعریب” بە تەنیا توانای ڕوونکردنەوەی جەوهەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق و بە تایبەتی ڕژێمی بەعسی لە دژی کورد هەیە، یان دەبێت لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی فراوانتر بخوێندرێتەوە؟
بە کورتی، د. شێرکۆ کرمانج لە وتارەکەیدا هەوڵیداوە سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس دژی کورد لە چەمکی تەعریبدا بەرجەستە بکاتەوە، وەک ناونانێکی فەرمی لەلایەن دەوڵەت/ڕژێمی بەعسەوە بۆ کردەوەگەلێک کە لە دژی کورد ئەنجامیداون. لە بەرانبەردا، د. ڕێبوار سیوەیلی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “تەعریب” بە تەنیا ناتوانێت جەوهەری ئەو سیاسەتانە ڕوون بکاتەوە و پێویستە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی فراوانتری وەک “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن” بخوێندرێتەوە. زیاتر لەوەیش لە تێگەیشتنی ئەودا، چەمک و زاراوە بەکارهاتووەکان لەلایەن دەوڵەت/ڕژێمەوە دەشێت دەستخەڕۆکەرانە بن؛ نەک هەر گوزارشت لە ڕاستییەک نەکەن، بەڵکو وەک ڕووپۆشێک بۆ شاردنەوەی جەوهەری سیاسەتەکە بەکارهێنرابن.
من لە بنەڕەتدا لەگەڵ هەردوو نووسەر لە خاڵگەلێکی گرنگدا هاوڕام. لەگەڵ د. شێرکۆ لەوەدا هاوڕام کە نابێت چەمکی “تەعریب” بە ئاسانی لە گفتوگۆی ئەکادیمی دووربخرێتەوە، چونکە ئەو چەمکە لە مێژووی سیاسی و یاسایی عێراقدا بارێکی تایبەتی هەیە. لەگەڵ د. ڕێبواریش لەوەدا هاوڕام کە تەعریب بە تەنیا پێناسەی تەواوی سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق ناکات و چەمکەکانی “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن” دەتوانن ئاسۆیەکی فراوانتر بۆ لێکدانەوەی ئەو سیاسەتانە بکەنەوە.
بەڵام پێم وایە گفتوگۆیەکە لە خاڵێکی گرنگدا هێشتا بە نیوەچڵی ماوەتەوە. تا ئێستا زۆربەی گفتوگۆکە لەسەر مانای چەمکەکان وەستاوە، لە کاتێکدا پرسیارێکی بنەڕەتیتر هەیە: خودی بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی بەعس، کە لە ژێر ئەو ناونیشانانە وەک “تەعریب” و “تەرحیل” یان ناوەکانی دیکە دەرکراون، لە ناوەڕۆکیاندا چییان گوتووە؟
دیارە یەکێک لەو ڕەخنە و تێبینییانەی هەیە، بەگشتی نووسەران و توێژەرانی ئێمە، زۆر کەم سەرنج و وردبوونەوەیان لەسەر ناوەڕۆکی نووسراو و بەڵگەنامەکان دەدەن. ئەوەش بە کەموکوڕییەکی گەورە دەبینم و لە بەشەکانی دیکەدا هەوڵدەدەم ئاڕاستەیەکی پێچەوانە پێشکەش بکەم، واتە لە بایەخدانی تەواوەتی بە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان نەک ناوەکانیان و ڕووکاری دەرەوەی کردەوەگەلەکان.
ناونیشانی بەڵگەنامەکان یان ناوەڕۆک؟
لەناو سەدان نووسراو و بەڵگەنامەی دەوڵەتی عێراق کە تایبەتن بە تەعریب و تەرحیل و کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی و سیاسەت و کردەوەگەلەکانی دیکە بەتایبەت لەماوەی دەسەڵاتدارێتیی ڕژێمی بەعسدا و ساڵانێکە هەڵگێڕ و وەرگێڕیان دەکەم، بە ئەنجامگیرییەک گەیشتووم کە پێم وایە جێی سەرنجی زیاترە. ئەو ئەنجامگیرییە ئەوەیە کە لەلایەک توێژینەوەکانی ئێمە زۆرجار زیاتر لەسەر ناوی سیاسەتەکان وەستاون، نەک لەسەر ناوەڕۆکی خودی بەڵگەنامەکان و لەلایەکی دیکە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان زۆر زیاتر لەوە دەڵێن کە توێژەرانی ئێمە کاریان لەسەر کردووە.
بۆ نموونە، ئەگەر بانگەشە بکەین کە “تەعریب” ناوێکی ڕووپۆش یان دەمامکێک بووە بۆ شاردنەوەی جەوهەری تاوانەکە، ئەوا ئەو بانگەشەیە بە تەنیا بە خوێندنەوەی ناونیشانی بڕیارەکان پشتڕاست ناکرێتەوە. پێویستە تەواوی ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامە و نووسراوانە بخوێنینەوە کە لە ژێر ئەو ناونیشانە دەرکراون. تەنها لەو کاتەدا دەتوانین بزانین کە “تەعریب” لە زمانی فەرمیی دەوڵەتدا چ مانایەکی هەبووە و چ سیاسەتێکی لەخۆگرتووە.
ئێستا، ئەگەر لەگەڵ د. ڕێبوار سیوەیلی هاوڕابین کە تەعریب بە تەنیا ناتوانێت جەوهەری سیاسەتەکانی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی بەعس لە دژی کورد ڕوون بکاتەوە، و هەروەها لەگەڵ د. شێرکۆ کرمانجیش هاوڕابین کە نابێت ئەو چەمکە لە گوتاری زانستی بسڕینەوە، ئەوا پێویستە هەنگاوێکی دیکەش بنێین؛ ئەویش ئەوەیە کە لە ناوی بەڵگەنامە و کردەوەگەلەکان تێپەڕین و سەرنج لە ناوەڕۆکیان بدەین.
لە زۆربەی گفتوگۆکاندا و تا ئەو جێگەیەی من ئاگەداربم، کاتێک باس لە “تەعریب” دەکرێت، زۆرجار سەرنج لەسەر خودی چەمکەکە و مانا زمانییەکەی چڕ دەکرێتەوە. بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتیتر ئەوەیە: دەوڵەتی عێراق خۆی، لە ناوەڕۆکی ئەو بەڵگەنامانەی کە لە ژێر ناونیشانی “تەعریب” دەریکردوون، چی بەکار هێناوە و چی بڕیارداوە؟
دیسان دەگەڕێمەوە سەر ئەو ئەنجامگیرییەی کە زۆرجار ناونیشانی بەڵگەنامەکە، جەوهەری سیاسەتەکەمان بۆ ڕوون ناکاتەوە. جەوهەری سیاسەتەکە لە خودی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکەدا خۆی دەردەخات.
بۆ نموونە، ئەگەر بەڵگەنامەیەک لە ژێر ناونیشانی “تەعریب” دەرچووە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا فەرمان بە دەرکردنی دانیشتووان، دەستبەسەرداگرتنی زەوی، بێبەشکردنی خاوەن زەوی لە مافی کشتوکاڵ، گۆڕینی سنووری کارگێڕی، وێرانکردنی گوند، دروستکردنی کەمپی زۆرەملێ، یان دابڕینی مرۆڤ لە شوێنی ژیان و کارەکەی بدات، ئایا دەتوانرێت تەنها بە ناوی “تەعریب” جەوهەری ئەو سیاسەتە بناسین؟ یان پێویستە ناوەڕۆکی خودی دەقەکە ببێتە بناغەی لێکدانەوەکە؟
بە هەمان شێوە، ئەگەر بەڵگەنامەیەک لە ژێر ناونیشانی “تەرحیل” دەرچووە، بەڵام لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئامانجی سەرەکیی بریتی بێت لە دڵنیابوون لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی دیاریکراو، گۆڕینی هاوسەنگی دانیشتووان، یان دروستکردنی بازنەیەکی ئەمنی، ئایا تەنها چەمکی “تەرحیل” جەوهەری سیاسەتەکە دەگرێتەوە؟ یان دەبێت ناوەڕۆکی خودی بەڵگەنامەکە بخوێندرێتەوە؟
بۆیە پێم وایە پێش ئەوەی بڕیار بدەین “تەعریب” چەمکی سەرەکی بێت یان “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن”، دەبێت پرسیارێکی سادە، بەڵام بنەڕەتی لە خۆمان بکەین: خودی دەوڵەت لە ناو ئەو بەڵگەنامانەدا چی کردووە، نەک ئەوەی تەنها چ ناوێکی لێناوە؟
ئەگەر ئەم میتۆدە لەبەربگرین، ڕەنگە بە ئەنجامێک بگەین کە هەردوو لای مشتومڕەکە پێویستیان پێ هەبێت؛ ئەویش ئەوەیە کە “تەعریب” لە زمانی فەرمیی دەوڵەتدا، زۆرجار ناوی گشتیی کۆمەڵێک سیاسەتی جوایەز بووە، نەک تەنها گوزارشت لە پڕۆژەیەکی کەلتووری یان دیمۆگرافی بکات. ئەوەش تەنها لە ڕێگەی خوێندنەوەی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانەوە دەکرێت، نەک بە تەنها لە ڕێگەی شیکردنەوەی ناونیشانەکان.
ئایا گۆڕینی ناوی سیاسەتێک مانای گۆڕینی جەوهەری سیاسەتەکەیە؟
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە بەڵگەنامەیەکی فەرمی بکەم کە لای خۆم هەیە و لە ساڵی ٢٠٠٢ ئاڕاستەی پارێزگای کەرکووک (تەئمیم) کراوە. لەو نووسراوەدا، بە پشتبەستن بە فەرمانی سەدام حوسێن، داوا دەکرێت کە لێرە بەدواوە لە تەواوی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکاندا، لە بری چەمکی “تەعریب”، چەمکی گەشەپێدان “تطویر” بەکاربهێنرێت. من کاتێک ئەو بەڵگەنامەیەم دەستکەوت یەکەمجار بوو ئەوەم بۆ دەربکەوێت کە ئەوە ئێمە نین ناو لە سیاسەتێک دەنێین “تەعریب”، بەڵکو خودی دەوڵەت/ڕژێمەکەیە سیاسەتەکەی بەناوی “تەعریب”ەوە ناوناوە. ئەو ناونانە، لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بایەخی زۆری هەیە. بەڵام کە دەڵێین ئەو ناونانە دەبێ بە بایەخەوە وەربگیرێت، نابێت لە باری فەرهەنگی و زمانەوانی بەدوای ماناکەیدا بگەڕێین، بەڵکو دەبێت لە ناوەڕۆکی نووسراو و بەڵگەنامەکاندا ماناکەی بدۆزینەوە و لێکدانەوەی بۆ بکەین. واتە نەک ئەوەی تەعریب وەک چەمکێکی ئامادە و پێناسەکراو وەربگرین، بەڵکو وەک چەمکێک کە گوزارشت لە سیاسەتێک دەکات و جەوهەری ئەو سیاسەتەیش لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکاندا دەدۆزرێتەوە.
بە خۆی، گۆڕینی یەک زاراوە بە زاراوەیەکی دیکە ڕەنگە بۆ هەندێک کەس بابەتێکی زمانناسی یان کارگێڕی بێت. بەڵام ئەگەر ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی گوتاری دەوڵەت و ئامانجە سیاسییەکانی بخوێنینەوە، ئەوا بە چەند ئەنجامێکی گرنگ دەگەین.
یەکەم، ئەم بەڵگەنامەیە نیشانی دەدات کە خودی دەوڵەت ئاگاداری ئەوە بووە کە چەمکی “تەعریب” لە ئاگایی گشتی و لە ژیانی سیاسیدا تەنها گوزارشت لە “بەعەرەبکردن” ناکات، بەڵکو بارێکی ئاشکرای ستەم، سەرکوت و نادادی وەرگرتووە. لەبەر ئەوە، هەوڵ دەدات لە ڕێگەی گۆڕینی زمان، هەمان سیاسەت بە ناوێکی “بێلایەنتر” و “ئەرێنیتر” درێژە پێ بدات. لێرەدا گۆڕینی زاراوە، گۆڕینی سیاسەت نییە؛ بەڵکو گۆڕینی شێوازی پیشاندان و خستنەڕووی سیاسەتە. هەر ئەو ناوگۆڕینە، نیشاندەرێکی گرنگە لە بایەخی چەمکی “تەعریب” و هانمان دەدات بەئاسانی بەسەریدا باز نەدەین.
دووەم، ئەم بڕیارە نیشانی دەدات کە زمانی فەرمیی دەوڵەت شتێکی جێگیر و نەگۆڕ نییە. دەوڵەت، بە تایبەتی دەوڵەتی سەرکوتکار، زاراوەکان بەپێی پێداویستییە سیاسییەکانی خۆی دەگۆڕێت. لێرەدا، ئەگەر چەمکی “تەعریب” لە کاتێکدا دەکرێت بە “گەشەپێدان”، ئەوە بە مانای گۆڕانی ئامانجی سیاسەتەکە نییە؛ بەڵکو بە مانای خۆگونجاندنی گوتاری دەوڵەتە بۆ بارودۆخێکی نوێ.
سێیەم، ئەم بەڵگەنامەیە هۆشدارییەکی گرنگیشمان پێ دەدات. ئەگەر خودی دەوڵەت دەتوانێت بە فەرمانێک ناوی سیاسەتەکە بگۆڕێت، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە چەمک و زاراوەکان، لە گوتاری فەرمیی دەوڵەتدا، زۆرجار ئامرازی سیاسی و گوتاریین، نەک وەسفێکی ڕووت و بێلایەنی ڕاستی. بۆیە نابێت تەنها هەڵوەستە لە سەر ناوی سیاسەتەکە بکرێت؛ بەڵکو دەبێت بپرسین: لە ژێر ئەم ناوەدا، چی ئەنجام دەدرا؟
لەم ڕووەوە، ئەم بەڵگەنامەی ساڵی ٢٠٠٢ پشتیوانییەکی گرنگ بۆ بیرۆکەی سەرەکیی ئەم وتارە دەکات. ئەگەر ناوی سیاسەتەکە دەتوانرێت لە “تەعریب”ەوە بگۆڕدرێت بۆ “گەشەپێدان”، بەبێ ئەوەی خودی سیاسەتەکە بوەستێت، ئەوا نابێت ناونیشانی بەڵگەنامەکان وەک جەوهەری سیاسەتەکە بخوێنینەوە. جەوهەری سیاسەت، لە ناوەڕۆکی بڕیارەکان، شێوازی جێبەجێکردنیان و ئامانجی کۆتاییاندا خۆی دەردەخات، نەک تەنها لەو چەمک و زاراوەی بۆ ناونانی سیاسەتەکە بەکارهاتووە.
سیاسەتی ناونان؛ گۆڕینی زمان وەک بەشێک لە سیاسەت
بەڵگەنامەی ساڵی ٢٠٠٢ تەنها ئاماژە بە گۆڕینی ناوێک و وشەیەک ناکات، بەڵکو ڕوویەکی گرنگی کارکردنی دەوڵەتە سەرکوتکارەکان ئاشکرا دەکات؛ ئەویش ئەوەیە کە ناونان خۆی بەشێکە لە سیاسەت. واتە، دەوڵەت تەنها لە ڕێگەی یاسا، سوپا یان ئامرازە ئەمنییەکانەوە سیاسەتەکانی پیادە ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی زمان و زاراوەکانیشەوە مانای کردارەکانی خۆی ڕێکدەخات.
بەڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییە، مافی ئەوە بە د. ڕێبوار سیوەیلی و هەر توێژەرێکی دیکە دەدەم بەوپەڕی گومانەوە هەڵوەستە لەسەر هەر وشە و چەمکێک بکەن کە دەوڵەت/بەعس سیاسەت و کردارەکانی خۆی پێ ناودەنێت. گومان لەوەی ئەو چەمک و زاراوەیە لە بنەڕەتدا سیاسەتێکی دەستخەڕۆکەرانە بێت بۆ شاردنەوەی جەوهەری سیاسەتەکە خۆی.
لەو ڕوانگەیەوە، گۆڕینی “تەعریب” بۆ “گەشەپێدان” نابێت وەک گۆڕانێکی زمانەوانی یان کارگێڕی بخوێندرێتەوە. لەکاتێکدا جەوهەری سیاسەتەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە، بەڵام ناوەکەی دەگۆڕدرێت، نیشانەی ئەوەیە کە دەوڵەت هەوڵ دەدات ڕێگای تەماشاکردنی سیاسەتەکە بگۆڕێت، نەک خودی سیاسەتەکە. بەو مانایە، ناونان تەنها وەسفی کردارێک نییە؛ بەڵکو خۆی کردارێکی سیاسییە.
لە مێژووی دەوڵەتە سەرکوتکارەکاندا، ئەم دیاردەیە زۆر دووبارە بووەتەوە. زۆرجار سیاسەتەکانی دەرپەڕاندن، دەستبەسەرداگرتنی سامانی خەڵک، گۆڕینی دیمۆگرافی یان کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان، لە ژێر ناوەکانی وەک “گەشەپێدان”، “وەبەرهێنان”، “چاکسازی”، “ڕێکخستن”، “بەرژەوەندی گشتی” یان “پاراستنی ئاسایش”دا خراونەتەڕوو. لەو دۆخانەدا، ناوی سیاسەتەکە نابێتە دەرخەری جەوهەری سیاسەتەکە؛ بەڵکو زۆرجار خۆی دەبێتە ئامرازێک بۆ شاردنەوە، ڕەوایەتیدان یان ڕازاندنەوەی جەوهەرێکی قێزەون.
بۆیە، خوێندنەوەی بەڵگەنامە فەرمییەکان پێویستی بە ئاگادارییەکی دوولایەنە هەیە. لەلایەک دەبێت بزانین دەوڵەت سیاسەتەکەی بە چ ناوێک ناساندووە؛ بەڵام لەلایەکی گرنگتر ئەوەیە بپرسین: ئەم ناوە چ ڕۆڵێکی گوتاری دەگێڕێت؟ ئایا ناوەکە جەوهەری کردارەکە دەردەخات، یان هەوڵ دەدات لە ڕێگەی زمانەوە، جەوهەری سیاسەتەکە بشارێتەوە یان مانایەکی دیکەی پێ ببەخشێت؟
لەو ڕوانگەیەوە، پرسیاری سەرەکی تەنها ئەوە نییە کە “تەعریب” چ مانایەکی هەیە؛ بەڵکو ئەوەیە دەوڵەت بۆچی لە قۆناغێکدا ئەو ناوە هەڵدەبژێرێت و لە قۆناغێکی دیکەدا ناچار دەبێت ناوێکی دیکەی بۆ دابنێت؟ ئەم پرسیارە، لە ئاستی شیکردنەوەی چەمک و زاراوەکانەوە دەمانگوازێتەوە بۆ شیکردنەوەی گوتاری دەوڵەت و هەتا ڕێکارەکانی بەرهەمهێنانی مانا و ماناسازی لەلایەن دەوڵەتەوە.
ڕەنگە زۆرباش نەبێت بابەتەکە زۆر تیۆری بکەینەوە، بەڵام یەکێک لە گرنگترین ئاراستەکانی شیکردنەوەی گوتار، کە لە کارەکانی فۆکۆدا گەشەی کرد، ئەوەیە کە زمان تەنها ئامرازێکی وەسفکردن و دەرخستنی ڕاستی نییە، بەڵکو بەشێکە لە بەرهەمهێنانی ڕاستی. بە واتایەکی دیکە، دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی یاسا، سوپا یان سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆوە کار ناکات، بەڵکو لە ڕێگەی گوتارەوەش دیاری دەکات چ شتێک چۆن ناوببردرێت، چ مانایەکی هەبێت و کۆمەڵگەیش چۆن تێگەیشتنی بۆ هەبێت. لەو ڕوانگەیەوە، گۆڕینی ناوی سیاسەتێک زۆرجار بەشێکە لە گۆڕینی شێوازی پێشکەشکردنی ئەو سیاسەتە، نەک گۆڕینی خودی سیاسەتەکە.
ئەگەر ئەم ڕوانگەیە بەسەر بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی بەعسدا جێبەجێ بکەین، ئەوا گۆڕینی چەمکی “تەعریب” بۆ “گەشەپێدان” لە ساڵی ٢٠٠٢ تەنها گۆڕینی وشەیەک نییە، بەڵکو دەبێت وەک بەشێک لە گوتاری دەوڵەت بخوێندرێتەوە؛ گوتارێک کە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی زمان، مانای کردارەکانی خۆی ڕێکبخات و شێوازی سەیرکردن و بینینان بگۆڕێت. لەبەر ئەوە، دیسان نابێت تەنها سەرنج لە ناوی سیاسەتەکە بدرێت، بەڵکو دەبێت بپرسین: ئەم ناونانە چ ڕۆڵێکی سیاسی و گوتاری دەگێڕن و تا چەند ناوەکە جەوهەری کردارەکە دەردەخات یان دەیشارێتەوە؟
جاشەکان و سنووری “ئێمە”؛ کاتێک هاوکارانیش قبووڵکراو نین
یەکێک لەو باسانەی لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆرجار لە گوتاری سیاسی و میدیایی و کەمتریش لە گوتاری ئەکادیمیدا هەڵوەستەی لەسەر کراوە، دۆسیەی جاشەکان بووە. گوتاری زاڵ لە پرسی جاشەکاندا، درێژکراوەی هەمان گوتاری سەرکۆنەکردنی قوربانییە لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی جەلاد. ئەو پڕۆسەیە بریتییە لە “گواستنەوەی بەرپرسیارێتی” و لەتوانادایە لە ڕێگەی بیرۆکەکانی وەک ئەقڵی داگیرکراو و ئەخلاقی قوربانییەوە شەنوکەو بکرێت. ئەوە سەرنجێکی گرنگە، بەڵام ئامانجی سەرەکی وتارەکەی ئێستامان نییە. کاتی خۆی کە ویستم دکتۆرا بخوێنم، بەشێکی پڕۆپۆزەلەکەم بۆ نموونەی شیکردنەوەی پرسی جاشەکان بە تاقیکردنەوەی تیۆر و بیرۆکەی باومان بەتایبەت “ئەخلاقی قوربانی” تەرخان کردبوو. لە دکتۆراکە وەرنەگیرام، بەڵام لە بیرکردنەوە و کارکردن لەسەر بابەتەکەی خۆیشم نەوەستام.
لەو ساڵانەدا کە سەرنجم لەسەر نووسراو و بەڵگەنامەکانی پێوەست بە جاشەکان بەتایبەت لە قۆناغی ئەنفالدا چڕ دەکردنەوە، بەو ئەنجامە گەیشتم کە یەکێک لە بەهێزترین بەڵگەکان بۆ هەڵسەنگاندنی جەوهەری سیاسەتی ڕژێمی بەعس، ئەو نووسراو و بەڵگەنامانەن کە پەیوەندییان بە جاشەکانەوە هەیە. ئەو هێزانەی بە تایبەتی لە قۆناغی ئەنفال، لەگەڵ سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێم هاوکارییان دەکرد. خوێندنەوەی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانی پەیوەست بەوان، ڕاستییەکی دیکە نیشان دەدات.
لە زۆربەی ئەو نووسراوانەدا بەردەوام جەخت لەسەر چاودێری وردی ئەندامەکانیان، پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان، سنووردارکردنی جوڵەیان، قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەکی قورس و کۆنترۆڵکردنی دەسەڵات و سنووردارکردنی شوێنگە و پێگەیان لە کردەوەگەلەکاندا دەکرێتەوە. ئەگەر ئەو دەقانە تەنها وەک ڕێنماییەکی ئەمنی بخوێنینەوە، واتاکەیان کەم دەکەینەوە. ئەوان، لە ئاستێکی قووڵتردا، گوزارشت لە شتێکی تر دەکەن؛ گوزارشت لە سنوورێکی سیاسی و ئەخلاقی دەکەن کە دەوڵەت لەنێوان “ئێمە” و “ئەوان”دا دایناوە. ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان هەروا پێمان دەڵێن ئەو کوردانەیش بوون بە هاوکار و هەتا بەشداری دەکەن لە جێبەجێکردنی ترسناکترین تاوانەکانی دەوڵەت/بەعس لە بەرانبەر خودی خۆیان؛ نەتەوەکەیان، هێشتا نابن بە بەشێک لە “ئێمە” و هەر لە بازنەی “ئەوان”دا دەمێننەوە. ئەوانێک کە لە هیچ بارودۆخێکدا ناتوانرێت باوەڕ و متمانەیان پێ بکرێت و وەک هەر ئەندامێکی “ئێمە” قبووڵ بکرێن.
ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە ئەم گومان و بێمتمانەییە تەنها ئاراستەی دوژمنە چەکدارەکە “پێشمەرگە” نییە، بەڵکو ئاراستەی ئەو کوردانەشە کە چوونەتە ناو پڕۆژەی ڕژێم و لە خزمەتی کردەوەگەلەکانی بوون. واتە، تەنانەت کاتێک کوردێک دەبێتە هاوکار، هێشتا لە کن دەوڵەت/بەعس نابێتە بەشێک لە “ئێمە” و هەر لە بازنەی “ئەوان”دا دەمێنێتەوە.
لێرەدا خوێندنەوەکەی د. ڕێبوار سیوەیلی سەبارەت بە “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن” زیاتر مانا و بەڵگە وەردەگرێت. چونکە ئەگەر کوردێکی هاوکار، کە لە کردەوەکانی ڕژێمدا بەشداری کردووە، هێشتا وەک بوونەوەرێکی ناباوەڕپێکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نیشانەی ئەوەیە کە کێشەکە تەنها “بەعەرەبکردن”، “گونجان” یان”گونجاندنی نەتەوەیی” نییە؛ بەڵکو خودی بوونی کورد لە بازنەی “ئەوان”دا دیاریکراوە. لەم ڕوانگەیەوە، ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان زیاتر لە هەر شتێک جەوهەری پڕۆژەی “بەئەویترکردن” ئاشکرا دەکەن.
“ڕاستکردنەوەی ناسنامە”؛ کاتێک گۆڕینی ناسنامەش یەکسانی دروست ناکات
بەڵگەیەکی دیکە کە ئەم خوێندنەوەیە بەهێز دەکات، پەیوەندی بەو کوردانەوە هەیە کە چوونە ژێرباری سیاسەتی “ڕاستکردنەوەی ناسنامە”. زۆرێک لەوان، تەنها بۆ پاراستنی کارەکەیان، مانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوون یان ڕزگاربوون لە فشارەکانی دەوڵەت، ناچار بوون ناسنامە نەتەوەییەکەیان بگۆڕن و داواکارییەکانی ڕژێم قبووڵ بکەن.
ئەگەر تەعریب تەنها بە مانای گونجاندن و تواندنەوەی نەتەوەیی لێکبدرێتەوە، پێویست بوو ئەو کەسانە، دوای جێبەجێکردنی هەموو مەرجەکانی دەوڵەت، ببن بە ئەندامانی تەواوی “ئێمە”. بەڵام بەڵگەنامەکان شتێکی دیکە دەڵێن.
لە زۆر بواردا، ئەو کوردانە هەرگیز ڕێگایان نەدرا بگەنە پلە و پۆستە باڵاکان. لە باشترین دۆخدا سەرۆک بەشێکی ئاسایی یان بەرپرسی هۆبەیەکی بچووک بوون، بەڵام لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، دەزگا ئەمنییەکان یان پلە بەرزەکانی کارگێڕیدا، هەردەم لە دەرەوەی بازنەی متمانەپێکراویدا مانەوە. واتە، گۆڕینی ناسنامە نەیتوانی دیواری نێوان “ئێمە” و “ئەوان” بڕووخێنێت.
ئەم نموونەیە جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە سیاسەتی ڕژێم لە قووڵاییدا لەسەر بنەمای دروستکردنی دیواری پتەوی نێوان “ئێمە” و “ئەوان” وەستابوو، نەک تەنها لەسەر گۆڕینی ناسنامە یان زمان. بۆیە، “ڕاستکردنەوەی ناسنامە” دەکرێت وەک بەشێک لە ئامرازەکانی سیاسەت بخوێندرێتەوە، نەک وەک جەوهەری خودی سیاسەتەکە.
جەوهەری سیاسەت؛ لە “تەعریب”ەوە بۆ “بەئەویترکردن“
کۆکردنەوەی ئەم نموونانە، لە بەڵگەنامەکانی تەعریب، تەرحیل، جاشەکان، ڕاستکردنەوەی ناسنامە، یاساکانی چاکسازی کشتوکاڵی و ناوچەکانی قەدەغەکراوی نەوتی، دەشێت بە ئەنجامێکی گرنگمان بگەیەنێت. ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم بەڵگەنامانەدا دووبارە دەبێتەوە، تەنها پڕۆژەی بەعەرەبکردن نییە؛ بەڵکو پڕۆژەیەکی فراوانترە بۆ دوورخستنەوە، سنووردارکردن و هێشتنەوەی کورد لەدەرەوەی “ئێمە”.
لەبەر ئەوە، پێم وایە چەمکی “تەعریب” گرنگە، چونکە چەمکی مێژوویی و یاساییە و لە خودی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتدا بەکارهاتووە. بەڵام ئەگەر تەنها بە مانای ڕووکەشانە، بە مانای فەرهەنگی و زمانەوانی پێشتر پێناسەکراوی “بەعەرەبکردن” بخوێندرێتەوە، ناتوانێت جەوهەری هەموو ئەو سیاسەتانە ڕوون بکاتەوە. لێرەدا، چەمکەکانی “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن” وەک سیوەیلی پێشنیازیان دەکات، دەتوانن ئاستێکی قووڵتری لێکدانەوەمان پێ بدەن، بەڵام بەو مەرجەی کە ئەو چەمکانە لەسەر بنەمای خوێندنەوەی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان بنیات بنرێن، نەک تەنها لەسەر شیکردنەوەی زاراوەکان.
بنیاتنانی تیۆری لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانەوە
ئەو بەشە وەک ئەنجامگیرییەک و هەروەها وەک خستنەسەرێک بۆ تەواوی ئەو باسانەی پێشوو بەکاردەهێنم. لە بنەڕەتدا چەمکی تەعریب توانای لەخۆگرتنی تەواوی سیاسەتەکانی دەوڵەت/ڕژێمی بەعسی نییە، بەڵام دیسان تێگەیشتنی ئێمە بۆ چەمکی تەعریب نابێت لەسەر بنەمای پێناسەی پێشتر ئامادەی فەرهەنگی و زمانەوانی بێت، بەڵکو دەبێت لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانەوە هەڵبهێنجرێت.
بەو پێیەیش بانگەشەی سەرەکی وتارەکەی من ئەوەیە کە پێش هەر لێکدانەوەیەکی تیۆری، دەبێت خودی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانی دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی بەعس بخوێندرێتەوە. ئەم خوێندنەوەیە نیشانمان دەدات کە جەوهەری زۆرێک لەو سیاسەتانە، لە گۆڕینی ناسنامە، نیشتەجێکردنی عەرەب یان تەنانەت هاوکاریکردنی کورد(جاشەکان) لەگەڵ ڕژێمدا کورت نابێتەوە. بەڵکو لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکاندا بەردەوام یەک ئامانج دووبارە دەبێتەوە: پاراستنی سنووری “ئێمە” لە “ئەوان”، و هێشتنەوەی کورد لە دەرەوەی ئەو بازنەیە، تەنانەت ئەگەر هەموو مەرجەکانی دەوڵەتیش قبووڵ بکات.
هەروەها، بانگەشەی خوێندنەوەی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان تەنها بانگەشەی وردبوونەوە لە سەرچاوە مێژووییەکان نییە، بەڵکو بانگەشەیە بۆ گۆڕینی ئاراستەی لێکدانەوەمان. واتە، لەبری ئەوەی تیۆرییەکی ئامادە بەسەر بەڵگەنامەکاندا بسەپێنین و هەوڵ بدەین هەموو دەقەکان لە ژێر یەک چەمکدا کۆبکەینەوە، پێویستە خودی ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکان ببێتە بناغەی هێنانەئارای چەمک و تیۆری. بە مانایەکی دیکە، ئەگەر بەڵگەنامەکان بەردەوام سنووردارکردنی “ئەوان”، بێمتمانەیی، دوورخستنەوە و درێژەدان بە دەرەوەی “ئێمە” نیشان بدەن، ئەوا دەشێت هەر خودی ئەو بەڵگەنامانە بەرەو چەمکەکانی “بەئەویترکردن” و “بەدوژمنکردن” ئاڕاستەمان بکەن، نەک ئەوەی ئێمە لەپێشدا ئەو چەمکانە هەڵبژێرین و دواتر بەدوای بەڵگە و بەڵگاندنیاندا بگەڕێین. من بانگەوازی هەڵهێنجانی تیۆری لە ناوەڕۆکی بەڵگەنامە و کردارەکاندا دەکەم، نەک سەپاندنی هیچ تیۆرییەکی ئامادە و حازربەدەست.
لەو ڕوانگەیەشەوە، پاتەی دەکەمەوە، چەمکی “تەعریب” و ئەو چەمک و زاراوانەی دیکەیش کە ناونیشانی بەڵگەنامە و کردەوەگەلەکانی دەوڵەت/بەعس پێکدەهێنن، نابێت تەنها لە پێناسە زمانەوانی و یان ئەو پێناسانە ئامادانەی لە فەرهەنگەکاندا هاتوون، وەربگیرێت و پاشان بەسەر هەموو ئەو سیاسەت و کردەوەگەلەدا بسەپێنرێت لەژێر ئەو ناوەدا پیادە کراون. بەڵکو دەبێت پێش هەر شتێک مانا و سنووری ئەو چەمکە لە خودی ناوەڕۆکی نووسراو و بەڵگەنامە فەرمییەکانەوە هەڵبهێنجرێت. واتە ئەوە ناوەڕۆکی بەڵگەنامەکانن دەبێت دیاری بکەن کە “تەعریب” بە چ مانایەک بەکارهاتووە، نەک ئەوەی ئێمە پێناسەیەکی ئامادە لە دەرەوە بهێنین و بەسەر بەڵگەنامەکانیدا بسەپێنین.
پێموایە د. ڕێبوار سیوەیلی کە پێش زیاتر لە بیست ساڵ لە یەکەم ساڵی خوێندنی زانکۆ و یەکەم وانەکانی لە بواری کۆمەڵناسی پێ گوتوومەتەوە، هاوڕام دەبێت لەوەی ئێمە لە کۆمەڵناسیدا شتێک فێر بووین، ئەویش پێناسەکردنی چەمکە لە کارپێکردنەکەی نەک لە فەرهەنگەکاندا و ئەوەیش بنەڕەتی بیرۆکە و بانگەشەکەی من لەم وتارەدا پێکدەهێنێت.




