هه‌واڵ

زیاتر لە ٥٥ هەزار كارتی زەوی تاپۆكراون و 29 هەزاری دیكەش لە تەواوبووندان

لەماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا ٥٥ هەزار کارتی زەوی لە پارێزگای هەولێر تاپۆ کراون و وەزارەتی شارەوانی دەڵێ تاپۆکردنی ٢٩ هەزار پارچە زەوی دیکە لە تەواوبووندان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی چوارشەم ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئەندازیار و فەرمانبەرانی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد لە وەزارەت كۆبووەوە و پلانی نوێی تاپۆكردنی ئەو زەوییانەی كە هێشتا ماون تاپۆ بكرێن، تاوتوێ كرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیمەكەی ڕاسپارد بەزووترین كات ئەو كارتانەی ماون دەبێت تاپۆ بكرێن.

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری تاپۆکردنی زەوییە کارتەکانی داوە و لەو چوارچێوەیەدا، بەسەرپەرشتی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار یەکەیەکی تایبەت بە ناوی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ سەنەد کراوەتەوە.

هەر بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم، لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێردا ٩٥ هەزار زەویی كارت هەبوون، دوای دەستبەكاربوونی یەكەی گۆڕینی كارت بۆ سەنەد بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی شارەوانی و تۆماركردنی خانووبەرە و پارێزگەی هەولێر، تاكوو ئێستا ٥٥ هەزار و ٦٩٥ كارتی زەوی كارەكانیان تەواوكراون و وێنەی تۆمار(تاپۆ)یان بۆ دەركراوە و دراوەتەوە هاووڵاتییان.

هاوکات، ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر كار لەسەر تاپۆكردنی ١٨ هەزار و ٢٥٥ زەویی كارت دەكرێت و ١٠ هەزار و ٩٥٠ كارتی دیكەش لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كار بۆ بە تاپۆكردنیان دەكرێت و بەمزووانە كارەكانیان تەواو دەبێت.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار “تیمی یەکەی گۆڕینی کارتی زەوی بۆ سەنەد ڕاسپارد بۆ ئەوەی بەزووترین كات كارەكانی ئەو زەوییە كارتانەی هێشتا تاپۆیان نییە تەواو بكرێن و هاووڵاتییان ببنە خاوەن تاپۆی خۆیان، ئاماژەی بەوەش كرد تاپۆكردنی ئەو زەوییە كارتانە بەلای حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێی بایەخدانە، لە سۆنگەی ئەوەی كە هاووڵاتییان مافی خۆیانە زەوییەكانیان بەزووترین كات بۆ تاپۆ بكرێت”، لە ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتدا هاتووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...