ئابووریهه‌واڵیاسای نه‌وت و گاز
ئاراستەکان

بریتش پێترۆڵیەم 15%ی پشکەکانی لە کەرکووک بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا فرۆشت

کۆمپانیای بریتش پێترۆڵیەم (BP) ڕایگەیاندووە 15% لە پشکی خۆی لە پڕۆژەی گەشەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا فرۆشتووە، هەنگاوێک کە بە وتەی کۆمپانیا، هاوبەشییە ستراتیژییەکانی لە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە نەوتییەکانی عێراق فراوانتر دەکات.

 

کۆمپانیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد ئەم ڕێککەوتنە لە کاتی سەردانی فەرمی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بۆ تورکیا واژۆ کراوە و لەسەر بنەمای یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ستراتیژییە کە لە شوباتی 2026 لەنێوان بریتش پێترۆڵیەم و کۆمپانیای نەوتی تورکیادا واژۆ کرابوو.

 

ئەم گواستنەوەی پشکەکان دوای ئەوە دێت کە پێشتر کۆمپانیای کۆنۆکۆ فێلیپس 42%ی پشکی هەمان پڕۆژەی بەدەست هێنابوو، بەمەش نەخشەی نوێی خاوەندارێتی پڕۆژەکە بەم شێوەیە جێگیر بووە:

 

  • بریتش پێترۆڵیەم: 43%
  • کۆنۆکۆ فێلیپس: 42%
  • کۆمپانیای نەوتی تورکیا: 15%

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی  BP، ئەم هاوبەشییە نوێیە بەشێکە لە ستراتیژیی نوێی کۆمپانیا بۆ کۆکردنەوەی هاوبەشانی خاوەن ئەزموون و توانای تەواوکەری، بۆ خێراترکردنی پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک

.

مێگ ئۆنیڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بریتش پێترۆڵیەم، وتی کۆمپانیای نەوتی تورکیا زیاتر لە سێ دەیە هاوبەشێکی جێگەی متمانەی BP بووە لە پڕۆژەکانی ناوچەی دەریای قەزوین، و ئەم ڕێککەوتنە درێژەدانێکە بەو پەیوەندییە. بە وتەی ئەو، کێڵگەکانی کەرکووک یەکێکن لە گرنگترین سەرچاوەکانی وزە لە جیهان و دەتوانن پاڵپشتی لە دابینکردنی پێداویستییە درێژخایەنەکانی وزەی عێراق بکەن.

 

گرێبەستی پڕۆژەکە قۆناخی سەرەتایی گەشەپێدان و بەرهەمهێنانی زیاتر لە 3  ملیار بەرمیل هاوتای نەوت دەگرێتەوە و پێنج کێڵگەی سەرەکی دەخاتە ناو خۆی، کە بریتین لە باباگوڕگوڕ، ئاڤانا، بای حەسەن، جەمبوور و خەباز . ئەم کێڵگانە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای گازی باکوورەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام پلانی نوێ ئامانجی زیادکردنی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی بنەماکانیان هەیە.

 

بریتش پێترۆڵیەم هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پەیوەندیی کۆمپانیا لەگەڵ عێراق بۆ زیاتر لە سەدەیەک دەگەڕێتەوە و لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا لە پڕۆژە نەوتییەکانی باکوور و باشووری وڵاتەکە ئەزموونی فراوانی هەبووە. بەپێی کۆمپانیا، دوای تەواوبوونی ئەم مامەڵەیە، هێشتا BP بە خاوەنی زۆرینەی پشک و بەڕێوەبەری سەرەکیی پڕۆژەی گەشەپێدانی کێڵگەکانی کەرکووک دەمێنێتەوە، لە کاتێکدا کۆنۆکۆ فێلیپس و کۆمپانیای نەوتی تورکیا وەک دوو هاوبەشی سەرەکی لە قۆناخەکانی داهاتووی پڕۆژەکە بەشدار دەبن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button