هه‌واڵ

بە بەهای ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار زیان بە پڕۆژەی ئاوی زاخۆ گەیشتووە

لافاوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، زیانێکی گەورەی بە پڕۆژەی کۆنی ئاوی زاخۆ گەیاندووە کە بە ملیارێک و ٥٠٠ ملیۆن دینار مەزندە دەکرێت.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ تونده‌ی بارانبارین و دروستبوونی لافاو له‌ شاری زاخۆ، پرۆژه‌ی كۆنی ئاوی زاخۆ ژێرئاو كه‌وتووە، كه‌ نزیكه‌ی ٣٥٪ی ئاوی زاخۆ دابین ده‌كات. به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاریش ده‌ڵێت: ئێستا تیمه‌كانمان سه‌رقاڵی خاوێنكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ن.

ئه‌ندازیار ئاری ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ڕایگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ زۆر و چڕه‌ی‌‌‌ له‌ سنووری شاری زاخۆ و پارێزگا‌ی دهۆك،‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی لافاو له‌ ڕووباری خابوور كه‌ به‌ناو شاری زاخۆدا ڕه‌ت ده‌بێت، پڕۆژه‌ی ئاوی كۆنی زاخۆ به‌هۆی لافاوه‌كه‌وه‌ ژێرئاو كه‌وت و زه‌ره‌ر و زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت‌، به‌پێی خه‌مڵاندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان زیاتر له‌ ملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن دینار زیانی ماددی به‌ر پڕۆژه‌كه‌ كه‌وتووه.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سه‌باره‌ت به‌ گرنگی پڕۆژه‌كه‌ و توانای دابینكردن و به‌رهه‌مهێنانی ئاوی خواردنه‌وه‌ بۆ دانیشتووانی شاری زاخۆ، گوتی: ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ نزیكه‌ی ٣٠٪ تا ٣٥٪ی ئاوی خواردنه‌وه‌ی شاری زاخۆ دابین ده‌كات كه‌ له‌ هه‌ر كاتژمێرێكدا هه‌زار و ٤٠٠ مه‌تر سێجا ئاو به‌رهه‌م ده‌هێنێت و دواتر به‌سه‌ر هاوبه‌شانی ئاو له‌ زاخۆ دابه‌ش ده‌كرێت.

له‌باره‌ی چاككردنه‌وه‌ و دووباره‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌، ده‌ڵێت: تیمه‌كانیان خه‌ریكی پڕۆسه‌ی خاوێنكردنه‌وه‌ و چاككردنه‌وه‌ و دووباره‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین كات كه‌ ڕه‌نگه‌ چه‌ند ڕۆژێكی دیكه‌ بخایه‌نێت، به‌ ته‌واوه‌تی چاك ده‌كرێته‌وه و به‌رهه‌مهێنان و پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی ئاو ئاسایی ده‌بێته‌وه‌‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button