هه‌واڵ

ھێشتا یەک ڕووفاتی ئەنفالکراوانی بادینان نەھێنراونەتەوە

زێدپرێس

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا و لە ٣٥مین ساڵوەگەڕی ئەنفالی بادینان، ڕایدەگەیەنێت، پێویستە کار بۆ گێڕانەوەی تەواوی ڕووفاتی ئەنفالکراوان بکرێت، لەکاتێکدا هێشتا ڕووفاتی هیچ ئەنفالکراوێکی بادینان نەهێنراونەتەوە.

 

 

دەقی ڕاگەیەنراوی یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان

بەبۆنەی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان

قۆناغی هەشتەمی ئەنفالی بادینان دواقۆناغی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو، کە بە “خاتیمەی ئەنفال” ناسراوە. لە ٢٥ی ئاب دەستی پێکرد و تا ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ بەردەوام بوو.

جوگرافیای شاڵاوەکە هەموو دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەتایبەتی ناوچەکانی ئامێدی و زاخۆ و ئەتروش و ئیمنکی و باتوفە و ڕێکان و دێرەسور و  کانی ماسی و شێخان لەگەڵ ناوچە کوردنشینەکانی دەشتی نەینەوا. لەم قۆناغەدا زیاتر لەحەفتا گوند بەر ھێرشی کیمیایی کەوتن. تایبەتمەندی قۆناغی ھەشتەمی ئەنفالی بادینان لەوەدایە، مسوڵمان و ئێزیدی و کریستیان ئەنفالکران.

بۆ وەبیرهێنانەوە، لەم قۆناغەدا ھەزار ژن و منداڵ و پیر و جوان بوونەتە قوربانی شاڵاو و پەلامارەکانی سوپای ڕژێمی بەعس، ھێشتا چارەنووسی ھەموویان نادیارە.

ئەم قۆناغەی شاڵاوەکانی ئەنفال دوای کۆتایی ھاتنی شەڕی عێراق ئێران دەستی پێکرد. بە دەیان ھەزار ھاووڵاتی ڕوویانکردە تورکیا و لە کامپەکانی ئاوارەیی نیشتەجێ کران و بەشێکیان بەرکەوتەی کیمیایی بوون.

وەك یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان جەخت دەکەینەوە لە ئاوڕدانەوە لە دۆسیەی ئەنفال لەلایەن حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

بەتایبەتی ھێشتا یەک ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفالی بادینان نەگەڕێنراونەتەوە. هاوکات پێشنیار دەکەین حکوومەتی خۆجێی دھۆک قەڵای دھۆک (سەربازگەی نزارکێ) بکەنە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەنفال و جینۆساید.

وەکو یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان لەم ڕۆژەدا جەخت لەجیبەجێکردنی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکان دەکەینەوە. لەھەمان کاتدا پڕۆسەی ھێنانەوەی ئێسک و پروسکی قوربانیانی ئەنفال بھێنرێنەوە و کۆتایی بەم خەمساردی و ویژدانسڕییە بێت.

یادی ئەنفالکراوان بەرزڕادەگرین

یەکێتی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان

٢٠٢٣/٨/٢٥

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...