مەسرور بارزانی گەیشتە بەغدا
ئەمڕۆ پێنجشەم، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەردانێک گەیشتە شاری بەغدا و بڕیارە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی حکوومەتی هەرێم، هەر لەو سەردانەیدا، مەسرور بارزانی سهرۆكی حکوومەتی ههرێمی كوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی فیدڕاڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدڕاڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
بەپێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان “لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ لە سەر بنەمای دەستوور، بەتایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت. هەروەها برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان”.
سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا، دوای ڕۆژێک لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دێت، کە تیایدا تاوتوێی خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیران، داوای لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کردووە کە “بە یەکدەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025”.
هاوکات، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە “هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان” و زیاتریش هاتووە کە “کاری جددییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکوومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.”